Du måste aktivera javascript för att sverigesradio.se ska fungera korrekt och för att kunna lyssna på ljud. Har du problem med vår sajt så finns hjälp på http://kundo.se/org/sverigesradio/

کام شێوەزار لە هەرێمی کوردستاندا، ببێتە زمانی ڕەسمیی کورد؟

بڵاو کرایه‌وه‌ tisdag 19 januari 2010 kl 16.03
1 av 2
نەوزاد هرووری
2 av 2
ئەمیر حەسەنپوور، حەسەن قازی

لە نێوان ٢١ – ٢٣ی مانگی دێسامبری ٢٠٠٩ "ئاکادێمیای کوردی"، بە مەبەستی گەڵاڵە کردنی پێشنیارێک بۆ بە ڕەسمی ڕاگەیاندنی زاراوەی سۆرانی لە لایەن دەسەڵاتی سیاسیی هەرێمەوە، "کۆنفرانسی زمانی ڕەسمیی هەرێمی کوردستان"ی لە هەولێر بەڕێوەبرد، بەڵام بە بێ هیچ ڕێککەوتنێک کۆتایی پێ هات چونکە بەشداران لە سەر ئەوەی کام شێوەزار ببێتە زمانی ڕەسمی لە هەرێمی کوردستاندا، ڕێک نەکەوتن.

یەکێ لە بەشدارانی ئەم کۆنفرانسە، نەوزاد هرووری سەرۆکی کتێبخانەی کوردی لە ستۆکهۆڵم بوو.

بەڕێوەبەرانی کۆنفڕانس لە کاتی کۆنفڕانسەکەدا ڕایانگەند کە نامەی حەسەن قازییان لێ ون بووە. نووسراوەیەکی دیکەشیان لە جیاتی نامەکەی پرۆفیسۆر ئەمیر حەسەنپوور خوێندەوە! هەردوو کەس لە نامەکانی خۆیاندا ڕایانگەیاندبوو کە زاڵکردنی شێوەزارێک بە سەر شێوەزارەکەی دیکەدا بە پێویست نازانن چونکە بە زیانی زمانی کوردی دەشکێتەوە.



حەسەنپوور لە وتووێژێکدا لەگەڵ زایەڵە، وریایی دەداتە گشت لا، کە مەترسیی "شۆڤینیزمی سۆرانی"، هەڕەشە لە ژیانی شێوەزاری کورمانجی دەکات.


دەقی نامەکەی ئەمیر حەسەنپوور

بەڕێزانی ئاکادێمیای زمانی کوردی،

وێڕای سڵاوێکی گەرم و گوڕ،

زۆر بە داخەوە بۆم ڕێک ناکەوێ لە "کۆنفڕانسی زمانی ڕەسمیی هەرێمی کوردستان"دا بەشداری بکەم و تەنیا تێبینییەکانم سەبارەت بەو باسە بە کورتی گەڵاڵە دەکەم:

١ـ وا دیارە "ئاکادێمیای کوردی" بە وەلانانی کێشەی زمانی ستانداردی کوردی و هێنانە گۆڕی کێشەی زمانی ڕەسمیی کوردی دەیەوێ ئەو دوو کێشەیە لێک جوێ بکاتەوە و باسی زمانی ستاندارد وەلابنێ و کێشەکە وەک کێشەی زمانی ڕەسمی دابڕێژێ، بەڵام لە بارودۆخی زمانی کوردیدا کە دوو لەهجەی ستانداردی هەیە، هەر پڕۆژەیەکی ڕەسمی کردنی یەک لەهجە، کێشەی دوو لەهجە ستانداردەکە بە ناچاری دێنێتەوە گۆڕێ. هیچ ڕێگەیەک بۆ خۆشاردنەوە لەو کێشەیە وەبەرچاو ناکەوێ.


٢ـ لەهجەی کورمانجی هیچ شتێکی لە سۆرانی کەمتر نییە. هەر شتێکی بە سۆرانی بکوترێ و بنووسرێ بە کورمانجیش دەکوترێ و دەنووسرێ. لە ڕوانگەی زانستی زمانەوە(زمانناسی، کۆمەڵناسیی زمان، زمانناسیی کۆمەڵایەتی...) ڕەسمی کردنی سۆرانی بە بیانووی "پێشکەوتوو بوون" هەڵەیە.


٣ـ ڕەسمی کردنی سۆرانی پڕۆژەیەکی سیاسییە کە دەسەڵاتی زمانیی بە شێوەیەکی نابەرامبەرانە دابەش دەکا. ئەو پڕۆژەیە دەسەڵات دەدا بە ئاخێوەرانی سۆرانی و دەسەڵات لە ئاخێوەرانی کورمانجی وەردەگرێ و لە مافی زمانیی بێ بەشیان دەکا. ئەوە پڕۆژەیێکی سیاسییە لە بەر ئەوەی کە مافی زمانیی و مافی مرۆڤیی ئاخێوەرانی کورمانجی پێشێل دەکا.



