Du måste aktivera javascript för att sverigesradio.se ska fungera korrekt och för att kunna lyssna på ljud. Har du problem med vår sajt så finns hjälp på http://kundo.se/org/sverigesradio/

ستۆکهۆڵم، چراکانی نه‌کوژانده‌وه‌

بڵاو کرایه‌وه‌ måndag 30 mars 2009 kl 13.18

ڕێکخراوی جیهانیی سروشت، به‌ وه‌ڕێخستنی که‌مپه‌ینێکی مه‌زنی نێونه‌ته‌وه‌یی، داوای له‌ خه‌ڵکی جیهان کردبوو که‌ له‌ ڕۆژی شه‌ممه‌‌ی ڕابردوودا، ٢٨ی مارس، سه‌عاتێک لامپه‌کان بکوژێننه‌وه‌ و به‌م چه‌شنه‌ ده‌نگ به‌ پاراستنی گۆی زه‌وی بده‌ن.

زێده‌تر له‌ پێنسه‌د شاری دنیا، له‌ لاس ڤێگاسه‌وه‌ تا سیدنی و، له‌ کیپتاونه‌وه‌ تا پێکه‌ن، دژی گه‌رمبوونی زه‌وی له‌م که‌مپه‌ینه‌دا به‌شدار بوون که‌ به‌ سه‌عاتی زه‌وی ”ئێرث ئاور”، ناوی ده‌رکرد. ٨۳ وڵاتی جیهان، ڕۆژی شه‌ممه‌ی ڕابردوو، له‌ سه‌عات هه‌شت و نیوی شه‌ودا به‌ کاتی خۆیان، چراکانی خۆیان کوژانده‌وه‌.

که‌چی به‌رپرسانی شاره‌وانیی ستۆکهۆڵـم بڕیاریان دا که‌ چراکان نه‌کوژێننه‌وه‌ چون ئه‌م کاره‌ به‌ پێویست نازانن. دیاره‌ ئه‌مه‌ش گازه‌نده‌یه‌کی زۆری لێکه‌وته‌وه‌.

به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌م که‌مپه‌ینه‌، ئه‌ندی ریدلی، ده‌ڵێ که‌مپه‌ینه‌که‌ ساڵی ٢٠٠٧ ته‌نیا له‌ شاری سیدنیی ئاوسترالیا کرا به‌ڵام ئێستا له‌ ساڵی ٢٠٠٩ دا خه‌ریکین به‌ ئاواته‌کانی خۆمان ده‌گه‌ین که‌ هه‌زار شاری دنیا له‌م که‌مپه‌ینه‌دا به‌شدار بن.

بانگی مون، سکرتێری ئه‌نجومه‌نی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کانیش له‌ په‌یامێکی ڤیدیۆییدا، که‌مپه‌ینه‌که‌ی به‌ ”گه‌وره‌ترین خۆپێشاندان بۆ ده‌ربڕینی نیگه‌رانیی گشتی له‌ گه‌رمبوونی زه‌وی و ئاڵوگۆڕ له‌ که‌شوهه‌وادا” ناودێر کرد و له‌ گشت خه‌ڵکی جیهانی داوا کرد که‌ پێی په‌یوه‌ست بن. بانکی مون گوتی: ئێمه‌ خۆشمان چراکانی‌ بینا‌ی ئه‌نجوومه‌نی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان له‌ نیۆیۆرک، ده‌کوژێنینه‌وه‌. نووسینگه‌یلی تریشمان له‌ وڵاتانی دیکه‌ی جیهان، هه‌ر له‌م که‌مپه‌ینه‌دا به‌شدار ده‌بن.

ئامانجی ئه‌م ڕێکخراوه‌یه‌، کۆکردنه‌وه‌ی یه‌ک میلیارد ده‌نگه‌ تا له‌ کۆنفرانسی ئاڵوگۆڕه‌کانی که‌شوهه‌وادا که‌ ئه‌مساڵ له‌ باژاری کۆپنهاگ، پێته‌ختی دانمارک به‌ڕێوه‌ ده‌چێ، بدرێته‌ ڕێبه‌رانی جیهان و خۆیان گوته‌نی: ”خه‌ڵک ده‌نگی خۆیان بگه‌یێننه‌ سه‌رۆکانی جیهان.”

پردی گوڵدن گه‌یت له‌ سانفرانسیسکۆ و بورجی ئیفڵ له‌ پاریسیش له‌و شوێنه‌ گرنگانه‌ن که‌ به‌ تایبه‌ت به‌ شه‌وانه‌ و هه‌ڵکردنی چرایه‌کی زۆر، به‌ هه‌زاران گه‌شتیار به‌ره‌وخۆ ڕاده‌کێشن.

