Du måste aktivera javascript för att sverigesradio.se ska fungera korrekt och för att kunna lyssna på ljud. Har du problem med vår sajt så finns hjälp på http://kundo.se/org/sverigesradio/

ئێران و کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات له سیمینارێکی په‌رله‌مانی سویددا

بڵاو کرایه‌وه‌ torsdag 27 oktober 2011 kl 14.34
ڕاپۆرت: ئێران و کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات
(9:07 min)
1 av 7
ئیدریس ئه‌حمه‌دی و کلاس نوردمارک. وێنه‌: ناسری سینا
2 av 7
ئازاد حه‌یده‌ری. وێنه‌: ناسری سینا
3 av 7
وێنه‌: ناسری سینا
4 av 7
ئیدریس ئه‌حمه‌دی. وێنه‌: ناسری سینا
5 av 7
یاکوب یوانسۆن. وێنه‌: ناسری سینا
6 av 7
وێنه‌: ناسری سینا
7 av 7
وێنه‌: ناسری سینا

دوانیوه‌ڕۆی دوێنێ کۆڕێک له‌ په‌رله‌مانی سویددا پێکهات تا ڕه‌وشی سیاسیی ئێران و کوردستانی ئێرانی تێدا لێکبدرێته‌وه‌. جڤینه‌که‌ به‌ ده‌قیقه‌یه‌ک بێده‌نگی بۆ گیانی قوربانیانی بوومه‌له‌رزه‌ی هه‌رێمی وان ده‌ستی پێکرد.

بابه‌تی کۆڕه‌که، ڕه‌وشی سیاسیی ئێران و کوردستانی ئێران بوو که‌‌ نزیکه‌ی چل که‌سی هێنابوه‌ ناو هۆڵه‌که‌وه‌، له‌ چالاکوانانی سیاسیی کورد و ئێرانییه‌وه‌ بگره‌، تا نوێنه‌رانی کورد و سویدیی په‌رله‌مان، هه‌روه‌ها ڕێژه‌یه‌کی به‌رچاوی ڕۆژنامه‌وانانی به‌ڕه‌گه‌ز کورد.

فریدریک مالم سه‌رۆکی تۆڕی سوید ـ کوردستان له‌ په‌رله‌مانی سوید باسی له‌وه‌ کرد که‌ تۆڕی سوید ـ کوردستان له‌ په‌رله‌مانی سوید له‌ مانگی فێبرواریی ئه‌مساڵذآ له‌ ئه‌ندامانی شه‌ش پارتیی ناو پارله‌مان پێکهاتووه‌ و هه‌وڵ بۆ ڕاکێشانی سه‌رنج به‌ره‌و پرسی کورد و بارودۆخی پارچه‌کانی کوردستان ده‌دات و ئه‌م کاره‌ش به‌ ڕێی هاوکاریی گه‌لێ به‌ربڵاو له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵه‌ و ڕێکخراوه‌ سیاسییه‌کانی کوردی له‌ هه‌موو پارچه‌کانی کوردستان ده‌کات. ئه‌م تۆڕه‌ هه‌روه‌ها ده‌یه‌وێ که‌سایه‌تییه‌کی ره‌سمی بداته‌ پرسی کوردی. فرێدریک مالم گوتی به‌سه‌رنجدان به‌ پاشخانی ئه‌و نوێنه‌رانه‌ی ئێستا له‌ پارله‌ماندا هه‌وڵ بۆ به‌رزکردنه‌وه‌ی پرسی کورد ده‌ده‌ن و ئه‌و دیرۆکه‌ درێژه‌ی سوید له‌پێناو پاراستنی مافی مرۆڤ و یارمه‌تیگه‌یاندنی په‌ناخوازانی کورد به‌ شێوه‌ی جۆراوجۆر و باشترکردنی بارودۆخی ژیانی کورده‌کان له‌ کوردستان و هه‌موو ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هه‌یبووه‌‌، گرنگه‌ که‌ پرسی کورد، که‌سایه‌تییه‌‌کی ره‌سمیی بدرێتێ. دیاره‌ پارله‌مانی وڵاتێک ده‌توانێ باشتر له‌و کۆمه‌ڵانه‌ی به‌ شێوه‌ی خۆبه‌خش کار ده‌که‌ن، ئه‌م که‌سایه‌تییه‌ سیاسییه‌ به‌ پرسی کورد بدات.

کلاس نوردمارک نوێنه‌ری پێشووی په‌رله‌مان له‌ حیزبی سوسیالدیموکرات و سه‌رۆکی تۆڕی کوردیی ئه‌م حیزبه‌ ـ که‌ به‌ڕێوه‌به‌ری کۆڕه‌که‌ بوو ـ باسی گرنگیی ئه‌م سیمیناره‌ی له‌ کاتێکدا کرد که‌ ڕووداوه‌کانی تونس، لیبی و میسر و هه‌موو ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ گشتی، نیگا و سه‌رنجی جیهانیانی به‌ره‌و خۆی ڕاکێشاوه‌ و کۆماری ئیسلامی ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ی قواستۆته‌وه‌ بۆ زه‌بروزه‌نگی زۆرتر دژی خه‌ڵکه‌که‌ی و به‌تایبه‌ت کورده‌کان.

