Du måste aktivera javascript för att sverigesradio.se ska fungera korrekt och för att kunna lyssna på ljud. Har du problem med vår sajt så finns hjälp på http://kundo.se/org/sverigesradio/

فێرگه‌کانی سوید ڕێساکان پێشێل ده‌که‌ن و پشتگیریی منداڵان ناکه‌‌ن

بڵاو کرایه‌وه‌ torsdag 10 november 2011 kl 13.21
1 av 3
وێنه‌: ماڵپه‌ڕی به‌شی ناوه‌ندی هه‌واڵه‌کانی ڕادیۆ سوید
2 av 3
ماری‌هێلێن ئانبۆری، سه‌رۆکی ده‌زگه‌ی ده‌وڵه‌تیی پشکنه‌رانی فێرگه‌
3 av 3
سێسیلیا بروسێڤیتز، دایکی ئینگریدی کچۆڵه‌

فێرگه‌کانی سوید زیاتر له‌ ڕابردوو ڕه‌خنه‌ی ئه‌وه‌یان دێته‌وه‌ سه‌ر که‌ یاسا و ڕێسا په‌سندکراوه‌کان له‌به‌رچاو ناگرن و پشتگیریی ئه‌و قوتابیانه‌ ناکه‌ن که‌ پێویستییان به‌ یارمه‌تی هه‌یه‌. ئه‌مه‌یان ئه‌و ژمارانه‌ی پشکنه‌ری بواری فێرگه‌کان (Skolinspektionen) بلاوی کردوونه‌وه‌ ده‌ریده‌خات. له‌ گوێن ئه‌م ئامارانه‌ ئه‌مساڵ 221 فێرگه‌ که‌وتوونه‌ته‌ به‌ر ڕه‌خنه‌ و ئه‌مه‌ له‌ چاو ساڵی ڕابردوو 26 له‌سه‌د زیادی کردووه‌.

سێسیلیا بروسێڤیتز (Cecilia Brusewitz) باسی ئینگریدی کچه‌چکۆله‌ی ده‌کا که‌ کاتێ ده‌چووه‌ پێشفێرگه‌ و پۆلی یه‌ک، بۆی وه‌ک خه‌ونێکی زۆر ناخۆش وابوو. ئه‌و ده‌ڵێ ئه‌وه‌ی هه‌موو ڕۆژێ منداڵه‌که‌ت بنێرییه‌ مه‌کته‌بێک که‌ بزانێ سووکایه‌تیی پێده‌کرێ و هیچ یارمه‌تییه‌کیشی بۆ گه‌شه‌کردن پێنادرێ، ئه‌مه‌ به‌ڕاستی زراوچوونه‌.

ئینگریدی منداڵ که‌ نه‌خۆشیی (ADHD)ی هه‌یه‌ له‌ لایه‌ن فێرگه‌وه‌ هیچ یارمه‌تییه‌کی نه‌درایێ و زۆریشی پێویست بوو و به‌ڵینیشی پێدرابوو. هه‌روه‌ها هاوپۆله‌کانیشی ئه‌زیه‌تیان ده‌دا و پێخوستیان ده‌کرد.


فێرگه‌ی سکارپنێک که‌ سه‌ر به‌ کۆمۆنه‌، ئینگریدی به‌ قوتابی وه‌رنه‌گرت و گوتیان هیچ ئیمکانێکیان بۆ چاوه‌دێری و پشتگیری لێی نییه‌. دواتر فێرگه‌ی ئازادی سکارپنێک ئینگریدی وه‌رگرت و به‌ڵینیان دا که‌ ئه‌وان که‌سێکی تایبه‌تی بۆ داده‌نێن تا یارمه‌تیی بدات و پشتی بگرێ، به‌ڵام واشیان نه‌کرد. فێرگه‌که‌ نه‌یتوانی پێش به‌‌و سووکایه‌تی و گه‌پجاڕه‌ی منداڵانی‌تر به‌ ئینگریدیان ده‌کرد، بگرێ. هه‌روه‌ها فێریشیان نه‌کرد بنووسێ و بخوێنێته‌وه‌.

ده‌زگای ده‌وڵه‌تیی پشکنه‌رانی بواری فێرگه‌کان (Skolinspektionen)، له‌به‌ر که‌مایه‌سیی فێرگه‌که‌ ڕه‌خنه‌ی لێگرت. هه‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پشتی منداڵه‌که‌یان نه‌گرت، هه‌میش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێشی ئه‌و گاڵته‌پێکردنه‌یان پێنه‌گیرا. ئا ئه‌مه‌ ته‌نیا یه‌کێ له‌ سه‌دان حاڵه‌تێکه‌ ڕه‌خنه‌ییه‌ که‌ هه‌موو ساڵێ له‌م و له‌و فێرگه‌ ده‌گیرێ. ماری‌هێلێن ئانبۆری (Marie-Hélèn Ahnborg) له‌م‌ که‌مایه‌سییانه‌ زۆر به‌ جیددی ده‌ڕوانێ.

