Du måste aktivera javascript för att sverigesradio.se ska fungera korrekt och för att kunna lyssna på ljud. Har du problem med vår sajt så finns hjälp på http://kundo.se/org/sverigesradio/

قه‌رزاریی ئه‌ورووپا وه‌خته‌ کار له‌ سوید بکات

بڵاو کرایه‌وه‌ tisdag 25 oktober 2011 kl 10.12

بواری پیشه‌سازیی سوید خۆ بۆ ڕۆژه‌ قورسه‌کانی داهاتوویان ئاماده‌ ده‌که‌ن ئه‌مه‌ له‌ ده‌رئه‌نجامی ‌ئه‌و ته‌نگژه داراییه‌ی ئه‌ورووپای گرتۆته‌وه‌، ئه‌مه‌ش کار له‌ گرنگترین سه‌رچاوه‌ی ئابووری سوید ده‌کات که‌ نارده‌یه‌. هه‌رچه‌نده‌ گه‌وره‌ کۆمپانیای وه‌ک سوێدبانکه‌ن و ڤۆلڤۆ به‌ ملیارده‌ها کرۆن قازانجیان ڕاگه‌یاندووه‌ که‌چی سکانیا و نوردیا له‌ پلانی ده‌ستپێوه‌گرتن و که‌مکردنه‌وه‌ی کارمه‌ندانیاندان.

-   ته‌نها ڕێگه‌یه‌ک بۆ چاره‌سه‌ری که‌میی داهاتی کارگه‌کان که‌مکردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌کانه‌، مارتین یوری کارناسی بواری پشک ده‌ڵێت زۆربه‌ی کاتیش مووچه‌ی کارمه‌ندان به‌شێکی زۆری خه‌رجییه‌کانی کارگه‌ پێک دێنن  بۆیه‌ سه‌یر نییه‌ له‌ کاتی ته‌نگاویی ئابووریدا ئیتر ژماره‌ی کارمه‌ندان که‌م ده‌کرێته‌وه‌. جا ئێستاش بارودۆخه‌که‌ بۆ هه‌ندێک کارگه‌ ناسکه‌ و کاریگه‌ریی دۆخی بازاڕ له‌سه‌ریان زیاتره‌ هه‌ربۆیه‌ له‌م پاییزه ‌و زستانی داهاتوودا ده‌بێت حساب بۆ ده‌ستپێوه‌گرتن بکه‌ین. 

- به‌پێی ئاماره‌کانمان ژماره‌ی کارمه‌نده‌ نوێکان زۆره‌ و به‌ڕپرسانی به‌شی کڕین پێیان ڕاگه‌یاندوین که‌ چیتر بۆ ساڵی داهاتوو کارمه‌ندی نوێ دانه‌مه‌زرێنین، ئاخر پیشبینییه‌کان سه‌باره‌ت به‌ قازانج کز ده‌نوێنن که‌ ئیتر ئاستی به‌رهه‌مهێنانیش داده‌به‌زێت ئه‌م باره‌ش چاوه‌ڕوانکراوه‌ و ڕووداوێکی کوتوپڕ نییه‌.     

 کاتێک بانکی نوردیاش ڕایانگه‌یاندووه‌ که‌ به‌نیازن دووهه‌زار کارمه‌ند که‌م بکه‌نه‌وه‌. گه‌و‌ره‌کۆمپانیای وه‌ک سکانیا (Scania) ڕایگه‌یاندووه‌ له‌ ماوه‌ی داهاتوودا ئاستی به‌رهه‌مهێنان به‌ له‌سه‌دا 15 که‌م ده‌کاته‌وه‌ ، کۆمپانیای به‌رهه‌مه‌کانی دارستان (StoraEnso) ش هه‌روا. ئه‌مه‌ له‌کاتێکدایه‌ که‌ گه‌وره‌ کۆمپانیاکانی سوید وه‌ک ڤۆلڤۆ پێنج ملیاردونیو کرۆن، کۆمپانیای به‌رهه‌مه‌کانی دارستان (SCA) زیاد له‌ دووملیارد کرۆن هه‌روه‌ها سوێدبانک زیاد له‌ چوار ملیارد کرۆن قازانجیان له‌ سێیه‌م ڕاپۆرتی ئه‌مساڵیاندا ڕاگه‌یاندووه‌.

