Du måste aktivera javascript för att sverigesradio.se ska fungera korrekt och för att kunna lyssna på ljud. Har du problem med vår sajt så finns hjälp på http://kundo.se/org/sverigesradio/

چۆن قوتابخانه‌ بۆ منداڵه‌کانمان هه‌ڵبژێرین

بڵاو کرایه‌وه‌ tisdag 11 mars 2008 kl 15.12

هه‌موو ساڵێ فێرگه‌ جۆراوجۆره‌کان له‌ سوید، ڕێک له‌ دوو مانگی مارس و ئاپریلدا جڤینی تایبه‌ت بۆ ناساندنی خۆیان به‌ قوتابیان و دایکوباوکانیان ڕێکده‌خه‌ن و ده‌فه‌تی ئه‌وه‌یان بۆ پێکدێنن که‌ بێن و له ‌نزیکه‌وه‌ سه‌ریان بده‌ن و ئاگاداری کاروباریان بن و وه‌ڵامی پرسه‌کانیان وه‌ربگرنه‌وه‌. دیاره‌ ئامانجی ئه‌و کاره‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ قوتابیه‌کی زیاتر بۆ ته‌رمینی نوێ به‌ره‌و خۆیان رابکێشن. دایکوباوکانیش بۆ ناسینی هه‌رچی زیاتری ئه‌و قوتابخانانه‌ و هه‌ڵبژاردنی شیاوترینیان بۆ منداڵانی خۆیان له‌و کۆبوونه‌وانه‌دا به‌شدار ده‌بن و سه‌ری قوتابخانه‌کان ده‌ده‌ن.

له‌م دواییانه‌دا فێرگه‌یه‌کی نێونه‌ته‌وه‌یی ئه‌هلی له‌ سێترای سه‌ر به‌ ستۆکهۆڵم به‌ ناوی (International skola för rättvisa och fred) که‌ ڕاده‌گه‌یه‌نێ به‌ مه‌به‌ستی دادپه‌روه‌ری و ئاشتی دامه‌زراوه‌ و قوتابی په‌روه‌رده‌ ده‌کات، کۆڕێکی خۆناساندنی پێکهێنا که‌ هاوکاری ڕادیۆی نێونه‌ته‌وه‌یی سوید، موژگانی مێشکین موژه‌ تێیدا به‌شدار بوو و ڕاپۆرتێکی له‌ سه‌ر ئاماده‌ کرد. ئه‌و سه‌ره‌تا له‌گه‌ڵ پێتر ئۆبه‌ری یه‌کێ له‌ دامه‌زرێنه‌رانی ئه‌م فێرگه‌یه‌ دوا و لێی پرسی که‌ مه‌به‌ست و ئامانجی پێکهاتنی ئه‌و فێرگه‌یه‌ چییه‌؟

ئه‌و ده‌ڵێ ئێمه‌ به‌ پێویستمان زانی که‌ نه‌ک فێرگه‌یه‌کی ئاسایی به‌ڵکوو فێرگه‌یه‌ک دامه‌زرێنین که‌ تێیدا گرنگی به‌ پرسه‌کانی ژینگه‌ و مافی مرۆڤ بدات. دیاره‌ له‌مناوه‌دا ده‌بێ قوتابییه‌کان گرنگیی زۆر به‌ زمان بده‌ن‌. ئێمه‌ پازده‌ له‌سه‌د زمانی ئینگلیزیمان ده‌بێ.

چوار وشه‌ له‌م فێرگه‌یه‌دا زۆر بایخی پیده‌درێ: سادق بوون له‌ به‌رامبه‌ر خۆتدا، زانیاری و وریایی له‌ سه‌ر که‌سایه‌تی، چونکه‌ قوتابیان له‌ چوار قوڕنه‌ی دنیاوه‌ دێنه‌ ئێره‌، دڵسوزی ده‌رهه‌ق به‌ مرۆڤه‌کانی تر و تێگه‌یشتن له‌ ئاشتی و دادپه‌روه‌ری.

جڤینی قوتابخانه‌که‌ خه‌ڵکێکی زۆری به‌ڕه‌گه‌ز بیانیی تێدا بوو. به‌ سه‌‌رنجڕاکێشمان‌ زانی که‌ له‌وه‌ بگه‌ین ئه‌وان چ ڕوانینێکیان له‌ سه‌ر فێرگه‌یه‌کی ئیدیال هه‌یه‌؟

لیسا، قوتابییه‌که‌ له‌گه‌ڵ دایکوباوکی هاتووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پێی وایه‌ ئه‌مه‌ فێرگه‌یه‌کی باشه‌ و یه‌کێ له‌ باشییه‌کانیشی ئه‌وه‌یه‌ به‌ ئینگلیزی ده‌رسێکی زۆر ده‌گوترێته‌وه‌. هه‌روه‌ها پرسی زۆر سه‌رنجڕاکیش و گرنگ به‌ ده‌رس ده‌ڵێنه‌وه‌ و هاوکارییه‌کی زۆریشیان له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵه‌ جۆراوجۆره‌کان هه‌یه‌.

موحه‌مه‌دی کۆنتا باوکی دوو منداڵانه‌ که‌ هه‌ر دووکیان ده‌یانه‌وێ له‌و فێرگه‌یه‌ ده‌رس بخوێنن. ئه‌و ده‌ڵێ سه‌ره‌تا ئه‌وه منداڵه‌کان بوون که‌ ویستییان بێنه‌ ئێره‌ و هۆیه‌که‌شی حه‌زی ئه‌و منداڵانه‌ بوو له ‌شوێنی‌ نێونه‌ته‌وه‌یی و پرسی دادپه‌روه‌ری.

خانمێکیش که‌ خۆی ئه‌م فێرگه‌یه‌ی بۆ منداڵه‌کانی هه‌ڵبژاردووه‌ ده‌ڵێ کڤالیتێ و باشیی فێرگه‌که‌ و ئیمکاناته‌کانی به‌ لاوه‌ گرنگه‌. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌‌ی که‌ به‌رنامه‌ی تایبه‌ت بۆ ئه‌و که‌سانه‌ش هه‌یه‌ که‌ له‌ هه‌ندێ ده‌رساندا زۆر باش نه‌بوون. ئه‌و ده‌ڵێ گرنگیدان به‌ زمان و کێشه‌ی مافی مرۆڤیش زۆر به‌ لایه‌وه‌ سه‌رنجراکێشه‌ چونکه‌ وا ده‌کا هه‌ر به‌ ته‌مه‌نێکی که‌م ئه‌م کێشه‌یه‌ به‌ به‌رز بنرخێندرێ.

سامێتتی قوتابیش به‌ لایه‌وه‌ زۆر گرنگه‌ که‌ ئینگلیزییه‌کی باش قسه‌ بکا و داهاتوویه‌کی ڕوونی هه‌بێ و کارێکی باشی ده‌ستکه‌وێ.

له‌ سه‌ر گرنگیی هه‌ڵبژاردنی فیرگه‌، وتووێژێکی ته‌له‌فۆنیشمان له‌ گه‌ڵ ئالان داوودی قوتابییه‌کی کورد و دایکی کوێستانی داوودی، کرد.

nasser.sina@sr.se

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Har du frågor eller förslag gällande våra webbtjänster?

Kontakta gärna Sveriges Radios supportforum där vi besvarar dina frågor vardagar kl. 9-17.

Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".