Du måste aktivera javascript för att sverigesradio.se ska fungera korrekt och för att kunna lyssna på ljud. Har du problem med vår sajt så finns hjälp på http://kundo.se/org/sverigesradio/

په‌ناخوازان دڵخوازانه‌ ناگه‌ڕێنه‌وه‌

بڵاو کرایه‌وه‌ tisdag 12 april 2011 kl 13.11

ژماره‌ی ئه‌و په‌ناخوازانه‌ی داواکانیان ڕه‌ت کراوه‌ته‌وه‌ و به‌ڵام له‌ سویددا ده‌مێننه‌وه‌ زیادی کردووه‌. هۆکاره‌کانه‌ی ئه‌و زیاد بوونه‌ تا ئێستا ڕوون نین به‌ڵام به‌ ڕای به‌رپرسی یه‌که‌ی چآودێری سنوور له‌ ده‌ستگه‌ی پۆلیسی تاوان سێۆرێن کلێرتۆن هۆکارێک ئه‌وه‌یه‌ که‌ په‌ناخواز ڕێز له‌ بڕیاری ناردنه‌وه‌یان ناگرن.

-   وه‌ڵامێکی ڕوون و ڕه‌وان بۆ ئه‌و پرسه‌ نییه‌ به‌ڵام ده‌کرێت چه‌ند هۆکارێک هه‌بن، یه‌کێک له‌وانه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ په‌ناخوازان داواکانیان ڕه‌ت ده‌کرێته‌وه‌ هۆکارێکی تر ئه‌وه‌یه که‌ پۆلیس سه‌رمایه‌گوزاری له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ ناکه‌‌ن، به‌ڕێوه‌به‌ری یه‌که‌ی چاوه‌دێری سنوور له‌ ده‌ستگه‌ی پۆلیسی تاوان، سیۆرێن کلێرتۆن ده‌ڵێت به‌ڵام ژماره‌یه‌کی زۆری په‌ناخوازانیش ڕێز له‌ بڕیاری ڕه‌تکردنه‌وه‌ی داواکانیان ناگرن، له‌بری ئه‌وه‌ خۆیان ئه‌شارنه‌وه.   

ساڵی ڕابوردوو نزیکه‌ی 32 هه‌زار که‌س داوای په‌ناخوازییان له‌ سوید کردبوو واتا له‌ماوه‌ی ساڵی 2010 دا په‌ناخوازی له‌ سویددا به‌ نزیکه‌ی له‌سه‌دا 30 زیادی کردبوو.

زیاد له‌ 15 هه‌زارییان داواکانیان ڕه‌ت کرایه‌وه‌. به‌ ڕه‌فزه‌کانی پێشتره‌وه‌ له‌حاڵی حازردا نزیکه‌ی 16 هه‌زار و پێنجسه‌د په‌ناخواز له‌ سویددا هه‌ن که‌ داواکنیان ڕه‌ت کراوه‌ته‌وه‌ و پۆلیس بۆ به‌زۆر ناردنه‌وه‌یان له‌دویان ده‌گه‌ڕێت.

زیادبوونی ژماره‌ی ئه‌و په‌ناخوازانه‌ی که‌ پاش ره‌تکردنه‌وه‌ی داواکانیان دڵخوازانه‌ سوید جێناهێڵن هۆکاری تریشی هه‌ن جگه‌ له‌وانه‌ی کلێرتۆن باسی لێ کردن، ئه‌ندامی لیژنه‌ی یاسایی له‌ ده‌ستگه‌ی کۆچ کارل بێکسێلیوس ده‌ڵێت هۆکارێکی تر ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ چ وڵاتێکه‌وه‌ په‌ناخوازان دێن، بۆ نموونه‌ له‌ ماوه‌ی ساڵی 2010 دا ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ په‌ناخوازی سربی هاتنه‌ سوید ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌وه‌ی که‌ مه‌رجی ڤیزا له‌سه‌ر هاولاتیانی سربی هه‌ڵگیرابوو.      

- کارل بێکسیێلیۆس له‌ ده‌تگه‌ی کۆچه‌وه‌ ده‌ڵێت له‌ پایزی ڕابوردووه‌دا ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ سربیاوه‌ داوای په‌ناخوازییان له‌ سوید کرد، به‌ڵام به‌هۆی نه‌بوونی بنه‌ما و هۆکارێکی گونجاو داواکانیان ڕه‌ت کرایه‌وه‌، ئه‌مه‌ یه‌کێکه‌ له‌و هۆکارانه‌ی که‌ ژماره‌ی په‌ناخوازیی له‌ماوه‌ی ساڵی ڕابوردوودا له‌ ئاماره‌کاندا وا زۆر ده‌ر ده‌که‌وێت.  

کاتێ داوای په‌ناخوازیی که‌سێک ڕه‌ت ده‌کرێته‌وه‌ ده‌ستگه‌ی کۆچ هانی ئه‌و که‌سه‌ ده‌ده‌ن بگه‌ڕێته‌وه‌ وڵاتی خۆی، بۆ نموونه‌ پاره‌ی بلیتی فڕۆکه‌یان بۆ سه‌رف ده‌کرێت و بۆ نموونه‌ هه‌ر که‌سێک 30 هه‌زارکرۆن و 15 هه‌زار کرۆن بۆ مناڵان واتا سه‌رجه‌م بۆ خێزانێک 75 هه‌زار کرۆن وه‌ک پشتگری و بۆ هاندانی ناردنه‌وه‌یان سه‌رف ده‌کرێت.

