Du måste aktivera javascript för att sverigesradio.se ska fungera korrekt och för att kunna lyssna på ljud. Har du problem med vår sajt så finns hjälp på https://kundo.se/org/sverigesradio/

دەنگدان لەسەر بوودجەی نوێ دەتوانێ حکومەت هوڵوەشینێت

بڵاو کرایه‌وه‌ torsdag 27 november 2014 kl 14.44
دەنگی پارتی دیموکراتەکانی سوید دەنگی یەکلایکەرەوەیە
(5:29 min)
wêne: TT
wêne: TT

ڕۆژی سێی دسامبەر، پەرلەمانی سوید لەسەر بوودجەی نوێ دەنگدەدات. هەر لەدوای پێکهاتنی حکومەتی نوێ، کە بریتییە لە پارتی ژینگە و پارتی سۆسیالدیموکرات، بە سەرۆکایەتی ستێفان لۆڤێن، باس لەوە کرا کە، بەهۆی ئەوەی ئەم حکومەتە لە پەرلەماندا پشتیوانی زۆرینەی نییە، دەتوانێت لە حکومەتداریدا کێشەی بۆ بێتە پێش. کێشەی هەرە گەورەی ئەم حکومەتەش پەسەندبوونی بوودجەکەیەتی، کە پارتی ژینگە و پارتی سۆسیالدیموکرات لەگەڵ حیزبی چەپ لەسەری پێکهاتوون. 

بەهۆی مەیدانێکی نائارامی سیاسی، کە  تێیدا هیچ لایەن، نە لایەنی ڕاست، واتە هاوپەیمانی ڕاست و نە لایەنی چەپ، واتە حیزبەکانی سوروسەوز. ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی کە دەنگی پارتی دیموکراتەکانی سوید دەنگی یەکلایکەرەوەیە. سەبارەت بە پارتی دیموکراتەکانی سویدیش، هەم لایەنی ڕاست، هەم لایەنی چەپ بەردەوام ڕایەنگەیاندووە کە ئامادە نین لەگەل ئەم حیزبە هەماهەنگی یان هاوکاری بکەن و ئامادە نین داوای پشتیوانیان لێبکەن.

ئێساش کە ڕۆژی دەنگدان بۆ پەسەندکردنی بوودجەیەک، چووارشەممەی حەوتووی داهاتوو، نزیک دەبێتەوە، تیشکێکی زۆر خراوەتە سەر هەڵوێستی پارتی دیموکراتەکانی سوید. لەم دەنگدانەدا سێ بوودجەی جیاواز پێشنیار د ەکرێن: بوودجەی هاوپەیامنی ڕاست، بوودجەی پارتی دیموکراتەکانی سوید و بوودجەی حکومەت بە پشتیوانی و هاوکاری حیزبی چەپ. لێرەدا پرسیارە ئەوەیە کە ئایە پارتی دیموکراتەکانی سوید پشتیوانی کام بوودجە دەکەن؟ هەڵوێستی هاوپەیامنی ڕاست چ دەبێت؟

ئەمڕۆ وتەبێژی سیاسەتی ئابووری پارتی دیموکراتەکانی سوید، ئۆسکار خۆستێدت، لە وتووێژێکدا لەگەڵ تەلەڤیزیۆنی سوید ڕایگەیاند کە هەڵویستەکەیان حەوتووی داهاتوو ڕاداگەیێندرێت. 

ئۆسکار خۆستێت دەڵێ لە ماوەی ئەم ڕۆژانەی داهاتوودا، لە دوای دانیشتن لەگەڵ هەریەک لە ئەندامپەرلەمانانی حیزبەکەمان ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو گروپی ئەندامپەرلەمانانی حیزبەکەمان کۆبوونەوەی هەیە و لەوێ باس لەسەر بوودجە دەکرێت. هەر بەخێرایی دوای ئەم کۆبوونەوەیە هەڵوێستی خۆمان ڕادەگەیێنین.

بۆ پەسەندکردنی بوودجەیەکی نوێ، لە مەرحەلەی یەکەم بوودجەی هاوپەیامنی ڕاست و بوودجەی پارتی دیموکراتەکانی سوید پێشکەش دەکرێن و ئەوەی کە دەنگی زۆرینەی هێنایەوە، لە مەرحەلەی دوو بەرامبەر پێشنیاری حکومەت و حیزبی چەپدا پێشکەش دەکرێت. چوونکە هاوپەیمانی ڕاست ڕیژەی ئەندامپەرلەماننانی زیاترە، گومان لەوە نییە کە بوودجەی هاوپەیمانی ڕاست دەچێتە مەرحەلەی دووەم و لەوێشدا لە بەرامبەر پێشنیار حکومەت پێشکەش دەکرێت. بەڵام لە مەرحەلەی دووەم، کێشەکانی دەست پێدەکەنن

حکومەت بە پشتیوانی حیزبی چەپ پێکەوە ڕێژەی ئەندامپەرلەمانانیان لە هاوپەیمانی ڕاست زێدەترە. ئەگەر بێتوو پارتی دیموکراتەکانی سوید، لە مەرحەلەی دووەمدا دەنگەکانی خۆیان دانەنێن، دەنگی یەکلایکەرەوەیان هەیە. ئەوکات، ئەو بوودجەی کە پارتی دیموکراتەکانی سوید دەنگی خۆی لەسەر دادەنێت، ئە پەسەند دەکرێت.

