Du måste aktivera javascript för att sverigesradio.se ska fungera korrekt och för att kunna lyssna på ljud. Har du problem med vår sajt så finns hjälp på http://kundo.se/org/sverigesradio/

حوکوومه‌تی هه‌رێم نایه‌وێ بازرگانی به‌ په‌ناخوازانه‌وه‌ بکات!

بڵاو کرایه‌وه‌ onsdag 27 februari 2008 kl 14.54
1 av 2
2 av 2

له‌م دواییانه‌دا ڕاگه‌یه‌نرا که‌ دوو ده‌وڵه‌تی سوید و عێراق ڕێککه‌وتننامه‌یه‌کیان واژۆ کردووه‌ که‌ ده‌توانێ ئه‌و په‌ناخوازانه‌ی ئیزنی مانه‌وه‌ له‌ سویدیان پێنه‌دراوه‌، بنێرێته‌وه‌ وڵاتی خۆیان. پێشتر عێراق له‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئه‌و په‌ناخوازانه‌ی له‌ سوید ڕه‌فزیان بۆ ده‌ده‌چوو خۆی ده‌بوارد و په‌ناخوازه‌که‌یان ده‌خسته‌ ناو وه‌زعێکی هه‌ڵپه‌سێراو و نادڵنیاوه‌‌ به‌ڵام ئێستا و به‌ پێی ئه‌م ڕێکه‌وتنه‌ په‌ناخوازه‌کان ده‌بێ وه‌ربگیرێنه‌وه‌.

ڕاسته‌ که‌ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی عێراق، ئه‌و ڕێککه‌وتنه‌ی قه‌بووڵ کردووه‌ که‌چی حوکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان هێشتا هه‌ر له‌ سه‌ر وه‌رنه‌گرتنه‌وه‌ی ئه‌و په‌ناخوازانه‌ی به‌ تۆبزی ده‌نێردرێنه‌وه‌ سووره‌. له‌ دوایین جڤینی چاپه‌مه‌نیدا که‌ ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ی ڕابردوو له‌ هه‌ولێر بۆ نێچێروان بارزانی سه‌رۆکی حوکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ئاماده‌ کرا، ئه‌م بڕیاره‌ی حوکوومه‌تی هه‌رێم دووپات کرایه‌‌وه‌:

نێچیروان بارزانی هه‌روه‌ها شتێکی تریشی له‌قاو دا. ئه‌وه‌ که‌ حوکوومه‌تی سوید ویستوویه‌تی له‌ به‌رامبه‌ر سه‌ردانی دوو وه‌زیری پایه‌به‌رزی سوید له‌ حوکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، کورده‌کان ڕازیی بکا که‌ ئه‌وانیش قه‌بووڵی وه‌رگرتنه‌وه‌ی په‌ناخوازنی عێراقی بکه‌ن له‌ هه‌رێمی خۆیاندا.

ئه‌و دوو وه‌زیره‌ی نێچیروان بارزانی باسیان لێوه ده‌کات‌ کارل بیلد، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ و  تووبییاس بیلستروێم وه‌زیری کۆچی سویدن که‌ له‌ سه‌ره‌تای مانگی سێپتامبری ساڵی ڕابردوودا سه‌ردانی به‌غدایان کردبوو.

به‌ڵام ئاخۆ له‌ ڕوانگه‌ی یاسای نێونه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ ده‌وڵه‌تان بۆیان هه‌یه‌ که‌ له‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی هاووڵاتیانی خۆیان، خۆ ببوێرن؟ ئه‌و پرسیاره‌م ئاراسته‌ی سه‌عیدی مه‌حموودی پرۆفیسۆری مافه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان کرد له‌ زانستگای ستۆکهۆڵم.

مه‌حموودی ده‌ڵێ به‌ پێی یاسا نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان و به‌ تایبه‌ت کۆنوانسیۆنی ساڵی ١٩٥١ ده‌رباره‌ی مافه‌کانی په‌ناخوازان، هه‌موو ده‌وڵه‌تێک له‌ سه‌رێتی هاووڵاتیانی خۆی وه‌ربگرێته‌وه‌، یانی ناتوانێ خۆ له‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئه‌و په‌ناخوازانه‌ ببوێرێ. ئه‌مه‌ش ئه‌رکێکی حقووقییه‌ له‌ سه‌ر شانیان، نه‌ک پرسێکی سیاسی که‌ بڕیاری له‌ سه‌ر بده‌ن و هه‌ندێ جار بیکه‌ن و هه‌ندێ جار نه‌یکه‌ن.

به‌ڵام مه‌رجی ئه‌م یاسایه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌و که‌سه‌ی بڕیاره‌ بگه‌ڕێنرێته‌وه وڵاتی خۆی، ده‌بێ بتوانێ بیسه‌لمێنێ که‌ هاووڵاتیی ئه‌م وڵاته‌یه‌. یه‌کێک له‌و گرفتانه‌ی له‌م ساڵانه‌ی دواییدا هاتۆته‌ پێش ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌و که‌سانه‌ی بڕیاره‌ بگه‌ڕێنرێنه‌وه‌ وڵاتی خۆیان، به‌ر له‌وه‌ی ئه‌و بڕیاره‌ به‌ کرده‌وه‌ ‌به‌ڕێوه‌ بچێ، به‌ڵگه‌کانی پێناسه‌ی خۆیان له‌ناو بردووه‌ و حازر نین یا خود ئیمکانیاتی پێویستیان نییه‌ بۆ وه‌گرتنه‌ی پێناسه و به‌ڵگه‌نامه‌‌ی نوێ، هه‌ر بۆیه‌‌ش کاتێ ده‌گه‌ڕێنرێنه‌وه‌ وڵاتی خۆیان، له‌ به‌ر نه‌بوونی به‌ڵگه‌ی پێناسه‌ی پێویست، بیانوویه‌ک ده‌ده‌نه‌ ده‌ست ئه‌و وڵاته‌ که‌ خۆ له‌ وه‌رگرتنه‌وه‌یان ببوێرێ.

nasser.sina@sr.se

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Har du frågor eller förslag gällande våra webbtjänster?

Kontakta gärna Sveriges Radios supportforum där vi besvarar dina frågor vardagar kl. 9-17.

Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".