Du måste aktivera javascript för att sverigesradio.se ska fungera korrekt och för att kunna lyssna på ljud. Har du problem med vår sajt så finns hjälp på http://kundo.se/org/sverigesradio/

گوڵان ئاڤجی: بێگومان کوشتاری ئەرمەنییەکان لە تورکیە، کۆمکوژی بوو

بڵاو کرایه‌وه‌ fredag 12 mars 2010 kl 15.57

دوێنێ پەرلەمانی سوید بڕیارێکی مێژوویی دا، ئەویش بە کۆمکوژی ناساندنی کوشتاری ئەرمەنی و ئاسوورییەکانی تورکیە بوو لە ساڵی ١٩١٥دا. ١٣١ دەنگ لە بەرامبەر ١٣٠ دەنگدا. پێشنیارەکە بە دەستپێشخەریی حیزبەکانی سەوزوسوور هاتبوە گۆڕێ و حیزبە بورژواکان، دژی پەسندکرانی بوون بەڵام چوار نوێنەریان، دژی بۆچوونی گشتیی حیزبەکەیان دەنگیان دا. یەکێک لەوانە، گوڵان ئاڤجیی بەڕەگەز کورد، لە حیزبی لیبرالی گەل، فۆلکپارتی بوو.

گوڵان ئاڤجی لە وتووێژێکی تەلەفۆنیدا لە گەڵ زایەڵە، باسی گرنگایەتیی ئەو دانپێداهێنانەی پەرلەەمانی سوید کرد لە سەر کۆکمکوژیی ئەرمەنییەکان، ئەویش سەرەڕای بۆچوون و راسپاردەی تەواوجیاوازی حیزبەکەی، پارتی لیبرالی گەل

گوڵان ئاڤجی لە پەرلەماندا گوتی: ئەم کوشتارە لە لایەن لەشکری تورکیەوە و بە دەستووری حوکوومەتی عوسمانییەکان بەڕێوە چوو. لەم کۆمکوژییەدا، کوردیش تێکەوتن و تەنانەت چەند خزمێکی منیش بەشدار بووبوون، بەڵام خزمی واشم هەبوون کە بە پێچەوانەوە هاوکاریی ئەرمەنی و ئاسوورییەکانیان دەکرد و دەیانشاردنەوە.

پێشنیازنامەکە لەلایەن حیزبەکانی سوسیال دیمۆکرات، چەپ و ژینگەوە ئامادە کرابوو و کۆمیسیۆنی کاروباری دەرەوەی پەرلەمان لە دووی مانگدا ڕایسپاردبوو کە دەنگی نای پێ بدرێ. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی زۆرینەی پەرلەمانی سوید، ئەندامانی حیزبە ڕاستەکانن دەردەکەوێ کە کاری پەسندکردنی وەها پێشنیازێک زۆر ساناش نییە بەڵام ئەوەی جێی سەرسوڕمان بوو دەنگدانی جیاوازی چوار نوێنەری ئەو حیزبە راستانە بوون پێی.  

تورکیە پێناخۆشبوونی خۆی بە پەسندکرانی ئەم پێشنیازنامەیە، تا ئێستا بە چەند هەڵوێستێک نیشان داوە:
هەڵوەشاندنەوەی سەفەری هەفتەی داهاتووی سەرۆکوەزیری تورکیە، ڕەجەب تەیب ئەردۆگان بۆ سوید
مەحکوومکردنی بڕیارەکە لە لایەن سەرکۆماری تورکیە، عەبدوڵلا گوڵ
بانگکردنەوەی باڵوێزی تورکیە لە سوید

هەروەها ئەوەی کریستر ئاسپ، باڵوێزی سوید لە تورکیە ئەم بەیانییە بانگکراوەتە وەزارەتی دەرەوەی تورکیە تا لە سەر ئەم بڕیارەی پەرلەمانی وڵاتەکەی ڕوونکردنەوە بدات و ناڕەزایەتیی دەولەتی تورکیەشی پێ رابگەیەنرێ.

بڕیاری بە کۆمکوژی ناودێرکردنی کوشتاری ئەرمەنییەکان، لە لایەن ئۆپۆزیسیۆنی ڕەگەزخوازی تورکیەوە بەکار دەهێنرێ تا ڕەوتی ئاشتبوونەوە لەگەڵ ئەرمەنییەکان هەڵوەشێنرێتەوە. کریستر ئاسپی باڵوێزی سویدیش لەم کێشەیە ئاگادارە:

"ڕێک چەند خولەک پاش ئەم بڕیارەی پەرلەمانی سوید، ئۆپۆزیسیۆن داوای هەڵوەشاندنەوەی پرۆتۆکۆلی ئاشتیی نێوان تورکیە و ئەرمەنستانی کرد کە لە پایزی ڕابردووە کەوتۆتە ڕۆژەوەوە." کریستر ئاسپ دەڵێ ئەمە ئاکامی ڕاستەوخۆی ئەم بڕیارەی پەرلەمانی سوید بوو!

