Du måste aktivera javascript för att sverigesradio.se ska fungera korrekt och för att kunna lyssna på ljud. Har du problem med vår sajt så finns hjälp på http://kundo.se/org/sverigesradio/

پاشایه‌تییه‌که‌ی سوێد مۆرکی گه‌لی لێ ده‌نیشێ

بڵاو کرایه‌وه‌ tisdag 8 juni 2010 kl 15.06

"سوێدی جاران”، زاراوه‌یه‌که‌ شای سوێد، کارل گوستاڤ زۆری به‌ کار ده‌هێنێ. بنه‌ماڵه‌ی شایش ده‌بێ خۆی له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵدا بگونجێنێ کاتێک کۆمه‌ڵگه‌ ئاڵوگۆڕی به‌سه‌ر دێ تا هاوچاخ دیار بکه‌وێ. دیاره‌ ڕێبازێکی ناونجیشه‌ که‌ بنه‌ماڵه‌ی شا وه‌ک هه‌موو خێزانێکی ئاسایی سوێد بێ، به‌ڵام ڕه‌ونه‌قه‌ شاهانه‌که‌ی و ئه‌و دابونه‌ریته‌ی له‌ ده‌ست نه‌چێ که‌ به‌ پاشایه‌تییه‌وه‌ به‌سته‌.

گه‌لێک هاووڵاتیی سوێد له‌ گۆشه‌نیگایه‌کی ئه‌فسانییه‌وه‌ سه‌یری پاشایه‌تییه‌که‌ی سوێد و بنه‌ماڵی شا ده‌که‌ن، که‌ شتێکه‌ ده‌ستگه‌کانی ڕاگه‌یاندن ده‌ورێکی به‌رچاوی لێدا ده‌گێڕن. شازاده‌یش که‌ کچ بێ و هاووڵاتییه‌کی ئاسایی‌ داخوازیی بکا و کچه‌شای جێگری باوکی بگوێزێته‌وه‌، وه‌ک ئه‌فسانه‌یه‌ک ده‌چێ که‌ له‌م چه‌ند ڕۆژه‌ی داهاتوودا به‌ ڕاست ده‌گه‌ڕێ.

به‌ڵام بنه‌ماڵه‌ی شا ده‌بێ تا چ ئاستێ ئاسایی بێ، بێ ئه‌وه‌ی بریقوباق و پله‌ی به‌رزی خۆی له‌ ده‌ست بدا. له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مڕۆژه‌دا بنه‌ماڵه‌یه‌کی وا چۆن سیحری خۆی ده‌پارێزێ؟

سێسیلیه‌ ئۆسێ که‌‌ له‌ زانستگه‌ی ستۆکهۆڵم ده‌وڵه‌تناسه‌ و کتێبی (ده‌سته‌ڵاتی پاشایه‌تی)ـی  نووسیوه،‌ لایه‌نه‌ ناوه‌ندییه‌که‌ی ئه‌م باسه‌ی به‌لاوه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌کرێ بنه‌ماڵه‌ی شا هه‌م ئاسایی و هه‌م نائاسایی به‌رچاو بخرێ، ئاساییبوونه‌که‌یش له‌ دژی بنه‌ماڵه‌ی شا و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی نییه‌، چون تا ئه‌و ده‌مه‌ی بنه‌ماڵه‌ی شا شایانه‌ بێ‌، خراپ نییه‌ بنه‌ماڵه‌یه‌کی ئاساییش بێ.

