Du måste aktivera javascript för att sverigesradio.se ska fungera korrekt och för att kunna lyssna på ljud. Har du problem med vår sajt så finns hjälp på http://kundo.se/org/sverigesradio/

پرسه‌ گرنگه‌کانی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن

بڵاو کرایه‌وه‌ onsdag 24 mars 2010 kl 15.47

کار، نه‌خۆشه‌وانی و فێرگه‌. ئه‌مانه‌ له‌ گوێن توێژینه‌وه‌یه‌ک که‌ دامه‌زراوه‌ی سیفۆ له‌ سه‌ر ئه‌رکی ڕادیۆ سوید کردوویه‌تی، سێ پرسی گرنگی هه‌ڵبژاردنی ئه‌مساڵی پارله‌مانن. هه‌رچه‌ند گه‌لێ پرسی دیکه‌ش له‌ سه‌ر ماڵپه‌ڕ و تۆڕه‌ ئینترنێتییه‌کان به‌ گه‌رمی گفتوگۆیان له‌ سه‌ر ده‌کرێ، که‌چی به‌ لای ده‌نگده‌رانه‌وه‌ هیچ گرنگ نین.

دابه‌شینی په‌ڕگه‌ ئینترنێتییه‌کان و یاسای کۆنترۆڵی شه‌پۆله ته‌له‌فۆنییه‌کانی ناودێر به‌ ئێف ئه‌ر ئا، دوو له‌و بابه‌تانه‌ن که‌ له‌ سه‌ر ماڵپه‌ره‌ ئینترنێتییه‌کاندا زۆر به‌ گه‌رمی قسه‌یان له‌ سه‌ر ده‌کرێ و به‌ ته‌واوی ده‌سه‌ڵاتیان به‌ سه‌ر بابه‌ته‌کانی دیکه‌دا ده‌شکێته‌وه‌. هه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ دڵی پارتی چه‌ته‌ ده‌ریاییه‌کان، پیرات پارتیێتی به‌وه‌ خۆش کردووه‌ که‌ کورسیی په‌رله‌مانی بۆ دێنێ.

چه‌ند پرسی دیکه‌ی وه‌ک کۆچهێنان، ئیسلامییه‌ توندڕه‌وه‌کان، حیجابی ته‌واوله‌شیش زۆرجار گفتوگۆ وه‌ڕێ ده‌خه‌ن و و پارتی دژه‌بیانیی سویدییه‌ دیمۆکراته‌کان هیوای ئه‌وه‌ ده‌خوازێ که‌ کێشه‌ی کۆچ ببێته‌ پرسێکی هه‌ڵبژاردن و سوودی لێ ببینێ، به‌ڵام ئه‌مرۆ ته‌نیا سێ له‌ سه‌دی ده‌نگده‌رانن که‌ پێیان وایه‌ کێشه‌ی کۆچ و په‌ناهێنان ده‌بێ ببێته‌ پرسی گرنگی هه‌ڵبژاردن. هێنریک ئۆسکارسۆن، پرۆفیسۆری توێژه‌ر له‌ زانستگای یۆتێبۆری

هێنریک ئۆسکارسۆن ده‌ڵێ ئه‌مه‌ی که‌ خۆت بخه‌یته‌ ناو بزووتنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی سویده‌وه‌ که تێیدا کێشه‌کان هه‌موو په‌یوه‌ستن به‌ سیاسه‌تی بازاڕی کاره‌وه‌، کارکردن، ئابووری و خوشگوزه‌رانی، زۆر ئاسان نییه‌. بۆیه‌ خۆخزاندنه‌ ناو بزاڤی هه‌ڵبژاردن، بۆ پارتییه‌ بچووکه‌کان به‌ڕاستی دژواره‌. ئه‌وه‌ ته‌نیا دوو پارتیی گه‌وره‌ی سوسیالدیمۆکراته‌کان و مۆدێراته‌کانن که‌ کارتێکه‌ریی به‌رفره‌یان له‌ سه‌ر سیاسه‌تی ڕۆژدا هه‌یه‌.

