Du måste aktivera javascript för att sverigesradio.se ska fungera korrekt och för att kunna lyssna på ljud. Har du problem med vår sajt så finns hjälp på http://kundo.se/org/sverigesradio/

کارگێڕییه‌کانی کاروباری کۆمه‌ڵایه‌تی، له‌ توندوتیژی به‌ پاساوی شه‌ره‌ف، چ نازانن

بڵاو کرایه‌وه‌ tisdag 14 april 2009 kl 13.24

کارگێڕییه‌کانی کاروباری کۆمه‌ڵایه‌تیی سوید، له‌ سه‌ر ئه‌و پرسانه‌ی توندوتیژی به‌ پاساوی شه‌ره‌ف ده‌گرنه‌وه‌‌ زۆر که‌م ده‌زانن. ئه‌مه‌ ئاکامی یه‌که‌مین لێکۆڵینه‌وه‌ی‌ به‌ربڵاوه‌ له‌مباره‌وه‌ که‌ له‌ پارێزگای ستۆکهۆڵم کراوه‌.

به‌ پێی توێژینه‌وه‌که‌ که‌‌ به‌رنامه‌ی ڕاپۆرتی سه‌ر به‌ به‌شی ده‌نگوباسی تلوفزیۆنی سوید باسی لێوه‌ کرد، گرفته‌که‌ زۆر له‌وه‌ی پێشتر بیری لێ ده‌کرایه‌وه‌، گه‌وره‌تره‌. هه‌ر ئێستا زیاتر له‌ چوار هه‌زار قوتابی له‌ ستۆکهۆڵم، له‌ چوارچێوه‌ی کولتووری ناودێر به‌ شه‌ره‌فدا ده‌ژین که‌ له‌گه‌ڵ سیسته‌می یاسای سوید دژایه‌تیی هه‌یه. به‌ڵام توێژینه‌وه‌که‌ ڕه‌خنه‌یه‌کی ‌به‌هێزیش ئاراسته‌ی کارگێڕییه‌کانی کاروباری کۆمه‌ڵایه‌تیی سوید ده‌کا له‌ سه‌ر ئه‌و شێوه‌ ره‌فتاره‌ی له‌ته‌ك ئه‌و هه‌زاران گه‌نجه‌ی تووشی کێشه‌ی توندوتیژی به‌ پاساوی شه‌ره‌ف هاتوون، ده‌یکه‌ن.

ئولف کریسترسۆن، جێگری شاره‌وانیی ستۆکهۆڵم له‌ کێشه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیدا (socialborgarråd)، ده‌ڵێ: کارگێڕییه‌کانی کاروباری کۆمه‌ڵایه‌تی، هه‌ر له‌ ئه‌سڵدا بۆ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و جۆره‌ گرفتانه‌، ئاماده‌ نه‌کراوه‌. ئه‌وان زیره‌کن له‌وه‌ دا که‌ خۆ له‌ کاروباری ئه‌و بنه‌ماڵانه‌ وه‌رده‌ن که‌ گرنگی ناده‌نه‌ منداڵه‌کانیان، که‌چی له‌ بواری کارکردن له‌گه‌ڵ ئه‌و بنه‌ماڵانه‌ی تێیدا دایکوباوک کۆنترۆڵی وردترین کاروباری منداله‌کانیان ده‌که‌ن و خۆیان خستۆته‌ ناو ژیانی تاکه‌که‌سیشیانه‌وه‌، زۆر نه‌بان.‌

ئولف کریسترسۆن، جێگری شاره‌وانیی ستۆکهۆڵم له‌ کێشه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیدا هه‌روه‌ها زیاد ده‌کات که‌ کارگێڕییه‌کانی کاروباری کۆمه‌ڵایه‌تیی سوید، پێداویستییه‌کی زۆریان به‌ گه‌شه‌ی تواناییه‌کان به‌ تایبه‌ت له‌ هاوکاریکردنیان له‌گه‌ڵ پۆلیس و فێرگه‌کاندا هه‌یه‌. ئه‌مه‌ گه‌لێ بڕیارده‌ره که‌ ئێمه‌ به‌ڕاستی ئه‌و که‌سانه‌ی ده‌ست ده‌ده‌نه‌ تاوانکاریی جیددی.

