Du måste aktivera javascript för att sverigesradio.se ska fungera korrekt och för att kunna lyssna på ljud. Har du problem med vår sajt så finns hjälp på http://kundo.se/org/sverigesradio/

بڕیاره‌کانی کۆنگره‌ی نوێی حیزبی چه‌پ

بڵاو کرایه‌وه‌ måndag 9 juni 2008 kl 13.51
لۆگۆی حیزبی چه‌پی سوید

کۆنگره‌ی 37ی حیزبی چه‌پی سوید جارێکی تر، لارش ئولی سه‌رۆکی ئه‌م پارتییه‌ی بۆ خوڵیکی دیکه‌ش وه‌ک سه‌رۆک هه‌ڵبژارده‌وه‌. ئه‌مه‌ یه‌کێ له‌ ئاکامه‌کانی کۆنگره‌که‌ بوو که‌ له‌ ڕۆژانی ٦ تا ٨ی ئه‌م مانگه‌، له‌ نۆرشۆپینگ به‌ڕێوه‌ چوو.

حیزبی چه‌پی سوید، بیروڕای خۆی له‌ سه‌ر کێشه‌ی دابه‌شینی فایل و پرۆگرامی جۆراوجۆر له‌ ڕێی ئینترنێته‌وه‌ که‌ به‌ سویدی پێی ده‌ڵێن (fildelning) گۆڕی. پێشتر ئه‌م حیزبه‌ دژی دابه‌زاندنی ئه‌و جۆره‌ فایلانه‌ بوو به‌ڵام له‌ دوایین کۆنگره‌ی ئه‌م حیزبه‌دا، بۆچوونیكی ته‌واو جیاواز هاته‌ گۆڕێ و په‌سند کرا ئه‌ویش ئازادبوونی دابه‌زاندن و پێکه‌وه‌ گۆڕینه‌وه‌ی گشت ئه‌و فایل و به‌رنامه‌کۆمپیوته‌رییانه‌یه‌ که‌ مافی کۆپی ڕایتیان پارێزراوه‌، واته‌ پاوانبوونی خاوه‌نێتییان.

یه‌کێ له‌وانه‌ی بیروڕای خۆی گۆڕی، ئێلیسه‌ نۆربه‌ری پیلێم ئه‌ندامی سه‌رۆکایه‌تیی ئه‌و حیزبه‌ بوو: ”بێتوو که‌سێک بۆچوونه‌که‌ی منی له‌مباره‌وه‌ له‌و موناقه‌شه‌یه‌دا‌ له‌ کۆنگره‌ی پێشووی حیزب بێته‌وه‌ بیر، ده‌زانێ که‌ من هه‌ڵوێستم گۆڕیوه‌ و ئێستا جۆرێکی دیکه‌ بیر ده‌که‌مه‌وه‌. به‌ڵام هه‌میشه‌ هه‌ر وایه‌ کاتێ باسی ئاڵوگۆڕ و پێشکه‌وتن دێته‌ گۆڕێ و سه‌رۆکایه‌تیی حیزبه‌که‌مان جاروبار ده‌بێ ئه‌م ئاڵوگۆڕانه‌ بکات.”

لێره‌دا پرسیارێکی به‌جێ دێته‌ گۆڕێ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئاخۆ ڕاگرتنی پێکه‌وه‌گۆڕێنه‌وه‌ی فایله‌ پارێزراوه‌کان، چه‌نده‌ گونجاوه‌؟ ئایا له‌ ڕاستیدا شتێکی وا بڵێی بکرێت؟

بڕیاره‌که‌ پاش گفتوگۆیه‌کی دوورودرێژ و گه‌رموگوڕ، درا و له‌ کۆتادا سه‌رۆکایه‌تیی حیزب، ئازادبوونی دابه‌زاندن و پێکه‌وه‌ گۆڕینه‌وه‌ی گشت ئه‌و فایل و به‌رنامه ‌کۆمپیوته‌رییانه‌یه‌ی‌‌ مافی کۆپی ڕایتیان پارێزراوه‌، په‌سند کرد. حیزبه‌که‌ ئێستا بیر له‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ که‌ بۆ نموونه‌ ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی گۆرانی یا فیلمه‌کانیان له‌ سه‌ر ئینترنێت له‌ نێوان خه‌ڵکدا ئاڵوگۆڕ ده‌کرێ بۆیان هه‌بێ به‌ جۆرێک و به‌ پێی سیسته‌مێک، قه‌ره‌بوو بکرێنه‌وه‌.

پرسیارێکی دی که‌ له‌ کۆنگره‌ی ئه‌و حیزبه‌دا گه‌لێ هه‌ستی بزواند، په‌یوه‌ندیی حیزب و وڵاتی کووبا بوو. که‌مینه‌یه‌ک له‌ ناو سه‌رۆکایه‌تیی حیزبدا و گه‌لێ نوێنه‌ر، ده‌یانه‌ویست حیزب په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ حوکوومه‌تی کووبا دامه‌زرێنێ به‌ڵام کۆنگره‌، ده‌نگی نای پێدا، هه‌رچه‌ند‌‌ زۆرینه‌یه‌کی به‌هێزیش نه‌بوو.

