Du måste aktivera javascript för att sverigesradio.se ska fungera korrekt och för att kunna lyssna på ljud. Har du problem med vår sajt så finns hjälp på http://kundo.se/org/sverigesradio/

مامۆستایانی سوید، زۆر له‌ سه‌ر کۆمکوژیی مووساییه‌کان نازانن

بڵاو کرایه‌وه‌ onsdag 20 augusti 2008 kl 16.45

توێژینه‌وه‌یه‌ک که‌ دامه‌زراوه‌ی حوکوومه‌تیی مێژووی زیندوو له‌ سوید، کردوویه‌تی نیشان ده‌دا که‌ زانیاریی مامۆستایان له‌ سه‌ر کۆمکوژیی یه‌هوودیه‌کان، یه‌کجار که‌مه‌ و ئه‌مه‌ به‌ که‌موکووڕییه‌کی به‌رچاو له‌ سیسته‌می په‌روه‌رده‌ی وڵات داده‌نرێ. به‌ گوێره‌ی توێژینه‌وه‌که،‌ له‌ نێوان زیاتر له‌ پێنج هه‌زار مامۆستادا که‌ پرسیاریان لێکراوه‌، ته‌نیا دوو که‌س توانیویانه‌ وه‌ڵامی ڕاست بده‌نه‌وه‌ هه‌موو پرسیاره‌کان.

پاشخانه‌ی بابه‌ته‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ گه‌لێ وڵاتدا، خه‌ریکی لێکۆڵینه‌وه‌ن له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ن که‌ ئاخۆ بۆچی کۆمکوژیی جووله‌که‌کان، نکۆڵیی لێده‌کرێ و چۆن ده‌بێ خشته‌یه‌ک بۆ به‌ره‌نگارییه‌کان له‌ سه‌ر ڕاستبوونی ئه‌م هه‌واڵه‌، دابنرێ. له‌م ناوه‌دا، سوید یه‌که‌مین وڵاته‌ که‌ توێژینه‌وه‌یه‌کی به‌ربڵاوی له‌ سه‌ر ئاستی زانیاریی مامۆستایان و ئه‌زموونی تاوانکارییه‌کانی نازیسم بۆ وێنه‌ دژی یه‌هوودییه‌کان، ئه‌نجام داوه‌.

بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌، یازده‌ پرسیاری زانیاریی گشتی درایه‌ مامۆستایان بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ڵامی بده‌نه‌وه‌. بۆ نموونه‌ له‌ سه‌ر ناوی هه‌ندێ له‌و ئوردووگایانی به‌مه‌به‌ستی کوشتاری مووساییه‌کان، دروست کران. زۆر که‌س وه‌ڵامی دابۆوه‌ داخاو، گوولاگ یا ته‌پۆڵکی بێلسن که‌ هه‌موویان هه‌ڵه‌ن. یا له‌ هه‌ر بیست مامۆستایه‌ و ته‌نیا یه‌کیان ده‌یزانی که‌ له‌ نێوان ٨١ تا ١٠٠ له‌ سه‌دی منداڵانی یه‌هوودی، له‌م کاره‌ساته‌ کۆمکوژییه‌دا کوژران. حه‌فتا له‌ سه‌دی مامۆستایان، له‌ نێوان هه‌شت تا یازده‌ هه‌ڵه‌یان هه‌بوو، ئه‌ویش‌ له‌ یازده‌ پرسیاران.

دیاره‌ ئه‌و ڕه‌خنه‌یه‌ش له‌ پرسیاره‌کان گیراوه‌ که‌ دژوار بوون به‌ڵام پرسیاردانه‌ران ده‌ڵێن پرسیاره‌کان، نابێ ئه‌وه‌نده‌ش ئاسان بن که‌ نه‌کرێ له‌ سه‌ر زانیاریی قووڵی مامۆستایان ده‌رباره‌ی بابه‌ته‌که، داوه‌ری بکرێت.‌

توێژینه‌وه‌که‌ هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش ده‌رده‌خا که‌ نزیکه‌ی نیوه‌ی مامۆستایان، هیچ خولێکی تایبه‌ت به‌ وه‌رگرتنی زانیاری له‌ سه‌ر کۆمکوژیی یه‌هوودییه‌کانیان نه‌بینیوه‌. هه‌رجه‌ند ئه‌وانه‌ش که‌ به‌شداری وه‌ها خولێکی په‌روه‌رده‌ بووبوون، ڕاده‌ی زانیارییه‌که‌یان زۆر له‌سه‌ره‌وه‌تر نه‌بوو.

