Du måste aktivera javascript för att sverigesradio.se ska fungera korrekt och för att kunna lyssna på ljud. Har du problem med vår sajt så finns hjälp på http://kundo.se/org/sverigesradio/

شاره‌کانی سوێد داڵده‌ی نووسه‌ری ڕاوه‌دوونراو ده‌ده‌ن.

بڵاو کرایه‌وه‌ onsdag 27 januari 2010 kl 16.09

شار و هه‌رێمه‌کانی سوێد به‌تایبه‌تی و، شار و هه‌رێمی وڵاتانی باکوور به‌ گشتی، یه‌کێکی ئه‌و لایه‌نه‌ به‌رچاوانه‌ن که‌ په‌نا بۆ  نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووسی ڕاوه‌دوونراوی دنیا دابین ده‌که‌ن. له‌م کاره‌دا ئایکۆرن، که‌ تۆڕی شاره‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کانی داڵده‌دانه‌ و کۆمه‌ڵه‌ی ئه‌و شار و هه‌رێمانه‌ی دنیایه‌ که‌ بایه‌خ به‌ مافی ڕاده‌بڕێن ده‌ده‌ن، هاوکاریی یه‌کیه‌تیی نووسه‌رانی وڵاته‌کان ده‌کات و یانه‌ی قه‌ڵه‌میشیان دێته‌ په‌نا ـ  پێن کلوببێن.  له‌م بواره‌دا شاره‌وانیی ستۆکهۆلم‌ له‌ 1997 ـه‌وه‌ هه‌موو ساڵێک نووسه‌ری وای تاراوگه‌نشینی بۆ ساڵێک یان دووان داڵده‌ داوه‌. ئه‌مساڵ نووسه‌رێکی گورجی‌ به‌و هۆیه‌وه‌ میوانداری کردووه‌، په‌نای بۆ دابین بکات چون له‌ بواری دێمۆکراتییاندنی گورجستاندا هه‌وڵی داوه‌ به‌ڵام به‌و هۆیه‌وه‌ ڕاوه‌دوو نراوه‌. سکرتێری نێونه‌ته‌وه‌ی یه‌کیه‌تیی نووسه‌ران له‌ سوێد ـ هێنریک سێ ئێنبووم ـ ده‌ڵێت ئه‌م نووسه‌ران به‌ شێوه‌ی جیا داڵده‌ ده‌درێن

ئێنبووم ده‌ڵێت به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی کاروباری فه‌رهه‌نگی له‌ شاری ستۆکهۆڵم له‌گه‌ڵ یانه‌ی قه‌ڵه‌م ـ پێن کلوببێن ـ ئه‌و نووسه‌ره‌ دیاری ده‌که‌ن که‌ ده‌زانن زوڵمی لێ ده‌کرێت و جا ده‌یانه‌وێت داڵده‌ی بده‌ن. له‌م کاره‌دا تۆڕه‌ڕێکخراوی ئایکۆنی که‌ بنکه‌ سه‌روه‌کییه‌که‌ی له‌ نه‌روێژدایه‌ کۆمه‌کی پێشکه‌ش ده‌کات. به‌ڵام داڵده‌دانی نووسه‌ری سته‌مدیته‌ بۆ نموونه‌ له‌ شاری ستۆکهۆڵم پرسێکه‌ شاره‌وانییه‌که‌ی ستۆکهۆڵم‌ بڕیاری ده‌دات و پێوه‌ندییه‌کی ئه‌وتۆی به‌ ئایکۆنه‌ نه‌روێژییه‌که‌وه‌ نییه‌. له‌ ئوپسالا هه‌روایه‌ و له‌ یۆتۆبۆریش.

دیاره‌ له‌ ڕێی ئایکۆنه‌ نه‌روێژییه‌که‌وه‌ نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووسی سته‌مدیته‌ی کوردیش داڵده‌ دراوه‌، ئه‌وه‌تا ئه‌یاز خونشیاوه‌شانی کوردستانی ڕۆژهه‌ڵاتی له‌ تاراوگه‌ و بێنه‌وایی ده‌رکێشاوه‌ و له‌ نه‌روێژی داڵده‌ داوه‌.

له‌ سوێدیش ئه‌گه‌ر بارودۆخێکی تایبه‌ت نه‌بێ یانه‌ی قه‌ڵه‌می سوێدی نووسه‌ره‌که‌ دیاری ده‌کات، که‌ له‌و ڕێیه‌وه‌ ئیتر نووسه‌ره‌که‌ ده‌زانێت‌ بۆ نموونه‌ سوێد به‌ ته‌مایه‌ داڵده‌ی بدات.