یوان زاندین، نوێنه‌ری حیزب له‌ باژاری یۆتێبۆرییه‌وه‌ یه‌کێ له‌و که‌سانه‌ بوو که‌ له‌ هه‌ر دوو ئه‌و پرسیاره‌ی باسم کرد، بردییه‌وه‌. ئه‌و به‌ شێوه‌یه‌کی زۆر ته‌نزاوی گوتی: ”ئا بۆ ئالوگۆڕی فایله‌کان و نا بۆ سه‌رۆکایه‌تیی فیدل!”

نوێنه‌رانی کۆنگره‌ هه‌روه‌ها بڕیاریان دا که‌ شه‌ش سه‌عات کار له‌ ڕۆژدا، ببێته‌ مه‌رجی هه‌ره‌ گرنگی حیزبه‌که‌. هه‌رچه‌ند سه‌رۆکایه‌تیی حیزبه‌که‌ زۆر له‌گه‌ڵ ئه‌م شته‌ نه‌بوو و ویستی هه‌ندێ که‌مره‌نگی بکاته‌وه‌. سه‌رۆکایه‌تیی حیزب، په‌سندی ئه‌ندامانی کۆنگره‌شی بۆ ئه‌وه‌ وه‌رگرت که‌ هه‌تا هه‌ڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٠ هیچ جۆره‌ پلاتفۆرمێکی هه‌ڵبژاردنی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ حیزبی سوسیال دیمۆکرات و حیزبی ژینگه‌، پێک نه‌هێنێت.

سکرتێری پێشووی حیزبی سوسیال دیمۆکراتی سوید، لارش خه‌رنکڤیست، که‌ ئێستا سه‌رۆکی کۆمۆنی نۆرشۆپینگه‌، یه‌کێ له‌ میوانانی کۆنگره‌که‌ بوو. ئه‌و پێی وا نییه‌ که‌ ئه‌م کۆنگره‌یه‌ یارمه‌تییه‌کی دابێته‌ حیزبی چه‌پ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ داهاتوودا له‌ حوکوومه‌تێکی هاوبه‌شدا له‌گه‌ڵ سوسیالدیمۆکراته‌کان به‌شدار بن. به‌ تایبه‌ت له‌ سه‌ر ئه‌و موناقه‌شه‌یه‌ی له‌ کۆنگره‌که‌دا له‌ سه‌ر کووبا کرا.

کۆنگره‌که‌ له‌ ژێر دروشمی ”ئاڵوگۆڕ”دا به‌ڕێوه‌ چوو. حیزبی چه‌پ هه‌وڵ ده‌دا که‌ ڕێژه‌ی ئه‌ندامانی بگه‌یه‌نێته‌وه‌ سه‌ر ئاستی ده‌ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر که‌ دوو ئه‌وه‌نده‌ی ئێستا بوو. به‌ڵام سه‌رۆکی حیزب، لارش ئولی پێی وایه‌ که‌ ئاکامه‌یلی کۆنگره‌که‌، کارتێکه‌ریی له‌ سه‌ر بیروڕای خه‌ڵکدا ده‌بێت  و به‌ره‌و حیزب ڕایانده‌کێشێت.

به‌ڵام تۆ بڵێی حیزبی چه‌پ، پاش ئه‌و کۆنگره‌یه‌، روانگه‌کانی ئاشکراتر و ڕوونتر بووبێتن. لارش یۆلی پێیان وایه‌، بوون.

ـ ”به‌ڵێ من پێم وایه‌. هه‌رچه‌ند هێشتاش خوێندنه‌وه‌یه‌ک له‌ سه‌ر تێڕوانینه‌کانی حیزبی چه‌پ هه‌یه‌ که‌ له‌ سه‌ر ئه‌م ڕایه‌یه‌ که‌ حیزبه‌که‌ی ئێمه‌ ئه‌وه‌نده‌ی پێویسته‌، دیمۆکرات و جێی بڕوا نییه‌. من له‌ سه‌ر ئه‌و بروایه‌م که‌ پاش ئه‌م کۆنگره‌یه‌ ئیدی ناکرێ هه‌روا له‌ سه‌ر ئێمه‌ بیر بکه‌نه‌وه‌.”

ئامینه‌ی کاکه‌باوه‌، ئه‌ندامی په‌رله‌مان له‌ لایه‌ن حیزبی چه‌پ و یه‌کێ له‌ به‌شداراانی کۆنگره‌که‌، له‌ وتووێژێکدا له‌گه‌ڵ زایه‌ڵه‌، کۆنگره‌که‌ی به‌ سه‌رکه‌وتوو له‌قه‌ڵه‌م دا.

ئامینه‌ی کاکه‌باوه‌، خۆشی پێشنیارێکی له‌ سه‌ر قه‌ده‌غه‌بوونی حیجابی ئیسلامی بۆ منداڵان له‌ کۆنگره‌که‌دا پێشکه‌ش کرد که‌ ده‌نگی نه‌هێنایه‌وه‌. کاکه‌باوه‌ ده‌ڵێ له‌ نێو حیزبی چه‌پیشدا ترس له‌وه‌ی پێت بڵێن دژی ئیسلامیت، هه‌یه‌ و ئه‌مه‌ له‌ دوای رووداوه‌ تیرۆریستییه‌کانی ئه‌لقاعیده‌ به‌هێزتر بووه‌.

nasser.sina@sr.se

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Har du frågor eller förslag gällande våra webbtjänster?

Kontakta gärna Sveriges Radios supportforum där vi besvarar dina frågor vardagar kl. 9-17.

Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".