Du måste aktivera javascript för att sverigesradio.se ska fungera korrekt och för att kunna lyssna på ljud. Har du problem med vår sajt så finns hjälp på http://kundo.se/org/sverigesradio/

ئه‌و منداڵه‌ په‌ناخوازانه‌ی له‌ سوید به‌ نهێنی ده‌ژین

بڵاو کرایه‌وه‌ måndag 2 mars 2009 kl 16.48

هه‌واڵنێری که‌ناڵی یه‌کی ڕادیۆ سوید، له‌ ئیزگه‌ی ناوه‌ندیی مێترۆی ستۆکهۆڵم ناسراو به‌ تێ سێنترالن، چاوی به‌ ئه‌لێکساندر ده‌که‌وێ که‌ له‌ ئه‌سڵدا ناوێکی دیکه‌ی هه‌یه‌. ده‌ڵێ ده‌ره‌وه‌ به‌ڕاستی سارده‌. ده‌گه‌ڕێین تا شوێنێکی گه‌رم وخۆش بۆ دانیشن بدۆزینه‌وه‌ تا بکرێ به‌ کاوه‌خۆ قسه‌ی خۆمان بکه‌ین.

ئه‌لکساندر ده‌گێڕێته‌وه‌ که‌ له‌ سه‌ره‌تای ساڵی ٢٠٠٦ه‌وه‌ له‌گه‌ڵ دایکی له‌ تاجیکستانه‌وه‌ هاتنه‌ سوید. زۆر زوو مه‌جبوورکران سویدیش به‌جێ بێڵن. سه‌ره‌تا بۆ فینلاند و دوایه‌ش بۆ ڕووسیه‌. ئینجا دیسان بۆ تاجیکستان. دایکی جارێکی دیکه‌ش هه‌وڵی هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ی دا. بۆیه‌ش ئه‌وه‌ی خشڵ و زێڕ هه‌یبوو فرۆشتی و ڕێی هه‌نده‌رانیان گرته‌ به‌ر. سه‌ر له‌ ئاخر له‌ که‌مپی په‌ناخوازان له‌ باژاری یه‌ڤلێی سوید، خۆیان گرته‌وه‌. پاش چه‌ند ڕۆژ دایکی ئه‌لکساندر هاته‌ ستۆکهۆڵم بۆ ئه‌وه‌ی چاوی به‌ کوڕێک بکه‌وێ. له‌ دوای ئه‌وه‌وه‌ ون بووه‌ و که‌س سۆراخی نازانێ. ئه‌لکساندر ئه‌و کات ته‌مه‌نی شانزده‌ ساڵ بوو و له‌ سوید تاک و ته‌نیا بوو.

بڕیار بوو پاش ئه‌وه‌ی ئه‌لکساندر بوو به‌ هه‌ژده‌ ساڵ له‌ سویده‌وه‌ بگه‌ڕێنرێته‌وه‌ وڵاتی خۆی. بۆیه‌ هیچ چاره‌ی نه‌ما ئه‌وه‌ نه‌بێ که‌ خۆی بشارێته‌وه‌ و به‌ نهێنی بژی. ئه‌لکساندر بۆ شه‌ش مانگان له‌ ژێرزه‌وه‌ییه‌کی گه‌ڕه‌که‌کی ئه‌وپه‌ڕی ستۆکهۆڵم ده‌ژیا. تا توانی ئه‌وه‌نده‌ پاره‌ کۆکاته‌وه‌ که‌ بتوانێ تاقه‌ ژوورێکی پێ  به‌ کرێ بگرێ. ئه‌لکساندر ئێستاش که‌ ژێرزه‌مینه‌که‌ی دێته‌وه‌ بیر، ناره‌حه‌ت ده‌بێ: شوێنێکی فره‌ ناخۆش بوو، به‌ بێ ئاو و کاره‌با و توالێت.

ئه‌لکساندر سه‌ردانی دوکتۆرێک ده‌کات و له‌وێ بۆی ده‌رده‌که‌وێ که‌ نه‌خۆشیی هێپاتیت سێی هه‌یه‌. به‌ڵام به‌ پێی قسه‌کانی خۆی، دوکتۆر هیچی بۆ نه‌کرد چونکه‌ له‌ سوید ناونووس نه‌کرابوو و چوار ژماره‌ی نیشته‌جێبوونی نه‌بوو. هه‌روه‌ها ئه‌و ده‌زگا پزیشکییه‌ تایبه‌تییه‌شی پێناده‌ن که‌ ده‌بوا بۆ ماوه‌ی چه‌ند مانگان به‌کاری بێنێ.

