Du måste aktivera javascript för att sverigesradio.se ska fungera korrekt och för att kunna lyssna på ljud. Har du problem med vår sajt så finns hjälp på http://kundo.se/org/sverigesradio/

بانکی سه‌راسه‌ریی سوید، سوودی سه‌ره‌کیی قه‌رزی به‌رز کرده‌وه‌

بڵاو کرایه‌وه‌ onsdag 27 april 2011 kl 13.03
زێده‌بوونی سوودی سه‌ره‌کیی قه‌رز
(6:34 min)

سوودی سه‌ره‌کیی بانکی سه‌راسه‌ریی سوید ـ ریکس‌بانکن ـ ناودێر به‌ reporäntan به‌ ڕێژه‌ی 0,25  یه‌که‌ له‌سه‌د، به‌رز بۆوه‌ و جارێکی دی گه‌یشته‌ 1,75  له‌سه‌د. بانکی سه‌راسه‌ریی سوید هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند که‌ هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌م زێده‌بوونه‌ی سوود، هه‌ندێ نرخی تریش بۆ نموونه‌ خه‌رجی بژیوی بنه‌ماڵه‌، به‌رز ده‌بنه‌وه‌.

بانکی سه‌راسه‌ریی سوید چاوه‌ڕوانی گه‌شه‌ی ئابووریی ئه‌مساڵی سویده‌ به‌ ڕێژه‌ی 4,6 له‌سه‌ددا. ئه‌مساڵ ئاوسانی ئابووریش به‌ ڕێژه‌ی3,2  له‌سه‌د به‌ڕێوه‌یه‌ و ساڵی داهاتوو ده‌بێته‌ 2,8  له‌سه‌د. بانکی سه‌راسه‌ریی سوید به‌ ئه‌رکی خۆی ده‌زانێ که‌ له‌ ڕه‌وتی بازنه‌ی بره‌وی بازاڕدا (konjunkturcykel) ئاوسانی ئابووریی وڵات بۆ چه‌ند ساڵان تا ئاستی دوو له‌سه‌د ڕاگرێ.هه‌نارده‌ی وڵاتیش به‌هێزه‌وه به‌رفره‌وان ده‌بێت، هه‌روه‌ک ڕاده‌ی داوای شیرکه‌ت و بنه‌ماڵه‌کانیش به‌رفره‌ ده‌بێته‌وه‌.

بانکی سه‌راسه‌ریی سوید له‌سه‌ر ئه‌م بڕوایه‌یه‌ که‌ بارودۆخی بازاڕی کار باشتر ده‌بی و ئه‌مه‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی مووچه‌کان له‌گه‌ڵ خۆی دێنێ. بۆیه‌ش بانکی سه‌راسه‌ری ده‌بێ له‌ سه‌ر به‌رزکردنه‌وه‌ی سوودی بانکیی ڕێنیشانده‌ر به‌رده‌وام بێ و ئه‌مه‌ش دیاره‌ کاتێ بانکه‌کانیش به‌شوێنیدا سوودی قه‌رزه‌کانیان به‌رزکه‌نه‌وه، ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی بۆنموونه‌‌ سوودی قه‌رزی خانووبه‌ره‌ و مه‌سره‌فکاری به‌رز بێته‌وه‌. سوودی ڕه‌های خانووبه‌ره‌ ناودێر به‌ (rörlig boränta) له‌م حاڵه‌دا ده‌گاته‌ سه‌رووی چوار له‌سه‌د.

بێت و که‌سێک دوو میلیۆن کرۆنی قه‌رزی خانووبه‌ره‌ هه‌بێ به‌و مانایه‌یه‌ که‌ زێده‌بوونی ئه‌و سووده‌ بانکییه‌ی به‌ ڕێژه‌ی 0,25  یه‌که‌ له‌سه‌د ده‌بێ و ئه‌مه‌ زێده‌بوونێکی چوار سه‌د کرۆنییه‌ له‌ مانگدا به‌رله‌ داشکاندنی ده‌رچووی سی له‌سه‌د سوودی (ränteavdrag). ئه‌گه‌ر سوودی قه‌رزی خانووبه‌ره‌، له‌ ماوه‌ی ئه‌مساڵدا یه‌ک له‌سه‌د زیاد بێ، ئه‌وه‌ مانگانه‌ 1700 کرۆن ده‌رچووی ده‌بێ.

به‌مجۆره‌ کاتێ سوودی بانک له‌ سه‌ر قه‌رز به‌رزبێته‌وه، ئه‌وا‌ بنه‌ماڵه‌کانیش خه‌رجی مانگانه‌یان له‌ چه‌ند بواردا هه‌ڵده‌کشێ و زیاد ده‌کا. ئینگێلا گابریێلسۆن ئابووریزانی بانکی نۆردیا ده‌ڵێ ئه‌مه‌یان ده‌بێ له‌لایه‌ن بنه‌ماڵه‌کانه‌وه‌ به‌ هیند بگیرێ. من پێشنیاز ده‌که‌م که‌ خه‌ڵک به‌ مه‌رجه‌کانی قه‌رزگه‌لی خۆیاندا بچنه‌وه‌ و حیسابی ئه‌وه‌ بکه‌ن که‌ ئاخۆ به‌ زێده‌بوونی ئاستی سوود، خه‌رجییه‌کانیان چۆناوچۆن زێده‌تر ده‌بێ و به‌ چ شێوه‌یه‌ک ده‌توانن پێشی بگرن.

