Du måste aktivera javascript för att sverigesradio.se ska fungera korrekt och för att kunna lyssna på ljud. Har du problem med vår sajt så finns hjälp på http://kundo.se/org/sverigesradio/

سیاسه‌تی کۆمه‌کی سویدی ده‌خرێته‌ به‌ر باس

بڵاو کرایه‌وه‌ måndag 2 mars 2009 kl 17.52

وه‌زیری کۆمه‌کی سوید گونیلا کالسۆن به‌ نیازی سه‌ردانی چه‌ند ووڵاتێکه‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا، به‌تایبه‌ت ووڵاتانی ئه‌مه‌ریکای باشوور. ئامانج له‌سه‌ردانه‌که‌ی گونیلا گفتوگۆکردنه‌ له‌سه‌ر به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی هه‌ژاری و پرسی ژینگه‌و پرسی دیموکراتی له‌و ووڵاتانه‌دا. ئه‌مانه‌‌ کۆمه‌ڵه‌ پرسگه‌لێکن که‌ له‌ووڵاتانی ئه‌مه‌ریکای باشوور پێشکه‌وتنێکی ئه‌وتۆیان به‌خۆوه‌ نه‌بینیوه‌و هه‌نگاوه‌کان له‌و بوارانه‌دا خاون.

ئه‌م سه‌ردانه‌ی وه‌زیری کۆمه‌ک و به‌رزکردنه‌وه‌ی ئه‌م پرسانه‌ له‌کاتێکدا دێت که‌ زۆر له‌ ڕێکخراوه‌ سه‌به‌رخۆکان  پیێان وایه‌ سوید ده‌بێت فشاری زۆرتر بۆ به‌ دیموکراتیکردنی ئه‌و ووڵاتانه‌ بهێنێت که‌ کۆمه‌کیان ده‌داتێ.

زۆربه‌ی ئه‌و ووڵاتانه‌ی که‌ کۆمه‌کی سویدی وه‌رده‌گرن، مه‌رجی ڕیفۆرم و چاگوزاری ئابووریان له‌سه‌رداده‌نرێت، ئه‌م جۆره‌ مه‌رجانه‌ زۆربه‌ی کات ده‌رئه‌نجامی خراپیان هه‌یه‌، پسپۆڕی بواری سیاسه‌ت له‌ ڕێکخراوی کۆمه‌کی فۆروم سیده‌وه (Forum Syd)‌، سڤێن ئێلانده‌ر (Sven Elander)، ده‌ڵێت، کاتێک سوید به‌رنامه‌ی کۆمه‌ک بۆ ووڵاتان داده‌نێت ده‌بێت بزانێت ئه‌و کۆمه‌که‌، له‌و ووڵاتانه‌دا چۆن به‌کارده‌برێت.

ورووژاندنی پرسی کۆمه‌ک و قسه‌کردنه‌وه‌ له‌سه‌ری له‌وکاته‌وه‌ ده‌ستی پێکرد که‌ له‌م دواییه‌دا ڕێکخراوی پرسه‌کانی ژینگه‌ به‌ناوی گلۆباڵ ویتنێس (Global Witness)، له‌ ڕاپۆرتێکیدا د ه‌ریخست که‌ سه‌رکرده‌ی ئه‌و ووڵاته‌ هه‌ژارانه‌ی کۆمه‌کی سویدی وه‌رده‌گرن، جگه‌ له‌ ڕووتاندنه‌وه‌ی هاووڵاتیان له‌ دارایی ووڵات، کۆمه‌کی ووڵاتانی تریش ده‌خه‌نه‌ گیرفانی خۆیان. که‌مبۆدیا که‌ یه‌کێکه‌ له‌و ووڵاتانه‌ی له‌ سه‌ره‌وه‌ی لیستی یارمه‌تیه‌کانی سویدا دانراوه‌، نموونه‌ی ئه‌و ووڵاتانه‌یه‌ که‌ داهاتی به‌رهه‌می سروشتی ووڵاته‌که‌ ده‌چێته‌ گیرفانی سه‌رکرده‌و ژماره‌یه‌ک له‌ سیاسه‌تمه‌دارانیان.

خراپ که‌ڵک وه‌رگرتن له‌ کۆمه‌کی سویدی وای له‌ حکوومه‌تی‌ هاوپه‌یمان به‌سه‌رۆکایه‌تی فرێدریک ڕه‌ینفێڵد کرد که‌ به‌ سیاسه‌تی کۆمه‌کدا بچنه‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌ک که‌ ئه‌و کۆمه‌که‌ی ده‌درێته‌ ووڵاتانی هه‌ژار ده‌بێت به‌شێوه‌یه‌کی کاریگه‌رانه‌ تر بخرێته‌ کار و بچنه‌ ده‌ست و شوێنی گونجاوه‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌ جه‌خت کردنه‌وه‌ له‌ به‌ره‌نگاری هه‌ژاری و گه‌شه‌پێدانی دیموکراتی و مافه‌کانی مرۆڤ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ جه‌ختکردنه‌وه‌ له‌گه‌شه‌پێدانی ‌پرسی ئاشتی و ئاسایش.