شه‌رمین ئایجان بۆزئارسلان سه‌رۆکی فیدراسیۆنی کۆمه‌ڵه‌ کوردییه‌کان له‌ سوید له‌ قسه‌کانی خۆیدا باسی ئه‌وه‌ی کرد که‌ کۆماری ئیسلامی زیندانێکی داخراوی گه‌وره‌یه‌ و گه‌لێ تاوان و پێشێلکاری دژی مافی مرۆڤ و کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی به‌ڕێوه‌ده‌چێ و ئه‌مانه‌ به‌ نهێنی ده‌کرێن و ئێمه‌ بۆ ڕوونکردنه‌وه‌ی، کارێکی به‌رچاومان نه‌کردووه‌. بوزئارسلان وه‌زعی کورده‌ سیاسییه‌ په‌ناخوازه‌کانی مانگرتوو له‌ مه‌یدانی سێرگێلی ستۆکهۆڵمی به‌ نموونه‌ هێنایه‌وه‌ که‌ ده‌بێ له‌لایه‌ن کاربه‌ده‌ستانی ده‌زگای کۆچی سویده‌وه‌، سه‌رنجی تایبه‌تیی بدرێتێ و په‌ناخوازان‌ نه‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ ئه‌م زیندانه‌ گه‌وره‌یه‌وه‌‌.

ئازاد حه‌یده‌ری نوێنه‌ری ڕێکخراوی سویدیی ناوه‌ندی کوردۆساید واچ ـ چاک ـ بابه‌تێکی له‌سه‌ر باری ناهه‌مواری خه‌ڵک، چالاکانی مه‌ده‌نی و به‌تایبه‌ت شه‌پۆلی له‌سێداره‌دان له‌ ‌ناوچه‌ کوردنشینه‌کاندا پێشکه‌ش کرد و سه‌ر له‌ ئاخر داوای له‌ ئه‌نجومه‌نی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌کان، ڕێکخراوه‌ جیهانی و ئه‌ورووپاییه‌کانی چالاک له‌ بواری مافی مرۆڤدا کرد که‌ له‌به‌رامبه‌ر شێوازه‌ توندوتیژه‌کانی کۆماری ئیسلامیدا دژی کوردان کاردانه‌وه‌ له‌ خۆ نیشان بده‌ن.

دوکتۆر ئیدریس ئه‌حمه‌دی مامۆستای سیاسه‌ت له‌ زانکۆی ستۆکهۆڵم ـ قسه‌بێژی سه‌ره‌کیی ئه‌م سمیناره‌ ـ باسێکی تێر و ته‌سه‌لی پێشکه‌ش کرد و له‌ سه‌ر بارودۆخی سیاسیی ئێرانی ئێستا و به‌رهه‌ڵستکارانی ناوخۆی و ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی ئێرانی، زانیاریی دا. هه‌روه‌ها قورسایی کورد و وکه‌مینه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی دیکه‌ی شرۆڤه‌ کرد. ئه‌و بۆ نموونه‌ باسی ڕاپۆرتی ئه‌حمه‌د شه‌هید نوێنه‌ری تایبه‌تیی ئه‌نجومه‌نی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان بۆ مافی مرۆڤ له‌ ئێراندای کرد و گوتی له‌م ڕاپۆرته‌دا ڕاسته‌ باسی گیرانی محه‌مه‌د سه‌دیق که‌بوودوه‌ند سه‌رۆکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ له‌ کوردستانی کراوه‌ و وه‌ک ناویش، باسی که‌مینه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی ئێران و له‌وانه‌ کوردی کردووه‌، به‌ڵام هه‌ر هیچی تری له‌ سه‌ر سته‌می ڕژێمی ئێران له‌سه‌ر کوردان نه‌نووسیوه‌. یه‌کێ له‌ هۆیه‌کانی ئه‌وه‌یه‌ که‌ کوردان خۆیان له‌ ڕاپۆرتدانی ئه‌م سه‌رکوت و زوڵم و زۆرییانه‌دا که‌مکارن به‌ڵام هۆی تریشی هه‌یه‌. ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ که‌ توێژه‌رانی لوبیکارانی فارس له‌ ئه‌مریکا که‌ ڕێژه‌یان زۆره‌ و زیره‌ک و به‌توانا و ده‌ستڕۆیشتووشن، له‌ هاوفکریی ڕژێمی ئێران، هه‌موو چالاکییه‌کی سیاسیی کوردانیان به‌ جوداخوازی ناودێر کردووه‌ و ئه‌مه‌ ئه‌مریکاییه‌کانی تۆقاندووه‌. سوید له‌ بواری کاروباری ده‌ره‌وه‌ی خۆیدا هیچ سیاسه‌تێکی بۆ به‌ش و ناوچه‌کانی جودای ئێران نییه‌ و هه‌مووی هه‌ر بۆ ناوه‌ندی وڵات ده‌گرێته‌وه‌، به‌ڵام له‌ ئه‌مریکادا سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ هه‌ندێ جیاوازتره‌ و سیاسه‌تمه‌دارانی له‌وه‌ ده‌ترسن که‌ پرسه‌کانی ئه‌و هه‌رێمانه‌ ده‌رخه‌ن. بۆیه‌ ده‌یشارنه‌وه تا نه‌گوترێ ئه‌مریکای ئیمپریالیست ئێستا دێ و به‌ پشتگیری له‌ که‌مه‌نه‌ته‌وه‌کان، ئێران به‌ره‌و پارچه‌بوون ده‌بات.