به‌ڵام ئایا بنه‌ماڵه‌کان ده‌توانن خۆ ئیداره‌ بکه‌ن؟ ئینگێلا گابریێلسۆن ده‌ڵێ به‌ڵێ له‌وه‌ دڵنیام. ئێمه‌ بۆ دانی قه‌رزی خانووبه‌ره‌، مه‌رجی زۆر دژوارمان داناوه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌که‌مان له‌سه‌ر بناغه‌ی 8 تا 9 له‌سه‌د سوود له‌ سه‌ر قه‌رز داده‌نێین تا لێمان ڕوون بێته‌وه‌ که‌ ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه‌ ده‌توانێ به‌ باشی ئیداره‌ی خۆی بکات. دیاره‌ له‌لایه‌کی دیکه‌شه‌وه‌ پێوه‌ندی به نه‌رێت و عاده‌تیه‌کانیش له‌ بواری مه‌سره‌فکاریدا هه‌یه.

‌‌بانکی سه‌راسه‌ریی سوید ـ ریکس‌بانکن ـ به‌م جۆره‌ی که‌ باس کرا سوودی قه‌رزه‌کانی خۆی له‌ داهاتوو‌یه‌کی نزیکدا به‌رز ده‌کاته‌وه‌ و سه‌رده‌می ناودێر به‌ "قه‌یرانی به‌هره"‌ که‌ گه‌لێ بنه‌ماڵه‌ی له‌ قه‌یرانی داراییدا که‌یفخۆش کردبوو، به‌سه‌ر ده‌چێ. ئێستا ئیدی به‌هره‌کان هه‌ڵده‌کشێن. ئه‌وه‌ش هه‌ڵکشانی زۆر خه‌رجی دیکه‌شی به‌دواوه‌ ده‌بێ و سویدی گوته‌نی‌ جانتای باغه‌ڵ لاواز ده‌کات. نرخی به‌نزین زیاد ده‌بێ و له‌ کاتی پشووی هاوینێشدا ـ کاتێ داوای به‌نزین به‌رفره‌ ده‌بێ ـ ئه‌وا هه‌ر به‌ جارێکی زۆر ده‌بێ و ڕیکۆرد ده‌شکێنێ.

نرخی کاره‌باش زۆر ده‌بێ. خواردنیش گران ده‌بێ و به‌ زێده‌بوونی نرخی په‌مۆ له‌ بازاڕی نێونه‌ته‌وه‌ییدا، ئه‌وا جلوبه‌رگیش گران ده‌بێ. ئه‌و زێده‌بوونه‌ی داهاتیش که‌ به‌ شێوه‌ی لێداشکاندنی باجی کار (jobbskatteavdrag) به‌ بڕی 1700 کرۆن له‌ مانگێکدا بۆته‌ هۆی دانی باجی که‌متر، ئێستا به‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخ و خه‌رجییه‌کان هیچی لێ نامێنێته‌وه‌. ئه‌مه‌یان ئینگێلا گابریێلسۆن، ئابووریزانی نۆردیا وا ده‌ڵێ. 

ئینگێلا گابریێلسۆن ده‌ڵێ ئه‌مه‌ مه‌ترسیداره‌. ئه‌و پرسه‌ی هیچ وه‌ڵامێکمان بۆی نییه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ چیمان ‌ له‌و زیده‌باییه‌ی به‌ داشکاندنی باجی کار (jobbskatteavdrag) وه‌ده‌ستمان هێناوه، کردووه. ئایا به‌ قه‌رزه‌که‌وه‌ به‌ستوومانه‌ته‌وه‌ یا خود خه‌رجمان کردووه‌ یا ئه‌وه‌ی پاشه‌که‌وتمان کردووه‌. دیاره‌ هه‌ر که‌سه‌ و شتێکی لێ ده‌کا. هه‌ندێ پاشه‌که‌وتیان کردووه‌ و هه‌ندێ خۆیان بۆ ئه‌مه‌ ئاماده‌ کردووه‌ که‌چی ئی واش هه‌بوون که‌ به‌کاریان هێناوه‌ و به‌ خۆشباوه‌ڕییه‌وه‌ خه‌رجیان کردووه‌.

به‌ڵێ، هه‌ر بنه‌ماڵه‌ و به‌ شێوه‌ی خۆی ئاگای له‌ باری ئابووریی خۆی هه‌یه‌ یا خود هه‌ر لێی به‌خه‌به‌ره‌ و سه‌رنجی ناداتێ. تۆ بڵێی قسه‌ی ئابووریزانێکی بواری تاکه‌که‌سان، نه‌ک شیرکه‌تان چۆن سه‌یری ئه‌و باره‌ ئابوورییه‌‌ی بنه‌ماڵه‌کان ده‌کات؟

ئینگێلا گابریێلسۆن پێی وایه‌ جاروبار مرۆڤ پێی سه‌یر ده‌بێ کاتێ ئی وا ده‌بینێ که‌ هه‌ندێ خۆشباوه‌ڕن و هیوای ئه‌وه‌ ده‌خوازن که‌ هه‌موو شتێک هه‌ر خۆی جێبه‌جێ بێ،  بێ ئه‌وه‌ی ڕاپه‌ڕێکیان هه‌بێ و هه‌وڵێکی بۆ بکه‌ن. من ده‌مه‌وێ دووپاتی بکه‌مه‌و‌ه‌ که‌ ئه‌مه‌ زۆر گرنگه‌ خه‌ڵک ئاگای له‌ خه‌رج و داهاتی خۆی هه‌بێ و بزانێ که‌ چی له‌ پاره‌کانی ده‌کا و هه‌وڵێک بۆ باشترکردنی بارودۆخی ژیانی بدات. دیاره‌ هه‌موو که‌س ده‌توانن به‌شی خۆیان، شتێک بکه‌ن!

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Har du frågor eller förslag gällande våra webbtjänster?

Kontakta gärna Sveriges Radios supportforum där vi besvarar dina frågor vardagar kl. 9-17.

Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min Lista".