Du måste aktivera javascript för att sverigesradio.se ska fungera korrekt och för att kunna lyssna på ljud. Har du problem med vår sajt så finns hjälp på http://kundo.se/org/sverigesradio/

هه‌موو دایکانی من له‌ په‌رله‌مانی سویددا

بڵاو کرایه‌وه‌ onsdag 11 juni 2008 kl 17.37

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ (١١/٦/٢٠٠٨) له‌ پارله‌مانی سوید، کێشه‌ی مافی مرۆڤ تاووتوێ کرا و تێیدا بۆ نموونه‌ هه‌ندێ پرسیاری وه‌ک کوشتاری ئه‌رمه‌نییه‌کان و ئه‌نفالی کورده‌کان هاتنه‌ گۆڕێ.  

به‌ پێی پێشنیارێک که‌ حیزبی چه‌پی سوید، ڤێنسترپارتیێت، داویه‌تی به‌ پارله‌مانی وڵات، ده‌بێ حوکوومه‌تی سوید، ئه‌نفالی گه‌لی کورد له‌ کوردستانی پارچه‌ی عێراق که‌ تێیدا به‌ پێی به‌ڵگه‌نامه‌‌کانی به‌رده‌ست و باسلێکراو، پتر له‌ سه‌د و هه‌شتاد و دوو هه‌زار کورد کوژران و به‌ هه‌زاران گوند و باژێر وێران کران و هه‌وڵی به‌عه‌ره‌بکردنی ئه‌و ناوچانه‌ درا، به‌ جینوساید و پاکتاوی نه‌ژادیی بناسرێت. ده‌ستپێشخه‌ریی حیزبی چه‌پ توانی له‌ ماوه‌یه‌کی کورتدا ده‌نگی چه‌ند نوێنه‌رێکی دیکه‌ی په‌رله‌مان له‌ حیزبه‌کانی تریش ڕه‌گه‌ڵ خۆی بخات بۆ وێنه‌ حیزبی ژینگه‌، به‌ڵام به‌ پێی قسه‌کانی هیدیه‌ گوێزه‌ل، سکرتێری سه‌رۆکی حیزبی چه‌پ، ئه‌م داوایه‌ له‌ لایه‌ن حیزبه‌کانی ده‌سته‌ ڕاستی ناو په‌رله‌مانه‌وه‌ که‌ حوکوومه‌تیشیان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ ڕه‌تکراوه‌ته‌وه‌، به‌و بیانوویه‌ که‌ ئه‌م داوخوازییه پێشتریش له‌ په‌رله‌مانی سویدا باسی لێوه‌کراوه‌ و پێویست به‌ دووباره‌‌کردنه‌وه‌ له‌ ڕۆژه‌ڤی ئه‌مڕۆدا ناکات.‌

هیدیه‌ گوێزه‌ل ده‌ڵێ ئێـمه‌ وه‌ک حیزبی چه‌پ، ئه‌م پرسیاره‌ ساڵی داهاتووش هه‌ر دێنینه‌ گۆڕێ و لایه‌حه‌یه‌کی دیکه‌ی له‌ سه‌ر ده‌نووسین تا ئه‌و کاته‌ی ئه‌نفال به‌ جینۆساید ده‌ناسرێت.

هیدیه‌ گوێزه‌ل ره‌خنه‌ له‌ حوکوومه‌تی سوید ده‌گرێ که‌ جیددی بوونی ئه‌و کێسه‌یه‌ی بۆ ده‌رنه‌که‌وتووه‌ و حیزبه‌کانی دیکه‌ش ئه‌و فشاره‌ی پیویسته‌ نایخه‌نه‌ سه‌ر حوکوومه‌ت تا په‌سندی ئه‌و لایحه‌یه‌ بکات. ئه‌وان پرسی ئه‌نفالی کورد، وه‌ک‌ به‌کۆمکوژیی ئه‌رمه‌نییه‌کان به‌ گرنگ نازانن، هه‌رچه‌ند حیزبه‌که‌ی ئێمه‌ داوا ده‌کات که‌ ئه‌وه‌ش هه‌ر به‌ پاکتاوی نه‌ژادی دانی پێبهێنرێت.

ئه‌مه‌ سێ ڕۆژه، کێشه‌ی ئه‌نفالی کورد به‌ پێشاندرانی فیلمێکی به‌ڵگه‌نامه‌یی ئاستبه‌رز له‌ سه‌ر ئه‌نفال به‌ ناوی هه‌موو دایکانی من (All My Mothers)، بۆته‌ جێی گفتوگۆی گه‌رمی کورده‌کانی سوید، به‌ تایبه‌ت‌ له‌ ستۆکهۆڵمی پایته‌خت.

