Du måste aktivera javascript för att sverigesradio.se ska fungera korrekt och för att kunna lyssna på ljud. Har du problem med vår sajt så finns hjälp på http://kundo.se/org/sverigesradio/

ژنان لە شوێنی کاردا زیاتر لە جاران تووشی سووکایەتی و ئازاری ڕۆحی دەبن

بڵاو کرایه‌وه‌ onsdag 22 augusti 2012 kl 11.27
wêne: malpera SRI

بە گوێرەی ئەو ئامارانەی دەزگای حوکوومەتیی شوێنی کار (Arbetsmiljöverket) لەم دواییانەدا بڵاوی کردۆتەوە ئازاردان و سووکایەتی لە شوێنی کاردا زیاتر لە جاران بووە.

ستێفان بلوومبەری دەروونناس و راوێژکاری ڕێکخراو لە بەشی دەرمانی شوێنی کار لە نەخۆشخانەی زانکۆی لینشۆپینگ دەڵێ بەرزبوونی ڕێژەی خۆنەخۆشنووسکردنەکان دەتوانێ پێوەندی بە سترێسەوە هەبێت. ئازاردان و سووکایەتی بەر لە هەموو شت گرفتێکی ڕێکخراوەییە و دەتوانێ بەهۆی خراپبوونی سەرۆکەوە بێ و هاوکات یەکجارقورسبوونی ڕادەی کار.

بەڕای بلوومبەری هۆی ئەم زێدەبوونە لەوانەیە بگەڕێتەوە بۆ توندوتیژبوونی بازاڕی کار لە بارودۆخی پاشەکەوتی ئابووریدا. بۆ نموونە تێمپۆی کار زۆر بووە، گەلێ ڕێکخستنەوە لە شوێنی کاردا دەکرێ و ئەمە وا دەکات مرۆڤەکان یەکتر نەبینن، نەبیسن و لێکتر نەگەن. 

لەم ناوەدا ئامارەکان زۆر بە ئاشکرا دەدوێن:

بە پێی ئەو ئامارانە نزیکەی ٧،٣ لەسەدی گشت ئەو راپۆرتانەی لە ساڵی ٢٠١١دا وەک نەخۆشکەوتن لە شوێنی کاردا دراون بە هۆی سووکایەتی و ئازادرانەوە بوون. ئەمەش لە چاو ساڵی پێشتری کە ٦،٦ لەسەد بوو زیدەبوونێکی بەرچاو نیشان دەدا. نۆ لەسەدی گشت ئەوانەی کار دەکەن ڕایانگەیاندووە کە لەم ساڵانەی دواییدا سووکایەتییان پێکراوە و ئازاردراون. ئەمە زۆرجاران وەک سکاڵا تۆمار دەکرێ و لەلایەن خودی قوربانیانەوە ڕادەگەیەنرێ. زۆرینەی ئەو کەسانەش ژنانن. لە هەر دە کەسە و هەشتیان. بەمحاڵەوە ئامارەکان ناتوانن باس لەوە بکەن ئەم کەسانە چۆن دەژین و لە چ بارودۆخێکی ڕۆحیدان.

بلوومبەری دەبێژێ نموونە لەسەر شێوەرەفتاری ئەم کەسانە و بارودۆخیان جیاوازە بەڵام ئاساییترینیان ئەوەیە کە کەسەکان هەست دەکەن پشت و ڕوویان بەدەرەوەیە و لە ژێر چاوەدێری دان. بەو مانایە کە کەسەکە بە خۆی دەڵێ هەرشتێکی دەیکەم ئەوا کەسێک هەیە چاوم لێدەکا و لە هەڵەکانم دەگەڕێ. ڕێک ئەو هەستەی کە من هەر شتێکی بکەم هەڵەیە، یا خود بە هەڵە لێکدەدرێتەوە، ئەمە سترێسێکی زۆر دەخوڵقێنێ. گەلێ جاران ئازاردان و سووکایەتی دەبێتە سەبەبی سترێسی ئەو کەسەی بەرکەوتووە. ئەوەش کە بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە ڕەفتاری لەگەڵ دەکرێ هەمان هەستی هەیە. هەمان ئیمتیاز کە ئەوانی تر هەیانە بەو نادرێ. هەمان زانیاری کە ئەوانی تر وەریانگرتووە، ئەو نایدرێتێ. یا زانیاریی نەڕاستی پیدەدرێ تا تووشی هەڵە بێت و ئەم ‌هەڵەکردنەشی لەسەر بنووسرێ.

بێت و هاوکار یا سەرۆک، ئازاری کارمەندێک بدا و سووکایەتیی پێبکا، ئەوا بە شێوەی زۆر لیکجودا لێکدەدرێتەوە. خراپترینەکەی ئەو کاتەیە کە هەردووکیان ئەم کارە بکەن. ئەم دیاردەیەش دەتوانێ هەر هەموو کەس بگرێتەوە. بلوومبەری ئەمە بە گرفتی گەورەی شوێنی کار و سەرۆکایەتی دادەنێ.

گرفتی ئازاردان و سووکایەتی تەواوی کۆمەڵگا تووش دەکات و خەرجێیەکی یەکجار زۆریشی دەخاتە سەر دەست. ستێفان بلوومبەری دەڵێ بێت و خەرجیی تاکەکەسەکانیش بێتە سەر دەرچووی شیرکەتەکان ئەوا بەڕاستی لاتەرازووی ئەم کارە یەکجار قورس دەکات.

ئەو ئامارە کۆنانەی لە ساڵانی ٩٠دا پێشکەش کراون باس لە نەخۆشنووسکرانی ساڵانە دەهەزار تا ٣٠ هەزار کەس بەهۆی سووکایەتی پێکران لە شوێنی کاردا دەکەن. لەو کەسانەش سەد تا سێسەد کەسیان خۆ دەکوژن. ستێفان بلوومبەری دەڵێ ئەگەر شوێنی کار باش و شیاو نەبێ و میکانیزمەکانی پاراستن چیان لەدەست نایە و سەرنجی پیویست نادرێتە ئەو کەسە و لەدەرگاکوتانەکان بێئاکام دەمێننەوە ئەوا باشترە کەسەکە شوێنی کارەکەی بگۆڕێ و هەرچی زووتر ئەوێ بەجێ بێڵێ. دیارە لەمناوەدا دەستخستنەوەی کار دژوار دەبێ و ئەمە خۆی گرفتێکی دیکەش دەخاتە سەر ئەوانی پێشوو.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Har du frågor eller förslag gällande våra webbtjänster?

Kontakta gärna Sveriges Radios supportforum där vi besvarar dina frågor vardagar kl. 9-17.

Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".