Du måste aktivera javascript för att sverigesradio.se ska fungera korrekt och för att kunna lyssna på ljud. Har du problem med vår sajt så finns hjälp på http://kundo.se/org/sverigesradio/

ئایا له‌ سوید، زوڵم له‌ پیاوان ده‌کرێت؟

بڵاو کرایه‌وه‌ måndag 6 juli 2009 kl 16.34

پارکی ئه‌لمێدالنی ڤیسبی له‌ دورگه‌ی گۆتله‌ند، ته‌نیا مه‌کۆی حیزبگه‌لی په‌رله‌مانی سوید نه‌بوو به‌ڵکوو پێشینه‌ و داڕشتی فه‌رهه‌نگیی ئه‌م هه‌فته‌یه‌، ده‌رفه‌تێکی زێڕینیشی بۆ گشت ڕێکخراوه‌ و ته‌نانه‌ت کۆمه‌ڵه‌ گه‌وره‌ و بچووکه‌کانی‌ دیکه‌ خوڵقاندووه‌ که‌ بێن و له‌ سایه‌ی سه‌ری وه‌ها ده‌ستپێشخه‌رییه‌ک، خۆ بگه‌یێننه‌ جه‌ماوه‌ر و تووره‌که‌ی دڵیان له‌ لا هه‌ڵڕێژن. یه‌کێ له‌و ڕێکخراوانه‌ بۆ پاراستنی ژینگه‌ له‌ ئاوه‌ڕۆی ئه‌تۆمی ده‌جه‌نگی، ئه‌وه‌ی تریان داڵده‌ی ژنانی زوڵملێکراوی ده‌دا، ئه‌وی دی دژی ئه‌و توندوتیژییانه‌ی به‌ دوای خواردنه‌وه‌ی ئاڵکۆڵ ڕووده‌ده‌ن هه‌ڵوێستی ده‌گرت، یه‌کیان پێشنیارێکی نوێی بۆ سیاسه‌تی کۆچ هه‌بوو، ئه‌وی دی بۆ مافی ژنانی به‌ساڵاچوو له‌ فڵانه‌ کۆمۆندا خه‌باتی ده‌ست پێکردبوو، یه‌کێکی دی ده‌نگی دژی به‌کارهێنانی ئوتومبێل بوو که‌ هه‌وای وڵات ناپاک ده‌کات و پاسکیلی به‌ جێگره‌وه‌یه‌کی باش پێشنیاز ده‌کرد، کۆمه‌ڵه‌یه‌کیش هه‌بوو که‌ ده‌یگوت نابێ مافی سه‌رپه‌رستیی منداڵ پاش جودابوونه‌وه‌ی ژن و مێرد، به‌ شێوه‌ی ئۆتۆماتیک بدرێته‌ دایک. ئه‌و کۆمه‌ڵه‌یه‌ی ئاخر، به‌ سویدی ناوی ئه‌وه‌ بوو: (Pappa-Barn: ett band för livet) واتا باوک و منداڵ، ئاڵقه‌ی په‌یوه‌ندی بۆ ژیان

دروشمی ئه‌و کۆمه‌ڵه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌: پێت وایه‌ که‌ منداڵ به‌ هه‌مان ڕاده‌ که‌ پێویستیی به‌ دایک هه‌یه‌، به‌ باوکیشی هه‌یه‌؟ ئایا پێت وایه‌ که‌ منداڵی ساوا، مافێکی زۆر ڕوون و نکۆڵی لێنه‌کراو و ده‌سبه‌جێی هه‌یه‌ هه‌م به‌ دایک و هه‌میش به‌ باوک؟ ئایا پێت وایه‌ ده‌زگای خزمه‌تگوزاریی کۆمه‌ڵایه‌تی (socialtjänsten) و ده‌زگای دادپه‌روه‌ری ده‌بێ به‌ شێوازێکی یه‌کسان له‌ ته‌ک باوکان و دایکان، بجووڵێنه‌وه‌ و هیچ فه‌رق و جوداییه‌ک دانه‌نێن؟ که‌وابێ بیری تۆ، له‌گه‌ڵ هی کۆمه‌ڵه‌ی پاپپا ـ بارن ته‌واو ڕێک دێته‌وه‌.

سڤێن ئێریک پێترشۆن، جێگری سه‌رۆکی کۆمه‌ڵه‌ی باوک و منداڵ، پاپپا بارن ده‌ڵێ:

ئێمه‌ هه‌زاران دایک و باوکین، هه‌م ژن و هه‌م پیاو، له‌ یۆکمۆک له‌ باکووری سویده‌وه‌ تا ترێلله‌بۆری له‌ خوارووی وڵات که‌ بۆ چه‌سپاندنی یه‌کسانی له‌ نێوان دایکوباوکاندا کار ده‌که‌ین.

