Du måste aktivera javascript för att sverigesradio.se ska fungera korrekt och för att kunna lyssna på ljud. Har du problem med vår sajt så finns hjälp på http://kundo.se/org/sverigesradio/

کۆماری کوردستان و دوو وتووێژ

بڵاو کرایه‌وه‌ måndag 25 januari 2010 kl 16.02
1 av 2
وێنەگر: ساڵە نەڵۆسی / ماڵپەڕی پێشمەرگەکان
2 av 2

ڕۆژی شەممەی ڕابردوو نزیکەی دوو هەزار کەس لە کوردەکانی سوید کە زوربەیان کوردی ڕۆژهەڵات بوون، بەشداری ئاهەنگی ساڵانەی یادکردنەوەی یەکەم کۆماری کوردستان لە مەهاباد بوون کە وەک دابی هەموو ساڵێک، لە هۆڵی مەزنی سۆڵنا لەوپەڕ ستۆکهۆڵم گیرا.

لە بەشی یەکەمی ئاهەنگەکەدا حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کورد و سویدی پەیامی پیرۆزباییان و وتاری سیاسییان خوێندەوە و بەشی دواییش، بۆ کۆڕی شایی و و ڕەشبەڵەک تەرخان کرا کە تا درەنگانێکی شەو، درێژەی خایاند. لە بەرنامەکانی داهاتوودا ڕاپۆرتێکی تێر و تەسەل لە سەر کۆڕەکە و پەیامە گرنگە سیاسییەکانی ئەم ئاهەنگەتان بۆ بڵاو دەکەینەوە و ئەمڕۆ گوێبیستی وتووێژێک دەبین کە نیشتمان ئیراندووست ڕاپۆرتوانی زایەڵە لەم ڕێورەسمەدا لەگەڵ سیاسەتوانی سویدی، فرێدریک مالم لە حیزبی لیبرالی گەل، فۆلک پارتیێت کردی و تێیدا دیتنەکانی لە سەر حیزبە سویدییەکان و کێشەی کورد، لێ پرسی.

فرێدریک مالم گوتی دەنگم نووساوە بەڵام پێویستە چون گرنگە خەڵکی کورد دەبێ لە وەها ئاهەنگێکدا گەرم بکرێن و بۆ درێژەی خەبات، هان بدرێن. کۆماری مەهاباد بۆتە ڕەمزی ئازادی و بۆیەش دەبێ یادی بکرێتەوە و ڕێزی لێ بنرێ.

فرێدریک مالم پێی وایە بەشداریی نوێنەرانی حیزبە سیاسییەکانی سوید کە گرنگی بە کێشەی کورد دەکەن لەو ئاهەنگەدا زۆر باشە. کوردەکانیش پیویستییان بەوەیە کە چالاکییەکانیان سەرنجی بدرێتێ و بەرجەستە بکرێتەوە.

نیشتمان ئیراندووست لێی دەپرسێ: ئایا دەنگی تۆ دەتوانێ لە دیوارەکانی هۆڵی سۆڵنا بچێتە دەرێ یا بەس لێرەدا قەتیس دەخوا؟ فرێدریک مالم دەڵێ هیوادارم. من هەوڵ دەدەم لە ناو حیزبەکەی خۆمدا وتار بدەم و بابەت بنووسم و لە سەر کێشەی کورد بۆ سیاسەتوانانی دیکەش بدوێم.

بەڵام ئاخۆ قسەکردن و دووپاتکردنەوەی هەموو ساڵەی ئەم قسانە چ سوودێکی هەیە؟

مالم دەڵێ ئەو ستەمەی لە کوردستان دەکرێ هێشتا هەر بەربڵاوە. ئاشکراشە کاتێ یەکتر دەبینین هەر باسی ئەو زوڵمە زۆرە دەکەین و لە سەر ڕزگاربوون دەدوێین. هەتا ئەو زوڵمەش بەردەوام بێ کۆرەکانی دووی ڕێبەندان ئەوەندەی دی پڕ دەبن لە قسە و دروشم. دەشبێ هەر وا بێ دەنا ئەو گرفتانە لە بیر دەکەین و وەکی پێویست بە دژیان خەبات ناکەین.

