Du måste aktivera javascript för att sverigesradio.se ska fungera korrekt och för att kunna lyssna på ljud. Har du problem med vår sajt så finns hjälp på http://kundo.se/org/sverigesradio/

دوو کچ بە تاوانی بوختان لە ڕێی ئینستاگرامەوە دادگایی دەکرێن

بڵاو کرایه‌وه‌ måndag 3 juni 2013 kl 10.08

بە تاوانی بوختانکردن لە رێی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرامەوە (Instagram) ئەمڕۆ دادگایی دوو کچی تەمەن 15 و 16 ساڵ لە شاری یۆتۆبۆری دەست پێ دەکات. ئەو دوو کچە گوایا لە ڕێی کۆنتۆیەکی ئینستاگرامەوە بە ناوی (gbgsorroz) واتا (لەشفرۆشەکانی یۆتۆبۆری) ناو و وێنەی سەدەها کچیان بڵاو کردۆتەوە و سوکایەتییان پێ کردوون. یەکێک لەو کچانە لەکاتی لێپرسینەوەدا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە بەڵام ئەوەی دیکە نکوڵی لێ دەکات.   

-   تا ئێستا دۆزێکی بەرفراوانی لەو شێوەیە و ژمارەیەکی وا زۆر لە خاوەن کێشە دادگایی لەسەر نەکراوە، ئانیکا بومان دادوەری گشتی دەڵێت هەڵبەتە پێشتر دادگایی تایبەت بە بوختانی گەورە (grov förtal) بەڕێوە چووە بەڵام لایەنی کێشەدار تەنها چەند کەسێک بووە کە لە ڕێی ئینتەرنێتەوە سووکایەتییان پێ کراوە.

بەپێی دادوەری گشتی ئەو دوو کچە بە تاوانی بڵاوکردنەوەی ئەو زانیاری و وێنە دادگایی دەکرێن نەک بەهۆی ئەوەی کە چی لەو کۆنتۆیەدا سەبارەت بە وێنەکان نوسراوە. 

-  دادوەر ئانیکا بومان دەڵێت ژمارەیەکی زۆر لەو کەسانەی سوکایەتییەکانیان پی کراوە باریی دەروونیان زۆر خراپە و تەنانەت بیریان لە خۆکوشتن کردۆەتەوە.

پاشخانی ئەم دادگاییە دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی مانگی دێسەمبەری ساڵی پار ئەو کاتەی کۆنتۆی ئەو دووکچە نزیکەی 8000 ئەندامی کۆ کردبۆوە و ئەو کەسانەی لەڕێی ئەو کۆنتۆیەوە سوکایەتییان پێ کرابوو لە هەر دوو ڕەگەزی کچ و کوڕی تەمەن نێوان 13 بۆ 25 ساڵ بوون، سووکایەتییەکەش لەشێوەی جنێو، وشەی ناپەسەند هەروەها بە وردی شێوازی سێکسکردنیان نوسراوەتەوە، هەر لەو مانگەدا بە سەدەها لە بەردەم ئامادەیی (Plusgymnasiet) لە شاری یۆتۆبۆری کە ئەو دووکچە فێرخوازن لێی بۆ ناڕەزایی دەربڕین کۆبوونەوە تا پۆلیس هات و دەووری ئامادەییکەی گرت، ناچار یەکێک لەو کچانەی پەنجەی تاوانیان بۆ ڕادەکێشرێت بۆ ناوچەیەکی نهێنی گوازرایەوە، پاشان دەرکەوت کە بێتاوانە. بە هەمان شێوە نارەزایی لەبەردەم ئامادەییکەی دیکە بەناوی (Framtidsgymnasiet) ساز درا.    

 دوای مانگێک ڕاگەیەنرا کەگومانی بوختانی گەورە (grov förtal)لە دوو کچ دەکرێت تا لە 21 مانگی مای ڕابوردوودا دادوەری گشتی بڕیاری دا ئەو دوو کچە دادگایی بکرێن. سێرگیۆ دالکڤیست خوێندکاری ئامادەیی (plusgymnasiet) دوو لەو گەنجانە دەناسێت کە سووکایەتییان پێ کراوە و دەڵێت کارێکی باش بوو کە ئەو ڕووداوە گەیەنرایە دادگا تا بزانرێت سنورەکان لە کوێدایە و کرداری پەسەند و ناپەسەند لێک جیا بکرێتەوە.

 تا ئێستا نزیکەی 100 کەس سکاڵایان بۆ پۆلیس ناردووە کە گوایا لە ڕێی کۆنتۆی ئەو دووکچەوە لە ئینستاگرام سوکیەتییان پێ کراوە بەڵام لێکۆڵینەوە لە نیوەی ئەو دۆزانە وەستێنراوە ئەویش بە هۆی نەبوونی بەڵگەی تەواو، واتا ئەو دادگاییەی ئەمڕۆ دەست پێ دەکات لە دۆزی 45 کەس دەکۆڵێتەوە. جێی باسە ئەو دادگاییە دەرگاکانی داخراون واتا رێ بە ڕای گشتی نادرێت بەشدار بن بەهۆی تەمەنی نایاسایی گومانلێکراوەکانەوە.

 جێی باسە پۆلیس بۆ دۆزینەوەی زانیاری سەبارەت بەوەی کە کێن لە پشت ئەم کۆنتۆیەوە وەستاون لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام لە ئەمەریکا و تۆڕی موبیبیل تەلەفۆنی سوید وەرگرتووە. ژمارەی سکاڵاکانیش دژ بە بوختان و سوکایەتی ئینتەرنێتی زیادی کردووە بەتایبەت لە ڕۆژئاوای هەرێمی یۆتەلاند کە ڕووداوەکانی لێ ڕووداوە. بەڕای لێکۆڵەوەری بواری داد و زانیاری ئەلەکترۆنی ماتییاس کلانگ پێی وایە کە ئەم دادگاییە بێوێنەیە و مانایەکی سیمبولی گەورەی هەیە چونکە کەسانێکی زیاتر چاویان بۆ ئەم جۆرە تاوانە و سزاکانی دەکرێتەوە.

 هاوڕای کلانگ بەرپرسی لێکۆڵینەوەکان لە دەتگەی پۆلیس ئەندەرش بۆرییەسۆنە.

 سزای بوختانی گەورەش تاوانە (böter) تا دوو ساڵ زیندانییە بەڵام بەهۆی تەمەنی نایاسایی ئەو دوو کچە  15 و 16 ساڵ ڕەنگە سزاکەیان چاودێری کۆمەڵایەتی تایبەت بە مێرمناڵان یاخود ئەنجامدانی خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی بێت، هەروەها گەر بێت و تاوانەکاین لەسەر بسەلمێت ئەوا دەبێت قەرەبووی ئەو کەسانەش بدەنەوە کە سوکایەتییان پێ کراوە.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Har du frågor eller förslag gällande våra webbtjänster?

Kontakta gärna Sveriges Radios supportforum där vi besvarar dina frågor vardagar kl. 9-17.

Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min Lista".