Du måste aktivera javascript för att sverigesradio.se ska fungera korrekt och för att kunna lyssna på ljud. Har du problem med vår sajt så finns hjälp på http://kundo.se/org/sverigesradio/

ساب: حوکوومه‌ت ده‌بێ وه‌ڵامێکی ئاشکرا بداته‌وه‌!

بڵاو کرایه‌وه‌ måndag 23 februari 2009 kl 15.55

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ساب، یان ئۆکێ یۆنسۆن، له‌ گفتوگۆیه‌کدا له‌گه‌ڵ وه‌زیری چالاکییه‌ بازرگانییه‌کانی سوید، مۆد ئۆلۆفسۆن له‌ به‌رنامه‌ی ئاگێندای تله‌فزیۆنی سویددا گوتی وه‌ڵامی حوکوومه‌ت بۆ شه‌ریکه‌ی ئوتومبێلسازیی سوید، ساب، ناڕوونه‌.

یۆنسۆن له‌و به‌رنامه‌یه‌دا باسی ئه‌وه‌ی کرد که‌ گه‌لێ ئۆگر، په‌یوه‌ندییان به‌ سابه‌وه‌ کردوه‌ و ئۆگرییان بۆ سازکردنی ئوتومبیل نیشان داوه‌.‌ به‌ڵام به‌ر له‌وه‌ی بڕیار له‌ سه‌ر ئه‌مه‌ بده‌ن ئه‌وا ده‌بێ وه‌ڵامێکی ئاشکرایان له‌ حوکوومه‌تی سویده‌وه‌ وه‌رگرتبێته‌وه‌ که‌ وه‌ک ده‌وڵه‌ت، ده‌سته‌به‌ری قه‌زه‌کانی ئه‌م کۆمپانیایه‌ بکات.

ئۆلۆفسۆن، ڕه‌خنه‌‌که‌ی ڕه‌تکرده‌وه ‌و گوتی حوکوومه‌ت هه‌میشه‌ هه‌ر گوتوویه‌تی جێنرال موتورز وه‌ک خاوه‌نی ساب ده‌بێ داوای قه‌رز له‌ بانکی سه‌رمایه‌دانانی ئه‌ورووپا (EIB)  بکات.

نموونه‌یه‌ک له‌‌و ناڕوونییه‌ی یۆنسۆن ئاماژه‌ی پێکرد ئه‌وه‌ بوو که‌ حوکوومه‌ت پێشتر ڕایگه‌یاندبوو که‌ ساب ده‌توانێ داوای قه‌رز له‌ بانکی سه‌رمایه‌دانانی ئه‌ورووپا (EIB)  بکات که‌چی مۆد ئولوفسۆن ئێستا ده‌بێژێ که‌ ده‌بێ جێنراڵ موتورز ئه‌و داوایه‌ بکات، نه‌ک ساب خۆی.

به‌ڵام ئولوفسۆن ده‌ڵێ ئه‌وان هه‌میشه‌ هه‌ر گوتوویانه‌ که‌ جینرال موتورز ده‌بێ وه‌ک خاوه‌نی ساب، ئه‌م داوایه‌ بکات.

به‌ گوێره‌ی ئه‌و هه‌واڵه‌ی ڕۆژنامه‌ی داگنز ئیندوستری بڵاوی کردۆته‌وه‌، ساب داوای قه‌رزێکی ٥٠٠ میلیارد یورۆیی له‌ بانکی (EIB)  کردووه‌. بانکه‌که‌ش چاوه‌ڕێیه‌ که‌ پێشتر حوکوومه‌تی سوید، ده‌سته‌به‌ری گه‌ڕاندنه‌وه‌ی قه‌رزه‌کان بکات بێت و گرفتێکی گه‌وره‌ی ئابووری هاته‌ پێشێ، ئینجا قه‌رزه‌که‌ بدات. به‌ڵام دیاره‌ هه‌تا سابیش پلانی بازرگانیی خۆی پێشکه‌ش نه‌کات و جێی بڕوا نه‌بێت، ئه‌وا حوکوومه‌تیش ناتوانێ ئه‌و گه‌ره‌نتییه‌ بدات. ئولوفسۆن ده‌ڵێ ئه‌م پلانه‌ زۆر دڵخۆشکه‌ر نایه‌ته‌ به‌رچاو‌.

مۆنا سالین سه‌رۆکی حیزبی سوسیالدیمۆکراتی سویدیش له‌و به‌رنامه‌یه‌دا حازر بوو به‌ڵام ئه‌و پێی وابوو که‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی وه‌زیری چالاکییه‌ بازرگانییه‌کان، پلانه‌که‌ی کۆمپانیای ساب، زۆر به‌ ئه‌رێنی ده‌نرخێنێ.

