Du måste aktivera javascript för att sverigesradio.se ska fungera korrekt och för att kunna lyssna på ljud. Har du problem med vår sajt så finns hjälp på http://kundo.se/org/sverigesradio/

هه‌ست به‌ شه‌رمه‌زاریی و خه‌تاباریی له‌ ناو سویدییه‌کاندا

بڵاو کرایه‌وه‌ tisdag 2 oktober 2007 kl 14.20

هه‌ست ده‌که‌ی قه‌ڵه‌ویت و کاتێ میوانێکی کوتوپڕت بۆ دێ ماڵه‌که‌ت زۆر شپڕێو و ناڕێکوپێکه‌وه‌؟ که‌وابێ تۆ ته‌نیا نیت! ئه‌مه‌ ئاکامی لێکۆڵینه‌وه‌یه‌که‌ که‌ له‌ سه‌ر دوو چه‌مکی هه‌ست به‌ خه‌تاباریی و شه‌رمه‌زاریی کراوه‌. زێده‌تر له‌ نیوه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی پرسیاریان لێکراوه‌ هه‌ست به‌ هه‌ر هه‌مان شت ده‌که‌ن.

لێکۆڵینه‌وه‌که‌ له‌ سه‌ر ئه‌رکی گۆڤاری (Existera) و ناوه‌ندی شیکاریی ده‌ورووبه‌ر (Centrum för omvärldsanalys) کراوه‌ و نیشان ده‌دا که‌ هێشتا دوو چه‌مکی که‌ونارای خه‌تاباریی (skuld) و شه‌رمه‌زاریی (skam) ماون، هه‌رچه‌ند به‌ڕێوه‌ن که‌ له‌ناو بچن. له‌م ناوه‌دا سویدییه‌کان زۆرتر هه‌ست به‌ شه‌رمه‌زاری ده‌که‌ن له‌ سیما و رواڵه‌تیان، ئه‌و ده‌نگانه‌ی له‌ له‌شیان ده‌رده‌چێ، بۆنی ئاره‌قه‌ی له‌شیان و بۆگه‌نی‌تر، ماڵێکی ئاڵۆز و تێکه‌ڵپێکه‌ڵ، بێده‌رفه‌تی بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ منداله‌کانیان بن، له‌گه‌ڵ دۆستان و دایکوباوکیان.

ئه‌و که‌سانه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌کانیان له‌ته‌ک کرا سه‌ره‌تا چه‌ند پرسیان ئاراسته‌ کرا: مانای دوو وشه‌ی شه‌رمه‌زاریی و خه‌تاباریی، بۆچی خه‌تاباریی گرێداوه‌ به‌ باری ویژدان و ڕه‌خنه‌له‌خۆ‌وه‌، هه‌روه‌ها ئه‌و شه‌رمه‌زارییانه‌ی له‌ لایان به‌ نه‌نگێکی گه‌وره داده‌نرێن و هه‌ستێکی ناخۆشیان ده‌داتێ.

ده‌رئه‌نجامێکی سه‌رنجڕاکێش ئه‌وه‌یه‌ که‌ ژنان به‌ گشتی گه‌لێ زۆرتر هه‌ستیان به‌ خه‌تاباریی ده‌کرد و پیاوه‌کان زیاتر به‌ شه‌رمه‌زاریی. ئه‌مه‌ش زۆر به‌ ڕوونی له‌ لێکۆڵینه‌وه‌که‌دا به‌رچاو بوو.

ده‌رئه‌نجامێکی‌تر ئه‌وه‌ بوو که‌ له‌ هه‌ر ده‌ که‌سان که‌سێک خۆی به‌ نه‌خوازراو ده‌زانێ. ئه‌و جۆره‌ که‌سانه‌ گه‌لێ زۆر هه‌ست به‌ شه‌رمه‌زاریی ده‌که‌ن گرنگیش نییه‌ له‌ چ بوارێکدا بێ.

