Du måste aktivera javascript för att sverigesradio.se ska fungera korrekt och för att kunna lyssna på ljud. Har du problem med vår sajt så finns hjälp på http://kundo.se/org/sverigesradio/

سەرۆکانی دوو بەرەی چەپ و ڕاستی سوید لە سەر خاڵەکانی هەڵبژاردن گفتوگۆیان کرد

بڵاو کرایه‌وه‌ måndag 1 februari 2010 kl 16.38

ئەمساڵ بۆ یەکەمجار لە بزاڤی هەڵبژاردنی سویددا، دوو بلۆکی هاوپەیمان دژی یەک ڕاوەستاون و ئەمە لە گفتوگۆی شەوی ڕابردووی سەرۆکانی پارتییەکانی ناو پەرلەمان لە سەر تلەڤزیۆنی سویددا دەرکەوت. کار و بیمەی نەخۆشی دوو بابەت بوون کە گوڕێکی زۆریان دا بە گفتوگۆی ناو ستۆدیۆوە. گفتوگۆکان کاتێ هەڵچوون کە باسی پەراوێزاندن و سیاسەتی باج هاتنە گۆڕێ. ئەو موناقەشەیە ئاکامێکی زۆری لێ نەکەوتەوە و وای کرد کە هەندێ پرسیار، بێوەڵام بمێننەوە.

فرێدریک راینفێڵد سەرۆکوەزیری سوید و سەرۆکی پارتی موحافەزەکاری مۆدێرات گوتی: ئێمە ئێستا دەبێ موناقەشەیەک لە سەر ئەوە ساز بکەین کە کار چۆناوچۆن دابین دەکرێت. وەڵامی ئێمە ئەوەیە: زێدەبوونی توانایی دامەزراندنە سەر کار، داشکاندنی خەرجەکان، سەرنجدان بە وەی کە خەڵک پارەیەکی زیاتری لە باخەڵیدا بمێنیتەوە. ئەدی وەڵامی ئێوە چییە؟

مۆنا سالین سەرۆکی حیزبی سوسیالدیمۆکرات و سەرۆکی بەرەی سەوز و سووری ئۆپۆزیسیۆن لە وەڵامی سیاسەتی بازاڕی کاری بورژواکاندا گوتی فاکتاکان، دژی قسەکانتی تۆن فرێدریک راینفێڵد!

بێکاری ئەمڕۆ نزیکەی نۆ لەسەدە. هەر زۆرتریش دەبێت. زیاتر لە پەنجا هەزار گەنج کاری خۆیان لە دەست داوە و ماوەیەکی درێژە بێکار ماون. کەچی تۆ و حوکوومەتەکەت واتان پێ باشترە کە باجەکان بۆ یەک لە دەی خەڵکی دەوڵەمەند دابشکێنن، ئەویش بە ڕادەی بیست میلیارد کرۆن. دەزانی ئەم پارەیە چەندەی کار پێ دروست دەبێت؟

بێکاری، تەنیا خاڵی جیاوازیی بۆچوونەکان نەبوو. پاش موناقەشە لە سەر باج، دژبەرییەکان زیاتر زەق بوونەوە. ئۆپۆزیسیۆن لە مانگی ئەپریلدا ڕوانگەی خۆی لە سەر هەڵکشانی باج رادەگەیێنێ بەڵام ئەوەش بە کراوەیی باسی لێوە کرا کە بەر لە هەموان ئەوە ڤیللا گەورەکان و پارەی زۆری پاشکەوتکراوە کە هەڵکشانی باج دەیانگرێتەوە. مونا سالینی سوسیالدیمۆکرات گوتی ئەوەی تەواو لێی دڵنیان، داشکێنرانی باجە بۆ خانەنشینان.  

هاوپەیمانی ڕاستیش نەیتوانی ڕاستەوخۆ باسی سیاسەتی باجی خۆی بکات بەڵام گوتیان مووچەوەرگرانی ئاساییش باجیان بۆ دادەشکێنرێت.

ڕێساکانی بیمەی نەخۆشی یەکێ لەو بابەتە جێباسانە بوو کە تینێکی تایبەتی دا بە گفتوگۆکان. بۆچی کەسێک کە نیوە کات نەخۆشنووس کراوە دەبێ دەست لە کار بکێشێتەوە و داوای کاری تەواو وەخت بکات؟ ئەمە یەکێ لەو پرسیارانە بوو کە مۆد ئۆلۆفسۆن، سەرۆکی پارتی سەنتەر وەڵامی دایەوە.

