Du måste aktivera javascript för att sverigesradio.se ska fungera korrekt och för att kunna lyssna på ljud. Har du problem med vår sajt så finns hjälp på http://kundo.se/org/sverigesradio/

بودجه‌ی به‌هار خرایه‌ ڕوو

بڵاو کرایه‌وه‌ onsdag 15 april 2009 kl 11.51
لێدوانی له‌مه‌ڕ بودجه‌ی به‌هار

حوکوومه‌ت ده‌یه‌وێت که‌ ئه‌مساڵ و ساڵی داهاتوو خه‌رجیی زێده‌تری بێکاران دابین بکات، که‌ له‌و بودجه‌یه‌ی به‌هاری ئه‌مساڵدا دیار ده‌که‌وێت وه‌زیری دارایی ئاندێرش بۆری پێشنیوه‌رۆی ئه‌مڕۆ خستیه‌ ڕوو. له‌ پێشنیازی بودجه‌که‌دا هاتووه‌ که‌ حوکوومه‌ت به‌و نیازه‌وه‌یه‌ ده‌ میلیارد کرۆن بۆ کاردۆزگه‌کان و حه‌وت میلیاردی زێده‌تریش بۆ شاره‌وانیه‌کان دابین بکات. لێدوانی تایبه‌ت به‌ بودجه‌ی به‌هار له‌ په‌رله‌مانی سوێددا درێژه‌ی کێشا. گوته‌بێژی ئابووریی سۆسیالدیموکراته‌کان توماس ئیۆستروس که‌مکردنه‌وه‌ی باجی به‌لاوه‌ ڕێکارێکی هه‌ڵه‌یه‌ و لای وا نییه‌ که‌ بێکاری چاره‌ ده‌کات.

وه‌زیری دارایی ئاندێرش بۆری ئه‌مڕۆ بودجه‌ی به‌هاری له‌ په‌رله‌ماندا خسته‌ ڕوو، که‌ مایه‌گوزارییه‌کی زۆر له‌ شاره‌وانییه‌کان و ئه‌نجوومه‌نه‌کانی په‌روه‌رده‌ و له‌شساغیی پارێزگه‌کاندا ده‌گرێته‌وه‌ که‌ بۆ ساڵی داهاتوویان حه‌وت میلیارد کرۆن ته‌رخان کراوه‌. ڕێکاره‌ سیاسییه‌کانی بازاڕی کاریش دوو هێنده‌ی پاره‌ی جارانی بۆ ته‌رخان ده‌کرێت و ئاندێرش بۆری گوته‌نی سه‌ر له‌ 95 میلیارد کرۆن ده‌نیت.   

ئاندێرش بۆری ده‌ڵێت ناتوانین خۆ له‌و قه‌یرانه‌ ئابوورییه‌ نه‌بان بکه‌ین که‌ 90 له‌ سه‌دی دنیا له بارێکی ناله‌باری ئابووری ناوه‌. به‌ڵام ده‌توانین به‌ری ئه‌و به‌ری زه‌ره‌ر و زیانانه‌ی بگرین و ‌له‌وه‌ولا سووکی بکه‌ینه‌وه‌، که‌ له‌ ته‌نژه‌ ئابوورییه‌که‌ که‌وتوونه‌ته‌وه‌. هه‌ر ئه‌مه‌یشه‌ که‌ ناوجه‌رگه‌ی سیاسه‌تی به‌گوڕی بازاڕی کار پێکه‌وه‌ ده‌نێت.

ئاندێرش بۆری ئه‌و پاره‌یشی لێ ده‌نێت که‌ ده‌بیت بۆ شاره‌وانییه‌کان ته‌رخان بکرێت و به‌ پێویست ده‌گرێت کرۆکی خۆشگوزه‌رانییه‌که‌ی سوێد بپارێزیت، به‌ڵام نایشاریته‌وه‌ که‌ به‌ حکوومه‌ت ناتوانێت شاره‌وانییه‌کان ه‌مه‌ت له‌ له‌م بارودۆخه‌ سه‌خته‌ ئابوورییه‌ دوور ڕابگرین.

