Du måste aktivera javascript för att sverigesradio.se ska fungera korrekt och för att kunna lyssna på ljud. Har du problem med vår sajt så finns hjälp på http://kundo.se/org/sverigesradio/

زانیارییه‌کان سه‌باره‌ت به‌ئیسلامیزمی ڕادیکاڵ که‌مهێنه

بڵاو کرایه‌وه‌ torsdag 21 januari 2010 kl 10.23

‌ماوه‌یه‌ک له‌ مێدیاکانه‌وه‌ ده‌نگۆی ئه‌وه‌ هه‌بوو که‌ هه‌ندێک که‌س و گروپی ئیسلامی توندڕه‌و به‌ر له‌ سه‌ربه‌ستیی لاوان به‌ تایبه‌ت کچان ده‌گرن و به‌ زۆره‌ملێیی سه‌رپۆشیان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنن و ڕێی له‌ ڕابواردن و کۆبونه‌وه‌ و تێکه‌ڵبوونی کچان و کوڕان ده‌گرن. ئه‌م دیارده‌یه‌ له‌ هه‌ندێک له‌و ناوچه‌ په‌ڕاوێزانه‌ی وه‌ک روسه‌نگۆرد له‌ مالمیۆ و رینکه‌بی له‌ ستۆکهۆلم که‌ ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ په‌نابه‌ر و بێگانه‌ تێیدا ده‌ژین سه‌ریان هه‌ڵدابوو. به‌ڵام ئێستا به‌رفراوانی ئه‌م دیاردانه‌ و ڕاست و دروستیی زانیارییه‌کان سه‌باره‌ت به‌‌و جۆره‌ چالاکییانه‌ی گروپه‌ ئیسلامییه‌ توندڕه‌وه‌کان له‌ سویدا بۆته‌ جێی پرسیار و وه‌زیری هاوگونجی  نیامکۆ سابوونی ده‌ڵێت ده‌بێت له‌و کێشه‌یه‌ باشتر بکۆڵینه‌وه

‌-  ئه‌م دیارده‌یه‌ تا چ ڕاده‌یه‌ک به‌رفراوانه‌، نازانین، منیش نازانم، هه‌ربۆیه‌ به‌ نیازم  داوا له‌ پۆلیسی ئاسایش بکه‌م که‌ لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ک بۆ دیاریکردنی ئه‌ندازه‌ی ئه‌و کێشه‌یه‌ ئه‌نجام بده‌ن 

- من پێم وایه‌ پۆلیسی ئاسایش زانیاری و وێنه‌یه‌کی دروستتریان سه‌باره‌ت به‌و کێشه‌یه‌ هه‌یه‌، ئێمه‌ ده‌زانین که‌ ئه‌و کێشه‌یه‌ هه‌یه‌ به‌ڵام ڕاده‌ی به‌رفراوانی ئه‌و دیارده‌یه‌ نازانین. 

ئه‌م قسانه‌ به‌شێک بوون له‌ وتاره‌که‌ی وه‌زیری هاوگونجی نیامکۆ سابونی که‌ له‌ کۆنفرانسی ساڵانه‌ی هێزی به‌رگریی سویدا به‌ناوی هاوڵاتی و به‌رگریی دوێنێ  پێشکه‌شی کرد. سابونی هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ ده‌بێت پێشوازی و پشتگیری له‌و که‌سانه‌ بکه‌ین که‌ ڕیزی گروپه‌ توندڕه‌وه‌ ئیسلامیییه‌کان جێدێڵن.

هه‌ر له‌ وتاره‌که‌ی دوێنێیدا سابونی ئاماژه‌ی به‌و لێکۆڵینه‌وه‌یه‌دا که‌ دوو توێژه‌وه‌ر له‌ ماوه‌ی ساڵی ڕابوردوودا ده‌ریانخست که‌ له‌ماوه‌ی پێج ساڵی ڕابوردوودا گروپه‌ توندڕه‌وه‌ ئیسلامییه‌کان له‌ گه‌ڕه‌کی ڕوسه‌نگۆرد زیادی کردووه‌. به‌ڵام ئه‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ به‌ره‌وڕووی ڕه‌خنه‌ی توند بۆوه‌، هه‌ندێک له‌و ڕه‌خنه‌گرانه‌ ده‌ڵێن ئه‌و زانیاریانه‌ی ئه‌و کۆبونه‌وه‌ی پشتی پێ به‌ستوون سه‌رچاوه‌یه‌کی ڕوونیان نییه‌. 