٤ـ پێویست نییە زمانی ڕەسمی یەک لەهجەی هەبێ. ئەگەر بێتوو هەر دوو لەهجە ستانداردەکە ڕەسمی بکرێن، دەتوانن ئەرکەکانیان ئاوا بەڕێوە بەرن:



ئەلف- خوێندن: ئاخێوەرانی هەر لەهجەیەک بە لەهجەی خۆیان دەخوێنن و دەنووسن و لەهجەکەی دی باش فێر دەبن.
ب- دراو: لایێکی دراو بە کورمانجی و لایەکەی دی بە سۆرانی دەنووسرێ.
ج- پاسپۆرت: لاپەڕەیێکی پاسپۆرت بە کورمانجی و لاپەڕەکەی دیکەی بە سۆرانی دەنووسرێ.
د- ڕەگەزنامە و ناسنامەی باری کەسایەتی: ئەوانەش وەک پاسپۆرت بە هەر دوو لەهجە دەنووسرێن.
ە- نامە گۆڕینەوە: نامە بۆ حکوومەتی فێدراڵ(ناوەندی) بە هەرکام لە لەهجەکان یان زمانی عەڕەبی دەنووسرێ. ئەوانەی بۆ دەوڵەت کار دەکەن، بە تایبەت ئەوانەی بە کاروباری پێوەندیی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەندی ڕادەگەن پێویستە زمانی عەڕەبی و هەر دوو لەهجەکە بزانن. ئەوە داخوازیێکی سەیر و بێ پێشینە و نەکراو و نەبیستراو نییە. لە عێراق، وەک وڵاتی دوو زمانەی دی (بۆ وێنە کانادا)، دەبێ ئیمکاناتی وەرگێڕاندنی عەڕەبی - کوردی و کوردی - عەڕەبی لە دەزگای حکوومەتدا پێکبێ(لە پارڵمانی کانادا و بلژیک و وڵاتی دوو زمانە یان فرە زمانەی دی وەرگێڕان ئەرکێکی ئاسایی حکوومەتە).
و- ناوی شەقام و قوتابخانە: باری ئێستە کە نووسین بە هەر دوو لەهجە باوە بپارێزرێ و لە داهاتوودا ڕەچاو بکرێ.
ز- چارەی دی: دەکرێ پاسپۆرت بە سۆرانی بێ و پارە بە کورمانجی، یان دەکرێ پارەی کاغەزی بە کورمانجی بێ و وردە پارە(سکە) بە سۆرانی و هتد.



٥ـ حکوومەتی ناوەندی، بە گوێرەی دەستووری ئێستە، مافی وەی نییە خۆ لە کێشەی لەەهجەکان هەڵقوتێنێ. تەنیا گەلی کورد مافی وەی هەیە و دەبێ هەیبێ کە کێشەی لەهجەکان چارەسەر بکا. ئەگەر بڕیار ئەوە بێ کە ژیانی سیاسی و زمانیی عێڕاق دێمۆکڕاتی بکرێ، پێویست دەبێ حکوومەتی ئێستەی عێڕاق ئەوە فێر بێ و بیسەلمێنێ کە مافی دەست تێوەردان لەو کێشەیەی نییە. لە ڕابردوودا، حکوومەتی ئینتیداب و پاشایەتی و کۆمار، بە تایبەتی بەعس، خۆیان لەو کێشەیە هەڵقوتاند بۆ ئەوەی مافی زمانیی گەلی کورد پێشێل بکەن. حکوومەتی ناوەندیی ئێستە، دەبێ ئەو بیانوویە وەلابنێ و لە باتی سەرکوت کردنی زمانی کوردی، هەنگاو هەڵگرێ بۆ گەشە پێکردن و برەوپێدانی زمانی کوردی.



١٤/١٢/٢٠٠

ئەمیر حەسەنپوور


بەرپرسانی کۆنفرانسەکە و ئاکادیمیای کورد، یا ئەو گوێگرانەی بۆچوونێکی هاوشێوە یا جیاوازیان هەیە دەتوانن لە گەڵ ئێمە لە پەیوەندی دابن و بۆچوونەکانی خۆیان لەمبارەوە بێننە گۆڕێ. تەلەفۆنی زایەڵە بۆ تۆمارکردنی بیروڕاکانتان ئەمەیە:
08/ 7843947

ئامادەکار: ناسری سینا
nasser.sina@sr.se

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Har du frågor eller förslag gällande våra webbtjänster?

Kontakta gärna Sveriges Radios supportforum där vi besvarar dina frågor vardagar kl. 9-17.

Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".