حوکوومه‌ت بۆ ئه‌مسال جێ بۆ‌ 46 هه‌زار که‌س زیاتر له‌و به‌رنامانه‌دا خۆش ‌ده‌کات که‌ به‌پێی سیاسه‌تی بازاڕی کار داڕێژراون. ژماره‌ی به‌شاداری وایش هه‌ر ئه‌مساڵ سه‌ر له‌ 137 هه‌زار که‌س ده‌نێت. خه‌رجیی ئه‌م به‌رنامانه‌یش چاوه‌ڕێ ده‌کرێت هه‌ر ئه‌مساڵ له‌ 16 میلیارده‌وه‌ بۆ 25 میلیارد کرۆن زیاد بکرێت و ساڵی 2011 ـه‌یش به‌ 42 میلیاردی بۆ ته‌رخان بکرێت.

به‌شی ئه‌م مایه‌گوزاریانه‌ ئاڕاسته‌ی لاوان کراوه‌ که‌ جێی کارکرن و په‌ره‌سه‌ندن و مسۆگه‌رکردنی کاردۆزینه‌وه‌یش ده‌گرنه‌وه‌. حوکوومه‌ت ده‌ میلیارد کرۆنی تر بۆ سندووقی قه‌ره‌بووی بێکاری و کۆمه‌کی چالاکییه‌کان ته‌رخان ده‌کات و به‌م ئاوایه‌ خه‌رجییه‌کانیش له‌ 27 میلیارده‌وه‌ به‌ 37 میلیارد کرۆن ده‌گات.

بودجه‌ی به‌هاری حوکوومه‌ت ئه‌وه‌یش ده‌سه‌لمێنیت که‌ خه‌رجیی زێده‌ی شاره‌وانییه‌کان بۆ ئه‌مساڵ زیاد ناکرێت، به‌ڵام بۆ ساڵی داهاتوویان 7 میلیارد دابین ده‌کرێت؛ تاکوو 2012 ـه‌یش هه‌موو ساڵێک 5 میلیارد کرۆنی خه‌رجیی شاره‌وانییه‌کان زیاد ده‌کرێت.

گه‌لێکی ڕه‌خنه‌کاران ئه‌م مایه‌گوزارییه‌ی حوکوومه‌ت به‌ که‌م ده‌زانن، به‌ڵام وه‌زیری دارایی ئاندێرش بۆری له‌و باوه‌ڕه‌دایه‌ که‌ ئه‌گه‌ر مایه‌ی زێده‌تری خه‌رجییه‌کان دابین بکرێت، جڵه‌وی داراییه‌ فه‌رمییه‌کانی سوید له‌ ده‌ست ده‌ترازێت. وه‌زیری دارایی بیریش ده‌هێنیته‌وه‌ که‌ ئه‌م ته‌نگژه‌یه‌ زۆر ده‌خایه‌نێت و به‌ پێویستی ده‌گرێت که‌ سوێد خۆی بۆ ئاکامه‌ له‌وه‌ولایه‌کانیشی ته‌یار بکات.

بۆری ده‌یشڵێت هیچێک نییه‌ لێمانی بسه‌لمێنیت که‌ ناکه‌وینه‌وه‌ بارێک په‌کمان له‌سه‌ر مایه‌گوزاریی تر نه‌خات و وڵاتانی به‌لکان به‌ نموونه‌ ده‌گرێت که‌ ڕه‌نگه‌ لێیانه‌ کێشه‌ بۆ سوێد ساز ببێت.