ماری‌هێلێن ئانبۆری سه‌رۆکی پشکنه‌رانی فێرگه‌ ده‌ڵێ ئه‌م منداڵانه‌ گرووپێکی به‌لاوه‌خراو و ئازاردیتوون و که‌سانی وا پێویستییان به‌ گه‌لێ یارمه‌تی و پشتگیری هه‌یه‌. بێت و پشتگیرییه‌ی ته‌واو و دروستیان بدرێتێ ئه‌وا ده‌رفه‌تی هاوچه‌شنیان وه‌ک هه‌موو منداڵان و هاوپۆلانی خۆیان ده‌بێ و ئه‌مه‌ مافی خۆیانه‌.

هه‌موو ساڵێ نزیکه‌ی 300سکاڵا له‌ سه‌ر که‌مایه‌سییه‌کانی فێرگه بۆ پشتگیری و یارمه‌تیدانی منداڵان،‌ ده‌گاته‌ ده‌زگای ده‌وڵه‌تیی پشکنه‌ران. ساڵی ڕابردوو ئه‌م ڕێژه‌یه‌ دوو به‌رامبه‌ر بوو و گه‌یشته‌ 600 سکاڵا. جا بێت و هه‌روا بڕوا ژماره‌ی ئه‌م سکاڵایانه‌ ده‌گاته‌ ئاستێکی وا به‌رز که‌ پێشتر له‌ سویددا نموونه‌ی نه‌بووه‌، واتا 20 له‌سه‌د زێده‌بوون.

ڕه‌خنه‌وه‌رگیراوه‌کان له‌م نۆ مانگه‌ی سه‌ره‌تای ساڵدا 26 له‌سه‌د زێده‌بوون نیشان ده‌ده‌ن، واتا 221 فێرگه‌ له‌ چاو 175ی هه‌مان ماوه‌‌ی‌ ساڵی ڕابردوو.

ماری‌هێلێن ئانبۆری سه‌رۆکی ده‌زگه‌ی ده‌وڵه‌تیی پشکنه‌رانی بواری فێرگه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بڕوایه‌یه‌ که‌ که‌مایه‌سیی فێرگه‌کان له‌به‌ر ڕه‌فتاری هه‌ڵه‌ی فێرگه‌کانه‌. ئه‌وان ڕاسته‌وخۆ له‌ نیازی قوتابیانیان ناکۆڵنه‌وه و ئه‌مه‌ش هه‌ڵناسه‌نگێنن که‌ ئاخۆ ئیمکاناتیان به‌شی ئه‌م نیازانه‌ ده‌کات یان نا.

‌ئه‌م پاییزه‌ یاسایه‌کی توندوتیژتر بۆ جێبه‌جێکردن له‌‌ فێرگه‌کاندا وه‌گه‌ڕ ده‌که‌وێ که‌ تێیدا هیچ قوتابخانه‌یه‌ک ئیزنی پێنادرێ خۆ له‌ ته‌رخاندانی ئیمکانات و پاره،‌ بۆ نه‌هێشتن و چاره‌سه‌رکردنی که‌مایه‌سییه‌کان بدزنه‌وه‌.

ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ سه‌ر وه‌زعی ئینگریدی بچکۆڵانه‌. کاتێ سێسیلیا بروسێڤیتز (Cecilia Brusewitz) دایکی ئینگرید زانیی که‌ پشکنه‌رانی فێرگه‌، له‌به‌ر نه‌بوونی ئیمکانات، ڕه‌خنه‌یان له‌ فێرگه‌ی کچه‌که‌ی گرتووه‌ زۆر دڵی خۆش بوو و سوکنایی هاتێ.

ئه‌و ده‌ڵێ زۆر دڵخۆشکه‌ر بوو، هاوکات زۆریش دڵته‌زێن. ئه‌مه‌ی که‌ زۆر ناخۆش بوو بارودۆخ و وه‌زعی ئه‌وکاتمان بوو. ئه‌ویش بۆ ماوه‌ی دوو ساڵان.

ئێستا ئینگرید چووه‌ته‌ فێرگه‌یه‌کی دیکه‌ و له‌وێ زۆر به‌خێرایی فێری نووسین و خوێندن و ژماردن بووه‌. سێسیلیای دایکی ده‌ڵێ ئێستا کچه‌که‌م بڕوایه‌کی یه‌کجار زۆری به‌خۆ هه‌یه‌. که‌چی من له‌ ده‌ستپێکدا هه‌ستم ده‌کرد که‌ کچۆڵه‌که‌م خۆشی له تواناییه‌کانی و ئ‌وه‌ی که‌ توانیبووی وا خێرا گه‌شه‌بسه‌نێ، سه‌ری سوڕمابوو. ئه‌مه‌ به‌ڕاستی خۆشه‌!

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Har du frågor eller förslag gällande våra webbtjänster?

Kontakta gärna Sveriges Radios supportforum där vi besvarar dina frågor vardagar kl. 9-17.

Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min Lista".