یانی ئەوە وامان لێدەکات کە هەموو ساڵێ بۆی بێینەوە؟ فرێدریک مالم دەڵێ بەڵێ هەروەکی گوتم ئەمە زۆر گرنگە کە پەرلەمانی سوید و سیاسەتوانانی سویدیش لەتەک ئەم کێشانە ئاشنا ببن. لە ناو سیاسەتوانانی سویدیدا چالاکییەکی بەربڵاو هەیە لە سەر دژبەرییەکانی بەشەکانی تری جیهان بۆ وێنە فەلەستین. من پێم وایە کێشەی کوردیش بۆ ئەوە دەبێ سەرنجێکی زیاتری بدرێتێ.

فرێدریک مالم دەڵێ ئەمساڵ لە سوید هەڵبژاردنی گشتی بۆ پەرلەمان دەکرێ و حیزبەکان هاتوونەتە ئێرە و پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن دەکەن. ساڵی پێشووش هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەورووپا بوو. بەڵام ساڵی پێشتری کە هیچ نەبوو ڕێژەی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان لێرە کەم بوون.

فریدریک مالم باسی باری ناخۆش و نەلەباری کوردانی ڕۆژهەڵات دەکات و دەڵێ ڕاستە ئەم ڕووداوە ناخۆشانە لە مێژووی کورد دا هەبوون و ئێستاش هەن بەڵام دەبێ لەم جۆرە ئاهەنگانەدا هەڵپەرکێش هەبێت چونکە ڕەشبەڵەکی کوردی، ڕەمزی شادی و ئاسۆگی داهاتووی کوردە. هەروەها بەشێکی لە فەرهەنگی و دەبێ بەجێ بێت. بەداخەوە چارەنووسی کورد، پڕە لە ستەم و تێشکان بەڵام هاوکاتیش ئاوێتەی شادی و سەرکەوتنە.

دوایین قسەی فرێدریک مالم بۆ کوردانئ ڕۆژهەڵات ئەوەیە: بەردەوام بن لە سەر خەباتی خۆیان. حیزبە سویدییەکان لە ڕووداو و چالاکییەکانی خۆیان ئاگادار بکەن، خۆپێشاندان بکەن، کۆبوونەو پێک بێنن و ئەمانە گەلی گرنگن.

بە بڕوای مالم خاڵێکی دیکەی گرنگ بۆ داهاتووی کورد، ئەو پەیوەندییەیە کە لەگەڵ بزاڤی ناسراو بە سەوز لە ئێران دەیانبێت. ئەمە گرنگترین خاڵە. بێت و بزاوی سەوز باوەش بۆ کورد بکاتەوە و مەرجی کوردان لە سەر بۆ نموونە فیدرالیسم قەبووڵ بکات، ئەوا کوردەکانیش دەتوانن لە دڵەوە پێی پەیوەست بن و یەکجار بەهێزتری لە ئێستای بکەن.

فرێدریک مالم باسی باشووری کوردستانێش دەکات و دەڵێ با کوردان تەنیا رەخنە نەگرن و باسی ڕزگاربوون نەکەن. ئەمەش ئەرکێکی گرانە لە سەر شانی حیزبە کوردییەکان کە بۆ دیمۆکراسی لە کۆمەڵگای کوردیدا تێبکۆشن.

مالم دەڵێ بۆ نموونە لە باشووری کوردستاندا گرفت هەیە وەک کێشەی بەربڵاوی گەندەڵی و ئەمە زۆر گرنگە کە حوکوومەتی هەرێمی کوردستان چارەی بکات و وێدەچێ سەرۆکوەزیری نوێی هەرێم، بەرهەم ساڵحیش هەنگاوی باشی لەم پێناوەدا هەڵێناوەتەوە و ئەمە بە باش دەنرخێنم.


هاوپەیوەند لەگەڵ ساڵڕۆژی دامەزرانی یەکەم کۆماری کوردستان، باسی بەڵگەنامەیەک دەکەین کە وێدەچێ لانی کەم لە ناو کورداندا بۆ یەکەم جار بێت باسی لێوە بکرێت، ئەویش نامەیەکە کە توێژەری مێژووی هاوچەرخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، عیرفانی قانعی فەرد لە ئەرشیڤی نەتەوەیی ئەمریکا دۆزیویەتییەوە و ئاست و بۆچوونە سیاسییەکانی قازی محەمەد، سەرۆکی یەکەم کۆماری کوردستان دەردەخات.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Har du frågor eller förslag gällande våra webbtjänster?

Kontakta gärna Sveriges Radios supportforum där vi besvarar dina frågor vardagar kl. 9-17.

Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".