۴۴٠ هه‌زار ئوتومبیلی ساب هه‌ر ئێستا له‌ سوید به‌ کار ده‌هێنرێن و خاوه‌نانییان نیگه‌رانی ئه‌وه‌ن که‌ بێت و ئه‌م ئوتومبیله‌ ئیدی ساز نه‌کرێت، فرۆشی ده‌سته‌ دوویان چی لێدێ و یه‌ده‌کی ئوتومبیله‌که‌یان چۆن ده‌ست ده‌که‌وێ؟ دیاره‌ کێشه‌ی ساب هه‌ر کۆمپانیای سازکردنی ناخاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ به‌ڵکوو فرۆشه‌رانیشی هه‌روا. خاوه‌نی فرۆشگه‌یه‌کی ئوتومبیل له‌ شیستای سه‌ر به‌ ستۆکهۆڵم، به‌ ناوی سڤێنسکا بیل، نازانێ چۆن قه‌ناعه‌ت به‌ مشته‌رییه‌کانی بێنێ که‌ ساب ئوتومبێلێکی باشه‌. ئه‌و له‌ پا‌ره‌وه‌ ٢٥ له‌ سه‌دی کارمه‌ندانی جواب کردووه‌.

لارش گوننار یۆنسۆن (Lars-Gunnar Jönsson) ده‌ڵێ بێت و بمه‌وێ مشته‌رییه‌که‌م ڕازی بکه‌م پێی ده‌ڵێم که‌ ئه‌و ماشێنه‌ هه‌ر وه‌ک ساڵی پار، ماشێنێکی زۆر باشه‌. یه‌کێ له‌ هێمنترین ئوتومبیله‌کانه، جێداره‌ و بۆ دانیشتن و لێخوڕین خۆشه‌‌. به‌و ته‌کنیکه‌ نوێیانه‌ی بۆیان داناوه‌، بۆ پاکوخاوێنیی هه‌رێمی ژیانیش زۆر باشه‌.

لارش گوننار ده‌ڵێ گه‌ره‌نتیی ئوتومبیله‌که‌ وه‌ک ڕابردوو هه‌ر ده‌مێنێته‌وه‌. چونکه‌ قسه‌ له‌ سه‌ر ئیفلاسکردنی ساب نییه‌ به‌ڵکوو به‌هێزتر بوونییه‌تی.

به‌ڵام هات و ئیفلاسیشی کرد ئه‌وا له‌ سێ قۆناغدا به‌ ڕیز ئێمه‌‌ی فرۆشیار، کۆمپانیای به‌رهه‌مهێنه‌ری ساب و شه‌ریکه‌ی جێنرال موتورزی خاوه‌ن، گه‌ره‌نتیی سه‌یاره‌ کڕاوه‌کان ده‌که‌ین.

مۆد ئۆلۆفسۆن، وه‌زیری چالاکییه‌ ئابوورییه‌کان، ئه‌مڕۆ چووه‌ ترۆلهێتتان تا چاوی به‌ کارمه‌ندانی ساب، سه‌رۆکایه‌تیی کۆمۆنی ئه‌وێ و به‌ڕێوه‌به‌رانی یه‌کێتیی کرێکاران بکه‌وێ. ئه‌و ده‌ڵێ ئامانجی ئه‌و سه‌ردانه‌ دۆزینه‌وه‌ی ڕێگه‌چاره‌یه‌که‌ بۆ کێشه‌که‌ چونکه‌ زۆر که‌س نیگه‌رانی باری ئابووری و داهاتووی خۆیانن.

مۆد ئولوفسۆن ده‌ڵێ بێت و که‌سێک له‌وان لێم بپرسێ که‌ ده‌بێ ده‌وله‌تی سوید خۆی له‌ کۆمپانیای ساب و باره‌ ئابوورییه‌که‌ی بکاته‌ خاوه‌ن و یارمه‌تییان بدات، ده‌ڵێم ئه‌گه‌ر له‌ پاره‌ی گیرفانی خۆم ئه‌و پاره‌ یارمه‌تییه‌م دابا، ئه‌وه‌ شتێک بوو به‌ڵام ئه‌و یارمه‌تییه‌ هی باجده‌رانه‌ که‌ چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ن خزمه‌تی ده‌رمانییان پێ بدرێ و په‌رستاریان هه‌بێت و که‌سانێک هه‌بن چاوه‌دێری وه‌زعی به‌ ساڵا چوان بن. له‌ وه‌ها کاتێکدا ده‌بێ من له‌ سه‌ر ئه‌و پێشنیارانه‌ی دێن، زۆر به‌ پارێزه‌وه‌ بم.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Har du frågor eller förslag gällande våra webbtjänster?

Kontakta gärna Sveriges Radios supportforum där vi besvarar dina frågor vardagar kl. 9-17.

Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".