Du måste aktivera javascript för att sverigesradio.se ska fungera korrekt och för att kunna lyssna på ljud. Har du problem med vår sajt så finns hjälp på http://kundo.se/org/sverigesradio/

دوو هه‌واڵی گرنگی ئه‌مڕۆی سوید

بڵاو کرایه‌وه‌ torsdag 17 april 2008 kl 15.18
1 av 2
2 av 2

  • نه‌خۆشیی ئێچ ئای ڤی له‌ سوید زیادی کردووه‌.
  • به‌ڕێوه‌به‌ری ئابووریی شاره‌داریی ستۆکهۆڵم ده‌ستی له‌ کار کێشایه‌وه‌.

کارۆلین ئودێرا که‌ ده‌ ساڵ له‌وه‌ پێش پاش هه‌ست به‌ ئازارکردنێک له‌ ناو سکی دا چووه‌ نه‌خۆشخانه‌ی کارۆلینسکا و له‌وێ بووی ده‌رکه‌وت که‌ تووشی نه‌خۆشیی هیڤ بووه‌.

ئێچ ئای ڤی (هیڤ) واتایه‌کی‌ پزیشکییه‌ که‌ پێکهاتووه‌ له‌ پیته‌ یه‌که‌مه‌کانی سێ وشه‌ی ئینگلیزی که‌ وه‌رگێڕانه‌که‌ی ده‌بێته‌ ڤایرووسی تێکده‌ری به‌ره‌نگاریی له‌شی مرۆڤ و نه‌خۆشیی ئایدزی ده‌کات. هه‌ر ئێستا نزیکه‌ی ۴٢ میلیۆن که‌س له‌ سه‌رانسه‌ری جیهاندا گیرۆده‌ی ئه‌و ڤایرووسه‌ بوون و ڤایرووسه‌که‌ تا ئێستا گیانی سی میلیۆن که‌سی گرتووه‌.

کارۆلین ئودێرا وه‌بیر دێنێته‌وه‌ که‌ پێی وا نه‌بووه‌ نه‌خۆشییه‌کی سه‌ختی هه‌بێ به‌ڵکوو سکئێشه‌یه‌کی ئاسایی گرتووه‌ و له‌ باخچه‌ی منداڵان  که‌ ئه‌و کات له‌وێ کاری ده‌کرد، تووشی بووه‌.

ڕاپۆرته‌کان باس له‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ نه‌خۆشیی ئێچ ئای ڤی‌ له‌ سویدیش زۆر بووه‌ و ڕێژه‌ی گیرۆده‌کان ساڵی رابردوو حه‌فتا له‌سه‌د زیادی کردووه‌ و زۆرترین ڕاده‌ی نه‌خۆشی ئایدزیش تا هه‌نووکه‌ له‌ وڵات تۆمار کراوه‌.

ماریا لارشۆن وه‌زیری له‌شساغیی گشتیی سوید له‌ حیزبی مه‌سیحییه‌ دیمۆکراته‌کان نیگه‌رانیی خۆی له‌ زیاد بوونی نه‌خۆشیی ئێچ ئای ڤی‌ به‌ ڕێژه‌ی ١٥٥ که‌س له‌ ساڵێكدا ده‌رده‌بڕێ.

ماریا لارشۆن وه‌زیری له‌شساغیی گشتیی سوید ده‌ڵێ ئه‌و ڕێژه‌ زۆره‌ ناتوانین قه‌بوول بکه‌ین هه‌رچه‌ند سوید له‌ چاو وڵاتانی دیکه‌ هێشتا ڕێژه‌یه‌کی زۆر که‌متریشی گیرۆده‌بووی ئه‌و نه‌خۆشییه‌ هه‌یه‌. دیاره‌ هۆی ئه‌و ڕێژه‌ که‌مه‌ش خه‌باتی به‌رده‌وامی ئێمه‌ له‌مبواره‌دا بووه‌.

ماریا لارشۆن پێی وایه‌ بۆ به‌رده‌وامی ئه‌و خه‌باته‌ هه‌م ده‌وڵه‌ت و هه‌م شاره‌وانی و شۆراکانی پارێزگا، به‌رپرسن و له‌م ناوه‌دا ده‌بێ گرنگییه‌کی تایبه‌ت بدرێته سمینار و کۆڕی‌ ڕوونکردنه‌وه‌ به‌تایبه‌ت بۆ لاوه‌کان. ئه‌مه‌ وێڕای به‌ڕێوه‌چوونی گشت پرۆژه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان له‌ هه‌موو ئاستێکدا.