ساڵی 1974 که‌ یاسا بنگه‌ییه‌که‌ی سوێد داڕێژرایه‌وه،‌ ده‌سته‌ڵاتی شا زۆری لێ داشکا. سه‌رۆکوه‌زیرانی ئه‌وسا، ئولۆف پالمێی سۆسیالدێمۆکرات، له‌م باره‌یه‌وه‌ بوو که‌ گوتی پاشایه‌تییه‌که‌ی سوێد هه‌ر شاپه‌ڕێکی سیمرخی پێوه‌ ماوه‌ و، ئه‌رکه‌ سیاسییه‌که‌ی شا که فه‌رمییانه‌ که‌سێکی بۆ پێکه‌وه‌نانی حوکمه‌ت دیاری ده‌کرد و دوایی ناوی که‌سه‌که‌ی به‌ په‌رله‌مان ده‌دا، سه‌ر به‌و شتانه‌یه‌ که‌ ئێستا ئیتر نامێنن.

سا له‌ 1974 ـه‌وه‌  ده‌سته‌ڵاتی شا و سه‌رایه‌تیکردنی ده‌وڵه‌ت هه‌ر مۆرکی نوێنه‌رایه‌تیکردنی سوێدی مایه‌وه‌ که‌ له‌ هه‌ندێ بۆنه‌دا به‌رچاو ده‌کرێ‌. به‌ڵام سێسیلیا ئۆسێ له‌ گۆشه‌یه‌کی تره‌وه‌ سه‌رنجی که‌مکردنه‌وه‌ی ده‌سته‌ڵاتی شا ده‌دا، بۆیه‌ ده‌ڵێ کاتێ ئه‌م ئه‌رکه‌ ناسیاسییه‌ی سه‌رۆکی ده‌وڵه‌ت داهێنرا، شا بووه‌ ڕه‌مزێکی به‌هێزی نه‌ته‌وه‌یی، که‌ زه‌حمه‌ته بسیاسێنرێ. ڕه‌مزێکه یه‌کجار زه‌حمه‌ته‌ دژایه‌تیی بکه‌ی و سیاسییانه‌ لێ بدوێ و و به‌ر ڕه‌خنه‌وه‌ی‌ بده‌ی. ‌

ئه‌رکێکی ده‌وڵه‌تی که‌ له‌ یه‌ک بنه‌ماڵه‌ و خێزاندا به‌ میرات ده‌مێنێته‌وه‌، ده‌بێ سه‌رڕا شتێکی یه‌کجار نادێمۆکراسی بێ، سه‌ره‌ڕاتر شتێکه‌ ـ هه‌روه‌ک ئاماری ڕاپرسییه‌کان دیاریان خستووه‌، که‌ هاووڵاتییانی سوێد ده‌یانه‌وێ بمێنێته‌وه‌. سێسیلیه‌ ئۆسێیش ئه‌م پاشایه‌تییه‌ میراتییه‌ی به‌لاوه‌ کێشه‌یه‌کی گه‌وره‌ نییه‌.

پاشایه‌تیم له‌و ڕووه‌وه‌ پێ کێشه‌یه‌کی دێمۆکراسییه‌ که‌ بنه‌ماڵه‌ی شا ئه‌گه‌رچی وا دیاره‌ سه‌روکاریان به‌ سیاسه‌ته‌وه‌ نه‌بێ، ڕه‌مزی خێزان و، ڕه‌مزێکی به‌هێزی ژیانی سێکسی و ژنێتی و پیاوێتی و بنه‌ماکانی خزمایه‌تی و شتی له‌و جۆره‌ن. جا ئه‌م‌ پرسه‌ له‌وه‌ ئاڵۆزتره‌ که‌ ئه‌مان کاری سیاسی ناکه‌ن سێسیلیه‌ ئۆسێ ده‌ڵێ