لە حاڵەتێکی وەهادا، ئەگەر پارتی دیموکراتەکانی سوید دەنگ بە بوودجەی هاوپەیمانی ڕاست بدات، ئەوا حکومەت بوودجەی نییە و دوو ڕێگای لەپێشە.

یەکیان ئەوەیە کە حکومەت هەڵبژاردنی نوێ ڕادەگەیێنێت و سەر لەنوێ دەنگ بۆ پەرلەمانی سوید دەدەین. ڕێگای دووەم، کە حکومەت دەتوانێت هەڵیبژێرێت، ئەوەیە کە داوا لە سەرۆکی پەرلەمان بکات لەباتی ستێفان لۆڤێن، کە ئێستا سەرۆک وەزیرە، کەسێکی دیکە بۆ ئەم پۆستە پێشنیار بکات.

ئەمەش بۆ لێژنەی ئابووری پەرلەمان بۆتە باسێکی گەورە. لەم پەیوەندیەدا، ئەمڕۆ سەرۆکی حیزبی چەپ، یوناس خۆستێت، کە بۆ پشتیوانی حکومەت ستێفان لۆڤێن ڕیگای پێدراوە بەشیک لە بوودجەی حکومەت بێت، هێرشی کردە سەر حیزبەکانی هاوپەیمانی ڕاست و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان دەبێ دوای بەرنەمەیەکیان هەبێت ئەگەر ئامادە بن ستٶفان لۆڤێن وەکوو سەرۆک وەزیر بێننە خوار.

یوناس خۆستێت سەبارەت بە هاوپەیمانی ڕاست دەڵێ ئەوان ئامادەن لە مەیدانی سیاسیدا، لە ڕێگای سیاسەتێکی دژواری، بێسەروبەری دروستکەن. بەڵام ئەوەی کە سەیرە ئەوەیە کە ئەوان بەرنامەیەکیان بۆ حکومەتداری سوید نییە. مەبەستی منیش ئەوەیە کە، ئەگەر بوودجەیەک بۆ دەوڵەتێک پێشکەش بکەیت، دەبێ ئامادەبیت جێبەجێ بکەیت و بەرامبەری بەرپرسیار بیت.

ئەگەر بێتوو حکومەتی ستێفان لۆڤێن لەم دەنگدانەدا بشکێت، حکومەتداری پێنکارێت و هەر بۆیە سەرۆکی پارتی چەپ یوناس خۆستێت داوای وەڵامێک دەکات کە ئایە لە کاتێکی وەهادا، کە حکومەت شکا، هاوپەیمانی ڕاست چی دەکات؟

یوناس خۆستێدت دەڵێ سیاسەتی خۆیان چۆن جێبەجێ دەکەن و کێ سوید بەڕیوەدەبات. ئایە نوێنەرێکیان بۆ پۆستی سەرۆ وەزیران هەیە؟ ئەگەر وەڵامێکیان بۆ ئەم پرسیارانە نەبێت، پرسیارێکی دیکە دێتە گۆڕێ، چوونکە بەرنامەیەکیان بۆ حکومەتداری نییە، دەیانەوێ هەڵبژاردنێکی نوێ ئەنجامبدرێت؟

یوناس خۆستێت هەروەها دەڵێ لەکاتێکدا کە بوودجەی  ئۆپۆزیسیۆن پەسەند دەکرێت، بنەمای حکومەتی ئێستا نامێنێت. ئەگەریش ئامادەن بنەمای حکومەتی ئێستا لابەرن، دەبێ ئامادەبن بۆخۆیان حکومەتداری بکەن و دەبێ بە دەنگدەران بڵێن چۆن ئەوا دەکەن.

بەڵام سەرۆکی پارتی سەنتەر، ئاننی لۆف داوای یوناس خۆستێت ڕەتدەکاتەوە.

لۆف دەڵێ ئەگەر ئێمە سەرکەوین، بەرپرسایەتی حەلکردنی دۆخێکی ئاڵۆزی سیاسی لەسەر شانی ستێفان لۆڤێنە. ئەو سەرۆک وەزیرە.

بەرپرسی گروپی ئەندامپەرلەمانانی پارتی مودێرات، ئاننا شینبەری-باترا لەگەڵ ئانی لۆف هاوفکرە. باترا  دەڵێ ئەوەی کە من بەرامبەری بەرپرسیارم ئەوەیە کە ئێمە وەکوو هاوپەیمانی ڕاست بوودجەیەکمان پێشکەش کردووە . ئەگەر دەنگ بە پێشنیاری خۆمان نەدەین بەڵێنیەکەمان بەرامبەر بە دەنگدەران دەشکێنین. باترا هەروەها دەڵی ئەگەر بوودجەی ستێفان لۆڤێن سەرنەکەوێت، ئەوا ئەو کێشەی هەیە کە دەبێ چارەسەریان بکات. 

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Har du frågor eller förslag gällande våra webbtjänster?

Kontakta gärna Sveriges Radios supportforum där vi besvarar dina frågor vardagar kl. 9-17.

Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min Lista".