جێی باسه‌ جگه‌ له‌ نیامکۆ سابونی سه‌رۆکی گروپی لاوانی ڕوسه‌نگۆردیش ڕه‌مه‌زان فاخرۆ سه‌باره‌ت به‌ به‌رفراوانی دیارده‌ی گاوانانی بیروڕا واته‌ ئه‌و که‌سانه‌ی له‌ گه‌ڕه‌که‌ په‌ڕاوێزه‌کاندا بیروبۆچونی ئیسلامی توندڕه‌و ده‌سه‌پێنن، به‌ گومانه‌ 

- کێشه‌که‌ ڕه‌نگه‌ هه‌بێت، چونکه‌ گوایا ئامار سه‌بارته‌ به‌و دیارده‌یه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام من وه‌ک خۆم ئه‌و کێشه‌یه‌م نه‌بینیوه‌ 

هه‌ر له‌ ڕوسه‌نگۆرده‌وه و سه‌رۆکی گروپی لاوان عه‌بدولمالیک محه‌مه‌د ‌ پێی وایه‌ که‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌و جۆره‌ زانیاریانه‌ و به‌بێ لێوردبوونه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ به‌رفراوانبوونی ته‌وژمی ئیسلامیزم  کارێکی مه‌ترسیداره‌ بۆنمونه‌  ئه‌و زانیاریانه‌ ده‌کرێت پارتێکی دژ به‌ بیانیانی وه‌ک دیموکراته‌کانی سوید، سڤارییه‌دیموکراته‌کان، خراپ که‌ڵکیان لێ وه‌ربگرێت. عه‌بدولمالیک محه‌مه‌د ده‌ڵیت ڕاسته‌ زۆر له‌ کچان دووچاری توندوتیژی دێنه‌وه‌ به‌ڵام ئه‌و کێشه‌یه‌ هۆکار و ڕوونکردنه‌وه‌ی تری هه‌ن. 

- گه‌ر کچان له‌ ژێر فشاردان، ئه‌وه‌ سه‌رچاوه‌که‌ی کلتووره‌، من نا‌توانم ئاینی ئیسلام به‌ سه‌رچاوه‌ی ئه‌م کێشه‌یه‌ بزانم، چونکه‌ ئیسلام ئاینێکی هێنده‌ جوان و ساکاره‌. من پێم وایه‌ عه‌بدولمالیک ده‌ڵێت که‌ گه‌ر له‌و کچانه‌ بپرسن چی به‌رگره‌ له‌ سه‌ربه‌ستیان باوه‌ڕناکه‌م ئیسلام له‌ دایک و باوکیان به‌ ڕێگرتر بزانن، به‌و واتایه‌ی ئه‌وه‌ کلتوره‌ به‌ر به‌ سه‌ربه‌ستیه‌کامی ئه‌و کچانه‌ ئه‌گرێت نه‌ک ئیسلامی توندڕه‌و.

جیاوازیی نێوان‌ ئیسلامیزمی ڕادیکاڵ له‌گه‌ڵ کلتور و ترادیشون چییه‌، پرسێکه‌ زانیارییه‌کان ده‌رباره‌ی که‌من. ته‌نانه‌ت یه‌کێک له‌ نوسه‌رانی ئه‌و لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ی له‌ ده‌رئه‌نجامه‌که‌یدا  ئاماژه‌ی به‌ به‌رفراوانبوونی ئیسلامیزمی توندڕه‌و له‌ ڕوسه‌نگۆرد کرد، یوسفین دۆس سانتۆس ده‌ڵێت ئه‌و دیارده‌یه پێویسته‌‌ لێکۆڵینه‌وه‌ی زیاتری له‌باره‌وه‌ بکرێت

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Har du frågor eller förslag gällande våra webbtjänster?

Kontakta gärna Sveriges Radios supportforum där vi besvarar dina frågor vardagar kl. 9-17.

Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".