Du måste aktivera javascript för att sverigesradio.se ska fungera korrekt och för att kunna lyssna på ljud. Har du problem med vår sajt så finns hjälp på http://kundo.se/org/sverigesradio/

له‌مڕۆوه ته‌نیا لامپی که‌ممه‌سره‌ف ده‌فرۆشرێت

بڵاو کرایه‌وه‌ tisdag 1 september 2009 kl 14.24
وێنه‌: سکانپیکس

له‌مڕۆوه‌ فرۆشگه‌کانی سوید نابێ وه‌ک پێشوو لامپی‌ ئاسایی بفرۆشن، جگه‌ له‌و لامپانه‌ی‌ له‌ عه‌مباردا ماونه‌ته‌وه‌. هۆیه‌که‌ی ئه‌وه‌یه‌ که‌ به‌ پێی بڕیاری یه‌کێتیی ئه‌ورووپا، لامپه‌ کۆنه‌کان ده‌بێ ورده‌ ورده‌ جێی خۆیان بده‌ن به‌و‌ لامپانه‌‌ی وزه‌ی که‌م مه‌سره‌ف ده‌که‌ن.

له‌ دوکانێکی لامپفرۆشیدا له‌ گه‌وره‌شه‌قامی ستوورگاتانی ڤێکخوێ، له‌ ئێستاوه‌ قه‌فه‌زه‌ی لامپه‌ کۆنه‌کان به‌ ته‌واوی چۆڵ بوون. سۆفیا بۆڵمگرێن خاوه‌ن فرۆشگه‌که‌یه‌، ئه‌و ده‌ڵێ ئێمه‌ گه‌لێ مشته‌ریمان هه‌یه‌ که‌ نیگه‌رانی ونبوونی یه‌کجاریی ئه‌و شۆق و گه‌رمایه‌ن که‌ لامپه‌ ئاساییه‌کان ده‌یبه‌خشن.

بۆڵمگرێن ده‌ڵێ له‌ لامپه‌ که‌ممه‌سره‌فه‌کاندا ئه‌م گوڕ و گه‌رمایه‌ نابینرێ و شۆقه‌که‌یان زۆر سارد و سڕه‌.

لامپه‌ نوێیه‌کان که‌ممه‌سره‌فن بۆ وێنه‌ له‌ چاو لامپێکی زۆر ئاسایی چل وات، ته‌نیا حه‌وت وات کاره‌با مه‌سره‌ف ده‌که‌ن. له‌ ناو ئه‌و لووله‌ باریکه‌ی ناو لامپه که‌ممه‌سره‌فه‌‌کاندا، ماده‌ی قه‌ده‌غه‌کراوی جیوه هه‌یه‌ که‌ پاش هه‌ڵکران، ده‌بێته‌ گاز و ڕووناکی ده‌دات.‌‌ جیوه‌ش‌ ژارێکی ژینگه‌تێکده‌ره‌، بۆیه‌ زۆر گرنگه‌ که‌ هه‌وڵ بدرێ ئه‌و جۆره‌ لامپانه‌ کاتێ گه‌رمن نه‌شکێن و جیوه‌که‌یان بڵاو نه‌بێته‌وه‌.

سۆفیا بۆڵمگرێن ده‌ڵێ بێت و ئه‌و لامپانه‌ بشکێن، به‌ گوێن ئه‌و ڕاسپارییه‌ی پێمان کراوه‌ تا بیده‌ینه‌ مشته‌رییه‌کانمان، ده‌بێ ده‌سبه‌جێ ده‌رگا و په‌نجه‌ره‌کان بکرێنه‌وه‌ ‌و هه‌وای ژووره‌که‌ بگۆڕدرێ. به‌ هیچ جۆرێک نابێ به‌ گه‌سکی کاره‌بایی، دامسوگارێ‌، جیوه‌که‌ تۆزمژ بکرێت چونکه‌ دیسان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ناو هه‌وا و زیانباره‌. له‌تکه‌ شووشه‌کان ده‌بێ پاش کۆکردنه‌وه‌ بخرێنه‌ ناو کیسه‌یه‌ک و بدرێنه‌ ناوه‌ندگه‌لی سوودلێوه‌رگرتنه‌وه‌ی سه‌ر به‌ کۆمۆن که‌ کارمه‌ند تێیاندا کار ده‌کات (kommunalt bemannade återvinningscentraler). دیاره‌ گشت لامپه‌کانی ئاسایی، که‌ممه‌سره‌ف و لووله‌یی ده‌بێ بدرێنه‌ ئه‌و شوێنانه‌‌.

