Du måste aktivera javascript för att sverigesradio.se ska fungera korrekt och för att kunna lyssna på ljud. Har du problem med vår sajt så finns hjälp på http://kundo.se/org/sverigesradio/

ئوسامه‌ بن لادن کوژرا

بڵاو کرایه‌وه‌ måndag 2 maj 2011 kl 09.31
ئوسامه‌ بن‌لادن کوژرا
(12 min)
wêne. Scanpix

باراک ئوباما سه‌رۆککۆماری ئه‌مه‌ریکا ڕایگه‌یاند که‌ کۆماندۆکانی ئه‌مریکایی له‌ ڕه‌وتی ئۆپه‌راسیۆنێکی سه‌ربازیدا ئوسامه‌ بن لادن ڕێبه‌ری تۆڕی ئه‌لقاعیده‌ و هۆکاری هێرشه‌کانی یازده‌ی سێپتامبریان کوشتووه‌. ئه‌و گوتی بن لادن ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ له‌ حه‌شارگه‌یه‌کی له‌ پاکستان کوژراوه‌ و ته‌رمه‌که‌ی ئێستا له‌به‌ر ده‌ستی ئه‌مریکادایه‌.

ئوباما له‌ قسه‌کانی خۆی له‌ کۆشکی سپیدا گوتی که‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای ده‌ستپێکرانی سه‌رۆککۆماریی خۆیه‌وه‌ لیۆن پانتای به‌ سه‌رۆکایه‌تیی ڕێکخراوی هه‌واڵگریی سی‌ئای‌ئه‌ی دانا و جه‌ختی لێ‌کرده‌وه که‌ ئه‌وله‌ویه‌تی سه‌ره‌کیی ئه‌مریکا له‌ شه‌ڕ دژی ئه‌لقاعیده‌، ده‌سبه‌سه‌رکردن یا کوشتنی ئوسامه‌ بن لادنه‌. ئه‌و گوتی له‌ مانگی ئاگوستیدا بوو که‌ تیمی ئاسایشی کۆشکی سپی پێیان ڕاگه‌یاند که‌ هه‌ندێ زانیاریان وه‌ده‌ست که‌وتوه‌ که‌ له‌وانه‌یه‌ ببێته‌ هۆی دۆزینه‌وه‌ی بن‌لادن. سه‌رله‌ئاخر هه‌فته‌ی ڕابردوو پاش ئه‌وه‌ی زانیارییه‌کان ته‌کمیل بوون، فه‌رمانی به‌ڕێوه‌چوونی ئوپه‌راسیۆن دژی ڕێبه‌ری ئه‌لقاعیده ده‌رکرا.

‌ سه‌رۆککۆماری ئه‌مه‌ریکا گوتی تیمێکی بچووکی سه‌ربازیی ئه‌مه‌ریکایی ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ی ڕابردوو هێرشیان کرده‌ سه‌ر حه‌شارگه‌ی ئوسامه‌ بن‌لادن که‌ بینایه‌کی زۆر ڕازاوه‌یه‌ له‌ شاری عابیدآباد هه‌ڵکه‌وتوو له‌ 150 کیلۆمه‌تریی ئیسلاماباد پێته‌ختی پاکستان و توانیان بیکوژن. کاربه‌ده‌ستانی ئه‌مه‌ریکایی هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شیان ڕاگه‌یاند که‌ دابونه‌رێتی ئیسلامی بۆ ته‌رمه‌که‌ی بن‌لادن له‌به‌رچاو ده‌گیرێت.

ئوباما له‌قسه‌کانیدا جه‌ختی له‌سه‌ر به‌رده‌وامیی خه‌با‌ت دژی ئه‌لقاعیده‌ کرده‌وه‌ و گوتی ئه‌مه‌ریکا دژی ئیسلام له‌ شه‌ڕدا نییه‌ و بن‌لادن نه‌ته‌نیا ڕێبه‌ری موسوڵمانان نییه‌ بگره‌ کوشتاریشی کردوون.

فرێدریک ڕاینفێڵد سه‌رۆکوه‌زیری سوید له‌مباره‌وه‌ گوتی ئێستا یه‌کێ له‌ هێماکانی توندوتیژی و ڕه‌شه‌کوژی مردووه‌ و لانی که‌م ئه‌و ناتوانی چیدیکه‌ خه‌ڵکی بێتاوان بکوژێ. ئه‌و که‌سێک بوو که‌ هیچ به‌لایه‌وه‌ گرنگ نه‌بوو ئه‌وانه‌ی ده‌کوژرێن ژن، منداڵن، موسوڵمانن یا چی. ته‌نیا ده‌یه‌ویست بکوژێ.

