Du måste aktivera javascript för att sverigesradio.se ska fungera korrekt och för att kunna lyssna på ljud. Har du problem med vår sajt så finns hjälp på http://kundo.se/org/sverigesradio/

ڕاپۆرتێک له‌ سه‌ر ئه‌و منداڵانه‌ی به‌ ته‌نێ دێنه‌ سوید

بڵاو کرایه‌وه‌ måndag 10 mars 2008 kl 15.48

به‌ گوێره‌ی قسه‌کانی کێلێتا کیبرێئه‌ب (Keleta Kibreab) سه‌رۆکی به‌شی (Steninge Transit) له‌ کۆمۆنی سیگتونا، ئه‌و که‌سانه‌ی ته‌مه‌نیان له‌ خوار هه‌ژده‌ ساڵه‌وه‌یه‌ به‌ منداڵ داده‌نرێن. بێتوو ئه‌و منداڵانه‌ به‌ ته‌نێ بێنه‌ وڵاتێکی‌تر و داوای په‌نابه‌ری بکه‌ن ئه‌وا پێیان ده‌گوترێ منداڵانی به‌ته‌نیای په‌ناخواز واتا (ensam kommande barn). بێتوو ئه‌و جۆره‌ منداڵانه‌ له‌ گه‌ڵ که‌سێکی گه‌وره‌ش بێن که‌ ئه‌ندامی بنه‌ماڵه‌که‌ی نه‌بێ ئه‌وا دیسان هه‌ر ئه‌و پێناسه‌ حقووقییه‌ ده‌یگرێته‌وه‌.

وه‌به‌ڵام ڕه‌وتی کاری ئه‌و ناوه‌نده‌ی کیبرێئه‌ب سه‌رۆکێتی چۆنه‌؟

کێلێتا ده‌ڵێ ئه‌م‌ منداڵانه سه‌ره‌تا له‌ لای پۆلیس یا کارمه‌ندانی ده‌زگای کۆچ داوای په‌نابه‌ری ده‌که‌ن‌ که‌ یا له‌ فڕۆکه‌خانه‌ی ئارلاندایه‌ یا مه‌شتا. کۆمۆنی سیگتونا له‌ مانگی جوڵای ٢٠٠٦ه‌وه‌ ڕێککه‌وتننامه‌یه‌کی له‌گه‌ڵ ده‌زگای کۆچ مۆرکردووه‌ که‌ ئه‌و منداڵه‌ په‌ناخوازه‌ ته‌نیایانه‌ وه‌ربگرێ و ئه‌و ماڵه‌ش یه‌کێ له‌و شوێنانه‌یه‌ که‌ بۆ نیشته‌جێکردنی کاتیی ئه‌وان له‌به‌رچاو گیراوه‌.

هۆی ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌و به‌رپرسییه‌ درا به‌ کۆمۆنه‌کانیش ئه‌وه‌ بوو که‌ ئه‌و ده‌زگایه‌ نه‌یده‌توانێ هاوکات دوو ئه‌رکی لێک جیاوازی له‌ سه‌ر شان بێ و به‌ڕێوه‌یان به‌رێ. واتا هه‌م چاوه‌دێرییان لێبکات و هه‌م بیر له‌وه‌ بکاته‌وه‌ که‌ ئاخۆ ئیزنی مانه‌وه‌یان بداتێ یا نا. 

کاتێ منداڵێک هاته‌ ئارلاندا و داوای په‌ناخوازیی خۆی پێشکه‌ش کرد، ئه‌وا ده‌زگای کۆچ ته‌له‌فۆن له‌ ئێمه‌ ده‌کا و ئاگادارمان ده‌کاته‌وه‌. ئێمه‌ش وه‌ریانده‌گرین. ئێمه‌ دوو خانوومان هه‌یه‌ لێره‌ که‌ هه‌ر کامه‌ی جێی ده‌ منداڵی ده‌بێته‌وه‌. ده‌زگای کۆچ ئه‌و مندالانه‌ به‌ تاکسی ده‌نێرێته‌ ئێره‌ یا ئه‌گه‌ر بێتوو زۆر که‌مته‌مه‌ن بێ ئه‌وا کارمه‌ندێکی ده‌زگای کۆچ له‌گه‌ڵی دێته‌ ئێره‌.