به‌ڵام ئه‌م ملیاردانه‌ به‌ر له‌ نیگه‌رانی بۆ نموونه‌ ڤۆلڤۆ ناگرێت که‌ وه‌ک زۆر له‌ کۆمپانیا و کارگه‌ گه‌وره‌کانی سوید پشتیان به‌ نارده‌ به‌ستووه‌. ئاخر پریشکی قه‌رزاری و ته‌نگژه‌ی ئابووری ئه‌ورووپی بازاڕی نارده‌ کز ده‌کات. ئه‌و بازاڕه‌ی که‌ له‌سه‌دا حه‌فتای نارده‌ی سویدی بۆ ده‌چێت. ئا له‌م نیگه‌رانیی و کزییه‌دا ڕاوێژکاری بواری نارده‌ ماورۆ گۆززۆ گه‌شبینه‌وه‌ ده‌ڵێت کار له‌ داڕماندا نییه‌. 

-  به‌ڵێ ڕاسته‌، تا ئێستا هیچ زانیارییه‌کی وامان له‌ده‌ستدا نییه‌ که‌ ئاماژه‌ به‌ داڕمانێکی وه‌ک ئه‌وه‌ی ساڵی 2009 بکه‌ن ئه‌و ساڵه‌ی که‌ شوومترین وه‌رزی نارده‌ی سوید بوو له‌ماوه‌ی شه‌ست ساڵدا. چاوه‌ڕوانی و پێشبینییه‌کانمان له‌ ئێستادا ئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌رچه‌نده‌ به‌ ڕه‌وتێکی لاواز به‌ڵام ئاستی گه‌شه‌ی بازاڕ و بازرگانی  به‌رده‌وام ده‌بێت.

 ئه‌م گه‌شبینییه‌‌ به‌راورده‌ به‌و وڵاتانه‌ی که‌ یورۆ دراویانه‌ که‌ ئاستی گه‌شه‌ و دۆخی بازاڕیان ته‌نها به‌ چه‌ند ڕێژه‌یه‌کی سه‌دیی پێشکه‌وتن ده‌بینێت. هه‌رچی سوید و بواری بازرگانی و کارگه‌کانییه‌تی‌ به‌و هیوایه‌ن و باوه‌ڕیان وایه‌ که‌ کێشه‌ی قه‌رزاریی ئه‌ورووپا چاره‌سه‌ری هه‌ر ده‌بێت.

 - به‌ڵێ جۆرێک له‌ چاره‌سه‌ر هه‌ر هه‌یه‌ و ده‌شبێت، مارتین یوری کارناسی بورای پشک له‌ بانکی نوردیاوه‌ ئه‌ڵێت هه‌رگیز له‌و باوه‌ڕه‌دا نه‌بن ڕۆژێک له‌ ڕۆژان سیاسه‌تمه‌دارانی ئه‌ورووپی بڵێن چیتر هیچمان پێناکرێت و با گورگه‌کان بیخۆن. نه‌خێر به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌وڵه‌کانیان به‌رده‌وام ده‌بێت و پێشبڕکێ له‌گه‌ڵ زه‌مه‌ندا ده‌که‌ن وه‌ک ئه‌وه‌ی که‌ له‌ماوه‌ی ئه‌م دووساڵه‌دا کردوویانه‌.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Har du frågor eller förslag gällande våra webbtjänster?

Kontakta gärna Sveriges Radios supportforum där vi besvarar dina frågor vardagar kl. 9-17.

Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".