Du måste aktivera javascript för att sverigesradio.se ska fungera korrekt och för att kunna lyssna på ljud. Har du problem med vår sajt så finns hjälp på http://kundo.se/org/sverigesradio/

سویدییەکی تریش تووشی پەتای بەراز بوو

بڵاو کرایه‌وه‌ onsdag 26 augusti 2009 kl 14.24
وێنە: سکانپیکس

پیاوێکی سی ساڵەی سویدی خەڵکی هەرێمی یێستریکلەند، بە خەستی تووشی نەخۆشیی پەتای بەراز بووە و دوێنێ بۆ عیلاج و پەیوەندی سیپەلکی دەسکرد، ناودێر بە ECMO، بەڕێکرایە نەخۆشخانەیەک لە دانیمارک. لە سویددا تەنیا یەک ناوەندی ECMO هەیە و ئەویش تەنیا جێی بۆ چوار نەخۆشان هەیە و بۆیەش ناردنی ئەم نەخۆشە بۆ دانمارک، پێویست بوو.

ستێفان ئێنگکڤیست سەرپزیشکی نەخۆشخانەی کارولینسکا لە سۆڵنا دەڵێ ئەم نەخۆشناردنانە بۆ لای یەکتر، ڕوتینی ئاسایی ئێمەیە و بە گوێرەی پەیوەندییەکە لە نێوانماندا هەیە.

سیگنار مێکتیتالو (Signar Mäkitalo) پزیشکی پاراستە لە نەخۆشییە درمەکان لە پارێزگای یەڤلێبۆری دەڵێ بەداخەوە کەس نازانێ چەند بە سەختی تووشی ئەو نەخۆشیە دەبێت. ڕادەی تووشبوونی هەر کەسەش دەگەڕێتەوە بۆ شانسی کەسە‌کە.

 بەڵام ئاخۆ دیارە کە خەڵک چۆن تووشی ئەن پەتایە دەبن؟ دوکتۆر مێکیتالو دەڵێ من هەوڵم داوە لەوە بگەم. دەزانم کە ئەو کەسە زۆر لە وڵاتانی باکووری ئەورووپاوە گەڕاوە و زۆریش لە باشووری سوید ماوەتەوە بەڵام هیچ کەسێکی تایبەت شک نابەم کە نەخۆشییەکەی لەوەوە گرتبێتەوە.

دوکتۆر ستێفان ئێنگکڤیست سەرپزیشکی نەخۆشخانەی کارولینسکا لە سۆڵنا دەڵێ ئێمە پێمان وایە کە نەخۆشیی پەتای بەراز هاتۆتە سویدیش هەتا وەک ئوسترالیا، نیوزیلەند، شیلی، بەریتانیا و وڵاتانی دیکە بۆ ماوەیەک لێرە بمێنێتەوە. ئێنگکڤیست دەڵێ نەخۆشیی سیپەلکیش یەکێ لە دواهاتەکانی ئەم پەتایەیە و لە وڵاتانی دیکەشدا بینراوە بەڵام ڕێژەیان ئەوەندە زۆر نەبووە.

هەر ئێستا سێ گەنجی سویدیی ژێر سی ساڵ لەو ناوەندە لە بەر نەخۆشیی پەتای بەراز لە ژێر چاوەدێری و عیلاج دان. پێشتر نەخۆشێکی ٢٢ ساڵە کە سیپەلکی دەسکردی بۆ کراوە لە نەخۆشخانەی کارۆلینسکا خەوێنرابوو و هێشتا باری تەندروستییەکەی، سەرەڕای ئەوەی باشتر بۆتەوە، جێی مەترسییە.

بۆ یەکەمین جار، ئامارێکیش لە سەر کارتێکەریی پەتای بەراز لە سەر ئابووری سوید بڵاوکراوەتەوە. دامەزراوەی توێژینەوە لە دۆخی بازاڕ (Konjunkturinstitutet) پێشبینیی ئەوە دەکات کە لە وەرزی پاییزدا کاتێ پەتای بەراز بەربڵاوتر بێتەوە و لە هەر دە کەسان، یەک کەس لە بەر ئەم نەخۆشییە لە سێ مانگی ئاخری ساڵ، لە ماڵدا دەمێنێتەوە. ئەو کات ڕێژەی مەسرەفکاری کەم دەبێتەوە و ئاستی بێ ئێن پێ، واتا سەرجەمی بەرهەمی نەتەوەیی، بۆ ماوەی چوار مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٠، نزیکەی نیو لە سەد دادەبەزێ.

کریستینا نیلسۆن جێگری سەرۆکی پێشبینی لە دامەزراوەی توێژینەوە لە دۆخی بازاڕ، دەڵێ کاتێ مرۆڤ لە بەر تووشبوون بە نەخۆشی یا ئاگا لە منداڵبوون لە ماڵەوەیە و کار ناکا، ئەوا ئەمە کارتێکەریی لە سەر داهاتی مانگانەشی هەیە. کەمبوونەوەی داهات، مەسرەفکاریش کەم دەکاتەوە. یا خود لە بەر نیگەرانی لە گرتنەوەی ئەم پەتایە، خۆ لە هەندی مەسرەفکاری دەپارێزێ وەک ئەوەی ناچێتە چێشتخانە نان بخوات، ناچێتە دیتینی شانۆگەری و سەفەریش ناکات.

جێی باسە کە حوکوومەتی سوید ڕۆژی ڕابردوو ڕایگەیاند کە یەک میلیارد کرۆنی بۆ مەسرەفی کوتانی گشت خەڵک، دژی پەتای بەراز تەرخان کردووە. کۆمۆن و پارێزگاکانی سوید مەزەندەی ئەوە دەکەن کە ئەو مەسرەفە بۆ کۆکوتانی گشت خەڵک، سەر لە دوو تا سێ میلیارد کرۆن دەدات و بەم پێیە وێڕای پێشوازی لەو بڕە پارەیەی حوکوومەت دەیدا، زۆر بە کەمی دەزانن.

هەر لەم پەیوەندییەدا و پاش بە مەترسی دانرانی پەتای بەراز لە سوید، پاککەرەوەی ئاڵکۆڵداری ناودێر بە (Handsprit) بۆ بەرگری لە گرتنەوەی نەخۆشی، لە دەواخانەکانی وڵات، ئاپۆتێکن، تەواو بوون.

nasser.sina@sr.se

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Har du frågor eller förslag gällande våra webbtjänster?

Kontakta gärna Sveriges Radios supportforum där vi besvarar dina frågor vardagar kl. 9-17.

Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".