Du måste aktivera javascript för att sverigesradio.se ska fungera korrekt och för att kunna lyssna på ljud. Har du problem med vår sajt så finns hjälp på http://kundo.se/org/sverigesradio/

لێکۆڵێنه‌وه‌ی ئاڵمانییه‌کان له‌ سه‌ر قه‌تڵی ئولۆف پالمێ

بڵاو کرایه‌وه‌ måndag 17 september 2007 kl 13.53

ئه‌و به‌ڵگانه‌ی له‌لایه‌ن دیرۆکنووسی سوید له‌یف بیۆرکمه‌ن له‌ ئه‌رشیڤی پۆلیسی ئاسایشی ئه‌ڵمانی ڕۆژهه‌ڵاتی پێشوو (Stasi) دۆزراونه‌وه‌ و ئێستا له‌ سوید بڵاو بوونه‌ته‌وه‌ باس له‌وه‌ ده‌کا که‌ پۆلیسی یاسایشی ئه‌ڵمانی ڕۆژهه‌ڵات خۆی بۆ دۆزینه‌وه‌ی قاتڵی ئۆلۆف پالمێ سه‌رۆکوه‌زیری پێشووتری سوید که‌ له‌ فێبرواریی ساڵی ١٩٨٦ له‌ به‌ر ده‌رگای سینه‌مایه‌ک له‌ ستۆکهۆڵم کوژرا، توێژینه‌وه‌یه‌کی به‌ ئه‌نجام گه‌یاندبوو و پاش هه‌شت مانگ، له‌ ڕاپۆرتی کۆتایی خۆیدا به‌ کاربه‌ده‌ستانی پایه‌به‌رزی ئه‌ڵمانی، که‌سێکی وه‌ک قاتڵ ناساندبوو.

ئه‌و که‌سه‌ی پۆلیسی ئاسایشی ئه‌ڵمانی ڕۆژهه‌ڵات ناساندبووی، ئه‌میری حه‌یده‌ریی کوردی ڕۆژهه‌ڵاته‌ خه‌ڵکی سنه‌ ناوه‌ندی پارێزگای کوردستانی ئێران که‌ له‌ به‌ر قاچاغی به‌ربڵاوی ئینسان بۆ ناو وڵاتانی یه‌کێتیی ئه‌ورووپا، له‌ لای پۆلیسی ئه‌م یه‌کێتییه‌ ناوێکی ناسراوه‌ و به‌ شوێن چه‌ند جار مه‌حکووم بوون له‌ سه‌ر قاچاغی مرۆڤ، پتر له‌ سێزده‌ ساڵی ژیانی له‌ زیندانه‌ جۆراوجۆره‌کانی یه‌کێتیی ئه‌ورووپا به‌ سه‌ر بردووه‌. ئه‌میر حه‌یده‌ری هه‌ر ئێستا له‌ به‌ر دوایین مه‌حکوومبوونه‌که‌ی به‌ پێنج ساڵ زیندان له‌ زیندانی هێلبی له‌ شاری ئیسکیلستوونا به‌ندکراوه‌.

له‌ ڕاپۆرتی کۆتاییدا که‌ له‌ لایه‌ن ستاسی، پۆلیسی ئه‌ڵمانی ڕۆژهه‌ڵات ئاماده‌ کراوه‌ و به‌ مۆری نهێنی، به‌ڕێکراوه‌ بۆ ئه‌ریش میلکێ، وه‌زیری ئه‌و کاتی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌ڵمانی ڕۆژهه‌ڵات و پایه‌به‌رزترین سه‌رۆکی ستاسی، بۆ وێنه‌ باس له‌وه‌ کراوه‌ که‌ ئه‌میری حه‌یده‌ری به‌یانیی ڕۆژی ٢٨ی فێبرواریی ١٩٨٦ که‌ ئۆلۆف پالمێ بۆ شه‌وه‌که‌ی کوژرا، به‌ فڕۆکه‌یه‌ک هاتۆته‌ فرۆکه‌خانه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی ئارلانداا له‌ ستۆکهۆڵم و مۆری له‌ پاسپۆرته‌که‌شی دراوه‌.