له‌م مایه‌گوزارییانه‌ ده‌رکه‌وتووه‌ که‌ حوکوومه‌ت به‌و نیازه‌وه‌یه‌ بودجه‌ی به‌هار له‌گه‌ڵ بێکارییه‌‌ هه‌ڵکشاوه‌کی ئێستادا بگونجێنیت. به‌ڵام به‌ره‌ی به‌ربه‌ره‌کانی حوکوومه‌ت ڕخنه‌ی له‌م ڕێکارانه‌ هه‌یه‌. گوته‌بێژیی ئابووریی پارتیی ژینگه‌ میکایێلا ڤالتێرسۆن به‌ باشتری ده‌زانێت حوکوومه‌ت خرجیی خوێندنی پیشه‌یی دا‌بین بکردایه‌ که‌ له‌ڕێیه‌وه‌ بواری باش و هه‌مواری له‌ کار دامه‌زراندنیان ده‌ڕه‌خسێت.

گوته‌بێژی کاروباری ئابووریی سوسیالدیموکراته‌کان توماس ئیۆستروسیش به‌و هیوایه‌وه‌یه‌ حوکوومه‌ت خه‌رجیی زیاتری شاره‌وانی و پارێزگه‌کان دابین بکات.

به‌لای ئیۆستروسه‌وه‌ ئه‌گه‌رچی حوکوومه‌ت به‌م کاره‌ هه‌نگاوێکی بچووکی ناوه‌، ئه‌و 17 میلیارد کرۆنه‌ تێناهێنێته‌وه‌ که‌ بڕیار بوو بۆ شاره‌وانی و پارێزگاکان دابین بکرێت و که‌ حوکوومه‌ت له‌ بودجه‌که‌ی ده‌رناوه. ئه‌مه‌ به‌لای ئیۆستروسه‌وه‌ به‌ خراپ ده‌که‌وێته‌وه‌ کاتێک بڕیاریش دراوه ساڵی‌ 2009 هیچێکی نوێ نه‌هێنرێته‌وه‌ ئاراوه‌ و 2010 ـه‌یش به‌ولاوه

ئاندێرش بۆری له‌م باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت جاران کێشه‌مان له‌وه‌دا بوو که‌ به‌رکارییه‌کانی سه‌ر به‌ سیاسه‌تی بازاڕی کار به‌ مه‌به‌ستی شارده‌نه‌ی ئاماره‌کان دابهێنرێن ـ قسه‌که‌ی بۆری به‌توێکڵه‌ و توانج له‌ سۆسیالدیموکراته‌کان ده‌دات ـ تێوه‌ ده‌چێت و ده‌ڵێت جاران خوێندنی پیشه‌یی درێژخایه‌ن و گرانباییمان دابین ده‌کراد که‌ کاریگه‌رییه‌کی ئه‌وتۆیان له‌ بواری دۆزینه‌وه‌ی کاردا نه‌ده‌نایه‌وه‌ و خه‌ڵکیان ده‌هێنایه‌ سه‌ر بارێک هه‌وڵی تواوی ئه‌وه‌ نه‌ده‌ن که‌ کار و بژیوی خۆیان دابین بکه‌ن.  

وه‌زیری دارایی ده‌یشڵێت ئێمه‌ کارێکمان کردووه‌ که‌ سیاسه‌تی بازاڕی کاری له‌ڕێوه‌ چالاکتر ده‌بێت و خه‌ڵک به‌ خوێندنی گرانبایی واوه‌ ناگلێن که‌ به‌ چاکی هه‌ڵناسووڕێن.  

حوکوومه‌ت ده‌یه‌وێت که‌ ئه‌مساڵ و ساڵی داهاتوو خه‌رجیی زێده‌تری بێکاران دابین بکات. له‌ پێشنیازی بودجه‌که‌که‌ی به‌هاری حوکوومه‌تدا هاتووه‌ ‌که‌ ده‌ میلیارد کرۆن بۆ کاردۆزگه‌کان و حه‌وت میلیاردی زێده‌تریش بۆ شاره‌وانیه‌کان دابین ده‌کرێت.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Har du frågor eller förslag gällande våra webbtjänster?

Kontakta gärna Sveriges Radios supportforum där vi besvarar dina frågor vardagar kl. 9-17.

Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".