Du måste aktivera javascript för att sverigesradio.se ska fungera korrekt och för att kunna lyssna på ljud. Har du problem med vår sajt så finns hjälp på http://kundo.se/org/sverigesradio/

ڕاپه‌ڕینه‌که‌ی میسر ته‌وه‌ری سه‌ره‌کی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ بوون

بڵاو کرایه‌وه‌ onsdag 16 februari 2011 kl 13.33
JANERIK HENRIKSSON / SCANPIX

کردنه‌وه‌ی قونسوڵخانه‌ له‌ هه‌ولێر و باڵێۆزخانه‌ی سوید له‌ به‌غداد ئاماژه‌ی ئارامی و سه‌قامگیری عێراقن و به‌شداری سوید له‌ گه‌شيی ئه‌و وڵاته‌دا به‌رده‌وام ده‌بێت، به‌ڕای کاڵ بیلدت وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوید که‌ ئه‌مڕۆ له‌ په‌رله‌ماندا به‌رنامه‌ی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی سویدی پێشکه‌ش کرد. به‌ڵام ڕاپه‌ڕینه‌کانی تونس و میسر ده‌ستپێکی وتاره‌که‌ی کارل بیلد بوو.

- سوید به‌ نهێنی که‌ره‌سته‌ و پێداویستی تایبه‌تی بۆ ئاسانکاری به‌کارهێنانی ئینته‌رنێت له‌و وڵاتانه‌دا ڕه‌خساندووه‌ که‌ ڕژێمی ده‌سه‌ڵاتدار  به‌ربه‌ستی بۆ داناون. ئازادی به‌کارهێنانی ئینته‌رنێت ڕێگا بۆ ئازادی ئینسانه‌کان خۆش ده‌کات. به‌ڵام کاری له‌وه‌ زیاتر پێویسته‌، ئێمه‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوید کارل بیلد ده‌ڵێت پێشنیازی کۆمیته‌یه‌کی پشتگیری بۆ دیموکراتی له‌ تونس کردووه‌ و هیواداریشین که‌ به‌م زووانه‌ بواری گفتوگۆ له‌گه‌ڵ میسریشدا بکرێته‌وه‌ تا له‌ پێداویستیه‌کانیان تێبگه‌ین و به‌ پێی توانا پشتگیرییان بکه‌ین.  رێگای پێکهێنانی ده‌ستورێکی نوێ له‌سه‌ر بنه‌مای ئازادیی و دادپه‌روه‌ری درێژه‌ و پێویستی به‌ ڕیفۆرم و چاکسازی زۆره‌ و له‌وانه‌ گه‌شه‌ی ئابووری‌. ئه‌م پرسه‌ کارل بیلدت ده‌ڵێت ده‌بێت گرنگی پێ بدرێت.

به‌ڵێ مه‌رج و داوای ئازادی هاوڵاتییانی ئه‌وبه‌ری ده‌ریای ناوه‌ڕاست و ڕاپه‌ڕینه‌ یه‌ک له‌دوا یه‌که‌کانی تونس ئینجا میسر و وڵاتانی تری باکوری ئه‌فه‌ریقا ده‌ستپێکی وتاره‌که‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوید کارل بیلد بوو که‌ ئه‌م پێشنیوه‌ڕۆیه‌ له‌ په‌رله‌ماندا به‌رنامه‌ی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی حوکوومه‌تی پێشکه‌ش کرد. کارل بیلد وتی ئیتر سه‌ره‌ی یه‌کییه‌تی ئه‌ورووپا و سوید هاتووه‌ ئه‌رکی خۆیان له‌و ناوچانه‌دا به‌جێ بهێنن و له‌ پێکهێنانی داهاتووی ئه‌و وڵاتانه‌دا پشتگیر و به‌شدار بن. وڵاتی یاسا و دیموکرات، وڵاتی کار و هیوا پێکبهێنین، ئه‌مانه‌ وه‌هم و خه‌یاڵ نه‌بن به‌ڵکه‌ دیدگا و هه‌وڵه‌کانی داهاتوومان بن له‌و ناوچانه‌دا.

ئه‌م قسانه‌ی کارل بیلد جێی خۆشحاڵی سۆسیالدیموکراته‌کان له‌ به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆن نه‌بوو. نه‌خێر سوید و یه‌کییه‌تی ئه‌ورووپا ده‌سته‌وسان و پاسیڤ له‌ به‌رده‌م ڕاپه‌ڕینه‌کانی تونس و میسردا وه‌ستابوون و ده‌نگی پشتگیرییان له‌ خۆپیشاندانه‌کانی گۆڕه‌پانی ئه‌لته‌حریری قاهیره‌ دیار نه‌بوو. به‌ڕای وته‌بێژی پرسی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی سۆسیالدیموکراته‌کان ئوربان ئالین

-   که‌ی بوو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی یه‌کیه‌تییی ئه‌ورووپامان کاترین ئاشتۆن هاته‌ قسه‌؟ ئا به‌ڵێ ‌ دوو ده‌قیقه‌ دوای ئه‌وه‌ی باراک ئۆباما قسه‌ی کرد ئینجا دوای ئه‌و ئاشتۆن هه‌مان قسه‌کانی ئۆبامای دووباره‌ کرده‌وه‌. ئینجا ئوربان ئالین دیسان به‌ ده‌نگێکی پڕ له‌ ڕه‌خنه‌ و تیزه‌جاڕییه‌وه‌ ده‌پرسێت ئه‌ی که‌ی بوو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی خۆمان هاته‌ قسه‌، ئا به‌ڵێ به‌ ترس وله‌رزه‌وه‌ سوپاگه‌له‌که‌ی خاوه‌خاو که‌وته‌ ڕێ و دوای کاترین ئاشتۆن هه‌مان قسه‌کانی ئه‌وی دوپات کرده‌وه‌ به‌ڵام پاش ده‌ ده‌قیقه‌

 ئالین ده‌ڵێت نائومێدم.