ئیدریسی ئه‌حمه‌دی که‌ پسپۆڕه‌ له‌ بواری پێوه‌ندیی سیاسیی ئه‌مریکا له‌گه‌ڵ ئێران و عیراقدا باسی له‌وه‌ کرد که‌ ئێران وڵاتێکی یه‌کده‌ست نییه‌، به‌ڵکوو پڕنه‌ته‌وه‌یه‌ و ئه‌م که‌مه‌نه‌ته‌وانه‌ ده‌توانن له‌ داهاتووی ئێرانی دیموکراتیکدا ده‌وری یه‌کجار به‌رچاوی سیاسی بگێڕن هه‌روه‌ک کورده‌کان و نه‌ته‌وه‌ نکۆڵێلێکراوه‌کانی تر‌ له‌ عیراقی پاش 2003دا بوون به‌ یاریکاری گه‌لێ گرنگی سیاسی له‌م وڵاته‌دا.

ئیدریس ئه‌حمه‌دی له‌ لێکدانه‌وه‌ی خۆیدا زۆرینه‌ی ئوپۆزیسیۆنی ئێرانیی به‌تایبه‌ت له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵاتدا به ‌دژی مافی که‌مینه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کان ناودێر کرد که‌ ته‌نیا گه‌لی فارس له‌ ئێراندا ده‌بینن و نکۆڵی له‌ هه‌بوون یا مافداربوونی نه‌ته‌وه‌کانی تری ئه‌م جوگرافیا سیاسییه‌دا ده‌که‌ن. ئه‌و ناسیونالیزمه‌ فارسییه‌ش بێگومان ده‌بێته‌ له‌مپه‌ری سازبوونی ئێرانێکی فیدرالی دیموکرات له‌ داهاتووی ئه‌م وڵاته‌دا.

ئه‌حمه‌دی له‌ قسه‌کانی خۆیدا باسی ئه‌وه‌ی کرد که‌ له‌ پێوه‌ندیی تاکه‌که‌سیی خۆیدا له‌گه‌ڵ سیاسه‌تمه‌داره‌ کورده‌کانی ڕۆژهه‌ڵات، ئاگادار بووه‌ که‌ نوێنه‌رانی بزاڤی ناودێر به‌ سه‌وز پێوه‌ندییان به‌ کورده‌کانه‌وه‌ کردووه‌ تا هاوڕێییان بکه‌ن و هه‌ندێ مه‌رجیان لێ قه‌بووڵ کردوون به‌ڵام نه‌ک مه‌رجی سه‌ره‌کیی وه‌ک نه‌هێشتنی یه‌کجاریی کۆماری ئیسلامی و دانهێنان به‌ مافی ڕه‌وای که‌مه‌نه‌ته‌وه‌کان. ئه‌و گوتی سوید وه‌ک وڵاتێکی فیدراڵ چۆنه‌ توانیویه‌تی پرسی که‌مینه‌نه‌ته‌وه‌کانی خۆی چاره‌سه‌ر بکات به‌ڵام ئێرانی دیموکراتی سبه‌ینێ ناتوانێ بیکات!

به‌شێکی به‌رچاوی کۆڕه‌که‌ دواتر درا به‌ پرسیار و وه‌ڵام و هێنانه‌گۆڕی روانگه‌ی جۆراوجۆر که‌ قسه‌ و باسی زۆریشی نایه‌وه‌.

کۆره‌که‌ به‌ قسه‌کانی خاتوو Anna-Lena Sörensonی سوسیالدیموکرات و ئه‌ندامی کۆمیسیۆنی به‌رگریی په‌رله‌مان و یه‌کێ له‌ ئه‌ندامانی دامه‌زرێنه‌ری تۆڕی سوید ـ کوردستان له‌ په‌رله‌مانی سوید کۆتایی پێهات. ئه‌و به‌ڕێوه‌چوونی کۆڕی وه‌های زۆر به‌ سوودمه‌ند له‌قه‌ڵه‌م دا و گوتی هه‌م زانیاریبه‌خشه‌ و ڕۆشنایی ده‌خاته سه‌ر باسه‌که‌، ئه‌ویش بۆ نوێنه‌رێکی‌ به‌ڕه‌گه‌زسویدیی په‌رله‌مان. باشییه‌که‌ی تریشی ئه‌وه‌یه‌ که‌ بوار بۆ ڕێککه‌وتن و یه‌کێتی خۆش ده‌کات.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Har du frågor eller förslag gällande våra webbtjänster?

Kontakta gärna Sveriges Radios supportforum där vi besvarar dina frågor vardagar kl. 9-17.

Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".