دوێنێ ئێوارێ به‌ڕێوه‌به‌ری ئابووری شاره‌داریی ستۆکهۆڵم له‌ حیزبی مۆدێرات (finansborgarråd) خاتوون کریستینا ئاکسێن ئولێن ده‌سستی له‌کاری سیاسیی خۆی کێشایه‌وه‌.

ئه‌و له‌ کورته‌ په‌یامێکی چاپه‌مه‌نیدا باسی له‌وه‌ کرد که‌ ئه‌رکه‌کانی سیاسی زۆر له‌سه‌ری گران ته‌واو بوون و هه‌ندێ گرتی ژیانی تاکه‌که‌سیی ئه‌و وه‌ک دایکێکی به‌ ته‌نێی خاوه‌ن سێ منداڵ وای لێده‌کا نه‌توانێ هاوکات کاره‌ سیاسییه‌کانی به‌ڕێوه‌ به‌رێت.

هه‌رچه‌ند ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایی زۆر گرفتی تاکه‌که‌سی هاتبوونه‌ سه‌ر ڕێی ئاکسێن ئولین، به‌ڵام ده‌ست له‌کار کێسانه‌وه‌که‌ی زۆر دوور له‌ چاوه‌ڕوانی بوو. به‌تایبه‌ت که‌ ئه‌و ڕۆژی دووشه‌ممه‌ی هه‌ر ئه‌و هه‌فته‌یه‌ له کۆڕێکی چاپه‌مه‌نیدا گه‌ڵاڵه‌ی دروستکردنی هۆڵيکی گه‌وره‌ی چه‌ند مه‌به‌سته‌ی له‌ گلووبن پێشکه‌ش کرد.

کریستینا ئاکسێن ئولین پێشتر له‌ میدیاکاندا زۆر به‌ کراوه‌یی باسی له‌ گرتی خورادنه‌وه‌ و سترێسی کاریی خۆی کردبوو.

کارین یێمتین (Carin Jämtin) که‌ له‌مه‌ودوا تا دۆزینه‌وه‌ی جێگرێک، به‌رپرسێتییه‌کانی ئاکسێن ئولینیش ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ ده‌ڵێ ئه‌و بیانووی ده‌ست له‌کار کێشانه‌وه‌ی هه‌یه‌: جیابوونه‌وه‌ له‌ مێرده‌که‌ی، مردنی دایکی و گیرۆده‌ بوون به‌ ئاڵکۆڵ و ئه‌مجۆره‌ شتانه‌، کارێکێ زۆر و دژوار، سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ ئه‌و که‌سێکی کراوه‌ بوو و له‌ کێسه‌کانی ده‌دوا و من ڕێزم بۆ خۆی و کاره‌که‌ی و بڕیاره‌که‌ی هه‌یه‌.

که‌چی به‌ گوێره‌ی قسه‌کانی یۆران ئێریکسۆن (Göran Eriksson) شرۆڤه‌وانی سیاسی له‌ ڕۆژنامه‌ی سڤێنسکا داگبلادێت (Svenska Dagbladet)، له‌و شوێنه‌وه‌ که‌ ستۆکهۆلم له‌ به‌ر حه‌شیمه‌تی زۆر بۆ هه‌موو حیزبێکی سیاسی و له‌وانه‌ مۆدێراته‌کان گرنگه‌، ئه‌وا به‌ ده‌ست به‌ کار کێشانه‌وه‌ی ئاکسێن ئولین گرفتی ئه‌و حیزبه‌ له‌ شاره‌داریدا زۆر زه‌ق بۆوه‌. ئه‌و حیزبه‌ که‌سێکی وای له‌ شاره‌داریدا نه‌ماوه‌، له‌ پێنجان سێیان نه‌ماوه‌ یا کار ناکا یا بۆ نموونه‌ پشووی دایکێتیی وه‌رگرتووه. دیاره‌ ئه‌مه‌ دژوارییه‌کی زۆر بۆ مۆدێراته‌کان له‌م شاره‌دا ده‌خوڵقێنێت.

nasser.sina@sr.se

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Har du frågor eller förslag gällande våra webbtjänster?

Kontakta gärna Sveriges Radios supportforum där vi besvarar dina frågor vardagar kl. 9-17.

Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".