Du måste aktivera javascript för att sverigesradio.se ska fungera korrekt och för att kunna lyssna på ljud. Har du problem med vår sajt så finns hjälp på http://kundo.se/org/sverigesradio/

جیهان له‌ سکۆنێدا

بڵاو کرایه‌وه‌ måndag 26 oktober 2009 kl 16.19

پێکدادانه‌کانی لاوان و پۆلیس بۆ نموونه‌ له‌ گه‌ڕه‌کی ڕوسه‌نگۆردی‌ مالمیۆ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و که‌لێنه‌یه‌ که‌ له‌ نێوان پۆلیس و دانیشتوانی ناوچه‌ په‌ڕاوێزه‌کانی هه‌رێمی سکۆنێدا هه‌ن، به‌ ڕای پۆلیس. بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و کێشه‌یه‌ پڕۆژه‌یه‌ک‌ به‌ ناوی (جیهان له‌ سکۆنێدا) ده‌ست پێ کراوه‌.

- به‌ڕاستی جێ خۆشحاڵییه‌، خۆم هه‌ر به‌نیازم دوای خوێندنی ئاماده‌یی، خوێندنی باڵای پۆلیس بخوێنم، به‌ڵام پێم باشه‌ بوو پێش خوێندنه‌که‌ چه‌ند ساڵێک له‌و بواری کاره‌دا ئه‌زموونم هه‌بێت. هیواکه‌ی یه‌تۆن بوزولی که‌ به‌ ڕه‌گه‌ز خه‌ڵکی بۆسنه‌یه‌ بۆته‌ پڕۆژه‌. ئه‌و یه‌کێکه‌ له‌و 25 لاوه‌یه‌ که‌له‌ سه‌ره‌تای مانگی ئۆکتۆبه‌ره‌وه‌ ده‌ستیان به‌ ڕاهێنانێکی پانزه‌ مانگی له‌ ده‌ستگه‌ی پۆلیسدا کردووه‌. 

 ئامانج له‌م ماوه‌ ڕاهێنانه‌ خۆ ئاماده‌کردنه‌ بۆ خوێندنی باڵای پۆلیس و ئاسانکاری بۆ وه‌رگرتنی کار له‌و بواره‌دا و له‌ داهاتوودا، ئه‌مه‌ له‌ چوارچێوه‌ی پڕۆژه‌یه‌کدا که‌ هه‌ موو به‌شداربوانی ‌ لاوانی به‌ڕه‌گه‌ز بیانی واتا نا سویدین. له‌و ماوه‌یه‌دا ئه‌و لاوانه‌ له‌سه‌ر کاری په‌یوه‌ستگه‌ی ته‌له‌فۆن، پرسگه‌ و کاره‌کانی پاسپۆرت له‌ کۆمۆنه‌کانی هه‌رێمی سکۆنێدا کار ده‌که‌ن. 

- بنه‌مای ئه‌م بیرۆکه‌یه‌ له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ که‌ کاری پۆلیس له‌ بناغه‌دا خزمه‌تکردنی کۆمه‌ڵگه‌یه‌، تا پۆلیسیش بتوانێ باشتر ئه‌و خزمه‌ته‌ پێشکه‌ش بکات و ڕێ له‌ تاوانکاری بگرن، ئه‌و پاشخانه‌ کولتورییه‌ و زانینی چه‌ند زمانێک که‌ ئه‌و لاوانه‌ له‌گه‌ڵ خۆیان هێناویانه‌ له‌ کاری پۆلیسدا پێویستن. به‌ڕای سه‌رپه‌رشتیکاری پڕۆژه،‌ ئێلیزابێت تۆریسی. 

به‌م پڕۆژه‌یه‌ به‌ناوی  جیهان له‌ سکۆنێدا، که‌ به‌ پاره‌ی حوکوومه‌تی سویدی و فۆندی یه‌کییه‌تی ئه‌وروپا دارایی ده‌کرێت،  پۆلیس ده‌یانه‌وێت جه‌خت له‌و گۆڕانکارییانه‌ بکه‌نه‌وه‌ که‌ به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگای سویدیدا هاتووه‌، سوید به‌راورد به‌ سی ساڵ له‌مه‌وبه‌ر گۆڕانکاری به‌سه‌ردا هاتووه‌، هه‌ربۆیه‌ ده‌سته‌ی کاری پۆلیسیش ده‌بێت ئه‌و گۆڕانکاییانه‌ تێیدا ڕه‌نگ بده‌نه‌وه‌. پیویست بوون به‌و گۆڕانکارییه‌ له‌ ڕووداوه‌کانی ئه‌م ساڵانه‌ی دواییدا و به‌تایبه‌ت پێکدادانه‌کانی نێوان لاوان و پۆلیسی مالمیۆدا ده‌رده‌که‌وێت، هه‌ر ئه‌و ڕووداوانه‌ بوو پۆلیسی سکۆنێیان خسته‌ ژێر پرسیارو به‌ ڕه‌گه‌ز په‌رست، ڕاسیست تاوانبار کران.  

