Du måste aktivera javascript för att sverigesradio.se ska fungera korrekt och för att kunna lyssna på ljud. Har du problem med vår sajt så finns hjälp på http://kundo.se/org/sverigesradio/

زانیاریدان بەو منداڵانەی دایک یا باوکیان بە شێرپەنجە دەمرن، سوودبەخشە

بڵاو کرایه‌وه‌ onsdag 24 juli 2013 kl 11.05
Foto: Claudio Bresciani/Scanpix

تەندروستیی دەروونیی ئەو مێرمنداڵانەی دایک یا باوکیان بە نەخۆشیی شێرپەنجە لەدەست دەدەن پێوەندیی بەم زانیارییانەوە هەیە کە لەلایەن کارمەندان و بەرپرسانی نەخۆشەوانییەوە لە دوایین هەفتەی ژیانیاندا دەدرێتە ئەم منداڵانە. ئەمە ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکە کە ئەنیستیتووتی پزیشکیی کارولینسکا کردوویەتی. لەم ناوەدا ئەو منداڵانەی باوەڕیان بەو کارە نەخۆشەوانییەی دەرهەق بە دایک یا باوکی نەخۆشیان کراوە نییە،  دوو هێندەی منداڵانی تر مەترسیی ئەوەیان لێدەکرێ کە دواتر لە ژیانیاندا تووشی نەخۆشیی خەمۆکی ببن.

تووڤێ بیلوند گرێنکلوو (Tove Bylund Grenklo) پسپۆڕی ڕەفتارناسیی و توێژەری ئەم  بابەتە دەڵێ جێی خۆشحاڵییە کە وەها پێوەندییەکی بەهێزمان کەشفکردووە. کاتێ بۆ ئەم توێژینەوەیە وتووێژم لەگەڵ ئەو گەنجانە دەکرد بەئاشکرایی بۆم دەرکەوت کە زۆریان باسی ئەوەیان دەکرد کە بەڕاستی نازانن چ قەوما و دایک یا باوکیان بۆ لە دەست دا. یان ئەوەی کە ئایا ناوەندە دەرمانی و نەخۆشەوانییەکە بەڕاستی هەوڵی ڕزگارکردنی ئەو دایک یا باوکەی دابوو یا ئیدی وازی لێهێنابوو و کارێکی نەدەکرد.

لە وتووێژەکەدا زیاتر لە ٦٠٠ گەنج وتووێژیان  لەگەڵدا کراوە کە کاتێ دایک یا باوکیان بە نەخۆشیی شێرپەنجە لە دەستدا تەمەنیان لە نێوان ١٣ و ١٦ ساڵدا بوو. ئەمە یەکەمین لێکۆڵینەوەی بەربڵاوە لە سەر تەجرەبەی منداڵان لە نەخۆشەوانیی دایک و باوکی لەسەرە مەرگدا.

پزیشکێكی بەرپرس کاتێ هەست بەوە دەکات کە نەخۆشەکەی لەوانەیە بەمزووانە بمرێ ئەوا لەگەڵ منداڵەکەی قسە دەکات و جۆری نەخۆشییەکەی و ئەو دەرمانکارییەی بۆی کراوە و ئەوەی لەبەرچی ئەم دەرمانکارییە ئیدی چارەساز نییەی بۆ ڕووندەکاتەوە. وەها گفتوگۆیە‌ک مانایەکی زۆری هەیە و دەورێکی کاریگەری لە منداڵەکەدا دەبێ کە باوەڕ بەو دەرمانکارییە باشە بکات کە بۆ دایک یا باوکی کراوە. هەروەها بۆ دەرووندروستیشی لە چەند ساڵی داهاتوودا زۆر سوودبەخشە.

ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوەیەی کراوە و لە گۆڤاریی (Journal of Clinical Oncology)دا بڵاوبۆتەوە نیشان دەدا کە ئەو منداڵانەی باوەڕیان بەو کارە نەخۆشەوانییەی دەرهەق بە دایک یا باوکی نەخۆشیان کراوە نییە،  دوو هێندەی منداڵانی تر مەترسیی ئەوەیان لێدەکرێ کە دواتر لە ژیانیاندا تووشی نەخۆشیی خەمۆکی ببن. ڕێژەی ئەم مێرمنداڵانە ٢٥ لەسەدی ئەو کەسانە بوون کە باوەڕیان بە کاری نەخۆشەوانییەکە نەبوو.

تووڤێ بیلوند گرێنکلوو (Tove Bylund Grenklo) پسپۆڕی ڕەفتارناسیی و توێژەری ئەم  بابەتە دەڵێ ئەو منداڵانەی باری دەروونیان لەوانی‌دی خراپتر بوو ئەوانە بوون کە پاش مردنی دایک یا باوکیان و بۆ جاری یەکەم ئەوکات چاویان بە پزیشکەکەی کەوت. من پێم وا نییە کە وەک ئەنجام ئەوەی لێهەڵێنجین کە کەوابێ وا باشترە هەر چاویان پێک نەکەوێ و لە سەر ئەگەری مەرگی نەخۆشەکە قسە نەکەن. بەڵکوو بە پێچەوانەوە دەبێ یەکجار زیاتر بە جیددیی بگرین و بزانین کە گەلێ پێویستە وەها گفتوگۆیەک لەگەڵ ئەندامانی ئەو بنەماڵەیە بکرێ و هەموو شتێکیان بۆ باس بکرێ. رەنگە دوو دانیشتن باشتریش بێت.

ساڵی ٢٠١٠ پاشکۆیەک لە یاسای نەخۆشەوانی و تەندروستی زیاد کرا کە دەڵێ  نەخۆشەوانی و تەندروستیی دەبێ بە تایبەتی ئاگایان لە نیاز و پێداویستییەکانی منداڵان بە زانیاری لە سەر نەخۆشییەکە، ڕاسپاردە و پشتگیری بێت ئەگەر دایک یا باوکیان نەخۆشییەکی جیددی و جێمەترسیی هەیە.

ئەم بەرپرسییەش لەسەر شانی کارمەندانی نەخۆشەوانییە کە بزانن ئەو نیازانە چین کە منداڵانی کەسی نەخۆش هەیانە و چ پشتگیری و راسپارییەکیان پێویستە. ئەم پشتگیرییە زانیارییەی دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری کۆمەڵایەتی (Socialstyrelsen) بۆ بنەماڵەی کەسانی لەسەرەمەرگدا وەک ئەرک لە سەر شانییەتی، هەم خزم و کەسانی گەورەساڵی نەخۆشەکە دەگرێتەوە و هەم منداڵانیش. تووڤێ بیلوند گرێنکلوو دەڵێ نەخۆشەوانیی ئێمە دەبێ لەم بارەشەوە باشتر بێت!


تووڤێ بیلوند گرێنکلوو (Tove Bylund Grenklo) توێژەر و پسپۆڕی ڕەفتارناسی دەڵێ ناوەندە دەرمانی و نەخۆشەوانییەکان دەبێ ستروکتوورێکی زۆر باشتریان هەبێ. دەستووری کاری ڕوونتر بۆ پشتگیریی ئەو بنەماڵانەی نەخۆشیی جیددیان هەیە کە لە سەرەمەرگدایە. بێت و ناوەندە دەرمانییەکان کەسێکیان وەک بەرپرسی پێوەندی هەبێ و بە منداڵان رابگەیێنن کە بەرپرسێک بۆ پێوەندی هەیە و دەتوانی تەلەفۆنی لێبکەی و پرسەکانتی لێبکەی، ئەوا سەرکەوتنێکی گەورەمان مسۆگەر کردووە.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Har du frågor eller förslag gällande våra webbtjänster?

Kontakta gärna Sveriges Radios supportforum där vi besvarar dina frågor vardagar kl. 9-17.

Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".