مامۆستایان، له‌ سه‌ر ئه‌م بڕوایه‌ن که‌ خولی په‌روه‌رده‌ له‌ سه‌ر کوشتاری یه‌هوودییه‌کان، گرنگه‌ و قوتابیان ئه‌م گرنگییه‌یان بۆ ده‌رکه‌وتووه‌. له‌ چاو ده‌ ساڵ له‌وه‌ پێش، ئێستا مامۆستایه‌کی زیاتر، پێیان وایه‌ که‌ له‌ خوێندنگاکاندا کێشه‌ی ڕه‌گه‌زپه‌رستی، دوژمنایه‌تی له‌گه‌ڵ بیانیان و دژایه‌تیی یه‌هوودییه‌کان هه‌یه‌.

مێتتا فیه‌لکنر (Metta Fjelkner)، سه‌رۆکی فیدراسیۆنی مامۆستایان (Lärarnas Riksförbund)، ده‌ڵێ ئه‌مه‌ هه‌ڵه‌ی سیسته‌می په‌روه‌رده‌ی مامۆستایان و هه‌روه‌ها خاوه‌نکارانه‌ که‌ مامۆستایان راده‌ی زانیارییان وه‌ها نزمه‌. ئه‌و خوازیاری سه‌رمه‌یه‌گوزارییه‌کی خێرایه تا به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی وڵات، واتا دوو ساڵی دیکه‌.

مێتتا فیه‌لکنر ده‌ڵێ: من به‌ ته‌واوی دڵنیام له‌وه‌ی که‌‌ له‌ به‌هار، هاوین و پاییزی ٢٠١٠دا، کێشه‌ی دوژمنایه‌تی له‌گه‌ڵ بیانیان و بابه‌تی هاوشێوه‌‌، له‌ سه‌رووی گفتوگۆکانی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ بێ. بۆیه‌ گرنگه‌‌ ئه‌وانه‌ی هه‌ڵبژێری جاری یه‌که‌من (förstagångsväljare)، مامۆستای وایان هه‌بێ که‌ ده‌رفه‌تی دانی زانیاریی نوێ و شیاو ده‌رباره‌ی کۆمکوژیی مووساییه‌کانیان بداتێ و ئه‌و دواهاتانه‌ی له‌م کاره‌ که‌وتنه‌وه‌ و ئه‌و بارودۆخه‌ی ئێستا له‌ سوید هه‌یه‌. به‌و واتایه‌ که‌ خاڵه‌ ڕوون و ناڕوونه‌کانی پرسیارگه‌لی بواری بیانیان و له‌م بابه‌ته‌ کامانه‌ن؟

تۆ بڵێی له‌م ناوه‌دا خودی مامۆستایانیش به‌رپرسیار نه‌بن له‌وه‌ی خۆیان زانیاریی پێویست ده‌رباره‌ی پرسیاره‌ گرنگه‌کان وه‌ده‌ست بخه‌ن؟ مێتتا فیه‌لکنر، سه‌رۆکی فیدراسیۆنی مامۆستایان، وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌:

بۆچی وایه‌! به‌ڵام له‌ یه‌که‌م قۆناغدا ده‌بێ لانی که‌م له‌ خوێندنگا به‌رزه‌کاندا، وه‌ک مه‌رجێکی نکۆڵی‌لێنه‌کراو، وانه‌ی کۆمکوژیی یه‌هوودییه‌کان و دواهاته‌کانی وه‌کوو به‌شێکی گرنگ و خاوه‌ن قورسایی له‌ دیرۆکی ساڵانی ١٩٠٠ بگوترێته‌وه‌. ئێستاش که‌ ئه‌مه‌ نییه‌ ئه‌وا زه‌حمه‌ت ده‌بێ که‌ ئه‌م که‌موکووڕییانه‌ چاک بکه‌یته‌وه‌.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Har du frågor eller förslag gällande våra webbtjänster?

Kontakta gärna Sveriges Radios supportforum där vi besvarar dina frågor vardagar kl. 9-17.

Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".