Du måste aktivera javascript för att sverigesradio.se ska fungera korrekt och för att kunna lyssna på ljud. Har du problem med vår sajt så finns hjälp på http://kundo.se/org/sverigesradio/
ئینترنێت

قازیی مه‌حکه‌مه‌ی ماڵپه‌ڕی پایرت به‌ی، گومانی لێده‌کرێ‌ خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندی بووبێ‌

بڵاو کرایه‌وه‌ torsdag 23 april 2009 kl 14.02

له‌ گوێن توێژینه‌وه‌یه‌کی ورد که‌ به‌شی ده‌نگوباسی که‌ناڵی سێی ڕادیۆ سوید کردوویه‌تی، توماس نورستروێم ئه‌ندامی چه‌ندین کۆمه‌ڵه‌یه‌ که‌ به‌ پرسی مافپاریزیی به‌رهه‌مه‌کانه‌وه‌ خه‌ریکن. ئه‌وه‌ش شتێکه‌ که‌ بێلایه‌نیی تێدا نییه‌. پارێزه‌ری مه‌حکوومکراوان، له‌یف سیلبێرسکی ده‌ڵێ من پێم وایه‌ که‌ قازیی په‌روه‌نده‌که‌ ده‌بوایه‌ خۆی قه‌بووڵی نه‌کردبا ئه‌م په‌روه‌ندیه‌ی پێبدرێت.

په‌ر ئالتین، پارێزه‌رێکی دیکه‌ی حوکمدراوانی ماڵپه‌ڕی پایرتبه‌ی ده‌ڵێ ئه‌ندامێتیی سه‌رۆکی ئه‌م دادگایه‌ی له‌ وه‌ها کۆمه‌ڵه‌یکدا به‌ لاوه‌ زۆر سه‌یر بووه‌ و ناتوانێ قه‌بووڵی بکات.

نوورستروێم ئه‌ندامی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی کۆمه‌ڵه‌ی سویدیی پاراسته‌ی یاسایی له‌ بواری پیشه‌سازی (Svenska föreningen för industriellt rättsskydd) هه‌روه‌ها ئه‌ندامی کۆمه‌ڵه‌ی سویدیی کۆپی رایته (Svenska föreningen för upphovsrätt, SFU)‌. ئه‌ندامه‌کانی دیکه‌ی ئه‌م کۆمه‌ڵه‌یه‌ی دوایی، واتا‌ هێنریک پونتێن، پێتر دانۆڤسکی و مونیکا ڤادستێد، هه‌ر هه‌موویان نوێنه‌ری ئه‌و کۆمپانیایانه‌ بوون که‌ له‌ مه‌حکه‌مه‌ی ماڵپه‌ڕی پایرتبه‌ی دا، شکایه‌تکار بوون. کۆمه‌ڵه‌که‌ له‌ پێناسی خۆیدا باسی ئه‌وه‌ ده‌کا که‌ کۆڕگه‌یه‌کی لێزانانه‌ بۆ گفتوگۆکردن له‌ سه‌ر مافپارێزیی به‌رهه‌مه‌کان.

توماس نوورستروێم سه‌رۆکی مه‌حکه‌مه‌که‌، ده‌ڵێ: من وام لێکداوه‌ته‌وه‌ که‌ خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندیی نیم چونکه‌ له‌ په‌روه‌نده‌که‌ ده‌زانم. ئه‌وه‌ی که‌ ده‌گوترێ من له‌ به‌ر ئه‌ندامێتیم له‌ کۆمه‌ڵه‌ی مافپارێزیی به‌رهه‌مه‌کاندا، به‌رژه‌وه‌ندیدار بووم ڕاست نییه‌. چونکه چالاکیی کۆمه‌ڵه‌که‌ ته‌نیا بلاوکردنه‌وه‌ی زانیارییه‌ له‌ سه‌ر مافپارێزراویی به‌رهه‌مه‌کان (upphovsrätten)‌ و مه‌کۆیه‌که‌ بۆ گفتوگۆکردن. من بۆیه‌ ئه‌ندامیانم چونکه‌ ده‌مه‌وێ له‌ ناخی گفتوگۆیه‌کاندا هه‌بم و ئاگاداری گه‌شه‌ی موناقه‌شه‌کان بم.