شای سوید و چه‌ندان که‌سایه‌تیی هونه‌ری، کۆمه‌ڵایه‌تیی و سیاسیی به‌ناووده‌نگ چراکانیان کوژانده‌وه‌ و نیوه‌ی زیاتری کۆمۆنه‌کانی سوید، له‌م که‌مپه‌ینه‌دا به‌شدار بوون به‌ڵام شاره‌وانیی ستۆکهۆڵم، هه‌ر پێی چه‌قاند که‌ ئه‌م کاره‌ هیچ سوودێکی نییه‌. 

ئوللا هامیلتۆن، به‌رپرسی ژینگه‌ی شاره‌وانی ستۆکهۆڵم له‌ حیزبی موحافیزه‌کاری مودێرات، هه‌ر پێی چه‌قاند و دژایه‌تیی ئه‌م که‌مپه‌ینه‌ی کرد. هامیلتۆن گوتی ئێمه‌ نامانه‌وێ کێس‎شه‌یه‌کی وه‌ها گه‌وره‌ بێنینه‌ ئاستێکی وا نزم که‌ سه‌عاتێک له‌ ساڵ دا بێ، به‌ڵکوو پرسی ژینگه‌ ده‌بێ به‌رده‌وام کاری له‌ سه‌ر بکرێت.

ئیڤۆن ڕوه‌یدا ئه‌ندامی سه‌رۆکایه‌تیی حیزبی سه‌وز، ژینگه‌ پێی وایه‌ ئه‌و به‌ڵگه‌هێنانه‌وه‌ی شاره‌وانی ستۆکهۆڵم، شتێکی بێمانا و منداڵانه‌یه‌. ئه‌و ده‌ڵێ پرسی ژینگه‌، کێشه‌ی چاره‌نووسه‌ و گه‌لێ بڕیاری سیاسیی ده‌خوازێ که‌ ژیانمان له‌و که‌شوهه‌وایه‌دا بۆ ئاسان ده‌کاته‌وه‌. هه‌روه‌ها چالاکیی تاکه‌که‌سه‌کان و کۆمپانیاکانیشی پێویسته‌ و خۆته‌یارکردنێک له‌ نێوان هه‌ر سێ له‌ تاکه‌که‌سان، کۆمپانیاکان و سیاسه‌توانان، نه‌ک ته‌نیا له‌ سوید، به‌ڵکوو له‌ گشت جیهاندا.

به‌ڵام ئاخۆ سه‌عاتێک له‌ ساڵدا بۆ ژینگه‌، چ کاریگه‌رییه‌کی له‌ سه‌ر که‌شوهه‌وا ده‌بێت؟

روه‌یدا ده‌ڵێ ئه‌مه‌ وه‌ک ئه‌وه‌ وایه‌ که‌ من نیشانه‌ی بانده‌ په‌مه‌ییه‌که‌ که‌ بۆ پشتگیری له‌ خه‌بات دژی شێرپه‌نجه‌ی مه‌مک بڵاو بۆته‌وه‌ ده‌کڕم و چاو له‌ فستیڤالی بانده‌ په‌مه‌ییه‌که‌ ده‌که‌م بۆ ئه‌وه‌ی بیر له‌و نه‌خۆشییه‌ بکه‌مه‌وه‌. ئێمه‌ ده‌بێ فێر بین له‌ شێوازی ژیانمان بگۆڕین.

هامیلتۆن ده‌ڵێ من وه‌ک سیاسه‌تمه‌دارێک پێم وایه‌ باشتر ئه‌وه‌یه‌ کاردانه‌وه‌ نیشان بده‌م و به‌رده‌وام کار بۆ باشترکردنی ژینگه‌ بکه‌م، نه‌ک ئه‌وه‌ی بێم و چراکان بکوژێنمه‌وه‌.

هامیلتۆن ده‌ڵێ ئێمه‌ له‌ ستۆکهۆڵم گه‌وره‌ترین به‌رنامه‌مان بۆ ڕزگارکردنی ژینگه‌ داناوه‌ ئه‌ویش که‌مکردنه‌وه‌ی گازی ئوتومبێله‌. ئێمه‌ ده‌مانه‌وی تا ساڵی ٢٠١٥، نزیکه‌ی ٢٠ له‌ سه‌دی ئه‌و گازه‌ که‌م که‌ینه‌وه‌.

nasser.sina@sr.se

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Har du frågor eller förslag gällande våra webbtjänster?

Kontakta gärna Sveriges Radios supportforum där vi besvarar dina frågor vardagar kl. 9-17.

Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".