له‌م ڕۆژگاره‌دا که‌ خه‌ڵک ئه‌مه‌کدارێتی خۆیان له‌ ڕووی بنه‌ماڵه‌ی شادا ده‌نوێنن، هیچ ورده‌کارییه‌کی تایبه‌ت به‌ هاوسه‌رێتیی نێوان شازده‌ ڤیکتۆریا و هاووڵاتیی ئاسایی دانیێل ڤێستلین، ئه‌ونده‌ بچووک نییه‌ که وه‌ک سه‌رناو و دێڕ جێ له‌ ڕۆژنامه‌ و هه‌واڵه‌کاندا نه‌گرێته‌و. ده‌ربار و بنه‌ماڵه‌ی شا پێیان ناوێ هه‌وڵ بده‌ن په‌سنی بنه‌ماڵه‌ی شا بدرێ. له‌م بواره‌دا له‌وه‌یه‌ پێوه‌ندییه‌کی ڕه‌مزی له‌ نێوان ده‌ستگه‌کانی ڕاگه‌یاندن و به‌رپرسانی ده‌رباردا هه‌بێ، به‌ڵام هه‌ر ده‌ستگه‌کانی ڕاگه‌یاندن نییه‌ که‌ پاشایه‌تیی سوێدیان زیندوو ڕاگرتووه‌، به‌ڵکه ئه‌وانیش ئه‌مان، ئه‌مه‌ کریستینه‌ ڤێدێستێت ده‌یڵێ که‌ له‌ کۆڵیژی ڕۆژنامگه‌ریی سه‌ر به‌ زانستگه‌ی ستۆکهۆڵمدا لێوه‌کۆڵی ڕاگه‌یاندنه‌

به‌ قسه‌ی ڤێدێستێت هه‌ردوو لا پێویستیان به‌ یه‌کتره‌ و ئه‌مه‌یشی به‌لاوه‌ له‌م چه‌ند ڕۆژه‌ی شووکردن و گواستنه‌وه‌ی ڤیکتۆریای شازاده‌دا به‌رچاوه‌.

پاشایه‌تییش وه‌ک دنیایه‌کی ئه‌فسانه‌یی به‌ شازاده‌ و به‌زم و ڕه‌زمه‌وه‌، به‌ پۆشاکی جوان و خشڵ و سه‌روه‌ت و سامانه‌وه‌، دنیایه‌که‌ له ئێمه‌ی‌ هاووڵاتیی ئاسای دووره‌، به‌ڵام وا خه‌ریکه‌ شتێک پێش دێت که‌ له‌ ئه‌فسانه‌دا پێش دێ و، هاووڵاتییه‌کی ئاساییه‌ و دڵی کچه‌شای بۆ خۆی دزیوه‌. ئه‌مه‌یش وه‌ک ئه‌فسانه‌ ده‌ستگه‌کانی ڕۆژنامه‌گه‌ری جار به‌سه‌ر جاره‌وه‌ ده‌یگێڕنه‌وه‌.

کرستینه‌ ڤێدێستێتیش ئه‌م بووکێنێ و گواستنه‌وه‌یه‌ی شازاده‌ ڤیتوریای به‌لاوه‌ به‌رده‌وامبوون و پێشکه‌وتنی ڕووداوه‌یلێکه‌ که‌ خۆی له‌ خۆیدا ڕێ خۆش ده‌کا به‌و جۆره‌ی که‌ هه‌یه‌ بگێڕدرێته‌وه‌. کاروباری ئاسایی بنه‌ماڵه‌ی شا و پێشوازیکردنی سه‌رانی ده‌وڵه‌تان و کاری وا، ئه‌وه‌نده‌ ئه‌فسانه‌یی نییه‌ که‌ خه‌ڵک به‌جارێ خه‌ریک بکا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌ کچه‌شا شوو به‌ کوڕێکی میلله‌ت بکات، باسه‌ ها...‌

له‌م ڕۆژانه‌دا ته‌له‌ڤزیۆن و ڕادیۆ و ڕۆژنامه‌ پڕ له‌ چیرۆک و به‌سه‌رهاتی تایبه‌ت به‌ بنه‌ماڵه‌ی شان، بنه‌ماڵه‌ی بێرنادۆتیش‌ له‌ ڕێی ده‌ستگه‌ ڕۆژنامه‌گه‌رییه‌کانه‌وه‌ بوونه‌ته‌ نموونه‌ی هه‌ره‌به‌رچاوی خێزانداری بۆ هه‌موو کۆمه‌ڵگه. ‌کرستینه‌ ڤێدێستێتیش هه‌ر وای ده‌بینێ و بنه‌ماڵه‌که‌ به‌ نموونه‌ی باش بۆ کۆمه‌ڵگه‌ ده‌زانێ

