Du måste aktivera javascript för att sverigesradio.se ska fungera korrekt och för att kunna lyssna på ljud. Har du problem med vår sajt så finns hjälp på http://kundo.se/org/sverigesradio/

یۆتێبۆری: خۆپێشاندان بۆ باژارێکی ئارامتر و دڵنیاتر

بڵاو کرایه‌وه‌ torsdag 12 september 2013 kl 16.23
Foto: Kenadid Mohamed/Sveriges Radio

ئەم شەممەیەی بێت لە یۆتێبۆری خۆپێشاندانێک بە دروشمی "شارێکی ئارامتر و دڵنیاتر" وەک کاردانەوەیەک دژی تەقە و توندوتیژییەکانی ئەم دواییەی ئەم شارە لە گۆڕەپانی گوستاڤ ئادۆڵف بەڕێوەدەچێ. موحەموود سالادی بەڕەگەز سوومالیایی یەکێ لە دەستپێشخەرانی ئەم خۆپێشاندانەیە کە حەز دەکا دانیشتوانی ئەم شارە گرنگی بدەنە خاڵە باشەکانی ئەم شارە و گەورەیان بکەنەوە:

ـ "باسەکە ئەوەیە کە خەڵکەکە بە هاوبەشی دەنگ بۆ هاوکاری و هەرەوەز هەڵبڕن و چیدی نائارامییەکانی ئەم شارە قەبووڵ نەکەن. من شەوی یەکشەممە چاوم بە زۆر کەسی نارەحەت و نیگەران کەوت. کەسی وا کە تەنانەت ڕاسپێرییان دەکرد خەڵک لەبەر ئەم نائارامییانە لە ماڵدا بمێننەوە. بۆیەش ئێمەی خەڵکی ئەم شارە دەبێ بە هاوبەشی دژی ئەو ڕووداوە ناخۆشانەی لە شارەکەمان دەقەومن ڕابین."

هێنریک دالکڤیست سەرۆکناوچەی بەشی فەرهەنگ و کاتی ئازادی هیسینگێنی ڕۆژئاوایە. ئەو ناوچەیەی زوربەی تەقەکانی ئەم دواییەی لێکران. ئەو دەڵی نیگەرانی لە سیمای خەڵکدا بەدی دەکرێ و بە بەربڵاوترین شێوە کاری کردۆتە سەر خەڵک:

ـ "هەر ئێستا نیگەرانی و ناهومێدی ڕووی لە هەموو کەس کردووە. چ ئەوانەی لەو ناوچەیە دەژین چ ئەوانەی لێرە کار دەکەن. لە ئیزگەکانی تراموادا ئەم هیوابراوییە بە سیمای خەڵکەوە دەبینی. هەروەها زۆر دایکوباوکیش هەن کە منداڵەکانیان لە ماڵەوە ڕادەگرن و تەنانەت نایەڵن بچنە فێرگەش."

موستەفا ئەحمەد یەکێکی تر لە دەستپێشخەرانی ئەم خۆپێشاندانەیە کە بە یارمەتی و پشتگیریی ناوەندی چالاکیی گەنجانی فریسهوسێت ئەنجام دەدەرێ. ئەو خۆی منداڵی فێرگەی هەیە و دەڵێ ئەو تەقانە بە زۆر شێوە کارتێکەرییان لەسەر دانیشتووان هەیە:

ـ "ئێمە منداڵی مەکتەبمان هەیە. ئەم تەقە و ڕەقانەی دەیبیسین کە نازانرێ لە کێ دەکرێن. زۆر جار هەروا بەبێ ئامانج تەقە دەکرێن و دەتوانێ هەر کەسێک بپێکێ. ئەمە زۆر نیگەرانمان دەکات. مەترسیی ئەوە هەیە کە تەشەنە بکاتە گەڕەکەکانی‌تریش و هیوادارین پۆلیس کاری خۆی ئەنجام بدات و ئەو تاوانکارییانەی دەکرێن چارەسەر بکات."

خۆپێشاندانەکەی ڕۆژی شەممە بە کاری هونەری و بەرنامەی موسیقا و وتاردان بەردەوام دەبێ، بەو ئامانجەی بیروڕای خەڵکیش دژی توندوتیژی هان بدات. موحەموود سالاد کە ئەمە دەڵێ پێی وا نییە کە توندوتیژی تەنیا تایبەت بە گەڕەک و ناوچەیەکی تایبەت بێ و هی هەموو باژارە:

ـ "ئەمە بارێکە بە سەر هەموو باژارەوە و نەک کێشەی گەڕەکێکی پەراوێزی شار یا پرسی بیانیان. ئەمانە نییە. ئەوە کێشەی هەر هەموو شاری یۆتێبۆرییە و شتێکە کە ئێمە دەبێ بە هاوکاری و هەرەوەز و بە شێوەیەکی چالاکانە ڕووبەڕووی بینەوە."

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Har du frågor eller förslag gällande våra webbtjänster?

Kontakta gärna Sveriges Radios supportforum där vi besvarar dina frågor vardagar kl. 9-17.

Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min Lista".