Du måste aktivera javascript för att sverigesradio.se ska fungera korrekt och för att kunna lyssna på ljud. Har du problem med vår sajt så finns hjälp på http://kundo.se/org/sverigesradio/

ژنی په‌ناخواز مافی خۆیان پێ ڕه‌وا نابینرێت

بڵاو کرایه‌وه‌ onsdag 17 december 2008 kl 16.01

ڕێکخراوی خاچی سوور، دوێنێ، ڕاپۆرتێکی له‌باره‌ی ئه‌و ژنانه‌وه‌ بڵاو کرده‌وه،‌ له‌ پرسی په‌ناخوازیدا به‌ چاوێکی که‌مه‌وه‌ سه‌رنج ده‌درێن و هه‌ڵداوێردرێن. گرۆیه‌ک که‌ سه‌ختتر دووچار ده‌بن، ئه‌و ژنانه‌ن له‌ ڕێی شووکردنه‌وه‌ بۆ سوید دێن.

ژنی وا‌ مۆڵه‌تی مانه‌وه‌ و نیشته‌جێبوونی لێره‌ نامێنێ، ئه‌گه‌ر هاوسه‌رێتییه‌کانی له‌ ماوه‌ی دوو ساڵی سه‌ره‌تایدا هه‌ڵ بوه‌شێته‌وه‌. ئه‌مه‌یشه‌ که‌ پیاوانێک که‌ڵکی خراپی لێ ده‌گرن، چونکه‌ ده‌زانن که‌ ژن خراپیان به‌سه‌ردا دێت، ئه‌گه‌ر به‌ ته‌ڵاقدراوی بۆ وڵاتانی خۆیان بگه‌ڕێنه‌وه‌.

هانی ژنێکه‌ ساڵی 2005 بۆ سوید هاتووه‌، به‌ڵام دوای پێنجمانگ مێرده‌گه‌ی به‌ جێ هێشتووه‌. هانی ده‌ڵێت که‌ مێرده‌که‌ی ده‌یویست بیکوژێت. ژنیش که‌ بۆی دیار بکه‌وێت که‌ که‌سێک هه‌یه‌ و ده‌یه‌وێت بیکۆژێت، بیر ناکاته‌وه‌، جێی ده‌هێڵێت.

له‌ بنکه‌کانی ستۆکهۆلمی ڕێکخراوی له‌خۆبورده‌ی پێوه‌ندییه‌کانی ژنان ـ کڤینوس نێت ڤێرک ـ  ـدا هاننی دانیشتووه‌، که‌ سێ ساڵی له‌مه‌وبه‌ر بۆ سوید هاتووه‌، دوای ئه‌وه‌ی خێزانه‌که‌ی شووکردنی ئه‌وی له‌گه‌ڵ خێزانێکی تری ئێرانی، که‌ نیشته‌جێی سویده‌ بڕیار داوه‌.

هاننی ده‌ڵێت باوکم ناچاری کردم مێرد به‌ هاووڵاتییه‌کی سویدی بکه‌م. 

هاننی له‌ بریتی ئه‌وه‌ی له‌و خانووه‌دا نیشته‌جێ ببێت، که‌ ماڵه‌مێرده‌که‌ی به‌ڵێنییان پێی دابوو، ناچار کرا پێنج مانگ و نیو له‌ ژێرزه‌مینێکدا بژێت و جار به‌سه‌ر جاره‌وه‌ ده‌ستدرێژی لێ بکرێ. هانیی ده‌ڵێت که‌ مێرده‌که‌ی ئه‌می به‌ کۆیه‌لی خۆ ده‌ویست. که‌سێکی ده‌ویست بێته‌ ئێره‌ و ئیشی ماڵه‌وه‌ی بۆ بکات و ئاگای لێی بێت و خۆراکی بۆ لێ بنێ و باخه‌ڵیی بکات.

دیاره‌ هانیی له‌ سه‌ره‌تادا سویدی نه‌ده‌زانی. هه‌رچی پێوه‌ندییه‌کی به‌ ده‌ستگه و بژیشک و کۆمه‌ڵگه‌ی سویدییه‌وه‌ هه‌یه‌، له‌ ڕێی شووه‌که‌یه‌وه‌ بووه‌.

