Du måste aktivera javascript för att sverigesradio.se ska fungera korrekt och för att kunna lyssna på ljud. Har du problem med vår sajt så finns hjälp på http://kundo.se/org/sverigesradio/

ئەنجامەکانی کۆنفرانسی ئاشتیی نەتەوەیی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان

بڵاو کرایه‌وه‌ måndag 19 januari 2015 kl 14.00
ئاشتی نەتەوەیی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان
(8:16 min)
هێمن سەیدی لە کاتی کردنەوەی کۆنفرانسەکەدا
هێمن سەیدی لە کاتی کردنەوەی کۆنفرانسەکەدا

ڕۆژانی شەممە و یەکشەی ئەم هەفتەیەی ڕابرد، کۆنفرانسی ئاشتیی نەتەوەیی بۆ رۆژهه‌لاتی کوردستان له بینای ناوەندیی ئا.‌بێ.‌ئێفی شاری ستۆکهۆلم به‌رێوه چوو. هاوکارمان ناسری سینا هەر دوو ڕۆژی ئەم کۆنفرانسە لەوێ حازر بوو. 

شاهۆ موانی پرسیار دەکات: ئەم کۆنفرانسە چ مەبەستێکی دەپێکا؟

ناسری سینا: کۆنفرانسەکە بۆ لێدوان لەسەر ئاشتیی نەتەوەیی کوردەکانی ڕۆژهەڵات بوو، لە پێناو پێئاشتی، هاوکاری و قەبوولکردنی جیاوازییەکانی یەکتر. لە ناو حیزبە سیاسییەکاندا و کەسایەتییە سیاسییە سەربەخۆکان، هەوەها ئەوانەی سیاسەتوانی پێشوو بوون جا چ مەیلێکیان بە حیزبەکەی پێشوویان مابێ یا نەمابێ.

پرسیار: کێ پێکی هێنا و کوردگوتەنی کێ لە پشتییەوە بوو؟
ئەم خاڵە زۆر جار بە جیددی یا خود تەنز لەوێش باس کرا. ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە کاک هێمن سەیدی ڕۆژنامەوان و شرۆڤەکاری سیاسیی نیشتەجێی لەندەن دەستپێشخەری ئەم کۆنفرانسە بووە، نەک چ حیزب یا دامەزراوەیەکی سیاسیی کۆمەڵایەتیی کورد یا غەیرەکورد.

پرسیار: کۆنفرانسەکە بۆ لە ستۆکهۆڵم پێکهات، نە لە پێتەختی وڵاتێکی دیکە؟
ئەم پرسیارەم ڕۆژی هەینی ڕابردوو لە وتووێژێکدا لە دەستپێشخەری کۆنفرانسەکە، کاک هێمن سەیدی پرسیبوو. وەڵامەکەی ئەوە بوو کە ستۆکهۆڵم خەڵکێکی زۆری سیاسیی کوردی لێیە، بەم پێیەش نوێنەرانی حیزبە سیاسییەکانی کوردیش. هەم دەورێکی جوگرافیایی و ناوەندیی هەیە بۆ سیاسەتوانانی کورد لە گشت وڵاتانی ئەورووپاییەوە. هاوکات سوید بە وڵاتی دیالۆگ و دانوستان و لێکهاتن ناسراوە و ناوبانگی خۆی لەلای کوردەکان هەیە. ئەمە جگە لە دەرەتانی تەکنیکی کە بە ئامادەکارانی کۆنفرانسەکەی دابوو.

پرسیار: بەشداران کێ بوون؟
کۆنفرانسە نزیکەی ٨٠ کەس لە نوێنەرانی ڕێکخراوە سیاسی، کۆمەڵایەتی و مەدەنییەکانی ڕۆژهەڵات، کەسایەتییە سیاسییە سەربەخۆکان، سیاسەتوانانی پێشوو، ڕۆژنامەوانان و چالاکانی بوارە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵایەتیی نیشتەجێی ئەورووپا و کوردستانی لە دەوری یەکتر کۆکردبۆوە. دوو مامۆستای زانکۆش لەوێ بوون. پەیامی مامۆستایەکی دیکەی زانکۆش لەوێ خوێندرایەوە. کۆنفرانسەکە گوایا لەبەر کێشەی ئاسایش، تەنیا بۆ میوانە بانگهێشتنکراوەکان بوو و هاتنە ژوور بۆ هەموو کەس ڕێپێدراو نەبوو.