چەند هەفتە لەوە پێشیش هەر ئەم پرسە لە کۆمیسیۆنی دەرەوەی کۆنگرەی ئەمریکادا پەسند کرا بەڵام لە ڤجینی گشتیدا دەنگی نەهێنایەوە. بەمحاڵەوە ڕەگەزخوازانی تورک خۆپێشاندانیانێکی ڕەخنەگرانەی توندیان کرد و ئاڵای ئەمریکاشیان ئاگر تێبەردا.

باڵوێزی تورکیە لە سوید، زەرگون کوروتورک (Zergün Korotürk) شەوی ڕابردوو، هەڕەشەی ئەوەی کرد کە ئەم بڕیارە، دواهاتی گەورە و گرانی بۆ پەیوەندیی دوو وڵاتی تورکیە و سوید بەدواوە دەبێت.

کوشتاری ئەرمەنییەکان لە دوایین ساڵی دەسەڵاتی عوسمانییەکان لە ساڵی ١٩١٥دا کرا، ئەو کاتەی بەدوای تەواوبوونی شەڕی جیهانیی یەکەم، ئیمپراتۆرییەکە ڕووخا. ژماری کوژراوانی ئەم کارەساتە، یەک و نیو میلیۆن ئەرمەنی بوون، هەروەها هەندێ کەمینەی دیکەش وەکوو ئاسووری، سریانی، کلدانی و یۆنانییەکانی پۆنتی.

سۆزان خەردەلیانی هاووڵاتییەکی ئەرمەنیی نیشتەجێی سویدە کە بەگەرمی پێشوازی لەم بڕیارەی پەرلەەمانی سوید کرد و گوتی بەمە زۆر خۆشحاڵە. خەردەلیانی گوتی ئەم کوشتارە ٩٥ ساڵ لەوە پێش کرا، بەڵام جێبرینەکانی هێشتاش ماوەتەوە. ئەم بڕیارە بۆ ساتێکی کورت وەبیرم دێنێتەوە کە دادپەروەری هەر ماوە.

کەچی کارل بیلد وەزیری دەرەوەی سوید پێی وایە کە ئەم بڕیارە لە پلەی یەکەم دا، خودی ئەرمەنییەکان بریندار دەکات. بیلد دژی ئەوەیە کە مێژوو سیاسەتاوی بکرێ و لە سەر ئەم بڕوایەیە کە بڕیاری پەرلەمانی سوید لە سەر بە کۆمکوژی ناسێنرانی کوشتاری ئەرمەنییەکان لە تورکیە، ڕەوتی هێورکردنەوەی نێوان ئەرمەنستان و تورکیە تووشی گێر و کێشە دەکات.

کارل بیلد دەڵێ ئێمە وەک سوید و وڵاتێکی ئەورووپایی دەورێکی باشمان لە هێورکردنەوەی پەیوەندییەکان و چاکسازیی ناوخۆیی تورکیە بە سوودی کورد و ئەرمەنی و کەمینەکانی دیکەدا هەبووە. بەڵام ئەم بڕیارە بەداخەوە کارتێکردنی خراپی لە سەر ئەم ڕەوتە دەبێت. زۆر زۆر بەداخەوەم!

وەبیر دێنمەوە کە لە سەر کەلاوەکانی ئیمپراتۆریی ڕووخاوی عوسمانی ، دەوڵەتی نوێی تورکیە لە لایەن ئەوانەی بە تورکە گەنجەکان خۆیان ناودێر دەکرد، و مستەفا کەمال پاشا ناسراو بە ئاتاتورک سەرۆکایەتیی دەکرد، بنیات نرا. ئەوەش بزووتنەوەی تورکە گەنجەکانە کە وەک بەرپرسی سەرەکیی کۆکمکوژییەکەی ١٩١٥ ی ئەم وڵاتە دەناسرێ. هەر ئەمەیە کە پرسەکەی بۆ تورکە ڕەگەزخوازەکان هەستیار کردووە و بە هیچ جۆرێک نایانەوێ قەبووڵی بکەن کە شانازیی دانرانی دەوڵەتی تورکیە، بەم کۆمکوژییەوە گرێ دەدرێت.

 ناسری سینا
nasser.sina@sr.se

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Har du frågor eller förslag gällande våra webbtjänster?

Kontakta gärna Sveriges Radios supportforum där vi besvarar dina frågor vardagar kl. 9-17.

Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".