به‌ گوێره‌ی ئه‌م توێژینه‌وه‌ تاقانه‌یه‌ که‌ له‌ سه‌ر ئه‌رکی شاره‌وانی ستۆکهۆڵم و له‌ لایه‌ن زانکۆی ستۆکهۆڵمه‌وه‌ کراوه‌، له‌ هه‌ر ده‌ قوتابییه‌ پازده‌ ساڵانه‌یه‌ی نیشته‌جێی ستۆکهۆڵم و چوار له‌ سه‌دی کوڕه‌کان، یه‌کیان تووشی گرفتی توندوتیژیی نامووسییه‌ و به‌م هۆیه‌وه‌ ژیانیان سنووردار کراوه‌. هه‌ر له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا کێشه‌ی توندوتیژی به‌ پاساوی شه‌ره‌ف، گرفتی سه‌ره‌کیی نیوه‌ی ئه‌و کچانه بوو که‌ له‌ ساڵی ٢٠٠٦دا به‌ پێی یاسای چاوه‌دێری له‌ لاوان، که‌وتبوونه‌ به‌ر چاوه‌دیڕییه‌وه‌.

ئولف کریسترسۆن، جێگری شاره‌وانیی ستۆکهۆڵم له‌ کێشه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیدا ده‌ڵێ له‌ ناو هه‌ر ده‌ کچه‌ی له‌ ستۆکهۆڵم ده‌ژی، یه‌کیان بۆی نییه‌ دۆستی کوڕی هه‌بێت و له‌گه‌ڵ کوڕی هاوته‌مه‌نی خۆی هه‌ڵستان و دانیشتنی هه‌بێت. بۆیان نییه‌ له‌ سه‌ر هه‌ندێ کلاسی ده‌رس یا‌ چالاکیی ده‌ره‌وه‌ی فێرگه‌دا به‌شدار بن بۆ نموونه‌ وانه‌ی سێکس و هاوژیانی، مه‌له‌ و ئاوژه‌نی و وه‌رزشه‌کانی دیکه‌، هه‌روه‌ها ده‌بێ چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ بن تا پێیان بڵێن ده‌بێ له‌گه‌ڵ کێ زه‌ماوه‌ند بکه‌ن.

به‌شێکی به‌رچاوی ئه‌و کچانه‌ ده‌که‌ونه‌ به‌ر لێدان و ئازاری له‌شی و ڕۆحییه‌وه‌ و باره‌که‌ گه‌لێ جیددییه و خراپتره‌ له‌وه‌ی چاوه‌ڕێم ده‌کرد. که‌چی ئه‌و گرفتانه‌‌ ته‌نیا هی کچانی ته‌مه‌ن پازده‌ ساڵ نین، به‌ڵکوو ئه‌و گرووپه‌ی ته‌مه‌نیان له‌ نێوان سێزده‌ و نۆزده‌ ساڵ دایه‌ ده‌گرێته‌وه‌. واتا سێ هه‌زار کچۆڵه‌ی مێرمنداڵ له‌ ستۆکهۆڵم، له‌ چاو هاوته‌مه‌نانی خۆیاندا شانسێکی که‌متریان هه‌یه‌.

توێژینه‌وه‌که‌ به‌ شیوه‌ی ئه‌و پرسنامانه‌ کراوه‌ که‌ له‌ نێوان قوتابیانی پۆلی نۆ له‌ فێرگه‌کانی سه‌ر به‌ کۆمۆن یا فێرگه‌ئازاده‌کاندا کراوه‌. سه‌رجه‌م ٢۳٠٠ قوتابی له‌ ۳٦ فێرگه‌، وه‌ڵامی پرسنامه‌که‌یان داوه‌ته‌وه‌، واتا یه‌ک له‌ سه‌ر سێی گشت قوتابیانی پۆلی نۆ له‌ هه‌موو ستۆکهۆڵمدا. جیاوازییه‌کی ئه‌وتۆ له‌ نێوان فێرگه‌کانی سه‌ر به‌ کۆمۆن له‌ گه‌ڵ فێرگه‌ ئازاده‌کاندا به‌دی ناکرێ به‌ڵام فێرگه‌کانی سه‌ر به‌ کۆمۆن له‌و ناوچانه‌ی له‌ په‌راوێزی شاردان و زۆرتر که‌سانی بیانیی لێ ده‌ژین، گه‌لێ زه‌قتر و به‌رچاوتره‌.‌ 