به‌ گوێره‌ی ئاماره‌ ڕه‌سمییه‌کان، ته‌نیا له‌ ماوه‌ی ساڵی ڕابردوودا، زیاتر له‌ سه‌د منداڵی به‌ ته‌نیاهاتوو،‌ خۆیان له‌‌و شوێنانه‌ی ده‌زگای کۆچ بۆی له‌به‌ر چاو گرتبوون دزییه‌وه‌ و له‌ سیسته‌می چاوه‌دێرییان ون بوون. ئه‌مه‌ له‌ حاڵێکدا بوو که‌ له‌و ساله‌دا سه‌رجه‌م

پێنج هه‌زار و حه‌وسه‌د که‌سی گه‌وره‌ ساڵیش خۆیان له‌ که‌مپه‌کانیان دزییه‌وه‌. که‌س نازانێ چه‌ند که‌س له‌وانه‌، وه‌ک ئه‌لکساندر به‌ مێرمنداڵی هاتبوونه‌ سوید و چاوه‌ڕێی مۆڵه‌تی نیشته‌جێ بوون.

به‌شێکی ئه‌و منداڵه‌ به‌ته‌نیا هاتووه‌ ڕاکردووانه‌، له‌ سه‌ر شه‌قام ده‌ژین. به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌ ورده‌کاریی چۆنه‌تیی ژیان و بژیویان بزانێ، گه‌لێ زه‌حمه‌ته‌ چون به‌ نایاسایی و به‌شێوه‌یه‌کی نهێنی ده‌ژین. نه‌ ده‌ستی هیچ کاربه‌ده‌ستێکی حوکومه‌تییان پێده‌گا، نه‌ په‌نایه‌کی یاساییان داڵده‌یان ده‌دا. ئه‌لکساندر ده‌ڵێ جارێ وایه‌ من یه‌ک دوو ڕۆژان نان ناخۆم و به‌ سه‌رنجدان به‌ نه‌خۆشیی هیپاتیت سێ که‌ هه‌مه‌، ئه‌مه‌ کێشه‌یه‌کی زۆر جیددییه‌.

ئه‌لکساندر ده‌ڵێ زۆر جار چوومه‌ته‌ لای چێشتخانه‌ و پیتزافرۆشیی جۆر به‌جۆر، به‌ڵام هیچ که‌س له‌ ترسی پۆلیس و کاربه‌ده‌ستان ناوێرێ کارێکم بداتێ.

ئه‌لکساندر شه‌ش مانگ له‌وه‌ پێش وه‌ڵامی نای به‌ داوای پێداچوونه‌وه‌که‌ی وه‌رگرته‌وه‌. گوتبوویان ده‌بێ بنێردرێته‌وه‌. ئه‌لکساندر ده‌ترسێ له‌وه‌ی که‌ پێکه‌وه‌ ده‌چینه‌ شه‌قامه‌کانی ناو شار. هه‌ر ده‌ڕوا و ئاوڕ ده‌داته‌وه‌. کاربه‌ده‌ستانی سویدی ده‌یانه‌وێ بینێرنه‌وه‌ بۆ سه‌نت پێترزبورگ که‌چی ئه‌و نه‌ که‌س له‌وێ ده‌ناسێ و نه‌ قه‌تیشی لێ ژیاوه‌. ده‌ڵێ بێتوو بنێردرێمه‌وه‌ بۆ ڕووسیه‌، ئه‌وا ده‌بێ دوو ساڵیش خزمه‌تی سه‌ربازی بکه‌م. نه‌ له‌شم ته‌حه‌مولی ئه‌وه‌ی پێده‌کرێ و نه‌ ده‌شمه‌وێ که‌س بکوژم. چونکه‌ ڕووسیه‌ له‌ شه‌ڕ دایه‌.

کاتێ هه‌واڵنێری ڕادیۆ سوید له‌ ئه‌لکساندر ده‌پرسێ که‌ پێی وایه‌ چ ده‌بێ و چ داهاتوویه‌کی ده‌بێ ده‌ڵێ بیر له‌ هیچ شتێک ناکه‌مه‌وه‌ به‌ڵام بێت و بیری لێبکه‌مه‌وه‌ ئه‌وا ده‌زانم شێت ده‌بم.

ئه‌لکساندر ده‌یه‌وێ له‌ سوید بمێنێته‌وه‌ و بچێته‌ زانستگه‌. ئاواتم ئه‌وه‌یه‌ ببمه‌ پارێزه‌ر، پرۆفیسۆر. هیوام ته‌نیا هه‌ر به‌ خودایه‌‌ به‌ هانامه‌وه‌ بێت.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Har du frågor eller förslag gällande våra webbtjänster?

Kontakta gärna Sveriges Radios supportforum där vi besvarar dina frågor vardagar kl. 9-17.

Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min Lista".