مارییا سوێدرکڤیست ترالاوو (Marie Söderqvist Tralau) له‌ ناوه‌ندی توێژینه‌وه‌ی (United minds) به‌ مانای ڕۆحه‌ یه‌کبووه‌کان ده‌ڵێ ئه‌مه‌ دڵته‌زێنه‌ به‌ڵام هاوکات سه‌رنجڕاکێشیشه‌ که‌ بێتوو مرۆڤ وێنه‌یه‌کی خراپی له‌ خۆی هه‌بێ ئه‌وا زیاتریش هه‌ست به‌ شه‌رمه‌زاریی و خه‌تاباریی ده‌کا.

حه‌ز به‌ به‌شداریی له‌و توێژینه‌وه‌یه‌دا زۆر به‌رچاو بوو. هه‌شتاو یه‌ک له‌سه‌دی ئه‌و ١٢١٥ که‌سه‌ی داوایان لێکرا له‌ لێکۆڵینه‌وه‌که‌دا به‌شدار بن قه‌بووڵیان کرد و به‌ گوێره‌ی ناوه‌ندی لێکۆڵینه‌وه‌که‌ هه‌رگیز هیچ ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌‌ک ئه‌وه‌نده‌ زۆر وه‌ڵامی به‌ کۆمێنتاری نه‌دراوه‌ته‌وه‌.

به‌ گوێره‌ی قسه‌کانی مارییا سوێدرکڤیست ترالاوو وه‌ڵامه‌کان به‌ پاکی و سه‌داقه‌تێکی زۆره‌وه‌ ڕه‌خنه‌یان له‌ خۆ گرتووه‌ و له‌ ناحه‌زییه‌کانی خۆیان دواون.‌

به‌شێکی وه‌ڵامه‌کان له‌و پرسه‌دا که‌ هه‌ست به‌ چ شه‌رمه‌زارییه‌ک ده‌که‌ن ئه‌وانه‌ بوون: ئه‌وه‌ی که‌ منداڵی دووره‌خێزان بوون و له‌ لایه‌ن ده‌زگاکانی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ به‌خێوکراون (fosterbarn)، که‌ دایکوباوکیان گیرۆده‌ی ئاڵکۆڵ و مه‌وادی سه‌رخۆشکه‌ر بوون، ئه‌وه‌ی که‌ منداڵی بیانیین و سوێدی نین، یا ئه‌وه‌ی که‌ له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌کی زۆر هه‌ژاره‌وه‌ هاتوون یا به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ سه‌ر به‌ بنه‌ماڵه‌یه‌کی گه‌لێ ده‌وڵه‌مه‌ندن.

ئه‌وه‌ی که‌ به‌ گوێره‌ی‌ وه‌ڵامه‌کاندا زۆرترین ناڕه‌حه‌تیی لای پرسیارلێکراوان دروست ده‌کا ئه‌وه‌‌یه‌ که‌ له‌ دووکانێکدا دزیی بکه‌ن و پێی بزانن، یا ئه‌و کاته‌ی هه‌وڵ ده‌ده‌ن خۆ له‌ ڕووداوێکی بچووکی ئوتومبیل بدزنه‌وه‌ و پێده‌زانرێ. که‌چی بێتوو که‌س پێنه‌زانێ ئه‌وا هیچ هه‌ست به‌ خه‌تاباری و عه‌زابی ویژدان ناکه‌ن. 

کاتێ بێنگت ڤادنخوێ (Bengt Wadensjö)ی کۆنه‌قه‌شه‌ (biskop emeritus) له‌ ناوه‌ندی شیکاریی ده‌ورووبه‌ر (Centrum för omvärldsanalys) چاوی به‌ ئاکامه‌کان که‌وت و بینیی که‌ چۆن گه‌لێ مرۆڤ ڕۆژانه‌ به‌ وه‌ها بارێکی زۆری هه‌ست به‌ خه‌تاباریی هاتوچۆ ده‌که‌ن به‌ پێویستی زانی پاڕانه‌وه‌یه‌کی نوێ له‌ سه‌ر ئه‌و دانپێداهێنانه‌ بنووسێ که‌ به‌ سویدی پێی ده‌ڵێن (syndabekännelse). چونکه‌ ئه‌وانه‌ی ئه‌و مه‌به‌ستێتی چیدی گوناح و خه‌تا له‌وه‌دا نابینن که‌ له‌ فه‌رمانه‌کانی خودا ده‌ربچن به‌ڵکوو ئه‌وه‌ی که‌ ده‌رفه‌تیان نییه‌ به‌ ئازیزانیان ڕابگه‌ن و کاتی خۆیانیان له‌گه‌ڵ ده‌رباز که‌ن.