پرسیار: ڕۆژنامەوانان و میدیاکاران چی؟
بەڵێ بێجگە لە من کە لەلایەن بەشی کوردیی رادیۆی سویدەوە لەوێ بووم، بەشی میدیایی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات لەوێ بوون و فیلمیان دەگرت. ڕۆژنامەوانێکی تلەڤزیۆنی ئێن ئەر کۆی نەرویژیش لەوێ بوو کە بە تەواوی نازانم بۆخۆی یا خود بۆ ئەم تلڤزیۆنە فیلمی دەگرت؟ یەک دوو ڕۆژنامەوانی بڵاڤۆکە سەر ئینترنێتییەکانیش لەوێ بوون، بۆ نموونە ناوەندی نووچە و شرۆڤەی ڕۆژ کە زۆر چالاکانەش بە شێوەی ئانلاین کاری دەکرد. هەروەها چەندین کەسیش کە بەشێوەی ڕۆژنامەوانی ئازاد ڕاپۆرتیان لەسەر قسەو باسەکانی ناو کۆبوونەوەکە دەدا و دەستبەجێ لەسەر تۆرە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاویان دەکردەوە. گوایا لەلایەن بەشی فارسیی بی‌بی‌سییشەوە هەواڵنێری لێبووە بەڵام من نەمدی کە کامێرای ئەو تلەڤزیۆنە لەوێ بێ.

پرسیار: ئایا هەموو ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات لەوێ نوێنەریان هەبوو؟
لەوەدا هیچ شکێک نییە کە هەموو حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات ئاگادارکرابوونەوە، بانگهێشتن کرابوون بەڵام دوو ڕێکخراوی گەورە و سەرەکی، نوێنەری رەسمییان لەوێ نەبوو. حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران. بەڵام چەند ئەندامی بەرزی هەر دوو ڕێکخراوەکە لەوێ بوون و وتاریان پێشکەش کرد یا لە گوتوبێژەکاندا بە شێوەی جیددی بەشداربوون، بەڵام دەیانگوت ئەم بەشدارییە لەسەر ناوی خۆیانەوەیە، نەك نوێنەرایەتیی رەسمیی حیزبەکەیان. لە ناوخۆی وڵاتیشەوە ڕێکخراوی بەرەی یەکگرتووی کورد کە ڕێکخراوێکی چاکسازیخوازە خاوەنی پەیامی ڕەسمیی خۆی بوو.

پرسیار: قسە و باسی دوو ڕۆژی کۆنفراسەکە چ بوون؟
بە کورتی بۆچوونی ڕێکخراوە و تاکەکەسەکان لەسەر پێویستبوونی ئاشتی و ئاسایی‌بوونەوەی پێوەندییەکانی خەڵک و لایەنە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی کوردی ڕۆژهەڵات، هاتنە گۆڕێ. هیچ لایەنێک لەوێ نەبوو کە دژی ئەم پێویستییە قسە بکات. دیارە هەندێ پێشنیاری جۆراوجۆریش لەم پێناوەدا هاتنە گۆڕێ بۆ نموونە لەسەر ئەوەی کە چلۆن دەکرێ لەکردەوەدا ئەم ئاشتەواییە بەڕێوە ببرێ.

پرسیار: کەشی ناو کۆنفرانسەکە چۆن بوو؟
زۆر کەشێکی ئارام و دۆستانە و ڕێکوپێک بوو. هەرچەند قسە و باسەکان زۆر جار لەگەڵ یەکترێش جودا بوون، بەڵام کەشی ئارامی کۆنفرانسەکە هەر دوو ڕۆژ بەردەوام بوو. ئەمەش بەلامەوە سەرنجراکێش بوو کە فەزایەکەی ئیزنم پێبدە بڵێم تەواو ئەورووپایی بەسەر کۆنفرانسەکەدا زاڵ بوو.

