Du måste aktivera javascript för att sverigesradio.se ska fungera korrekt och för att kunna lyssna på ljud. Har du problem med vår sajt så finns hjälp på http://kundo.se/org/sverigesradio/

سەرۆکی حیزبی دیموکراتەکانی سوید: "ئیسلام هەڕەشەی هەرە گەورەی دەرەکییە لە سوید"

بڵاو کرایه‌وه‌ måndag 19 oktober 2009 kl 13.14

هاوکات لەگەڵ ئەوەی حیزبی دیموکراتە‌کانی سوید لە ڕۆژانی کۆبوونەوەی خۆیدا لە سکۆنێ، هەوڵی دا وێنەیەکی بەرفرە لە هەڵوێستی خۆی لە سەر بابەتە کۆمەڵایەتییەکان بکێشێ بەڵام بەمحاڵەوە کێشەی پەنابەرێتی لە سویددا پرسیاری زوربەی ئەندامانی حیزبەکە بوو.

حیزبەکە بڕیاری دا ئەو یاسا نوێیانە نەهێڵێ کە بۆ سیاسەتی هێنانی هێزیی بیانیی کار، لە بەرچاو گیراون و بە ڕادەیەکی بەرچاو ژماری ئەو کەسانەی لەبەر خزمایەتی لەگەڵ پەناخوازان کۆچ دەکەنە سوید کەم کەنەوە. ئەوانەی خاوەنی کارت و بەڵگەی پێناسە نین واتا (papperslösa)، بۆیان نەبێ سوود لە خزمەتگەلی نەخۆشەوانی وەرگرن و مۆڵەتی مانەوەکانیش (uppehållstillstånd)، دەبێ سنووردار بکرێت. حیزبەکە هەروەها دەیەوێ هەموو هەڵاواردنێکی ئەرێنی بۆ نموونە "بەشبۆدانان بە هۆی ڕەگەزی نەتەوەییەوە" واتا (etnisk kvotering) هەڵوەشێندرێتەوە بۆ نموونە کاری دەسپێک یا خود (instegsjobb) کە خاوەنکار بێتوو کەسێکی بیانیی تازە ـ بۆ ـ سوید ـ هاتوو دامەزرێنێ ئەوا حوکوومەت خەرجیی بۆ دادەشکێنێ. لە گوێن ئێریک ئالمکڤیست، سەرۆکی یەکێتیی لاوانی سویدییە دیمۆکراتەکان، ئەم یاسایانە خەیانەتن بە وڵات و هەڵاواردنی سویدییەکان لە بازاڕی کاردا.

ئێریک ئالمکڤیست، باسی "خەیانەت لە وڵات"ی کرد. یووناس ئۆکرلوند جێگری سەرۆکی حیزبەکەش سویدی وا پێناسە کرد: خەڵکێک، وڵاتێک و نەتەوەیەک. بیۆرن سوێدر سکرتێری حیزبەکەش گوتی ئەو بیانییانەی دێنە سوید، دەبێ خۆ لە تەک وڵاتی ئێمەدا بگونجێنن:

بیۆرن سوێدر گوتی ئەوانەی لە کۆمەڵگای سویددا وەردەگیرێن و دەبنە سویدی، ئەوا ئازادییان وەک میوان زۆرە، کەچی نیشانەکان بۆ ئەوانەی نایانەوێ، زۆر روونە. بڕۆنەوە وڵاتی خۆتان و قەت مەگەڕێنەوە ئێرە!

کەمتر لە ساڵێک بۆ هەڵبژاردنی سەراسەریی سوید ماوە و ئەم حیزبە لە ئێستاوە چەند پرسی دیکەشی بەرز کردۆتەوە کە وێدەچێ دەنگ وەربگرێ. حیزبەکە دەیەوێ وەک ئەمریکاییەکان، ناونووسێکی ئاشکرای کەسانی منداڵباز بکات و شوێنی ژیانیشیان دیاری بکات. ییمی ئۆکەسۆنی سەرۆکی پارتییەکە هەروەها داوای سزایەکی قورستر دەکات بۆ ئەو کەسە دووبارە بە تاوانکارییەوە خەریک دەبێت:

بۆ هاندانی دەنگدەران، حیزبەکە بڕیاری داوە کە مووچەی خانەنشینی زێدە بکات و بۆ ڕاکێشانی زیاتری خەڵکی بەرەی چەپ، لە ڕەخنەکانی پێشوویان لە بزاڤی سەندیکایی پاشگەز بوونەوە. هەروەها دەیانەوێ پارەی قەرەبووی سندووقی بێکاری بەرز بکەنەوە. سڤێن ئولوف سێلستروێم لە سەرۆکانی ئەو حیزبە دەڵێ خەڵک داوای سیاسەتێکی گۆڕاوی دیموکراتەکانی سوید لە سەر سیاسەتی بازاڕی کار دەکەن کە تێیدا نە پشتی ئالیانسی ڕاست دەگرن کە دەیەوێ مووچەکان نزم کاتەوە و نە هی کارتێلی چەپ کە هەر خەتی دانی یارمەتی، بیدراگ، دەئاژوێ.

ییمی ئۆکەسۆن سەرۆکی حیزبی دیموکراتە سویدییەکان ئەمڕۆ لە وتارێکدا کە لە لاپەڕەی دێبات لە ئافتۆن بلادێتدا بڵاوی کردۆتەوە، دینی ئیسلام وەک گەورەترین هەڕەشەی بیانی لە سوید پاش شەڕی دووەمی جیهانیی بەناو دەکا. گەلێ مافناس کە ڕۆژنامەکە قسەی لەگەڵ کردوون، وتارەکەی ئۆکەسۆن بە هاندان دژی گرووپە قەومییەکان دادەنێن، واتا (hets mot folkgrupp). ئیسلامناس یان یەرپێ بەم رۆژنامەیە دەڵێ ئەم ڕوانگەیە هەر هەمان پروپاگەندای دژە یەهوودیی نازییەکانە و ڕەگی لە نەژادپەرستیی وان دایە.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Har du frågor eller förslag gällande våra webbtjänster?

Kontakta gärna Sveriges Radios supportforum där vi besvarar dina frågor vardagar kl. 9-17.

Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".