لۆتتا ئێدهۆلم جێگری شاره‌وانی له‌ کێشه‌ی فێرگه‌کاندا ده‌ڵێ هه‌موو منداڵێک مافی خوێندنی هه‌یه‌ به‌ بێ له‌ به‌رچاوگرتنی ڕه‌گه‌زی نه‌ته‌وه‌یی یا ئایینی. قوتابخانه‌ به‌رپرسه‌ له‌وه‌ی که‌ گشت منداڵان، له‌ ئاستێکی باشدا په‌روه‌رده‌ بکرێن بۆیه‌ش پاش ماوه‌یه‌ک گرووپێکی کاری، پێکهاتوو له‌ به‌ڕێوه‌به‌رانی فێرگه‌، له‌ لایه‌ن کارگێڕیی خوێندنه‌وه‌، له‌و چوارچێوانه‌ ده‌کۆڵنه‌وه‌ که‌ ده‌توانێ ببێته‌ هۆی به‌شدارنه‌بوونی منداڵانی قوتابی له‌ وانه‌گوتنه‌وه‌کاندا.

له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ ئه‌و توێژینه‌وانه‌ی هاوپه‌یوه‌ند له‌گه‌ڵ ئه‌و ٢٨ گه‌نجه‌ ١۳ تا هه‌ژده‌ ساڵانه‌ی له‌ ساڵی ٢٠٠٦دا به‌ زۆری له‌ دایکوباوکیان سه‌نراونه‌ته‌وه‌ و که‌وتوونه‌ته‌ ژێر چاوه‌دێریی تایبه‌ته‌وه‌، نیشان ده‌دا که‌ نۆکه‌س له‌و حه‌ڤده‌ کچه‌، تووشی توندوتیژی به‌ پاساوی شه‌ره‌ف هاتوون. دوو له‌ کوڕه‌کانیش، ژیانیان له‌ چوارچێوه‌ی نامووسیدا سنووردار کراوه‌ته‌وه‌.

توێژینه‌وه‌که‌ په‌رده‌ی له‌ سه‌ر ئه‌م ڕاستییه‌ش هه‌ڵداوه‌ته‌وه‌ که‌ هه‌م فیرگه‌کان و هه‌میش کارگێڕییه‌کانی کاروباری کۆمه‌ڵایه‌تیی سوید، له‌ دۆزینه‌وه‌ و چاره‌سه‌رکردنی گرفتی لاوان و مێرمنداڵان به‌ هۆی توندوتیژیی جیددیی نامووسیدا، زۆر نه‌شاره‌زا بوون.

ئاکامی توێژینه‌وه‌که‌ پێشنیار ده‌کات که‌ گشت ده‌زگا، کارگێڕی و ڕێکخراوه‌کانی په‌یوه‌ندیدار به‌م کێشه‌یه‌ ده‌بێ تێکه‌ڵ به‌ یه‌ک بن و ستراتیژییه‌کی یه‌کسانیان هه‌بێت، بۆ نموونه‌ کارگێڕییه‌کانی کاروباری کۆمه‌ڵایه‌تیی سوید، فێرگه‌، پۆلیس، ناوه‌نده‌کانی نه‌خۆشه‌وانی و داد.‌ هه‌روه‌ها به‌ هاوبه‌شانه‌، هه‌وڵ بۆ به‌رپێگرتن، دۆزینه‌وه‌، پاراستن، به‌دواداچوون و لێپرسینه‌وه‌ بده‌ن. که‌س به‌ ته‌نێ هه‌موو ئه‌و ئه‌رکانه‌ی بۆ جێبه‌جێ ناکرێت. ئه‌مه‌ش ده‌بێ په‌له‌ی لێبکرێت و کۆمه‌ڵگا هه‌م که‌می کردووه‌ و هه‌م به‌م زوانه‌ش هیچی نه‌کردووه‌.

به‌ گوێره‌ی قسه‌کانی ئولف کریسترسۆن، جێگری شاره‌وانیی ستۆکهۆڵم له‌ کێشه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیدا ده‌بێ کارگێڕییه‌کانی کاروباری کۆمه‌ڵایه‌تیی سوید،زانیارییه‌کانی خۆیان بکه‌نه‌ ناونه‌ته‌وه‌یی و له‌ چوارچێوه‌ی کێشه‌ نه‌رێتییه‌کان بچنه‌ ده‌رێ و هه‌رێمێکی نوێی که‌متر ئاشنا بۆ چوارچێوه‌ی چالاکییه‌کانیان بدۆزنه‌وه‌.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Har du frågor eller förslag gällande våra webbtjänster?

Kontakta gärna Sveriges Radios supportforum där vi besvarar dina frågor vardagar kl. 9-17.

Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".