Du måste aktivera javascript för att sverigesradio.se ska fungera korrekt och för att kunna lyssna på ljud. Har du problem med vår sajt så finns hjälp på http://kundo.se/org/sverigesradio/

بودجەی ساڵی ٢٠١١ی وڵات پێشکەش کرا

بڵاو کرایه‌وه‌ tisdag 12 oktober 2010 kl 10.08
ئاندێرش بۆری

ئەم بەیانییە حکوومەتی سوید، پیشنیازی بودجەی خۆی بۆ ساڵی داهاتوو پێشکەش کرد. حوکوومەت لە بودجەنامەکەیەدا دەنووسێ کە سیاسەت لە خولی داهاتووی پەرلەماندا دەبێ گرنگی بداتە بووژاندنەوەی ئابووریی وڵات، بەردەوامی لە سەر خەبات بۆ هێزبەخشین بە سیاسەتی کار، بۆ کەمکردنەوەی پەراوێزەیی و پاراستنی خوشگوزەرانیی خەرجبۆکراو.

  • پارەی زۆرتر بۆ ئەوانەی کەسێکی بەڕەگەز بیانیی تازەهاتوو دادەمەزرێنن،
  • سەرمایەگوزاری لە سەر بەرزکردنەوەی ئاستی لێهاتوویی مامۆستایانی فێرگەی زمانی سویدی بۆ بیانیان ـ ئێس‌ئێف‌ئی ـ
  • و توێژینەوەیەک لە سەر ئەوەی لە ناوچەهەژار و بەپەراوێزخراوەکان بە پرۆژەی دەستپێکی کاری نوێ، ناودێر کراوە.

پارەی زۆرتر بۆ ئەوانەی کەسێکی بەڕەگەز بیانیی تازەهاتوو دادەمەزرێنن، سەرمایەگوزاری لە سەر بەرزکردنەوەی ئاستی لێهاتوویی مامۆستایانی فێرگەی زمانی سویدی بۆ بیانیان ـ ئێس‌ئێف‌ئی ـ و توێژینەوەیەک لە سەر ئەوەی لە ناوچەهەژار و بەپەراوێزخراوەکان بە پرۆژەی دەستپێکی کاری نوێ، ناودێر کراوە.

ئەمڕۆ کاتێ حوکوومەت پێشنیازی بودجەکەی ساڵی داهاتووی پێشکەش کرد ڕیزەپێشنیازێکی پارتییەکانی هاوپەیمانی راستیشی لە بەرنامەیەکی نۆ مادەییدا بۆ باشترکردنی ڕەوتی هاوگونجیدا ناساند. لەو ناوەدا سەرجەم ٦٠ میلیۆن کرۆن بۆ پاداشتکردنی ئەو فێرگانە تەرخان کراوە کە لە گەڕەکە بەپەراوێزخراوەکان کە ئەنجامە دەرسییەکانی قوتابیانیان لە ماوەی ساڵانی ٢٠١٢ تا ٢٠١٤دا زۆر باش بووە. هێشتا ئەوەی ئەم پارانە چۆن و لەسەر چ بناغەیەک دابەش بکرێن ڕوون نەکراوەتەوە بەڵام چاکسازییەکان ساڵی ٢٠١١ ناگرنەوە.

ئەوەندەی کاری تازە دەستپێکراو دەگرێتەوە، بڕیارە لە ساڵی داهاتووەوە هەموو ساڵێ داوای وەرگرتنی یارمەتیی بە بڕی ٥٠ میلیۆن کرۆنی زێدەتر، پەسند بکرێت. ئەم پارانە سەرفی ئەوە دەکرێن کە خاوەنکاران لە جیاتی ئەو ٧٥ لەسەد مووچەیەی تازەدامەزراوان کە لە حوکوومەتی وەردەگرن، بتوانن ٨٠ لەسەدی وەربگرن. هەروەها ئاستی قەرەبووش لە ٧٥٠ کرۆنەوە لە ڕۆژدا بۆ ٨٠٠ کرۆن بەرز بێتەوە. کاری تازە دەستپێکراو، ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لەو سێ ساڵەی دواییدا ئیزنی مانەوە، واتا ئیقامەتیان وەرگرتووە.

حوکوومەت هەروەها ٥٠٠ میلیۆن کرۆنی بۆ بەرزکردنەوەی چۆنەتیی کاری نەخۆشەوانی و هەر هەمان بڕیشی بۆ کاری فەرهەنگی و وەرزش تەرخان کردووە. ئاندێرش بۆریی وەزیری دارایی دەڵێ ئەمە سەرمایەگوزارییەکی بەپارێزەوەیە، ئەویش لەبەر باری ناهێمنی ئابووری:

ئاندێرش بۆری دەڵێ: ئێمە پێشتر گوتوومانە کە دەمانەوێ هەروا لە سەر چاکسازییەکانمان بەردەوا بین، هەم بۆ باجی ناڕاستەوخۆی کاری خزمەتگوزاری و هەم بۆ داشکاندنی باجی کارپێدان. بیگومان هەنگاوی تریش هەن کە دەکرێ هەڵگیرنەوە بەڵام من نامەوێ لە پێناویاندا سەقامگیریی ئابووری بکەمە قوربانی، بەڵکوو دەبێ بەر لە هەموو شت، ئاگامان لەوە بێ کە نەزم و ڕێکوپێکییەکە بگەڕێتەوە، لە پاشان دەتوانین لە سەر شتەکانی تر قسە بکەین.

توماس ئوێسترووس قسەبێژی سیاسەتی ئابووریی سوسیالدیموکراتان پێشوازی لە پێشکەوتن و بەرزبوونەوەی ئاستی BNP واتا سەرجەمی بەرهەمی نەتەوەیی ئەمساڵ دەکا بەڵام نیگەرانیشی هەیە:

ئوێسترووس دەڵێ: ئەمە هی بەشی کۆمۆنەکانە. ساڵی ڕابردوو ژمارەی کار لە فێرگەکان و چاوەدێریی نەخۆشەوانی یەکجار کەم بۆوە و ئەمساڵیش بەردەوام دەبێ و ئێمە دەبینین کە حوکوومەت، لە بەرامبەر ئەو کەسانەی بیمە و یارمەتیی نەخۆشی و هەقی بێکارییان لێ سەنرایەوە هیچ دەستپێشخەرییەکی نییە. بەداخەوەشم کە حوکوومەت هیچ بەرپرسییەکی لە بواری بەهێزکردنی سیستەمی ئاسایشی کاردا نەخستۆتە سەر شانی خۆی.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Har du frågor eller förslag gällande våra webbtjänster?

Kontakta gärna Sveriges Radios supportforum där vi besvarar dina frågor vardagar kl. 9-17.

Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min Lista".