هه‌ر له‌م ڕاپۆرته‌دا وێنه‌یه‌کی خێرا ناسراو به‌ فانتۆمی که‌ پۆلیسی سوید له‌ بکوژی ئۆلۆف پالمێ ئاماده‌ی کردبوو له‌گه‌ڵ وێنه‌ی ئه‌میر حه‌یده‌ری به‌راورد کراوه‌ و به‌ یه‌ک که‌س شوبهێنراوه‌.‌ هه‌روه‌ها ئه‌مه‌ش گوتراوه‌ که‌ ئه‌میر حه‌یده‌ری هۆ و بیانووی ته‌واوی بۆ نه‌فره‌ت له‌ ئۆلۆف پالمێ سه‌رۆکوه‌زیری سوید و کوشتنی ئه‌و هه‌بووه‌. ئاماژه‌ی ئه‌و ڕاپۆرته‌ به‌و نه‌ڕه‌زایه‌تییه‌یه‌ که‌ ده‌وڵه‌تی ئه‌و کاتی سوسیال دیمۆکراتی سوید به‌ سه‌رۆکوه‌زیریی ئۆلۆف پالمێ فشاریكی زۆری بۆ ده‌وڵه‌تی ئه‌ڵمانی ڕۆژهه‌ڵات هێنا که‌ ئیزنی ده‌رچوونی هه‌زاران په‌ناخوازی ئێرانی له‌ خاکی خۆیه‌وه‌ نه‌دا که‌ بێن بۆ سوید و پێشی لافاوی ئه‌و په‌ناخوازانه‌ی به‌ ئاسانی ڤیزه‌ی ئه‌ڵمانی ڕۆژهه‌ڵاتیان له‌ تورکیه‌ وه‌رده‌گرت که‌ له‌وێوه‌ بێنه‌ سوید بگرێ. ڕاپۆرته‌که‌ ده‌ڵێ که‌ حه‌یده‌ری به‌م کۆنترۆڵکردنه‌ی پالمێ و ته‌نگه‌به‌رکردنه‌وه‌ی چالاکیی کاری قاچاغی مرۆڤی خۆی، ناڕازی بوو.

کۆپیی پاسپۆرته‌که‌ی ئه‌میر حه‌یده‌ری نیشان ده‌دا که‌ ئه‌و سێ ڕۆژ پاش کوژرانی پالمێ، له‌ کۆپنهاگه‌وه‌ به‌ره‌و ئه‌ڵمانی ڕۆژهه‌ڵات فڕیوه‌. ژه‌نه‌راڵ گێرهارد نیبر ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ پایه‌به‌رزه‌ی ڕاپۆرته‌که‌ی دابووه‌ وه‌زیری یاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌ڵمان و سه‌رۆکی ستاسی، ده‌ڵێ هۆیه‌کی‌تری ئه‌و ناڕه‌زایه‌تییه‌ی حه‌یده‌ری له‌ پالمێ ئه‌وه‌ بوو که‌ سوید سیاسه‌تی دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ ڕژێمی ئێرانی گرتبووه‌ پێش.
ستیگ ئێدکڤیست سه‌رۆکی تیمی توێژینه‌وه‌ی په‌روه‌نده‌ی قه‌تڵی ئۆلۆف پالمێ ده‌ڵێ هیچ زانیارییه‌کی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ نه‌بووه‌ که‌ پۆلیسی ئاسایشی ئه‌ڵمانی ڕۆژهه‌ڵات وه‌ها ڕاپۆرتێکی ئاماده‌ کردووه‌. ئه‌و ده‌ڵێ پۆلیسی سوید ئه‌و کاتیش ئه‌میری حه‌یده‌ریی خستبووه‌ ناو لیستی گومانلێکراوان به‌ڵام دواتر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی چه‌ندین که‌س شاهیدییان له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ دا که‌ ئه‌و ڕۆژانه‌ له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ری بوون، له‌ لیسته‌ی گومانلێکراوان هێنرایه‌ ده‌رێ. ئێدکڤیست ده‌ڵێ پولیسی سوید ئێستا داوای کردووه‌ که‌ ده‌ستی به‌ ئه‌رشیڤ و به‌ڵگه‌نامه‌کانی ئه‌ڵمانی ڕۆژهه‌ڵات ڕابگات.

ئه‌میری حه‌یده‌ری که‌ هه‌ر ئێستا له‌ به‌ندیخانه‌ی باژاری ئیسکیلستوونا زیندانییه‌ ناوه‌رۆکی ڕاپۆرتی پۆلیسی ئه‌ڵمانی ڕۆژهه‌ڵات به‌درۆ ده‌خاته‌وه‌  و له‌ وتووێژێکدا له‌گه‌ڵ وه‌شانی وێبی ڕۆژنامه‌ی ئێکسپرێسندا ده‌ڵێ من له‌و ڕۆژه‌دا که‌ ئه‌ڵمانییه‌کان باسی ده‌که‌ن هاتمه‌ سوید تا له‌ جێژنی له‌دایکبوونی کوڕه‌که‌مدا به‌شداری بکه‌م.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Har du frågor eller förslag gällande våra webbtjänster?

Kontakta gärna Sveriges Radios supportforum där vi besvarar dina frågor vardagar kl. 9-17.

Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min Lista".