ئێنبلومی یه‌کیه‌تیی نووسه‌رانی سوێد ده‌ڵێت نووسه‌ره‌که‌ له‌گه‌ل یانه‌ی قه‌ڵه‌م ـ یان له‌گه‌ل ئه‌و شاره‌وانییه‌ی که‌ په‌نای بۆ دابین ده‌کات، هه‌وڵ ده‌دات بچێته‌ ڕیزی نووسه‌ره‌ سته‌مدیته‌کانی سه‌ر به‌ ڕێکخرای ئایکۆنه‌وه‌ که‌ تۆڕێکی په‌یوه‌ندیی ئه‌ورووپیی نووسه‌ره‌ داڵده‌دراوه‌کانه‌. ئه‌مه‌ به‌و مانایه‌ ده‌که‌وێته‌وه‌ که‌ نووسه‌ر خۆی ناتوانێت داوای ئه‌ندامبوونی له‌ ڕێکخراوه‌که‌دا بکات، به‌ڵکه‌ ده‌بێت ڕێکخراوێکی له‌ پشت بێت که‌ یا ده‌بێت یانه‌ی قه‌ڵه‌م بێت یان یه‌کیه‌تیی نووسه‌ران.  ئێمه‌ ئه‌و لیسته‌یه‌ ڕه‌چاو ده‌که‌ین که‌ یانه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی قه‌ڵه‌م ده‌رباره‌ی نووسه‌ره‌ سته‌مدیته‌ و ڕاوه‌دوونراوه‌کان ڕێکی خستووه‌. دیاره‌ ئێمه‌ پێشنیازمان ‌ بۆ نموونه‌ له‌ ئه‌ندامان و به‌ڕێوه‌به‌رانی یانه‌کانی قه‌ڵه‌م و ڕێکخراوه‌کانی نووسه‌رانه‌وه‌ بۆ ده‌کرێت، ئه‌گه‌ر دڵنیای ئه‌وه‌ بن که‌ نووسه‌رێکی تایبه‌ت پێویستییه‌کی تایبه‌تی هه‌یه. له‌مه‌یشه‌وه‌ ناتوانین بڵێین ڕێسایه‌کی گشتی هه‌یه،‌ به‌ڵام ڕێبازه‌ ئاساییه‌که‌ی ئه‌وه‌یه‌ که‌ چاو به‌ لیسته‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌که‌دا ده‌گێڕین .

داڵده‌دانی نووسه‌ری سته‌مدیته‌ و ڕاوه‌دوونراو ده‌بێت بۆ نووسه‌رانی وا یه‌کجار گرنگ بێت، چونه‌ بۆیان ده‌ڕه‌خسێت بۆ یه‌ک دوو ساڵێک‌ ئاسووده‌ بن و که‌س گوشاریان بۆ نه‌هێنیت و به‌پێی مه‌رجه‌کانی خۆیان کار بکه‌ن. جا نووسه‌رێکی وا ئه‌گه‌ر به‌و جۆره‌ ژیانه‌ ڕانه‌هاتبیت دیاره‌ داڵده‌دانه‌که‌ی گرنگییه‌کی زۆری ده‌بێت. به‌ڵام ئه‌یاز خونسیاوه‌شان ماوه‌یه‌کی زیاتری بۆ دابین کراوه‌

ئێنبلوومیش ده‌ڵێت نووسه‌ری وا بۆ ساڵێک و دووان داڵده‌ ده‌درێت و له‌و ماوه‌یه‌دا بۆی ده‌لوێت له‌گه‌ڵ نووسه‌ر و وه‌رگێڕ و ڕۆژنامه‌نووسی وڵاته‌که‌دا نیوان بگرێت و له‌وێوه‌ ژیانێکی ته‌واوی نوێ بژیێ. نووسه‌ری وا که‌ له‌ سوێد داڵده‌ ده‌درێت کرێی خانووه‌که‌ و مانگانه‌یه‌کیشی بۆ ته‌رخان ده‌کریت که‌ بژیویی خۆی پێ دابین ده‌کات. دیاره‌ مۆڵه‌تی نیشته‌جێبوونی هه‌میشه‌ییشی ده‌درێت که‌ به‌و پێیه‌ ده‌توانێت هه‌ر کارێکی پێ خۆشه‌ بیکات.

ئه‌و نووسه‌ره‌ی له‌ سوێد داڵده‌ ده‌درێت یا خه‌ڵکی وڵاتێکه‌ حوکمه‌ته‌که‌ی دێمۆکراسیی نییه‌ یان ڕێی لێ ده‌گرێت وه‌ک نووسه‌رێکی سه‌ربه‌خۆ کار بکات و به‌رهه‌می خۆی بڵاو بکاته‌وه‌. به‌ڵام جاری وایش هه‌بووه‌ که‌ ڕێکخراوه‌ سوێدییه‌کان بۆ ساڵێک و دووان داڵده‌ی نووسرێکیان داوه‌‌ به‌ سته‌مدیته‌ و ڕاوه‌دوونراویان داناوه‌ که‌چی وڵاتی ئه‌و نووسه‌ره‌ به‌پێی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی سوێد‌ کاری به‌ کرده‌وه‌ی نادێمۆکراسییه‌وه‌ نه‌داوه‌. ‌

له‌م هه‌مووه‌ به‌ لاوه‌ داڵده‌دانی نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووسی سته‌مدیته‌ی ڕاوه‌دوونراو کارێکی نه‌ک هه‌ر بواری ئازادیی ڕاده‌بڕین به‌رین ده‌کات، به‌ڵکه‌ بۆ که‌سی وای ده‌لوێنیت توانسته‌کانی ته‌واوێک تاقی بکاته‌وه‌.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Har du frågor eller förslag gällande våra webbtjänster?

Kontakta gärna Sveriges Radios supportforum där vi besvarar dina frågor vardagar kl. 9-17.

Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".