 

پرسیار: کاردانەوەکان لە سەر ئەم کۆنفرانسی چی بوون؟
زۆر جیاواز بوون. ڕەخنەی ئەوەیان لێگیراوە کە بۆچی نەیانتوانیوە کارێکی وا بکەن نوێنەرانی پارتییە سەرەکییەکانی ڕۆژهەڵات واتا دیموکرات و کۆمەڵەی شۆڕشگێر لەم کۆبوونەوانەدا بەشدار بن.
رەخنەی ئەوەیان لێگیرا کە ڕێژەی بەشداریی ژنان لەم کۆنفرانسەدا زۆر کەم بوو. چ لەلایەن بانگهێشتنکەرانەوە و چ حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان کە ژنانیان وەک نوێنەری خۆیان نەناردۆتە کۆنفرانسەکەوە.

گلەییان هاتۆتەوە سەر کە بۆچی ڕێگەیان دراوە بە ئەندامانی پێشووی حیزبی توودەی ئێران و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، کۆنگرەی چوار و ڕێکخراوی فەداییانی ئەکسەریەت کە لەم کۆنفرانسەدا قسە بکەن چون لە سەرەتای شۆڕشی ئێراندا، بەپێچەوانەی پارتییە کوردییەکانی دیکە، لاگری حوکوومەت بوون و بەجۆرێک لە جۆرەکان هاوکارییان کردوون.
رەخنەیان لێگیراوە کە بۆچی لایان لە کوردەکانی جنووب واتا هی دەوروبەری کرماشان و ئیلام لەو کۆنفرانسەدا نەکردۆتەوە و بانگهێشتنیان نەکردوون.

بەڵام نزیک بە هەمووی بەشدارانی کۆنفرانسەکە و هەندێ کەسایەتیی ناوبەدەرەوە و خاوەنانی سایتی ئینترنێتیش پێشوازییان لەم قسەوباسانە کردووە و ئاواتیی درێژەی کۆبوونەوەکانیان لە داهاتوودا خواستووە، بەشێوەیەکی بەربڵاوتر. بەگشتی کۆنفرانسەکە‌ بەده‌سپێکێکی باش نرخێنراوە بۆ ئه‌وه‌ی حیزب و ڕێکخراو‌ و چالاکانی سیاسیی دانیشتووی ده‌ره‌وه‌ی وڵات له‌ دەوری خۆی کۆکاته‌وه‌ بۆ دانووستاندن له‌سه‌ر خاڵە هاوبەشەکانی بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی کورد‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان. بەو هیوایەی سەقامگیریی زیاتر و ئاشتی و تەبایی بەدواوە بێ و بەر بە دووپاتبوونەوەی دوژمنیی قووڵ و بەتایبەت شەڕی چەکداری نێو کوردەکانی ئەم پارچەیە بگرێ و ئاستی تەحەمولکردنی یەکتر بەرێتەسەر.

پرسیار: ئایا ئەنجامێکی تایبەتیش لەم کۆنفرانسە دووڕۆژییە کەوتەوە؟
دیارە زوویە کەس بزانێ کە ئەنجامەکانی ئەم کۆنفرانسانە چی دەبن یا نابن، بەڵام سەرجەم بەشداران لە کۆتایی کۆنفرانسەکەدا بەوە گەیشتن کە لە داهاتووشدا ئەم کۆنفرانسە هەر بەم ئامانجەوە کە لێکنزیککردنەوەی پارتییە سیاسییەکان، کەسایەتییەکان، خەڵک و کۆمەڵگای لێبکەوێتەوە پێک بێ. ئەم بڕیارە درا کە هەر ئەمساڵ و هەر لە ستۆکهۆڵم و هەر بەم مەبەستەش ئەم کۆنفرانسە دووپاتبێتەوە، ئەمجارە گەلێ گشتگرتر و ڕێکوپێکتر و گەورەتر.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Har du frågor eller förslag gällande våra webbtjänster?

Kontakta gärna Sveriges Radios supportforum där vi besvarar dina frågor vardagar kl. 9-17.

Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".