‌به‌محاڵه‌وه‌ گه‌لێ پرسی دیکه‌ش که‌ حیزبه‌ جێگرتووه‌کان حه‌زیان لێیه‌ لێوه‌ی بدوێن، زۆر به‌ لای ده‌نگده‌رانه‌وه‌ به‌ گرنگ دانانرێن. بۆ نموونه‌ وزه‌ی ناوکی پرسی دڵخوازی پارتیی ناوه‌ند و حیزبی لیبرالی گه‌له‌ (Centerpartiet och Folkpartiet) هه‌ر چه‌ند روانگه‌ی گه‌لێ جیاوازیشیان ده‌رباره‌ی هه‌یه‌. به‌ڵام وزه‌ی ناوکی وه‌ک پرسی هه‌ڵبژاردن هه‌رگیز ناتوانێ جێ به‌ سێ پرسی کار، نه‌خۆشه‌وانی و فێرگه‌ له‌ق کا و ته‌نیا سێ له‌ سه‌دی ده‌نگده‌ران پێیان وایه‌ وزه‌ی ناوکی ده‌توانێ ببێته‌ پرسی گرنگی سه‌رده‌می هه‌ڵبژاردن.

مۆدێراته‌کان ده‌یانه‌وێ پرسی تاوانکاریش له‌ کاتی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردندا به‌رز که‌نه‌وه‌ به‌ڵام ته‌نانه‌ت ئه‌و پرسه‌ش ته‌نیا پشتگیریی سێ له‌سه‌دی ده‌نگده‌رانی له‌گه‌ڵه‌.

توێژینه‌وه‌که‌ی سیفۆ نیشان ده‌دات که‌ ئه‌وه‌نده‌ی پرسگه‌لی هه‌ڵبژاردن ده‌گرێته‌وه‌، مۆدێراته‌کان جێبڕواترین پارتیین به‌ڵام ‌قسه‌بێژی سوسیالدیمۆکراته‌کان له‌ پرسی بازاڕی کار، سڤێن ئێریک ئوێستربه‌ری ده‌ڵێ ئه‌م ئاکامه‌ی قه‌بووڵ نییه‌.

سڤێن ئێریک ئوێستربه‌ری ده‌ڵێ ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌ وا ده‌ڵێ که‌چی ئێمه‌ توێژینه‌وه‌ی دیکه‌مان هه‌یه‌ که‌ ڕێک پێچه‌وانه‌که‌ی نیشان ده‌دا. ناکرێ ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌ هه‌ر به‌ چاونووقاوی قه‌بووڵ بکه‌ین.

ئوێستربه‌ری ده‌ڵێ ده‌بێ به‌ هه‌مان ئه‌ندازه‌ بڕوا به‌ توێژینه‌وه‌که‌ی دیکه‌ش بکه‌ین. ئه‌وه‌ی سوسیالدیمۆکراته‌کان بڕوای ته‌واویان پێیه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئێمه‌ ده‌بێ سیاسه‌تێک جێبه‌جێ بکه‌ین که‌ بتوانێ ڕاده‌ی بێکاری دابه‌زێنێ.

له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ سڤێن ئۆتتۆ لیتۆرین وه‌زیری مۆدێرات بۆ بازاڕی کار، بۆچوونێکی دیکه‌ی سه‌باره‌ت به‌ بڕوای زۆری خه‌ڵک به‌ سیاسه‌تی مۆدێراته‌کان له‌ پرسگه‌لی هه‌ڵبژاردن، له‌ گوێن ئاماری دامه‌زراوه‌ی سیفۆ، هه‌یه‌. ئه‌و ده‌ڵێ من پێم وایه‌ یه‌کی له‌ هۆیه‌کانی ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئێمه‌ ته‌نیا شه‌ش مانگ پاش دیاریکردنی بودجه‌، ڕێژه‌ی بێکاریمان هێنایه‌ ئاستی 11 کۆما 4 له‌ سه‌د. ئێستاش به‌ ته‌ماین بۆ نۆ و نیو له‌سه‌د دایبه‌زێنین.

ئۆتتۆ لیتۆرین ده‌ڵێ ئه‌مه‌ نیشان ده‌دا که‌ به‌ڕاستی چۆنه‌تیی سیاسه‌ت، ده‌توانی ده‌وڕگێڕ بێت. ئه‌وه‌ی ئێمه‌ی مۆدێرات توانیمان له‌ چاو وڵاتانی دیکه‌، به‌ شێوه‌یه‌کی وا باش، چاره‌ی کێشه‌ی قه‌یرانه‌ داراییه‌که‌ بکه‌ین، ئه‌وا ده‌نگده‌ران ئه‌مه‌ ده‌بینن و له‌به‌رچاویانه‌. 

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Har du frågor eller förslag gällande våra webbtjänster?

Kontakta gärna Sveriges Radios supportforum där vi besvarar dina frågor vardagar kl. 9-17.

Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".