ئالین له‌ ڕه‌خنه‌کانی دژ به‌ بیلد به‌رده‌وامه‌ و ئینجا نائومێدی خۆی به‌رامبه‌ر به‌ ناڕوونی هه‌ڵوێستی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ له‌ به‌رامبه‌ر به‌ سه‌رۆکی پێشووی میسر حونسی موباره‌ک ده‌رده‌بڕێت.

- کارل بیلد،  تۆ خیانه‌تت له‌ یه‌کێک له‌ گرنگترین ئه‌رکه‌کانت وه‌ک وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوید کرد، ئه‌رکی ئه‌وه‌ی که‌ ده‌بوا له‌ سه‌نگه‌ری چه‌وساواندا بیت.

جێی باسه‌ که‌ سۆسیالدیموکراته‌کانیش ئه‌مڕۆ به‌رنامه‌ی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ وه‌ک له‌بری ئه‌وه‌ی حوکوومه‌ت پێشکه‌ش ده‌که‌ن.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوید کارل بیلد خۆشی به‌ وریاییه‌وه‌ ڕه‌خنه‌ی له‌ هه‌ڵوێستی یه‌کییه‌تی ئه‌ورووپا به‌رامبه‌ر به‌ وڵاتانی باکووری ئه‌فه‌ریقا گرت که‌ هه‌ڵوێستێکی ناسه‌قامگیره‌ و پێوسیته‌ چاکسازی تێدا بکرێت . هه‌ڵوێستمان به‌رامبه‌ر به‌ وڵآتانی باکوری ئه‌فه‌ریقا بیلدت ده‌ڵێت ده‌بێت وه‌ک هه‌ڵوێستمان به‌رامبه‌ر به‌ وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌ورووپا بێت، ئاخر کارل بیلد ده‌ڵێت له‌ وڵاتانی دراوسێمان له‌ باشوور ئاگریان بۆ کۆمه‌ڵگه‌ و ئابوورییه‌کی ئازاد گرتووه‌، ئێمه‌ش ده‌بێت سیاسه‌تێکی دراوسێیه‌تی باشیان له‌گه‌ڵدا پێک بهێنین.

ئینجا له‌ باره‌ی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی سوید له‌به‌رامبه‌ر وڵاتانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست کارل بیلدت ئێرانی کرده‌ نموونه‌ی پێشێلکردنی مافه‌کانی مرۆڤ که‌ له‌ سێداره‌دان تێیدا به‌رده‌وامه‌. بیلد ده‌ڵێت سوید به‌ هاوکاری یه‌کییه‌تی ئه‌ورووپا و ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان کار بۆ گۆڕینی ئه‌و بارودۆخه‌ له‌ ئێراندا ده‌کات و داوای لێکۆڵه‌ره‌وه‌ێک له‌و پرسه‌ له‌لایه‌ن ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کانه‌وه‌ مه‌رجێکه‌ سوید جه‌ختی لێ ده‌کاته‌وه‌.

ئینجا باس هاته‌ سه‌رباسی عێراق و خۆشحاڵی خۆی سه‌باره‌ت به‌ سه‌قامگیری عێراق ده‌ربڕی که‌ بواری بۆ کردنه‌وه‌ی باڵێۆزخانه‌ی سوید له‌ به‌غداد و قونسوڵخانه‌ش له‌ کوردستانی عێراق له‌ هه‌ولیڕ ئاماژه‌ پێ دا.

له‌ باسی به‌رفراوانکردنی یه‌کییه‌تی ئه‌ورووپا کارل بیلد پشتگیری سویدی بۆ بوونه‌ ئه‌ندامی تورکیا له‌ یه‌کییه‌تییه‌که‌دا دووپات کرده‌وه‌. به‌ڵام ئه‌مه‌ دوای ئه‌وه‌ی که‌ تورکیا مه‌رجه‌کانی ئه‌ندامبوون پڕ بکاته‌وه‌ ئه‌وه‌یش به‌ چاکسازییه‌کی گشتگیر له‌ ده‌ستوری وڵاتدا که‌ مافی تاک له‌به‌ر بگرێت.

به‌ڵێ ئه‌و پرس و کێشانه‌ی له‌ وڵاتانی دراوسێ دووره‌کانی سویدا هه‌ن ڕۆڵی گرنگیان له‌سه‌ر ئاسایشی گشتی جیهان هه‌یه‌ و ئه‌فغانستان نموونه‌یه‌کی تره‌. به‌ڵام کێشه‌ی دیموکراتی و پێشێلکردنی مافه‌کانی مرۆڤ له‌ دراوسێ نزیکه‌کانی سویدیشدا له‌ ئه‌ورووپای ڕۆژهه‌ڵات بۆ نموونه‌ ڕوسیای سپی جێی نیگه‌رانی بیلد بوو،  که‌ ‌ به‌ڕای بیلدت ڕوسیا ده‌توانێت ڕۆڵێکی گرنگی له‌ ڕه‌وتی دیموکراتی له‌ ناوچه‌که‌دا هه‌بێت به‌ڵام ئه‌مه‌ کاتێک ده‌کرێت که‌ ڕووسیا له‌ ڕێی نوێکردنه‌وه‌ی داموده‌ستگه‌کانیه‌وه‌ ببێته‌ ولآتی یاسا و ڕیزگرتن له‌ مافه‌کانی مرۆڤ هه‌روه‌ها دیموکراتی.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Har du frågor eller förslag gällande våra webbtjänster?

Kontakta gärna Sveriges Radios supportforum där vi besvarar dina frågor vardagar kl. 9-17.

Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min Lista".