- ئه‌مه‌ ده‌رفه‌تێکی به‌نرخه‌ بۆ ئه‌و‌ 25 لاوه‌ کوڕو کچه‌ له‌م ڕێگه‌یه‌وه‌ ببنه‌ پۆلیس،  ئه‌مه‌ فرسه‌تێکیشه‌ تا ئه‌و لاوانه‌ تاوانه‌کانی خۆیان نیشان بده‌ن و بزانین ئه‌وان چۆن به‌ ئه‌زموونه‌کانیان کاری پۆلیس ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌که‌ن. یاریده‌ده‌ری سه‌رۆکی پۆلیسی هه‌رێمی سکۆنێ، هانس نوردین. 

گۆڕانکارییه‌کانی نێو ده‌سته‌ی کاری پۆلیس ته‌نها بره‌و دان به‌ فره‌کلتوری له‌و بواره‌دا نییه‌ به‌ڵکه‌ گۆڕانکارییه‌ له‌و توانا و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی له‌ پۆلیس به‌مه‌رج ده‌گیرێت. هانس نوردین ده‌ڵیت چیتر وێنه‌ی پۆلیس ئه‌و باڵابه‌رزه‌ چاونه‌ترسه‌ی جاران نییه‌، به‌ڵکه‌  ئه‌و مه‌رجانه‌ی  ئێستا گرنگه‌ له‌ پۆلیسێکدا هه‌بێت، توانا کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی ئه‌و که‌سه‌یه‌.

- ئه‌وه‌ وه‌ختی خۆی وابوو، بۆ نموونه‌ پۆلیس له‌ ڕه‌گه‌زی پیاو ده‌بوا باڵای له‌ 175 سێنتیمه‌تر کورتر نه‌بێت و ژنان 165 سێنتیمێته‌ر. ئێستا ئه‌و مه‌رجانه‌ گرنگ نین، ئه‌وه‌ی گرنگه‌ ئه‌وه‌ی که‌ پۆلیس حه‌ز به‌ هاوکاری و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ خه‌ڵکیدا بکات و لییان تێبگات.

یه‌کێک له‌و لاوانه‌ی به‌نیازه‌ خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌م مه‌رجه‌ نوێیانه‌ی کاری پۆلیسدا بگونجێنێت  ماریانا ماشوونه‌، ماریانا جگه‌ له‌ سویدی زمانی عه‌ره‌بیش ده‌زانێت،  پاش ئه‌وه‌ی چه‌ند ساڵێک له‌ ماکدۆناڵد و هه‌ندێک کاری تری کردووه‌ ئێستا رێگای خۆی دۆزیوه‌ته‌وه‌ بۆ کاری پۆلیس ده‌خوێنێت.

- مادام له‌ کۆمه‌ڵگایه‌کی فره‌کولتوردا ده‌ژین، ده‌توانین سوود له‌ زانینی ئه‌و زمانه‌ جیاوازنه‌ وه‌ربگیرێت که‌ له‌ کۆمه‌ڵگای سویدیدا قسه‌ی پێ ده‌کرێت، بۆ نموونه‌ له‌و کێشانه‌ی که‌ په‌یوه‌ندیان به‌ توندوتیژی به‌ پاساوی شه‌ره‌فه‌وه‌ هه‌یه‌، یاخود ئه‌و کێشانه‌ی له‌ نێو خێزاندا ڕوو ده‌ده‌ن، ئه‌و کاته‌ جگه‌ له‌وه‌ی زمانی ئه‌و که‌سانه‌ ده‌زانین ژن بونیش کاری په‌یوه‌ندی به‌و که‌سانه‌وه‌ ئاسانتر ده‌کات. 

به‌شداری کردن له‌ پڕۆژه‌ی ،جیهان له‌ سکۆنێدا، نه‌ ته‌نها ڕێ بۆ لاوانی به‌ ڕه‌گه‌ز بیانی  خۆش ده‌کات تا ببنه‌ پۆلیس، به‌ڵکه‌ ده‌رفه‌تێکه‌ به‌ تایبه‌ت بۆ ژنانی به‌ڕه‌گه‌ز بیانی تا له‌م بواره‌دا کار بکه‌ن. ماریانا ماشوونیش هه‌ر به‌و هیوایه‌ له‌م پڕۆژه‌یه‌دا به‌شداره‌وه‌ ده‌ڵێت

 - هیوادارم بتوانم ببمه‌ نموونه‌ بۆ هه‌موو ئه‌و کچه‌ گه‌نجانه‌ی که‌ ئاماده‌ن هاوکاری کۆمه‌ڵگه‌ بکه‌ن و کار بۆ به‌رقه‌رار کردنی ڕێک و پێکی ئاسایش ده‌که‌ن.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Har du frågor eller förslag gällande våra webbtjänster?

Kontakta gärna Sveriges Radios supportforum där vi besvarar dina frågor vardagar kl. 9-17.

Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".