هانی به‌ هۆی ئه‌و ده‌ستدرێژییانه‌وه‌ دووچاریان بووبووه‌وه‌، پاش ماوه‌یه‌ک کێشه‌ی نێوله‌شی بۆ هاته‌ پێش. هانی ده‌ڵێت که‌ سه‌ردانی بژیشکی نه‌خۆشییه‌کانی ژنی کرد، یونیکولۆگ ـ  وه‌رگێڕی نه‌بوو، مێرده‌که‌ی سویدییه‌که‌ی بۆ وه‌ر ده‌گێڕا. بژیشکه‌که‌ پێی گوت که‌ ئێوه‌ نابێ باخه‌ڵیی بکه‌ن، چونکه‌ تۆ ـ هانی ده‌ڵێت مه‌به‌ستی بژیشکه‌که‌ من بوو ـ که‌ من ناتوانم باخه‌ڵیی بکه‌م. به‌ڵام مێرده‌که‌ی پێی گوت بژیشکه‌که‌ ده‌ڵێت که‌ ئه‌وان ده‌بێت درێژه‌ به‌ باخه‌ڵیکردنه‌که‌ بده‌ن.

ئیلیسابێت ڤانکێ له‌ ڕێکخراوی پێوه‌ندییه‌کانی ژناندا کار ده‌کات و ئه‌رکی ئه‌وه‌یه‌ ژنان ئاگاداری ئه‌و‌ مافانه‌یان بکاته‌وه‌ له‌ سوید پێیان ڕه‌وا بینراوه‌. ئه‌و ده‌ڵێت زۆربه‌ی ژنانێک ئێمه‌ ده‌یانبینین، شتێکی ئه‌وتۆ له‌ باره‌ی مافه‌کانی خۆیانه‌وه‌ نازانن. نازانن که‌ له‌ به‌ تاوان ده‌ژمێردرێت ژن بێ حه‌زی خۆی باخه‌ڵیی بکرێت. نازانن به‌ تاوان داده‌نرێت‌ که‌ مێرد له‌ ژنی خۆی بدات. ڤانگێ ده‌ڵێت ئه‌و وڵاتانه‌ی ئه‌م ژنانه‌ لێیه‌وه‌ دێن، لێدانی ژن و باخه‌ڵیکردنی زۆره‌ملێیان لێ تاوان نین.

ژنێکی ته‌ڵاقدراو ئه‌گه‌ر بۆ وڵاتێک بگه‌ڕێته‌وه‌ شه‌ریعه‌ی ئیسلامی لێ به‌ یاسا گیراوه‌، کێشه‌یه‌کی ته‌واوه‌. ئه‌و زانیارییانه‌یش له‌مه‌ڕ پاراستنی ژنانه‌وه‌ له‌ ده‌ستگه‌کانی ئه‌و وڵاتانه‌ دێن له‌گه‌ڵ پێڕوه‌کردنی پاراستنه‌که‌ی ژنان نایه‌نه‌وه‌ سه‌ر یه‌ک.

هانییش ده‌ڵێت له‌و باوه‌ڕه‌دانییه‌ که‌سوکاره‌که‌ی لێی بگه‌ن، یان وه‌ک چۆنێک هه‌یه‌ په‌سه‌ندی بکه‌ن. باوکی ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌ی لێ کردووه‌. ئه‌و وێنه‌یه‌ش له‌ باره‌ی باوکییه‌وه‌‌ له‌ زه‌ینی گرتووه‌، بۆمی نالوێنێت له‌ ئێران وه‌ک بوونه‌وه‌رێکی زیندوو بژێ. هانیی ده‌ڵیت باوکم  هه‌ر ده‌مکوژێت، یان  ناچار ده‌کات خۆم بکوژم.

هانیی جیا له‌وه‌ی که‌ درێژه‌ به‌ هاوسه‌رێتییه‌که‌ی بدات، هیچ بریتێکی تری نییه‌.