ڕۆژی دووشه‌ممه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ له‌ دوو جار دا فیلمه‌که‌ له‌ سینه‌مای سیتای ستۆکهۆڵم نیشان درا. سه‌عات یازده‌ی به‌یانی بۆ ڕۆژنامه‌وانانی سویدی و کورد و سه‌عات پێنجی ئێواره‌ بۆ نزیکه‌ی سه‌د و هه‌شتا میوانی کورد و سویدی.

ڕۆژی ڕابردووش هه‌ر ئه‌و فیلمه‌ له‌ ساڵۆنی نمایشی پارله‌مانی سوید بۆ ژماره‌یه‌ک له‌ نوێنه‌رانی په‌رله‌مان ‌و چه‌ند سیمای ناسراوه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و چالاکانی سیاسیی جۆراوجۆری سویدی و کورد. دوای هه‌ر سێ نمایشیش له‌گه‌ڵ به‌رهه‌مهێنه‌ر و یه‌کێ له‌ ده‌رهێنه‌ران، گفتوگۆ ساز کران بۆ نموونه‌ له‌ سه‌ر چۆنه‌تیی سازکرانی فیلمه‌که‌ و هه‌وڵه‌کانی حوکوومه‌تی هه‌رێم بۆ یارمه‌تیدانی بنه‌ماڵه‌ی ئه‌نفالکراوان.

ئامینه‌ی کاکه‌باوه‌، نوینه‌ری په‌رله‌مانی سوید له‌ حیزبی چه‌پ و یه‌کێ له‌ چالاکانی پرسی به‌ جینوسایدناسێنرانی ئه‌نفال له‌ سوید که‌ کۆڕه‌که‌ی دوێنێ په‌رله‌مانی به‌ڕێوه‌برد.

فیلمچێکه‌رانی کورد، ئیبراهیم سه‌عیدی و زه‌هاوی سنجاوی، فیلمێکی به‌ڵگه‌نامه‌یی زۆر ئاستبه‌رزیان له‌ سه‌ر به‌کۆمکوژیی کورد له‌ عێراق ساز کردووه‌. کاری به‌رهه‌مهێنانی ئه‌م فیلمه، به‌م دواییانه‌ ته‌واو بووه‌ و هێشتا له‌ هیچ شوێنێک، نمایش نه‌کراوه‌.‌ ڕاوێژکاری به‌رهه‌مهێنان‌، به‌همه‌نی قوبادی‌یه‌.

”له‌ماوه‌ی ئه‌و سی ساڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ڕژێمی به‌عس له‌عیراق، هه‌زاران کورد و شیعه‌، کوژران یا بێسه‌ر و شوێن کران. له‌ هه‌وڵێکدا بۆ پاکتاوی کورد و به‌عه‌ره‌بکردنی کوردستان، نزیکه‌ی ١٨٢ هه‌زار که‌س له‌ پارێزگاکانی که‌رکووک، سلێمانی، دهۆک و هه‌ولێڕ، ژیانیان له‌ده‌ست دا و ٤٥٠٠ گوند و باژار، له‌گه‌ڵ خاک یه‌کسان کران. دۆزینه‌وه‌ی گۆڕێکی به‌کۆمه‌ڵ له‌ بیابانه‌کانی باشووری عێراق، بیست و چوار ساڵ پاش ئه‌م تراژیدیایه‌، بۆته ‌هه‌وێنی ئه‌م فیلمه‌ که ‌له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌کانی ناو ئه‌م گوندانه‌ ده‌دوێ که‌ زوربه‌ی دانیشتوانی، ژنان و کچانی پاشماوه‌ی ئه‌نفالن.”

عه‌باس غه‌زالی، به‌رهه‌مهێنه‌ر و زه‌هاوی سنجاوی یه‌کێ له‌ ده‌رهێنه‌رانی فیلمی دایکانی من له‌ وتووێژ له‌گه‌ڵ زایه‌ڵه‌دا

هه‌ر ئه‌مڕۆ کاتژمێر 12 لە بەردەم پەرلەمانی سویددا خۆپێشاندانێکیش به‌ڕێوه‌ چوو کە کۆمەڵێک رێکخراو و کۆمەڵەی کوردستانی ڕێکیان خستبوو.

nasser.sina@sr.se

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Har du frågor eller förslag gällande våra webbtjänster?

Kontakta gärna Sveriges Radios supportforum där vi besvarar dina frågor vardagar kl. 9-17.

Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".