پرسیار ئه‌وه‌یه‌ پاره‌ی کۆمه‌ک چۆن ده‌کرێ وا ببه‌خشرێته‌ ووڵاته‌ هه‌ژاره‌کان که‌ نه‌چێته‌ گیرفانی چه‌ند چاوچنۆکێک و چۆن بکرێت تا ئه‌و پارانه‌ بخرێنه‌ خزمه‌تی به‌رفراوانکردنی دیموکراتی. ئایا بۆ ئه‌و کاره‌ ده‌بێت حکوومه‌ته‌کان پاره‌ی کۆمه‌ک وه‌ربگرن یان بدرێته‌ ڕێکخراوه‌ سه‌ربه‌خۆکان؟

سڤێن ئێلانده‌ر ده‌ڵیت دابه‌شکردنی کۆمه‌ک به‌شێوه‌یه‌کی گونجاو، تا نه‌چنه‌ ده‌ستی گه‌نده‌ڵان ڕێگه‌ چاره‌ی زۆری هه‌ن، به‌ڵام هه‌موو پرسه‌که‌ له‌سه‌ر ڕاده‌ی ڕێزگرتنی حکوومه‌ته‌کان له‌ دیموکراتی و مافه‌کانی مرۆڤ  وه‌ستاوه‌.

پرسیارێکی تر ئه‌وه‌یه‌  ئایا سوید ڕێگه‌یه‌کی ڕاستی گرتووه‌ له‌پرسی کۆمه‌ک بۆ ئه‌و ووڵاته‌ هه‌ژارانه‌ی که‌ سه‌رکرده‌کانیان خراپ که‌ڵک له‌ پاره‌ی کۆمه‌کدا وه‌رده‌گرن، ئایا سوید ئاماده‌یه‌ سیاسه‌تی کۆمه‌کی بۆ ئه‌و ووڵاته‌ هه‌ژارانه‌ به‌پێی مه‌رجی رێکخراوه‌ سه‌ربه‌خۆکان بگونجێنێت؟

سڤێن ئێلانده‌ر پسپۆڕی بواری سیاسه‌ت له‌ ڕێکخراوی کۆمه‌کی فۆروم سید ده‌ڵێت به‌ڕای من ڕێکخراوی کۆمه‌کی حکوومی سویدی خه‌ریکن له‌ به‌رنامه‌ی کاری ڕێکخراوه‌ سه‌ربه‌خۆکان نزیکده‌بنه‌وه‌، به‌و واتایه‌ی که‌ ئیتر له‌بری جه‌ختکردنه‌ سه‌ر وورده‌کاری ئابووری، قورسیایی ده‌خه‌نه‌ سه‌ر به‌کارهێنانی ئه‌و کۆمه‌که‌ی ده‌درێته‌ ووڵاته‌ هه‌ژاره‌کان بۆ گه‌شه‌پێدانی پرسی دیموکراتی و مافه‌کانی مرۆڤ.

شایه‌نی باسه‌ که‌ ڕێکخراوی کۆمه‌کی فۆروم سید نزیکی  500 پرۆژه‌ی گه‌شيپێدان له‌ سه‌رانسه‌ری جیهاندا به‌ڕێوه‌ده‌بات و پرسه‌کانی یه‌کسانی ژن و پیاو ، دیموکراتی،  مافی خوێندن هه‌روه‌ها به‌رگرتن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشی هیڤ، چه‌ندێکن له‌و پرسانه‌ی پاره‌ی کۆمه‌کیان بۆ ته‌رخانده‌کرێت. ئه‌و پرۆژانه‌ش به‌ هاوکاری سوید و ڕێکخراوه‌کانی ئه‌و ووڵاتانه‌ی که‌ کۆمه‌ک ده‌کرێن به‌ڕێوه‌ده‌برێن.

جێێ سه‌رنجه‌ که ڕێژه‌ی ئه‌و کۆمه‌که‌ی سوید  ده‌یداته‌ ووڵاتانی هه‌ژار له‌ دوونیادا ده‌گاته‌ 33 ملیارد کرۆن. له‌و پاره‌یه‌ نزیکه‌ی 3.8 ملیاردکرۆن بۆ خه‌رجی پرسی کۆچبه‌ران ته‌رخانکراوه‌. باقی ئه‌و پاره‌یه‌ که‌ نزیکه‌ی 30ملیارد کرۆنه‌ بۆ کۆمه‌کی ووڵاتانی هه‌ژار له‌ سه‌ر ئاستی جیهاندا ته‌رخانکراوه‌و و نزیکه‌ی 45 ملیۆن کرۆن بۆ هاوکاری له‌گه‌ڵ ووڵاتانی ئه‌وروپای ڕۆژهه‌ڵات ته‌رخانکراوه‌ به‌ڵام ئه‌و ووڵاتانه‌ به‌ ووڵاتانی کۆمه‌ک ناژمێردرێن.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Har du frågor eller förslag gällande våra webbtjänster?

Kontakta gärna Sveriges Radios supportforum där vi besvarar dina frågor vardagar kl. 9-17.

Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min Lista".