ئۆلۆفسۆن گوتی ئێمە هەوڵ دەدەین یارمەتیی خەڵک بدەین تا بگەڕێنەوە ناو ژیانی کارەوە. ئینجا لەوانە دوا کە چەند ساڵێکە بە بێ هیچ جۆرە پەیوەندییەک لە گەڵ سندووقی بیمەی بێکارییان، چوونەتەوە سەر کار.

پێتر ئێریکسۆن سەرۆکی پارتی ژینگە، سەوزەکان، هێرشێکی توندە کردە سەر ئۆلۆفسۆن. ئەو گوتی: ئێوە هاتنە سەر کار کە بەپەراوێزبوون کەم کەنەوە کەچی خراپترتان کرد، گەلێ نەخۆش چیدی بیمەی نەخۆشی نایانگرێتەوە. گەلێ کەس ئێستا لە حاڵەتێکی نادڵنیاییدا دەژین کە پێشتر لە سویددا هەر پێویستیش نەبوو. پێتر ئێریکسۆن ئەمەشی بردە ژێر پرسیارەوە کە ئیدی بڕیاری سیاسی، بڕیار لە سەر هەڵوەشاندنەوەی پارەی یارمەتیی نەخۆشی دەدات نەک، بڕیاری پزیشکی.

مۆنا سالینی سەرۆکی سوسیالدیمۆکراتان گوتی حوکوومەتی سەوزوسوور، ئەو پەنجا هەزار کەسەی بیمەکەیان لێ سەنراوەتەوە، جارێکی دیکە دەگەرێنێتەوە سەر بیمەی پێویست. ئیمکاناتێکی بەرفرەوان بۆ گونجاندنەوەی سەر لەنوێی نەخۆشان دەئافرێنێ.

مۆنا سالین گوتی دەیەوێ بەپەراوێزبوون لە ناو بیانیاندا بە ڕێی یارمەتی و هەرەوەز لەگەڵ ئەو کۆمۆنانەی زێدەتر بیانی نشینن چارەسەر بکات.

یان بیۆرکلوندی حیزبی لیبرالی گەل جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە فێربوونی باشتری زمانی سویدی، دەرفەتی زیاتری کاریش بۆ بیانیان دەخوڵقێنێ. ئەو گوتی کۆمەڵگای ئەمڕۆی سوید، داهێنەرانی بەهێزیش دەگۆڕێ بەو کەسانی کە دەبێ یارمەتییان بدرێت.

گفگوگۆکە جارێکی دیکە ئەمەی سەلماند کە بەرەی سەوزوسوور لانی کەم لە دوو پرسیاردا یەکیان نەگرتووە: ئەفغانستان و کارنامەدان لە فێرگە. لە لایەکەی تریش ڕێککەوتننامەی حوکوومەت بۆ وزە، لە بەر یەکنەبوونی دەنگەکان لە ناو حیزبی سەنتەردا، کەوتۆتە مەترسییەوە.

پاش موناقەشەکە فرێدریک ڕاینفڵدی سەرۆکوەزیری مۆدێرات گوتی کە هێڵی دژبەرییەکان، کار و سیاسەتی باج بوون.

ڕاینفێڵد گوتی ئێمە دەمانەوێ لە داشکاندنی باج هەروا بەردەوام بین و باجەکە لە سەر خەڵکی ئاساییش کەم کەینەوە بەڵام لایەنی بەرامبەر دەیەوێ ئەو باجە لە سەر شانی ئەو خەڵکەی کار دەکەن قورس بکات. ئەویش بە قیمەتی دانانی باج لە سەر گەنجان بە ڕێی دووهێندکردنی مزەی خاوەنکارێتی و یارمەتیدانێکی یەکجار زۆر لە ڕێگەی سیستەمی سندووقی بیمەی بێکاری.

مونا سالین سەرۆکی سوسیالدیمۆکراتی ئۆپۆزیسیۆنیش، قسەکانی پێتر ئێریکسۆنی حیزبی ژینگەی بۆ دیاریکردنی هێڵی هەرە بەرچاوی جوداییەکان هێنایەوە. ئەو گوتی هەڵبژاردنەکە لە نێوان دوو بەرە دایە کە یەکیان دەیەوێ بە ڕێی پارە قەرزکردن، باجەکان دابشکێنێت و ئەو بەرەیەش کە بە شێوەیەکی درێژخایەن سەرمایەگوزاری بۆ کاری زیاتر و گەشەی ئابووری دەکات.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Har du frågor eller förslag gällande våra webbtjänster?

Kontakta gärna Sveriges Radios supportforum där vi besvarar dina frågor vardagar kl. 9-17.

Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".