Du måste aktivera javascript för att sverigesradio.se ska fungera korrekt och för att kunna lyssna på ljud. Har du problem med vår sajt så finns hjälp på http://kundo.se/org/sverigesradio/

ڕه‌وتی دانوستاندنی یه‌کێتیی ئه‌ورووپا له‌ گه‌ڵ تورکیه‌ بۆ ئه‌ندامه‌تی، ده‌بێ خێرا بکرێته‌وه‌

بڵاو کرایه‌وه‌ torsdag 10 september 2009 kl 16.21

دانوستاندنه‌کانی ئه‌ندامێتیی تورکیه‌ له‌ یه‌کێتیی ئه‌ورووپادا، زۆر به‌ خاوی ده‌چنه‌ پێش. نزیکه‌ی پێنج ساڵ له‌و ڕۆژه‌ی‌ یه‌کێتیی ئه‌ورووپا ڕایگه‌یاند ده‌رگاکانی وتووێژی ئه‌ندامه‌تی به‌ره‌و تورکیه‌ ده‌کاته‌وه‌، ده‌رباز بووه‌ که‌چی به‌ کرده‌وه‌، هه‌ر هه‌موو هه‌نگاوه‌کان، بزرن.

له‌ ئۆکتۆبری ساڵی ٢٠٠٤دا هیوا و دڵخۆشی یه‌ک له‌ زۆر دڵان گه‌ڕا کاتێ ڕاگه‌یه‌نرا که‌ یه‌کێتیی ئه‌ورووپا ده‌رگاکانی به‌ نیوه‌ تاکیش بێ، به‌ره‌و دانوستاندن له‌ته‌ک تورکیه‌دا ده‌کاته‌وه‌. به‌ڵام له‌م پێنج ساڵه‌دا ئه‌م ده‌رگایانه‌ زۆرتر له‌وه‌ نه‌کرانه‌وه‌. مارتی ئه‌ختیساری خه‌ڵاتوه‌رگری ئاشتیی ساڵی چوو، که‌ ئێستا سه‌رۆکی کۆمیسیۆنی سه‌ربه‌خۆی دانوستنه‌کانی ئه‌ندامه‌تیی تورکیه‌یه‌ هه‌ر ئه‌م بۆچوونه‌ی هه‌یه‌.

کاری چاکسازی له‌ تورکیه‌ قه‌تیس ماوه‌ و ناچێته‌ پێشێ. به‌ڵام له‌وه‌ش خراپتر ئه‌وه‌یه‌ که‌ ڕێبه‌رانی یه‌کێتیی ئه‌ورووپا بۆچوونی خۆیان گۆڕیوه‌ و وه‌ک پێشوو له‌ دڵه‌وه به‌ خێرهێنانی تورکیه‌ وه‌ک ئه‌ندام ناکه‌ن. ‌

ئه‌ختیساری ده‌ڵێ: ئه‌وه‌ی به‌لای منه‌وه‌ زۆر خراپه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ ناو یه‌کێتییه‌که‌دا هه‌ندێ سه‌رۆکوڵات و ڕێبه‌ری سیاسیی یه‌کێتییه‌که‌، ڕوانگه‌کانی خۆیان گۆڕیوه‌. بۆیه‌ ئێمه‌ پێمان وایه‌ ئه‌وه‌ی گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌بێ هه‌ر هه‌مان یاسا ڕه‌چاو بکرێن کاتێ‌ ئێمه‌ خۆشمان بووینه‌ ئه‌ندام. واتا گشت ده‌رگاکانی وتووێژ، بکرێنه‌وه‌.

یه‌کێتیی ئه‌ورووپا ده‌بێ ژیان بخاته‌وه‌ ئه‌م وتووێژانه‌وه‌ ده‌نا خه‌ڵکی بڕوایان پێی نابێت و مه‌ترسیی ئه‌وه‌‌ش هه‌یه‌ که‌ تورکیه‌ زیاتر له‌ پێشوو به‌ر به‌ ڕه‌وتی چاکسازییه‌ به‌ڵێندراوه‌کانی خۆی بگرێ و به‌ قه‌تیسکراوی بیانهێڵێته‌وه‌.

دانوستاندنه‌کانی ئه‌ندامه‌تیی تورکیه،‌ تا ڕاده‌یه‌کی زۆر له‌ به‌ر ئه‌و ڕه‌خنانه‌ی له‌ سه‌ر چاکسازییه‌ نه‌کراوه‌کان و پێشنه‌که‌وتن له‌ بواری ڕه‌چاوگرتنی مافی مرۆڤ له‌ تورکیه‌ لێی ده‌گیرێن، تا کوو ئێستا وه‌دوا که‌وتوون. هه‌روه‌ها پرسی چاره‌دژواری قوبرس که‌ چه‌تی ناو چه‌رخی وتووێژه‌کان بووه‌.

به‌ڵام له‌ گوێن مارتی ئه‌ختیساری، ئه‌وه‌ خاوی و نابه‌دڵیی یه‌کێتیی ئه‌ورووپایه‌ که‌ له‌مپه‌ری هه‌ره‌ گه‌وره‌یه‌ له‌م بواره‌دا و ئه‌و ره‌فتاره‌ی ئێستا له‌گه‌ڵ تورکیه‌ ده‌کرێ پێشتر له‌گه‌ڵ هیچ وڵاتێکدا که‌ داوای ئه‌ندامێتیی له‌ یه‌کێتیی ئه‌ورووپادا کردووه،‌ نه‌کراوه‌.

مارتی ئه‌ختیساری هیواداره‌ که‌ له‌مه‌ به‌دوا ڕه‌وتی دانو‌ستاندنه‌کان، خێراییه‌کی زیاتر به‌خۆوه‌ بگرێ. هه‌ر به‌و مه‌به‌سته‌ش ئه‌مڕۆ کومیسیۆنی سه‌ربه‌خۆی‌ دانوستاندنه‌کان له‌ گه‌ڵ تورکیه‌ ئه‌م پرسه‌ی له‌گه‌ڵ کاربه‌ده‌ستانی سویدی، وه‌ک سه‌رۆکی ده‌میی یه‌کێتیی ئه‌ورووپا هێنایه‌ گۆڕێ. ئه‌ختیساری ده‌ڵێ هیوام ئه‌وه‌یه‌ که‌ بتوانین ده‌رگا داخراوه‌کان بکه‌ینه‌وه‌.

 مراد جوان، ڕۆژنامه‌وانی کوردی نیشته‌جێی ستۆکهۆڵم، پێی وایه‌ خاوچوونه‌ پێشه‌وه‌ی ئه‌م دانوستاندنه‌، لایه‌نێکی دیکه‌شی هه‌یه‌ ئه‌ویش خودی تورکیه‌یه‌ و کێشه‌کانی ناوخۆیی ئه‌م وڵاته‌.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Har du frågor eller förslag gällande våra webbtjänster?

Kontakta gärna Sveriges Radios supportforum där vi besvarar dina frågor vardagar kl. 9-17.

Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".