هه‌ر که‌ هاتنه‌ ئێره‌ش ئێمه‌ زانیاری ده‌ده‌ینه‌ ئه‌و منداڵانه‌ که‌ بۆچی هێناویاننه ئه‌و ماڵانه‌وه‌، لێره‌ به‌دواوه‌ چ ده‌قه‌ومێ. ئه‌وه‌ی که‌ ئێره‌ شوێنێکی مانه‌وه‌ی کاتییه‌ و پاش ماوه‌یه‌کی کورت لێره‌ ده‌گوازرێنه‌وه‌ کۆمۆنێک که‌ بۆیان له‌به‌رچاو گیراوه‌. ئه‌وه‌ی که‌ که‌سێکی چاوه‌دێریان بۆ دیاری ده‌کرێ که‌ ده‌وری دایک یا باوکیان بۆ ده‌گێڕێ و پێی ده‌ڵێن گودمان. لێیان ڕوون ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ گودمان چییه‌ و چ به‌رپرسییه‌کی له‌ سه‌ر شانه‌. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی که‌ یارمه‌تیده‌رێکی ده‌زگای کۆچ به‌ کاره‌کانیان ڕاده‌گا و پاره‌ی یارمه‌تیی ڕۆژانه‌یان بۆ ده‌بڕێته‌وه‌ که‌ به‌ سوێدی پیی ده‌ڵێن داگ‌بیدراگ.

ئه‌م منداڵانه‌ له‌و خانوانه‌ی ئێمه‌دا که‌ بۆ ترانزیته‌، لانی زۆر سێ چوار هه‌فته‌یه‌ک لیره‌ ده‌مێننه‌وه‌.

وه‌به‌ڵام گوودمان چۆن هه‌ڵده‌بژێردرێ؟

ده‌زگای کۆچ له‌ ڕێگه‌ی سه‌رپه‌رشتیارێکی ڕه‌سمی که‌ له‌ کۆمۆن هه‌یه‌ داوای سه‌رپرستێک بۆ منداڵ ده‌کا. ئه‌و سه‌رپه‌رشته‌ش که‌ گودمانی پێ ده‌ڵێن هه‌ر چه‌ند ناتوانێ جێی دایک و باوک بگرێته‌وه‌ به‌ڵام به‌رپرسه‌ له‌وه‌ی که‌ ببێته‌ وه‌کیلی منداڵه‌که‌ له‌ لای کارمه‌ندانی ده‌زگای کۆچ یا دایره‌ و ده‌زگاکانی ڕه‌سمیی دیکه‌. هه‌روه‌ها منداڵه‌که‌ له ‌ڕێگه‌ی ئه‌وانه‌وه‌ داوای یارمه‌تییانه‌ ده‌کا. دیاره‌ گودمانه‌که‌ن بۆ ئه‌م کاره‌ پاره‌ وه‌رده‌گرن.

به‌ڵام خزمی منداڵه‌که‌ له‌ سوید ناتوانێ ببێته‌ گودمانی ئه‌و که‌سه‌.