له‌ش:

  • زۆر قه‌ڵه‌وم (٣٩ له‌سه‌د)
  • فۆرمی له‌شم زۆر خراپه‌ (٢٣ له‌سه‌د)
  • زۆرجاران زگم با ده‌کا (٢٢ له‌سه‌د)
  • جوان نیم (٢٠ له‌سه‌د)
  • ده‌مم بۆنی لێدێ (١٨ له‌سه‌د)
  • زۆر ئاره‌قه‌ ده‌که‌م (١٥ له‌سه‌د)
  • هه‌ست به‌ مه‌یلی جینسی ناکه‌م (١٣ له‌سه‌د)
  • ناتوانم به‌ له‌شم ڕابگه‌م (١٣ له‌سه‌د)
  • زۆر میز ده‌که‌م (٦ له‌سه‌د)
  • توانایی جینسیم نییه‌ (٣ له‌سه‌د)

ڕۆژانه‌:

  • کاتێ میوانێکی کوتوپڕ دێت ماڵه‌که‌م شپڕێو بێت (٤٩ له‌سه‌د)
  • زوو فریوی پێشداوه‌ریی ده‌خۆم (٢٩ له‌سه‌د)
  • له‌گه‌ڵ هه‌موو که‌س وه‌ک یه‌ک ناجووڵێمه‌وه‌ (٢٥ له‌سه‌د)
  • باخچه‌یه‌کی ڕازاوه‌م نییه‌ (٢٠ له‌سه‌د)
  • باری ئابووریم باش نییه‌ (٢٠ له‌سه‌د)
  • ڕق و خۆشه‌ویستیمم بۆ ناشاردرێته‌وه‌ (٢٠ له‌سه‌د)
  • ماڵێکی جوان و مۆدێرنم نییه‌ (١٩ له‌سه‌د)
  • هیچ هاوڕێیه‌کم نییه‌، یان که‌من (١٨ له‌سه‌د)
  • ئوتومبێله‌که‌م شڕ و کۆنه‌‌ (١٥ له‌سه‌د)
  • له‌مێژه‌ سه‌ڵت و ڕه‌به‌نم (١٢ له‌سه‌د)

تاکه‌که‌سی:

  • ناوێرم ئه‌وه‌ی حه‌زم لێیه‌تی بکه‌م (٣٠ له‌سه‌د)
  • بۆم زه‌حمه‌ته‌ له‌ ناو گرووپدا کار بکه‌م (٢٥ له‌سه‌د)
  • قسه‌ به‌ خه‌ڵک ده‌بڕم (٢٤ له‌سه‌د)
  • زۆر زوو ده‌که‌ومه‌ ژێر کارتێکه‌رییه‌وه‌ (٢٣ له‌سه‌د)
  • شه‌رمێونم (٢٣ له‌سه‌د)
  • بێسه‌رنج و ناڕێکوپێکم (٢٢ له‌سه‌د)
  • که‌سێکی بێزه‌وق و نادڵگیرم (١٩ له‌سه‌د)
  • خه‌ڵک به‌ ناگرنگ و نه‌سه‌رنجڕاکێشم ده‌زانن (١٨ له‌سه‌د)
  • ده‌ڵێم هاوبڕوای که‌سانی‌ترم به‌ڵام له‌ڕاستیدا وا نیم (١٦ له‌سه‌د)
  • بۆم هاسانه‌ په‌سنی خۆم بده‌م (١٤ له‌سه‌د)

nasser.sina@sr.se

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Har du frågor eller förslag gällande våra webbtjänster?

Kontakta gärna Sveriges Radios supportforum där vi besvarar dina frågor vardagar kl. 9-17.

Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".