Du måste aktivera javascript för att sverigesradio.se ska fungera korrekt och för att kunna lyssna på ljud. Har du problem med vår sajt så finns hjälp på http://kundo.se/org/sverigesradio/

لەوانەیە ساب بۆ هەمیشە دابخرێت

بڵاو کرایه‌وه‌ torsdag 7 januari 2010 kl 15.46
سەرۆکی هەرە بەرزی جنراڵ موتورز، ئێد ویتەکر ـ وێنە: سکانپیکس

خاوەنی شیرکەتی ئوتومبیلسازیی ساب، جێنراڵ مۆتۆرز، پێی وا نییە کە ساب بتوانێ چیدی درێژە بە مانەوەی بدات. شەوی ڕابردوو سەرۆکی هەرە بەرزی جنراڵ موتورز ڕایگەیاند کە ئەو پێشی داخرانی هەمیشەیی شیرکەتی ئوتومبیلسازیی سابی پێ ناگیرێت و کارخانەگەلی ساب لەو هەفتەیەوە دەتوانرێ داخرێن.

ڕێگەچارەی دوایین سات بۆ ڕزگارکردنی ساب، وێناچێ شتێکی ڕاست بێت. ئەمە لە گوێن قسەکانی سەرۆکی هەرە بەرزی جنراڵ موتورز، ئێد ویتەکر (Ed Whitacre)، کە دوێنێ شەوێ لە کۆنفرانسێکی چاپەمەنیدا لە دیترۆیت باسی کرد.

ئێد ویتەکر (Ed Whitacre) گوتی پێی وا نییە لە دوایین کات و ساتەکاندا پێشنیارێکی جێپەسند بێتە پێشەوە. بە پێی هەواڵی ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیترز، ئێد ویتەکر گوتوویەتی کە کارخانەکانی ساب دەکرێ هەر لە ئێستاوە و لەم هەفتەیەدا دابخرێن.

سەرۆکی بەرزی جنراڵ موتورز گوتی شتەکە لە ڕاستیدا زۆر ڕوون و سادەیە، ئەوەی پارەکان نیشان بدات دەتوانێ ساب بکڕێت، بەڵام تا ئێستا هیچ کەس ئەمەی نەکردوە. بۆیەش لە سەر ڕەوتی داخستنی ساب بەردەوام دەبین.

ویتەکر ئەم ڕەخنەیەشی لە لایەن ئەوانەی پێیان وایە جێنراڵ موتورز ئەوەندەی پێویستە کار بۆ ڕزگارکردنی ساب ناکا ئاراستە کرا، بەڵام لە وەڵامدا گوتی ئێمە هەموو ئەو کارانەی بۆمان دەکرێ، کردوومانە.

هاوکات شاندێکی حوکوومەتی سویدی بەرەو ئەمریکا بەڕێکراوە تا چاوی بە سەرۆکایەتیی جێنراڵ موتورز بکەوێ. ڕۆژی شەممەش بۆ نموونە یۆران هێگلوند ڕاوێژکاری وەزیری چالاکیی ئابووری سەفەر دەکاتە دیترۆیت بۆ ئەوەی لە سەر داهاتووی ساب، گفتوگۆ بکات.

زلشیرکەتی ئەمریکایی جینراڵ موتورز پێشتر گوتبووی کە خەریکی هەڵسەنگاندنی پێشنیارگەلی جۆراوجۆرە لە سەر کڕینی ساب و زۆرترین قسە و باسیش لە دەوروبەری شیرکەتی هولەندیی سپایکر دەخولێتەوە.

لە گوێن هەواڵێک کە ئاژانسی داوجۆنز بڵاوی کردۆتەوە ڤیکتۆر مولر بەڕێوەبەری گشتیی سپایکر گوتوویەتی کە شیرکەتەکەی ئەو، ئەمڕۆ سێهەمین پێشنیاری تازەکراوی خۆی بۆ کڕینی ساب پێشکەش دەکات. سپایکر ڕایگەیاندووە کە جێنراڵ موتورز سنوورێکی بۆ پێشکەشکردنی دوایین پێشنیاری کڕین داناوە، ئەویش سەعات یازدەی ئەمشەوە بە کاتی سوید. بەڵام جێنراڵ موتورز نەیویست هیچ ڕوونکردنەوەیەک لە سەر ئەم سنووردانانە بداتە هەواڵنێری ناوەندی دەنگوباسی ڕادیۆ سوید، ئێکۆت.

بەمحاڵەوە قسەی شەوی ڕابردووی سەرۆکی بەرزی جینراڵ موتورز، ئێد ویتەکر زۆر ڕوون و ئاشکرا بوو.  ئەویش ئەوە کە هیچ پێشنیارێک تا سەر نییە و بڕیاری داخستنی ساب، هیشتا هەر لە سەر جێی خۆی ماوەتەوە.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Har du frågor eller förslag gällande våra webbtjänster?

Kontakta gärna Sveriges Radios supportforum där vi besvarar dina frågor vardagar kl. 9-17.

Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".