به‌ڵام ئاخۆ دایک و باوک له‌ جڤاکی ئه‌مڕۆکه‌ی سویددا، خاوه‌ن هه‌ر هه‌مان مافن؟ سڤێن ئێریک پێترشۆن ده‌ڵێ نه‌خێر، مافی یه‌کسانیان نییه‌، پیاو مافخوراوه‌.

سڤێن ئێریک ده‌ڵێ یاسای سوید، ته‌بعیز له‌ پیاوه‌کان ده‌کا. پیاو ته‌نیا ئه‌و کاته‌ی له‌ گه‌ڵ ژنه‌که‌ی ده‌ژی و منداڵێکیان ده‌بێت، ئه‌و کات به‌ شێوه‌ی ئۆتۆماتیکی مافی یه‌کسانی له‌ سه‌رپه‌رستیدا هه‌یه‌. له‌ گشت حاڵه‌تێکی دیکه‌دا ئه‌وه‌ دایکه‌ که‌ بڕیار ده‌دات پیاو مافی سه‌رپه‌رستیی هه‌بێت یان نا؟ زۆربه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی له‌ کۆمه‌ڵه‌ی پاپپا بارندا ئه‌ندامن له‌ چوارچێوه‌ی ژیانی منداله‌کانیان وه‌ده‌رنراون. ئه‌ویش ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دایک وای ده‌وێ و ئه‌مه‌ی پێ ڕاحه‌تتره‌. کاربه‌ده‌ستانیش به‌ بێ هیچ هۆیه‌ک پشتگیری له‌م پێخۆشبوونه‌ی دایکان ده‌که‌ن.

ئایا ئه‌م پرسه‌ به‌ ڕاستی ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌یه‌ که‌ کۆمه‌ڵگا پێوه‌ی خه‌ریک بێ؟ سڤین ئێریک ده‌ڵێ به‌ڵێ.

له‌ گوێن ئه‌م کۆمه‌ڵه‌یه‌، نزیکه‌ی چل هه‌زار منداڵ ئێستا له‌ سویدهیچ په‌یوه‌ندییه‌کیان له‌گه‌ڵ باوکیان نییه‌. 150 هه‌زاریان مانگێ جارێک یا ره‌نگه‌ له‌ ماوه‌یه‌کی درێژتریش داهه‌ر جارێک باوکیان ببینن. ئه‌و ڕوانگه‌ کۆنه‌ی که‌ ده‌ڵێ منداڵ، له‌ یه‌که‌م قۆناغدا هی دایکێتی، هێشتا له‌ ناو ده‌زگای داد و دایره‌ی خزمه‌تگوزاریی کۆمه‌ڵایه‌تی (socialtjänsten) ‌دا ماوه‌ته‌وه‌. بێت و باوکێک داوای وه‌رگرتنی به‌رپرسی له‌ به‌خێوکردنی منداڵدا بکات ئه‌وا ده‌یخه‌نه‌ ناو ڕه‌وتێکی دوورودرێژ و شه‌که‌تبار. ئه‌مه‌ش دیاره‌ خه‌سارێکه‌ بۆ ئه‌و منداڵه‌ و سه‌یر ئه‌وه‌یه‌ که‌ کۆمه‌ڵگا به‌ بن چاوی دا ئه‌م زوڵمانه‌ ده‌کرێن و ئه‌ویش هه‌ر بای به‌ بن گوێدا ده‌گوزه‌رێ.

به‌ڵام ئایا کۆمه‌ڵه‌که‌ ده‌یه‌وێ شتێک له‌ دایکان بڕفێنێت؟ سڤێن ئێریک ده‌ڵێ نا ئێمه‌ ته‌نیا ده‌مانه‌وێ که‌ باوکانیش خاوه‌نی هه‌ر هه‌مان گرنگی بن بۆ منداڵ و بنه‌ماڵه‌، که‌ دایکان هه‌یانه‌. ئه‌م مافه‌ زۆر سروشتییه‌ و ده‌بێ باوکیش هه‌یبێت رێک به‌و شێوه‌یه‌ی که‌ دایکوباوک کاتێ پێکه‌وه‌ش ده‌ژین، هه‌یه‌تی. به‌ڵام ئه‌و کاته‌ی ژن و مێرد لێک جودا ده‌بنه‌وه‌، ئیدی باوک خاوه‌نی ئه‌و گرنگییه‌ نییه‌ که‌ پێشتر بووی. بۆیه‌ ئێمه‌ هاوار ده‌که‌ین که‌ هه‌ڵاواردن و زوڵم به‌رامبه‌ر به‌ پیاوان ده‌بێ کۆتایی پێ بێت. ئه‌م هه‌ڵاواردنه‌ ده‌کرێ به‌ ڕه‌گه‌زپه‌رستییش پێناسه‌ بکرێت. پیاو نابێ ته‌نیا له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی پیاوه‌، مافه‌کانی پێشێل بکرێت.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Har du frågor eller förslag gällande våra webbtjänster?

Kontakta gärna Sveriges Radios supportforum där vi besvarar dina frågor vardagar kl. 9-17.

Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".