به‌ڵام له‌م خانوانه‌دا چ چالاکییه‌ک بۆ ئه‌و منداڵانه‌ ئاماده‌ ده‌کرێ؟

کێلێتا کیبرێئه‌ب ده‌ڵێ ئێمه‌ هاوکاریی نزیکمان له‌گه‌ڵ خاچی سوور (روێدا کۆرشت) و ناوه‌ندی ڕزگاریی منداڵان (ڕێددا بارنن) هه‌یه‌ به‌ڵام هه‌فته‌ی دوو جاران به‌رپرسێکی چالاکی (فریتیدس لێداره‌) دێته‌ ئێره‌ و له‌ گه‌ڵ منداڵه‌کان ده‌چێته‌ وه‌رزش، دیاره‌ به‌ گوێره‌ی هه‌وا، ده‌توانێ تۆپی پێ بێ، مه‌له‌ بێ یا ڕێگه‌ڕۆیشتن بێ. ئێمه‌ خۆشمان هه‌روا هه‌ندێ چالاكیمان بۆ ڕۆژانی پشوو هه‌یه‌ وه‌ک چوونه‌ سینه‌ما و مه‌له‌ و کتێبخانه‌ و مۆزه‌ و شوێنی وا.

کێلێتا کیبرێئه‌ب ده‌ڵێ ئێستا بارودۆخی ئێمه‌ش و ئه‌و منداڵانه‌ش باشتر بۆته‌وه‌ چونکه‌ پێشتر ئه‌و کۆمۆنانه‌ی منداڵانیان وه‌رده‌گرت زۆر نه‌بوون و به‌ ناچار منداڵه‌کان له‌ لای ئێمه‌ زۆر ده‌مانه‌وه‌، وای لێده‌هات که‌ لێره‌ ڕیشه‌یان داده‌کوتا و له‌ گه‌ڵ منداڵانی دیکه‌ ئاشنا ده‌بوون و ناردنیان بۆ شوێنی لێک جودا بۆیان زۆر ناخۆش بوو به‌ڵام ئێستا ده‌زگای کۆچ له‌گه‌ك کۆمۆنێکی زۆرتر ڕێککه‌وتنامه‌ی نووسیوه‌ و ئه‌و خانوه‌ کاتییه‌ ترانزیتییانه‌ توانیویانه‌ به‌ باشی کار بکه‌ن.

کێلێتا کیبرێئه‌ب ده‌ڵێ بێتوو منداڵ له‌و خانوانه‌ی ئێمه‌ ڕابکه‌ن ئه‌وا ئه‌وان به‌رپرسن له‌وه‌ی که‌ به‌ پۆلیس ڕابگه‌یه‌نن به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نموونه‌ی وا زۆر بوون و له‌ لایه‌ن پۆلیسی سه‌ر سنوور، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌، وه‌زاره‌تی داد و به‌رپرسانی سوسیاله‌وه‌ پلانی کاریی هاوبه‌شیان بۆ دانراوه‌، ئه‌وا شێوه‌ی جووڵانه‌وه‌ له‌م کاتانه‌دا زۆر له‌ پێشوو ڕاحه‌تتره‌.

زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری ئه‌و منداڵانه‌ له‌ عێراق و سومالیاوه‌ دێن به‌ڵام له‌ کۆماری کۆنگۆ، گورجستان، ئێریتێریا و ئیتیۆپی و سودانیش دێن. ئه‌وه‌نده‌ی عێراقییه‌کانیش ده‌گرێته‌وه‌ ئه‌وا زۆرتر کوردن دوایه‌ش عه‌ره‌ب.


شیرین محه‌مه‌د یه‌کێ له‌و کارمه‌ندانه‌یه‌ که‌ دوو ساڵه‌ وه‌ک یارمه‌تیده‌ری کار و باری ئه‌و منداڵانه‌ (behandlings assistent) له‌م ناوه‌نده‌ کار ده‌کا.


یه‌کێ له‌و کارمه‌ندانه‌ی ئه‌م ناوه‌نده‌ کوڕێکی سویدییه‌ به‌ ناوی یووناس هۆگۆرد که‌ شاره‌زاییه‌کی باشی له‌ سه‌ر سێ زمانی کوردی، فارسی و عه‌ره‌بی هه‌بوو.

nasser.sina@sr.se

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Har du frågor eller förslag gällande våra webbtjänster?

Kontakta gärna Sveriges Radios supportforum där vi besvarar dina frågor vardagar kl. 9-17.

Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".