تووماس نوورستروێم نکۆڵییه‌کی به‌هێزیش له‌‌ ڕاستبوونی ئه‌و زانیارییه‌ ده‌کات که‌ په‌یوه‌ندیی تاکه‌که‌سیی له‌گه‌ڵ پارێزه‌رانی شکایه‌تکاران هه‌بێت.

ـ نا ڕاست نییه‌!

شیاوی باسه‌ که‌ یه‌کێ له‌ نوێنه‌رانی هه‌ڵبژارده‌ی خه‌ڵک له‌ ژووری دادگاه‌دا (nämndeman) كه‌ ئاوازدانه‌ره‌، مه‌جبوور کرابوو واز له‌ ئه‌رکی پێسپێردراوی له‌م مه‌حکه‌مه‌یه‌‌دا بێنێ له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی خاوه‌ن به‌رژوه‌ندی بوو، واتا به‌ سویدی jävig.

حیزبی کۆپیکاران (Piratpartiet)، ئێستا داوای مه‌حکه‌مه‌کردنێکی دیکه‌ ده‌که‌ن و ئه‌و بڕیاره‌ی دراوه‌یان قه‌بووڵ نییه‌. ریک فالک‌ڤینگێ سه‌رۆکی ئه‌م حیزبه‌ له‌ ڕاگه‌یه‌نراوێکی چه‌په‌مه‌نیدا ده‌نووسێ: ”ئه‌مه‌ ڕیشوه‌خۆری و گه‌نده‌ڵیی ده‌زگه‌ی داده‌ ‌له‌ ئاستیکی نه‌به‌خشراودا. قازیی په‌روه‌نده‌یه‌کی زۆر باسلێوه‌کراوی ئه‌مساڵ، ئه‌ندامی کۆمه‌ڵه‌یه‌کی به‌رژه‌وه‌ندیپاریزه‌ بۆ یه‌کێ له‌ لایه‌نانی کێشه‌که‌. هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ تێکه‌ڵاویی تاکه‌که‌سیی له‌گه‌ڵ پارێزه‌رانی ئه‌م لایه‌نه‌ هه‌یه. بۆیه‌ مه‌حکه‌مه‌که‌ ده‌بێ هه‌ر له‌ ده‌ستپێکه‌وه‌ جارێکی دی بکرێته‌وه.‌”

گه‌لێ پسپۆڕی بواری یاسایی که‌ که‌ناڵی سێی ڕادیۆ سوید، قسه‌ی له‌گه‌ڵ کردوون، ده‌ڵێن که‌ ئه‌وه‌ی سه‌رۆکی دادگا، قازی تووماس نوورستروێم کردوویه‌تی، زۆر نابه‌جێ بووه‌. ئێریک بیلاندر، مامۆستای فێرگه‌ی به‌رزی بازرگانی له‌ باژاری یۆتێبۆری، یه‌کێ له‌وانه‌.

وه‌بیر دێنمه‌وه‌ که‌ هه‌ینی ڕابردوو، چوار که‌س له‌ بناغه‌دانه‌رانی ماڵپه‌ڕی پایرت‌به‌ی بۆ دابه‌زاندنی په‌ڕگه‌، له‌ به‌ر پێشێلکردنی یاسای مافپارێزراویی به‌رهه‌مگه‌لی وه‌ک فیلم و مووزیک، به‌ ساڵێک زیندان و دانی سی میلیۆن کرۆن تاوانه‌‌، مه‌حکووم کرابوون.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Har du frågor eller förslag gällande våra webbtjänster?

Kontakta gärna Sveriges Radios supportforum där vi besvarar dina frågor vardagar kl. 9-17.

Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".