هه‌رچه‌ند ئوباما کوژرانی ئوسامه‌ بن‌لادنی به‌ ده‌سکه‌وتێکی گه‌وره‌ داناوه‌ به‌ڵام ڕوانگه‌ی واش هه‌ن که‌ ده‌ڵێن ئه‌م کاره‌، هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر ئامانجه‌ ئه‌مریکاییه‌کان زۆرتر ده‌کات. مه‌گنوس رانس‌تۆرپ مامۆستای فێرگه‌ی به‌رزی به‌رگریی سوید یه‌کێ له‌وانه‌یه‌ که‌ پێی وا نییه‌‌ کوژرانی بن‌لادن بتوانێ کۆتایی به‌مجۆره‌ تیرۆریسمه‌ی ئه‌لقاعیده‌ بێنێ.

رانستۆرپ ده‌ڵێ گرنگیی کوژرانی ئه‌لقاعیده‌ بۆ نموونه‌ له‌وه‌دایه‌ که‌ ئه‌مه‌ ڕێک له‌ جه‌رگه‌ی ڕووداوه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا ده‌قه‌ومێ و ئه‌و شۆڕشانه‌ی له‌وێ ڕوو ده‌ده‌ن. ئه‌مه‌ش په‌ره‌سه‌ندنێکی ئه‌رێنیی دیکه‌یه‌. هه‌وه‌ها ده‌سکه‌وتێکی گه‌وره‌شه‌ بۆ باراک ئوباما و که‌سایه‌تییه‌که‌ی چونکه‌ زۆر که‌س پێیان وابوو له‌ خه‌بات دژی تیرۆریسمدا له‌چاو جۆرج بوش زۆر نه‌رمونیان و ناکارا بووه‌.

کارل بیلد وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوید که‌ کاتی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م هه‌واڵه‌ له‌ ڕێی سه‌فه‌ر له‌ ئه‌مه‌ریکاوه‌ به‌ره‌و سوید له‌ له‌نده‌ن بوو، له‌ سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی بلۆگی خۆیدا پێشوازی له‌م هه‌واڵه‌ کرد و‌ ‌نووسیی که‌ جیهانێک به‌بێ ئوسامه‌ بن‌لادن، جیهانێکی باشتره‌!

هۆکان یوهوڵت سه‌رۆکی سوسیالدیموکراته‌کانیش له‌ وتووێژێکدا له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌ی یۆتێبۆریس‌پۆستن ده‌ڵێ کوژرانی بن‌لادن نیشانه‌ی لاوازبوونی تۆڕی ئه‌لقاعیده‌یه‌ به‌ڵام  باشتر وابوو نه‌کوژرابایه‌ به‌ڵکوو درابایه‌ مه‌حکه‌مه‌.

سه‌ره‌ڕای هه‌بوونی مه‌ترسی له‌سه‌ر کرده‌ی تۆڵه‌کارانه‌ له‌لایه‌ن لایه‌نگرانی ئوسامه‌ بن‌لادنه‌وه‌ و بگره‌ ناهێمنایه‌تییه‌کی کورتماوه‌ش، که‌چی یان بیۆرکلوند جێگری سه‌رکوه‌زیری سوید ده‌ڵێ جیهانی به‌بێ بن‌لادن زۆر هێمنتر ده‌نوێنێت.

عه‌واد عولوان ئیمامی گه‌ڕه‌کی فیسکسێترا له‌ ده‌وروبه‌ری ستۆکهۆڵم ده‌ڵێ ئوسامه‌ بن‌لادن کوژرا به‌ڵام ئه‌و ته‌نیا یه‌ک که‌س بوو و نه‌بوونه‌که‌ی زۆر گرنگ نییه‌ و سه‌رۆکی تریش هه‌ن که‌ جێی ده‌گرنه‌وه‌. بۆچوونه‌کانیشی هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بن و هه‌ر ده‌ژین. بۆ هه‌میشه‌ش ده‌مێننه‌وه‌.

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ڕوانگه‌کانی ئوسامه‌ بن‌لادن هه‌روا ده‌مێننه‌وه‌ که‌چی به‌لای عولوان له‌درێژماوه‌دا تۆڕی ئه‌لقاعیده‌ له‌ کزی ده‌دا و گرووپه‌که‌ی ئێستاش له‌ ناو جیهانی ئیسلامدا زۆر بچووکه‌‌. گه‌لێ که‌من ئه‌وانه‌ی ئه‌لقاعیده‌ به‌ ئه‌لترناتیڤی جیددیی بۆ خه‌باتی ئیسلام و موسوڵمانان و دژی ئیمپریالیسم ده‌زانن.

به‌ڵام کوژرانی ئوساما بن‌لادن له‌ ڕوانگه‌ی سیاسییه‌وه‌ و به‌سه‌رنجدان به‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌کانی وڵاتانی عه‌ره‌بی و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست چۆن شرۆڤه‌ ده‌کرێ؟ ئیدریس ئه‌حمه‌دی توێژه‌ری سیاسی له‌ فێرگه‌ی به‌رزی به‌رگریی سوید وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Har du frågor eller förslag gällande våra webbtjänster?

Kontakta gärna Sveriges Radios supportforum där vi besvarar dina frågor vardagar kl. 9-17.

Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".