لیسابێت ڤانکێی پێوه‌ندییه‌کانی ژنانیش له‌ باسی ژنانی هاووێنه‌ی هانییدا ده‌ڵێت له‌ وڵاتانێکی زۆردا ژن هه‌ن که‌ ژیانیان بۆ ناچیته‌ سه‌ر ئه‌گه‌ر خێزانه‌که‌ی یان مێرده‌که‌ی یاریده‌ی نه‌دات. هانیی ده‌زانێت که‌ بنه‌ماڵه‌ و خێزانه‌که‌ی هه‌ر ده‌یکوژن و باشیش ده‌زانێت که‌ بۆی ناگونجێت بژێوی خۆی وه‌ک بێوه‌ژن دابین بکات. ژنێکیش ڕێی نه‌درێت ‌خانه‌ی خۆی بنێته‌وه‌ یان بژێوی خۆی ده‌سته‌به‌ر بکات، دیاره‌ که‌ تاوانێکه‌ و ده‌چێته‌ ڕیزی دژ به‌ مافه‌کانی مرۆڤه‌وه‌‌. ‌له‌ پاڵ خاتوو ڤانکێوه‌، تاج خانم دانیشتووه‌ که‌ به‌م زووانه‌ ڕه‌وانه‌ی وڵاته‌که‌ی خۆی به‌نگلادێش ده‌کرێته‌وه‌. تاج له‌ باسی خۆی و ژنانی وڵاته‌که‌یدا ده‌ڵێت ژنی ته‌ڵاقسه‌ندووی به‌نگلادیش ڕێیان نییه‌ تێکه‌ڵی ئاشنا و ڕۆشناکانی خۆی ببن. ژنی وا جیا ده‌کرێنه‌وه‌، ئه‌گه‌ر کاریشیان بۆ لوا و دامه‌زران، دیاره‌ خاوه‌نکار‌ هه‌وڵ ده‌دات باخه‌ڵییان بکات. ئه‌گه‌ر ژن مل نه‌ده‌ن، کاریان له‌ کیس ده‌چێت. ژنی وا ئه‌گه‌ر به‌ ته‌نیا نیشته‌جێ بن، گه‌لێک پیاو په‌یدا ده‌بن که‌ ناچاری باخه‌ڵیکردنیان ده‌که‌ن.

تاج ده‌گێڕێته‌وه‌ ژنی ته‌ڵاقسه‌ندوو له‌ به‌نگلادیش دوو ڕێی به‌ به‌ره‌وه‌یه‌، یه‌کیان ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌شی خۆی بفرۆشیت و، دووه‌میان که‌ خۆی بکوژێت.

هانییش په‌ناخوازییه‌که‌ی ڕه‌ت کراوه‌ته‌وه‌. سه‌ره‌ڕای به‌ندی 12 ـه‌ی یاسای تایبه‌ت به‌ ده‌ره‌کییه‌کان، که‌ ده‌یسه‌لمێنێت په‌نا به‌ که‌سی ده‌ره‌کی ڕه‌وا ده‌بینرێت، ئه‌گه‌ر که‌سه‌که‌ توندوتیژی له‌ ئاستدا بکرێت یان هه‌ر جۆرێکی دیکه‌ی سوکایه‌تیپێکردن به‌ ئازادی یان ئاسووده‌ییه‌که‌ی بێته‌ ڕێ.

هانیی ده‌ڵێت لێمیان پرسیوه‌ته‌وه‌ و منیش هه‌موو شتێکم بۆ گێڕاونه‌ته‌وه‌. به‌ڵام دوای دوو سێ مانگ پێمیان ڕاگه‌یاند که‌ به‌ڵێ ده‌زانن ده‌ستدرێژی لێ کراوه‌، به‌ڵام هیچ ڕێسایه‌ک نییه‌ بۆی بلوێنێت لێره‌ بمێنیته‌وه‌.

ئه‌و هه‌موو سووکایه‌تییه‌ی به‌ هانیی کراوه‌، به‌ هه‌ند نه‌گیراوه‌. له‌ ڕه‌تکردنه‌وه‌ی داواکه‌یدا دادگه‌ی کۆچ ئاماژه‌ی داوه‌، ‌ که‌ ده‌ستگه‌ی کۆچ ئه‌و ده‌ستدرێژییانه‌ی هانیی دووچاریان بووه‌، به‌ مه‌ترسیدار نه‌گرتووه‌. بۆیه‌ هانیی له‌ بریتی داوا کۆنه‌که‌ی ئێستا په‌نا ده‌خوازێت.

هاننی که‌ توندوتیژیی دژا کرا. هه‌موو لایه‌ک پێیان گوتووه‌ لای مێرده‌که‌ت نه‌مێنه‌وه‌، جێی بهێڵیت و ئه‌وان یاریده‌ی ده‌ده‌ن. که‌ نه‌مایشه‌وه‌ پێیان گوت به‌ داخه‌وه‌، ئه‌گه‌ر دووساڵی له‌گه‌ڵدا بمێنیته‌وه‌، مۆڵه‌ت ده‌درا لێره‌ نیشته‌جێ ببێت. به‌ڵام ئێستا ناتوانن یارمه‌تی بده‌ن. ئێستایش هانیی نازانێ له‌گه‌ڵ مێرێک بمێنمه‌وه‌ که‌ لێی داوه‌ و ده‌ستدرێژی لێ کردووم یان چی بکات.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Har du frågor eller förslag gällande våra webbtjänster?

Kontakta gärna Sveriges Radios supportforum där vi besvarar dina frågor vardagar kl. 9-17.

Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min Lista".