کاتارینا گۆردفێڵد له‌ ناوه‌ندی زانستیی یۆتێبۆری ده‌ڵێ هه‌ڵمژینی جیوه‌ی بۆ جارێک زیانێکی وای نییه‌ ته‌نانه‌ت بۆ منداڵانیش به‌ڵام بێتوو هه‌شت سه‌عات له‌ ڕۆژدا سه‌روکارت له‌گه‌ڵ ئه‌م جیوه‌یه‌ هه‌بێت و هه‌وای ژووره‌که‌ش نه‌گۆڕدرێ ئه‌وا زیانی جیدیی به‌دواوه‌یه‌.

به‌ڵام ئه‌و جیوه‌یه‌ی پاش گه‌رمبوون و شکانی لامپه‌که‌ بڵاو ده‌بێته‌وه‌، ساختومانی ڕێکخستنه‌که‌ی تێکده‌چێ و چیدی وه‌ک جیوه‌ی مێتیل ناچێته‌ ناو له‌شه‌وه‌ و بۆیه‌ش زیانێکی وای بۆ له‌ش نییه.‌

کاتێ جیوه‌ بێته‌ ناو چه‌رخه‌ی ژینگه‌وه‌ ده‌گۆردرێ به‌ جیوه‌ی مێتیل که‌ ئه‌ویش بۆ وێنه‌ له‌ ڕێگه‌ی خواردنی ماسیی ئالووده‌وه‌ ده‌توانێ بێته‌ ناو له‌شی ئینسانه‌وه. ئه‌م جیوه‌یه‌ زیان به‌ مرۆڤ ده‌گه‌یێنێ و هه‌ندێ نه‌خۆشی به‌دواوه‌یه‌ بۆ نموونه‌ گرفتی تێگه‌یشتن دروست ده‌کات، له‌شله‌رزه‌ی پێوه‌یه‌ و مێشک دوجاری گرفت ده‌کات. که‌چی ئه‌و جیوه‌یه‌ی له‌ ناو لامپه‌ که‌ممه‌سره‌فه‌کاندا به‌کارده‌هێنرێت به‌ پێی قسه‌کانی کاتارینا گۆردفێڵد له‌ ناوه‌ندی زانستیی یۆتێبۆری، له‌ جۆری ئه‌و جیوه زیانباره‌ نییه‌.

به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌‌بێ له‌ به‌رچامان بێت ئه‌وه‌یه‌ که‌ جیوه‌ی ناو ئه‌م لامپانه‌ نابێ به‌ هیچ جۆرێک بێنه‌ ناو ژینگه‌ی مرۆڤه‌وه‌.

کاتارینا گۆردفێڵد له‌ ناوه‌ندی زانستیی یۆتێبۆری ده‌ڵێ لامپه‌ که‌ممه‌سره‌فه‌کان ده‌بێ

بدرێنه‌ ناوه‌ندگه‌لی سوودلێوه‌رگرتنه‌وه‌ی سه‌ر به‌ کۆمۆن که‌ کارمه‌ند تێیاندا کار ده‌کات، نه‌ک ئه‌وه‌ی بخرێنه‌ ناو زبڵدانه‌ ئاساییه‌کانه‌وه‌ و جارێکی دی بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ناو له‌شی مرۆڤ.

ڕاسته‌ که‌ لامپه‌ نوێیه‌کان کاره‌بایه‌کی که‌متر به‌کار دێنن و خه‌رجی بنه‌ماڵه‌کان که‌مده‌که‌نه‌وه‌ به‌ڵام به‌ کاتارینا گۆردفێڵد له‌ ناوه‌ندی زانستیی یۆتێبۆری بێ، ده‌بێ ئێمه‌ وه‌ک پێشوو له‌ پاشه‌که‌وتکردنی کاره‌بادا چالاک بین و ئه‌وه‌شمان له‌ بیر نه‌چێ که‌ حه‌تمه‌ن لامپه‌ کۆنه‌کان، کۆ که‌ینه‌وه‌ و بیده‌ینه‌ ناوه‌نده‌کانی سوودلێوه‌رگرتنه‌وه‌.

سۆفیا بۆڵمگرێن خاوه‌ن فرۆشگه‌که‌ی لامپ له‌ ڤێکخوێ ده‌ڵێ لامپه‌ نوێیه‌کان له‌ چاو ئه‌وانی ئاسایی، نرخیان زۆرتره به‌ڵام به‌ به‌کارهێنرانی زیاتر هه‌م نرخیان داده‌شکێ، هه‌م به‌ هۆی ته‌مه‌نی گه‌لێ زیاتر و مه‌سه‌ره‌فی کاره‌بای که‌متر، زۆر هه‌رزانتر ده‌که‌ون.‌

nasser.sina@sr.se

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Har du frågor eller förslag gällande våra webbtjänster?

Kontakta gärna Sveriges Radios supportforum där vi besvarar dina frågor vardagar kl. 9-17.

Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min Lista".