Du måste aktivera javascript för att sverigesradio.se ska fungera korrekt och för att kunna lyssna på ljud. Har du problem med vår sajt så finns hjälp på http://kundo.se/org/sverigesradio/

ئابووریی به‌هێزی سوید: ئه‌مساڵ و ساڵی داهاتووش

بڵاو کرایه‌وه‌ torsdag 20 januari 2011 kl 14.12
wêne: Jessica Gow/Scanpix

ئابووریی سوید ئه‌مساڵ به‌ ڕێژه‌ی 3،9 له‌سه‌د گه‌شه‌ ده‌ستێنێ و ئه‌مه‌ له‌ دوایین ڕاپۆرتی ڕێکخراوی گه‌شه‌ و هاوکاریی ئابووری (OECD)دا جه‌ختی له‌ سه‌ر کراوه‌. ساڵی داهاتووش ئه‌م گه‌شه‌یه‌ هه‌روا به‌ڕێژه‌ی 4،3 له‌سه‌د به‌رز ده‌بێ.

له‌ ماوه‌ی ساڵی 2010دا به‌رهه‌می داهاتی نه‌ته‌وه‌یی سوید به‌ ڕێژه‌ی 5،2 له‌سه‌د هه‌ڵکشا و له‌ گوێن ڕاپۆرتی ڕێکخراوی گه‌شه‌ و هاوکاریی ئابووری، سوید توانیویه‌تی به‌ شێوه‌یه‌کی باش له‌ قه‌یرانه‌ داراییه‌که‌ ده‌رباز بێ و کاری نیزامدان به‌ باری ئابووریی وڵات به‌ جوانی ئه‌نجام بدات‌.

ڕێکخراوی گه‌شه‌ و هاوکاریی ئابووری (OECD) پێی وایه‌‌ کاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ سوید ده‌ست له‌و به‌رنامه‌ تایبه‌تییانه‌ی‌ بۆ هاندانی ئابووریی خۆی له‌به‌رامبه‌ر قه‌یرانه‌ داراییه‌ جیهانگره‌که‌ گرتبوویه‌ پێش، هه‌ڵگرێ. له‌ کرده‌وه‌دا ئه‌مه‌ به‌ مانای ئه‌وه‌یه‌ که‌ بانکی سه‌راسه‌ریی سوید له‌سه‌ر به‌رزکردنه‌وه‌ی ڕێژه‌ی سوود و پشتگیریی ده‌وڵه‌تی بۆ گه‌شه‌ی بانکه‌کان به‌رده‌وام بێ.

که‌چی بێکاری بۆته‌ گرفتی ئابووریی سوید و ڕێکخراوی گه‌شه‌ و هاوکاریی ئابووری (OECD) له‌ سه‌ر زێده‌بوون و به‌رزمانه‌وه‌ی ڕێژه‌ی بێکاریی درێژماوه‌، وریایی ده‌داته‌ حوکوومه‌ت. له‌ گوێن پێشبینییه‌کانی ئه‌م ڕێکخراوه‌یه‌ ڕاده‌ی بێکاری ئه‌مساڵ ده‌گاته‌ هه‌شت له‌سه‌د به‌ڵام له‌ ساڵی داهاتوودا داده‌کشێته‌ 7،3  له‌سه‌د.

ڕێکخراوی گه‌شه‌ و هاوکاریی ئابووری (OECD) جه‌خت له‌سه‌ر پێوه‌ندییه‌کی باشتری نێوان بانکی سه‌راسه‌ریی سوید و پشکنه‌ری دارایی له‌گه‌ڵ بانکی خه‌زێنه‌داریی ده‌وڵه‌ت ده‌کات تا له‌ هه‌مبه‌ر بازاڕ و جه‌ماوه‌ردا ڕاشکاوه‌تر بن.

سوید له‌م ڕاپۆرته‌دا له‌به‌ر ئه‌و هاوکارییه‌ی له‌ پێناو خوشگوزه‌رانیی جیهانیدا و له‌ ڕێی سیاسه‌تێکی سنگفره‌وانی که‌شوهه‌وادا گرتوویه‌ته‌ به‌ر و ڕێژه‌ی گازی ژاراوی و دووکه‌ڵ که‌م ده‌کاته‌وه‌، په‌سن ده‌درێ، که‌چی ڕاپۆرته‌که‌ ده‌ڵێ ئه‌م ئامانجانه‌ به‌ وه‌گه‌ڕخسستنی پاره‌ی زیاتر ده‌گه‌نه‌ ئه‌نجام.

