Du måste aktivera javascript för att sverigesradio.se ska fungera korrekt och för att kunna lyssna på ljud. Har du problem med vår sajt så finns hjälp på http://kundo.se/org/sverigesradio/

ته‌نگژه‌ی بنکه‌ی سه‌ندیکایی بێمۆڵه‌تان

بڵاو کرایه‌وه‌ torsdag 27 augusti 2009 kl 17.41

بنکه‌ی سه‌ندیکایی بێمۆڵه‌تان له‌ ستۆکهۆلم دووچاری قه‌یرانی بێباوه‌ڕیی له‌نێوان ئه‌ندامانی سه‌رۆکایه‌تییه‌که‌یدا بووه‌. ئه‌و بنکه‌یه‌ که‌ ماوه‌ی ساڵێکه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی سه‌رۆکی گشتی سه‌ندیکای کرێکاران ڤانیا لوندبی ڤێدین کراوه‌ته‌وه‌ پێ ناچێت به‌هه‌مان گوڕو تین و ئامانج کاره‌کانی به‌ڕێوه ‌به‌رێت، ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدایه‌ که‌ گوایا چه‌ند ئه‌ندامێکی سه‌رۆکایه‌تییه‌که‌یان له‌ نوێنه‌رانی بێمۆڵه‌تان وازیان  له‌کاری ئه‌و بنکه‌یه‌ هێناوه‌.

- داهاتوویه‌کی ڕوون له‌م سه‌رۆکایه‌تییه‌ چاوه‌ڕوان ناکه‌ین، ده‌توانم بڵێم هیچ جۆره‌ کراوه‌ییه‌ک له‌ کاره‌کاندا نییه‌،

-  به‌ڕێوه‌به‌ر و به‌رپرسی دارایی بڕیاره‌کانیان به‌سه‌ر هه‌موواندا ده‌سه‌پێنن و هیچ جۆره‌ بڕیارێک دیموکراتیانه‌ نادرێت.

به‌م قسانه‌ جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری بنکه‌ی سه‌ندیکایی بێمۆڵه‌تان یاسین ئاسمانی ناڕه‌زایی خۆی به‌رامبه‌ر به‌ به‌رپرسانی ئه‌و بنکه‌یه‌ ده‌رده‌بڕێت و باس له‌ هۆکاری جێهێشتنی کاره‌که‌ی له‌و بنکه‌یه‌دا ده‌کات، 

- هیچ جۆره‌ بنه‌مایه‌کی کارکردن دیار نییه‌ و خۆ هیلاک ناکه‌ن، داهاتوو یان به‌رنامه‌یه‌ک له‌و بنکه‌یه‌دا نییه‌ و که‌س به‌رپرسێتی کاره‌کان ناگرێته‌ خۆ، ئه‌وان که‌سێکیان ده‌وێت قسه‌و بڕیاره‌کانیان بێ ڕه‌خنه‌  په‌سه‌ند بکات. کاری ئه‌و بنکه‌یه‌ شتێک نییه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی بێمۆڵه‌تان بێت. 

 شایه‌نی باسه‌ جگه‌ له‌ ئاسمانیی ئه‌ندامێک و دوو جێگر وازیان له‌ هاوکاری له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی سه‌ندیکا له بنکه‌ی سه‌ندیکایی بێمۆله‌تان هێناوه‌،  هۆکار به‌ ڕای ئاسمانی نه‌بوونی لێک تێگه‌شتن و متمانه‌یه‌ جگه‌ له‌وه‌ی که‌ به‌ڕای ئاسمانی بێمۆڵه‌تان له‌لایه‌ن   نوێنه‌رانی سه‌ندیکاکان توشی هه‌ڵاواردن دێن.

به‌رامبه‌ر به‌م ناڕه‌زاییانه‌ و ته‌نگژه‌ی نێوان نوێنه‌رانی سه‌ندیکا و نوێنه‌رانی بێمۆڵه‌تان له‌و بنکه‌یه‌دا به‌ڕێوه‌به‌ری بنکه‌که‌ پێی وایه‌ که‌ به‌کاری خۆیان هه‌ڵساون و ئه‌وه‌ی پێویست بووه‌ بۆ یارمه‌رتی بێمۆڵه‌تان و پرسه‌ سه‌ندیکاییه‌کانیان که‌مته‌رخه‌مییان نه‌کردووه‌. 

ستێن ئێریک یوهانسۆن له هه‌ڵوێستی نوێنه‌ری بێمۆڵه‌تان سه‌ری سوڕماوه‌ و ده‌ڵێت گه‌ر هۆکاری وازهێنانی یاسین ئاسمانی که‌م وکورتی بێت له‌کاری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌کدا ئه‌وه‌ شتێکی شه‌رمهێن نییه‌ و خۆشمان ئه‌زانین که‌ که‌موکوڕی هه‌ن و پێویستیان به‌ چاره‌سه‌ره‌. ئێمه‌ پلانمان بۆ چاره‌سه‌رکردنی ئه‌و کێشانه‌ هه‌یه‌ و له‌ و پرس و که‌موکورتیانه‌دا شاره‌زایی باشتر  په‌یدا ده‌که‌ین. 