 ئه‌گه‌ر به‌م  ڕێگه‌یه‌ باوه‌ڕ به‌ په‌ناخواز نه‌هێنرێت بۆ ڕۆشتنه‌وه‌  ئیتر ئه‌رکی ناردنه‌ی په‌ناخواز ده‌درێته‌ پۆلیس که‌ ساڵانه‌ نزیکه‌ی 10 هه‌زار کاری له‌و جۆره‌یان ده‌که‌وێته‌ سه‌ر شان.

ژماره‌یه‌ک له‌و که‌سانه‌ش پۆلیس به‌ شوێنیان ده‌زانێت و به‌زۆر ده‌نێردرێنه‌وه‌ به‌ڵام ژماره‌یه‌کیشیان خۆیان ده‌شارنه‌وه‌.  به‌ڵام ده‌کرێت له‌ نیو ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ له‌ تۆماری پۆلیسدا هه‌ن خۆیان سویدیان جێهێشتبێت بێ پرسی ده‌وڵه‌ت. به‌رپرسی به‌شی چاوه‌دێری سنوور له‌ ده‌ستگه‌ی پۆلیسی تاوان ده‌ڵێت له‌به‌رئه‌وه‌ی ئازادی هاتووچۆ له‌ نێو وڵاتانی ئه‌ورووپیدا هه‌یه‌ بۆیه‌ پۆلیس ناتوانێت کۆنترۆلی ته‌وای به‌سه‌ر هاتوچۆی په‌ناخوازاندا هه‌بێت .‌ 

 جگه‌ له‌ کێشه‌ی کراوه‌یی سنووره‌کان که‌ ئه‌رکی ناردنه‌وه‌ی په‌ناخوازانی بۆ پۆلیس سه‌خت کردووه‌، پۆلیس ناتوانن بڕیاری ناردنه‌وه‌ی هه‌موو په‌ناخوازێک جێبه‌جێ بکه‌ن. ئه‌وه‌یش به‌هۆی ئه‌وه‌ی که‌ هه‌ندێک له‌و وڵاتانه‌ی که‌ په‌ناخوازی لێوه‌ هاتووه‌ وه‌ریان ناگرنه‌وه‌، بۆ نموونه‌ ئێران، به‌ڵام له‌ حاڵه‌تی وه‌ک وڵاتی سۆماڵدا به‌هۆی ناله‌باری باری ئاسایشه‌وه‌ ئه‌و سۆماڵیانه‌ی له‌ سویدا داواکانیان ڕه‌تکراوه‌ته‌وه‌ بڕیاری ناردنه‌وه‌یان وه‌ستێنراوه‌.  

جێی باسه‌ پێشتر له‌ ژێر فشاری پارتی ژینگه‌ و چه‌ند لایه‌نێکی تردا دوای ڕه‌تکردنه‌وه‌ی داوای یه‌که‌می په‌ناخواز مافی سه‌رله‌نوێ داوای مۆڵه‌تی مانه‌وه‌ی هه‌بوو ، به‌ڵام ئێستا و به‌پێی ڕێککه‌وتنه‌ نوێکه‌ی حوکوومه‌ت و ژینگه‌ ئه‌و مه‌رجه‌ نه‌ماوه‌ ئه‌ویش له‌به‌ر نه‌بوونی پشتگری ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و  ژینگه‌ش ئیتر له‌و داوایه‌ گه‌ڕاون.  

 زیادبوونی ژماره‌ی ئه‌و په‌ناخوازانه‌ی که‌ دڵخوازانه‌ ناڕۆنه‌وه‌ پرسیاری ئه‌وه‌ی لای ده‌ستگه‌ به‌رپرسه‌کان ناوه‌ته‌وه‌ که‌ ده‌بێت چی بکرێت تا ژماره‌ی ئه‌و که‌سانه‌ زیاد نه‌کات. به‌ڕای کارل بێکسێلیوس ڕێگه‌ چاره‌یه‌کی ئاسان نییه‌ به‌ڵام یه‌کێک له‌ ڕێگه‌ چاره‌کان ئه‌کرێت ئه‌وه‌ بێت که ده‌ستگه‌ی کۆچ به‌ ڕێزه‌وه‌ پێشوازی که‌ په‌ناخوازان بکه‌ن و مه‌رجه‌کانی مانه‌وه‌یان بۆ ڕوون بکه‌نه‌وه‌. هه‌روه‌ها کۆمه‌کی ناردنه‌وه‌شیان بۆ ته‌رخان بکه‌ن به‌وشێوه‌یه‌ ده‌کرێت په‌ناخواز دڵخوازانه‌ سوید به‌جێ بهێڵن.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Har du frågor eller förslag gällande våra webbtjänster?

Kontakta gärna Sveriges Radios supportforum där vi besvarar dina frågor vardagar kl. 9-17.

Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".