هه‌رچه‌ند ڕاپۆرتی ڕێکخراوی گه‌شه‌ و هاوکاریی ئابووری (OECD)، گه‌شه‌ی ئابووریی سوید له‌م ساڵدا بۆ 3،9 له‌سه‌د به‌راورد ده‌کات، به‌ڵام ئابووریزانانی بانکی نۆردیا له‌وه‌ش گه‌شبینترن و ده‌ڵێن ئه‌و گه‌شه‌یه‌ ده‌گاته‌ 4،5 له‌سه‌دیش. سوێدبه‌نک له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا پێشگۆیی ئه‌م گه‌شه‌یه‌ی بۆ 3،3 له‌سه‌د کردبوو. هه‌ردوو بانکیش بۆ ساڵی داهاتوو، پێشبینیی 3 له‌سه‌د گه‌شه‌ی ئابووری بۆ سوید ده‌که‌ن.

خۆگرتنه‌وه‌ی خێرای ئابووریی وڵات، سه‌رنجی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیشی به‌ره‌و خۆ راده‌کێشێ و هی وا هه‌ه‌ن که‌ ئابووریی ئێستای سوید به‌ "ئابووریی به‌ور" ناودێر ده‌که‌ن، زاراوه‌یه‌ک که‌ له‌ ڕاستیدا بۆ ئابووریی زووگه‌شه‌که‌ری ئاسیا به‌کار ده‌هێنرێ. ئاندێرش بۆری وه‌زیری دارایی له‌ کۆنفرانسی ڕۆژی ڕابردووی ناوه‌ندی لێکۆڵینه‌وه‌ی بازرگانی و کۆمه‌ڵگادا ئه‌م بابه‌ته‌ی شرۆڤه‌ کرد و گوتی:

هه‌ندێک له‌ هاوکارانی بیانیم‌ ئه‌م زاراوه‌یه‌یان به‌کار هێناوه که‌ ئابووریی سوید، ئابووریی به‌وره‌. ‌ئه‌مه‌ وامان لێده‌کا که‌ به‌ پارێزه‌وه‌ بچینه‌ پێشێ و سه‌قامگیرییه‌کی دارایی له‌ سوید مسۆگه‌ر بکه‌ین تا‌ کاردانه‌وه‌ی نه‌رێنی له‌ سه‌ر بانکگه‌ل و قه‌رزی بنه‌ماڵه‌کان و نرخی خانووبه‌ره‌ دانه‌نێ. ئێمه‌ هه‌روه‌ها ده‌بێ چاکسازییه‌ک له‌ وڵاتدا بکه‌ین بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی ڕێژه‌ی بێکاری. سوید ساڵی پێشتر گه‌شه‌یه‌کی باشی دارایی هه‌بوو و ئه‌مساڵیش هه‌ر زۆر به‌هێز دیاره‌ که‌چی ئێمه‌ پێویستیمان به‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ به‌رده‌وام بۆ به‌هێزکردنی توانستی به‌رهه‌می وڵات هه‌نگاو هه‌ڵێنینه‌وه‌.

بانکی سه‌راسه‌ریی سوید سوودی سه‌ر قه‌رزه‌کانی به‌رز ده‌کاته‌وه تا بتوانێ له‌گه‌ڵ ئه‌و گه‌شه‌ به‌هێزه‌ی ئابووریی وڵات یه‌کبگرێته‌وه‌ و ئاوسانی ‌ئابووری به‌ ڕێژه‌ی دوو له‌سه‌د داشکێنێ. به‌رزکردنی داهاتووی ڕێژه‌ی سوود، هه‌روه‌ها یارمه‌تیی ڕاگرتنی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی خانووبه‌ره‌ش ده‌دات. ئاندێرش بۆری، وه‌زیری دارایی ده‌ڵێ کارمان هه‌م بۆ دانانی ئاستی هه‌ره‌به‌رزی قه‌رزدان کردووه‌ و هه‌م بۆ بانکداری و ئێستا بانکه‌کان مه‌رجی دانه‌وه له‌ ئه‌سڵی قه‌رزه‌که‌شیان له‌سه‌ر قه‌رزوه‌رگران فه‌رز کردووه‌. بانکی سه‌راسه‌ری سوید هه‌ندێ سیاسه‌تیشی بۆ زێده‌پاشکه‌وتی ئابووریی وڵات له‌به‌رچاو گرتووه‌. ئێستاش له‌ ئاستی نێونه‌ته‌وه‌ییدا چاو به‌ سه‌ر چۆنه‌تیی سه‌رمایه‌ی بانکه‌کاندا ده‌خشێنێ. بۆ وێنه‌ ئه‌وه‌ی له‌ وڵاتانی دیکه‌دا وه‌ک سویس، هه‌بوونی سه‌رمایه‌ بۆ قه‌رزدانی بانکه‌کان، به‌ مه‌رجێکی گه‌لێ به‌هێز دانراوه‌ و ئێمه‌ش بیانووی هاوچه‌شنمان بۆ ئه‌م کاره‌ هه‌یه‌.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Har du frågor eller förslag gällande våra webbtjänster?

Kontakta gärna Sveriges Radios supportforum där vi besvarar dina frågor vardagar kl. 9-17.

Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".