ڕۆژنامه‌گه‌ریی ده‌رباریش‌ به‌شێکی ئه‌فسانه‌خوانانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌مان پێک ده‌هێنن، که‌ له‌وه‌یه‌ ئه‌فسانه‌ی وا له‌مه‌ڕ بنه‌ماڵه‌ی شا پێ بزانن که‌ به‌ شیاوی نازانن بۆ خه‌ڵکی بگێڕنه‌وه‌. به‌ڵام ئه‌فسانه‌ی وایش هه‌ن که‌ به‌لای سێسیلیا ئۆسێوه‌ باس له‌ خراپه‌ن و که‌ سانسۆر ده‌کرێن.

ئۆسێ ده‌ڵێ ئه‌فسانه‌ی وا‌ ناگێڕدڕێنه‌وه‌ و هه‌شن پارێزیان لێ ده‌کرێ که‌ دنیای ئه‌فسانه‌ سه‌روژێر ده‌که‌ن. وه‌رحاڵ پاشایه‌تییه‌که‌ی سوێد پێ ده‌چێ درێژه‌ بکێشێ و بنه‌ماڵه‌ی بێرنادۆتیش ئه‌مساڵ ئاهه‌نگی دووسه‌دساڵه‌ی خۆی به‌سه‌ر ته‌ختی شایانه‌ی سوێده‌وه‌ به‌سه‌ر ده‌به‌ن، که‌ ڕه‌نگه‌ دووسه‌د ساڵی تری له‌سه‌ر ئه‌م ته‌خته‌ پێ بچێ ئه‌گه‌رچی سێسیلیا ئۆسێ به‌ زه‌حمه‌تی ده‌زانێ هیچێکی له‌باره‌وه‌ بڵێ چون نازانێ چی له‌م بنه‌ماڵه‌ی شا‌دا پێش دێ.

سێسیلیا ئۆسێ به‌ زه‌حمه‌تی ده‌زانێ لای وا بێ ده‌ستپێشخه‌رییه‌کی و‌ای سیاسی به‌رپا بێ که‌ ناچارمان بکا، پرسی سه‌رۆکی ده‌وڵه‌ت بده‌ینه‌وه‌ به‌ر لێوه‌کۆڵین و تێڕامێین که‌ ئاخۆ سوێد هه‌ر شانشین بێ یان گۆڕانی به‌سه‌ر بهێنرێ. ئۆسێ به‌زه‌حمه‌تی ده‌زانێ ئه‌و سازشه‌ له‌ نێو ببرێ که‌ سۆسیالدێمۆکراته‌کان و پارتییه‌ بۆرژوواکان ساڵی 1971 مۆریان کرد و ڕێک که‌وتن سیستمی فه‌رمانڕانی سوێد هه‌ر پاشایه‌تی بێ

جا دوور نییه‌ هه‌ر بنه‌ماڵه‌ی شا بتوانێ پاشایه‌تییه‌که‌ی سوێد له‌ ناو ببا یان که‌ ئه‌گه‌ر مه‌رجه‌کانی یاسای پاشایه‌تی سوێد پێشێل بکرێ، که‌ ـ هه‌روه‌ک سێسیلیا ئۆسێ ده‌ڵێ ـ که‌ هاوسه‌ریه‌تی له‌ بنه‌ماڵه‌ی شادا به‌پێی ئه‌و مه‌رجانه‌ پێش نه‌یێ، یان که‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی هاوسه‌رگیریدا منداڵیان ببێ.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Har du frågor eller förslag gällande våra webbtjänster?

Kontakta gärna Sveriges Radios supportforum där vi besvarar dina frågor vardagar kl. 9-17.

Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".