به‌رامبه‌ر به‌ قسه‌کانی یوهانسۆن ئاسمانی سووره‌ له‌سه‌ر ناڕه‌زایی له‌سه‌ر کاری بنکه‌که‌وه‌ ده‌ڵێت ئه‌و سیاسه‌ته‌ی له‌و بنکه‌یه‌دا به‌ڕێوه‌ ده‌چێت هیچ شتێک ناگه‌یه‌نێته‌ ئه‌نجام و پۆپولیستانه‌یه‌. واتا چه‌ند که‌سێک کار بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان له‌ ڕێی دامه‌زراوه‌ و ده‌ستگه‌یه‌که‌وه‌ ده‌که‌ن. 

شایه‌نی باسه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری بنکه‌ی سه‌ندیکایی بێمۆڵه‌تان جه‌خت له‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ که‌ ئه‌وه‌ ته‌نها یاسین ئاسمانییه‌ که‌ وازی له‌کار هێناوه‌ و هیچ ئه‌ندامێکی تر له‌ نوێنه‌رانی بێمۆڵه‌تان داوای جێ هێشتنی سه‌رۆکایه‌تی ئه‌و بنکه‌یه‌یان به‌ نوسراو یان ئێ مه‌یل داوا نه‌کردوه‌‌. 

جارێکی تر یوهانسۆن جه‌خت له‌وه‌ش ده‌کاته‌وه‌ که‌ کاره‌کانیان له‌ یارمه‌تی بێمۆڵه‌تان به پێی په‌یمانی نوسراو له‌ نێوانیاندا به‌ڕێوه‌ چووه‌ و نزیکه‌ی 400 بێمۆڵه‌ت له‌ماوه‌ی 40 دووشه‌ممه‌ که‌ ڕۆژی کاری ئه‌و بنکه‌یه‌یه‌ یارمه‌تیان سه‌باره‌ت به‌ پرسی سه‌ندیکایی وه‌ک مافه‌کانیان له‌ مووچه‌  و کاتی کارکردن و پرسی له‌و جۆره‌ وه‌ڵام دراونه‌ته‌وه‌.

جێی باسه‌ کاری ئه‌و بنکه‌یه‌ و سه‌ردانی بێمۆڵه‌تان زیاتر له‌و کاته‌وه‌ گه‌رمتر بووه‌ که‌ په‌رله‌مانی سویدی یاسای پێشوازی له‌ ده‌ستی کاری بێگانه‌ ئاشکرا کرد. 

شایه‌نی باسه‌ یاسین ئاسمانی نوێنه‌ری بێمۆڵه‌تان له‌ بنکه‌ی سه‌ندیکایی بێمۆڵه‌تان له‌ ستۆکهۆلم دیسان جه‌خت له‌ که‌مته‌رخه‌می کاری ئه‌و بنکه‌یه‌ له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی سه‌ندیکاکانه‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ و ده‌ڵێت من هه‌موو دووشه‌ممانێک له‌ شوێنی کاره‌که‌م ئاماده‌ بووم له‌کاتێکدا نوێنه‌رانی سه‌ندیکا و به‌ڕێوه‌به‌ر ستێن ئێریک یوهانسۆن ته‌نها بۆ ماوه‌ی پێج ده‌قیقه‌ دێن و ده‌ڕۆن و گوێ له‌و پرسانه‌ ناگرن که‌ لێیان ئاگادار ده‌که‌مه‌وه‌ و ده‌ڵێن یاسین خۆت مه‌شێوێنه 

- هه‌ر بۆیه‌ من کاری ئه‌و بنکه‌یه‌م به‌جێهێشتووه‌ و چه‌ند بێمۆڵه‌تێکی تریش سه‌رۆکایه‌تی ئه‌و بنکه‌یه‌نا دوای من جێ هێشتووه‌،

جێی سه‌رنجه‌ له‌ مانگی ئاگوستی ساڵی ڕابووردودا بوو بنکه‌ی سه‌ندیکایی بۆ بێمۆڵه‌تان له‌ ستۆکهۆلم کرایه‌وه‌ ئامانج لێی یارمه‌تی دانی ئه‌و په‌ناخوازه‌ بێمۆڵه‌تانه‌یه‌ که‌ کارده‌که‌ن تا له‌ یاسا و ڕێساکانی بازاڕی کاری سویدی له‌ مه‌افه‌کانیان و ئه‌رکی خاوه‌نکار هۆشیار بکرێنه‌وه‌. ‌   

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Har du frågor eller förslag gällande våra webbtjänster?

Kontakta gärna Sveriges Radios supportforum där vi besvarar dina frågor vardagar kl. 9-17.

Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".