Du måste aktivera javascript för att sverigesradio.se ska fungera korrekt och för att kunna lyssna på ljud. Har du problem med vår sajt så finns hjälp på http://kundo.se/org/sverigesradio/
familjutomlands#

”لە خەمی دایکمدا کار و ئیقامەکەشم لە دەست چوو”

بڵاو کرایه‌وه‌ måndag 23 november 2015 kl 10.49
” ناتوانم بۆ خۆم بژیم، هەموو کاتێک هۆشم لای ئەوانە”
(6:35 min)
لێکۆڵەوەران دەڵێن ئەو کەسانەی خەمی کەسوکاری نەخۆش دەخۆن، کاریان بۆ ناکرێت و نەخۆشنووس دەبن. وێنەی نەورۆز پێی خۆش نەبوو ڕووخساری دیار بێت، وێنەکە نازەنین مەحموود بەشی کوردیی ڕادیۆی سوید گرتوویەتی.
لێکۆڵەوەران دەڵێن ئەو کەسانەی خەمی کەسوکاری نەخۆش دەخۆن، کاریان بۆ ناکرێت و نەخۆشنووس دەبن. وێنەی نەورۆز پێی خۆش نەبوو ڕووخساری دیار بێت، وێنەکە نازەنین مەحموود بەشی کوردیی ڕادیۆی سوید گرتوویەتی.

خەڵکێکی زۆر لە سویدەوە بۆ خزمەتی کەسوکاری نەخۆشیان دەچنەوە وڵات، نەورزۆ یەکێکە لەو کەسانە، هەمیشە خەیاڵی لای دایکە نەخۆشەکەیەتی لە کوردستان و خەوی لێناکەوێت.  

ژمارەی ئەو کەسانەی لە سوید دەژین و کەسوکاری نەخۆشیان لە وڵاتی دایکە لە زیاد بووندایە، بەڵام گروپێکی کۆمەڵگەن کە تا ئێستا دەنگیان نەبیستراو بووە و بەسەرهاتەکانیان شاراوە بووە.  

بەسەرهاتی نەورۆز

نەورۆز یەکێکە لەو کەسانە و چێرۆکی خۆی و دایکو برا نەخۆشەکەی دەگێڕێتەوە، ئەو یەکێکە لەو کەسانەی کە لە ساڵی 2007 ەوە لە سوید دەژی، لەو کاتەوە تا ئێستا بەردەوام یارمەتیی ماڵەوە دەدات  بە ناردنەوەی پارەی مانگانە و بە ئاگالێبوونی هەواڵی ڕۆژانەیان. جگە لەوەی لە کاتی نەخۆشییاندا دەڕواتەوە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگای لێیان بێت.

نەورۆز ئەو کاتەی دایکی تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بووە و نەشتەرگەریی بۆ کراوە، بۆ خزمەتی دایکی چەند جارێک چووەتەوە بۆ کوردستان. ئەو سەفەرانە و خەمی نەخۆشیی دایکی چی بەسەر ژیانی نەورۆز هێنا لەسوید؟ لەو لینکە دەنگییەی سەرەوەدا گوێ لێبگرە!

تێبینی: درێژەی گفتوگۆکەی نەورۆز لە بەرنامەیەکی پۆددا ڕۆژی پێنجشەممە بڵاودەبێتەوە!  

........................

ئەو کەسانە ناتوانن بەباشی کار بکەن و ناچاری نەخۆشنووسی دەبن

سەبارەت بە بارودۆخی ئەو کەسانەی وەک نەورۆز لە سویددا دەژین ئان بریت ساند لێکۆڵەوەری پرسی خێزان لە زانکۆی ستۆکهۆلم دەڵێت ئەو خەم و نیگەرانییەی ئەو کەسانە بۆ کەسوکاری نەخۆشیان لە وڵاتی دایک دەرئەنجامی زۆر کاریگەری لەسەر ژیانیان هەیە.

ئەو کەسانە بەردەوام لە خەمی کەسوکاردان و ناتوانن فوکوس لەسەر کارەکەیان بکەن، ناتوانن کاروباری دیکەی ڕۆژانەیان ڕاپەڕێنن و توانای پشوودانیان نییە. ئەم بارودۆخە وا دەکات نەتوانن کار بکەن و نەخۆشنووس دەبن.    

familjutomlands#  پرۆژەیەکی ڕادیۆی سویدە سەبارەت ئەو کەسانەی لە سویددا دەژین بەڵام بۆ خزمەتکردنی  کەسوکاری نەخۆش دەچنەوە وڵاتی خۆیان، بەسەردان یاخود بەو هۆیەوە بە تەواوی سویدیان جێ هێشتووە.

یاساکانی سوید لەو بارەیەوە

ئەو دابەشبوونە لە نێوان ژیانی سوید و خزمەتی کەسوکار لە وڵاتی دایک چ کاریگەرییەکی لەسەر ژیانی ئەو کەسانە داناوە؟ ژیانیان چۆن دەگوزەرێ؟ یاسای سویدی تا چ ڕادەیەک پشتگیرییان لێ دەکات؟ مافی بیمە و مۆڵەتیان هەیە یان نا؟

شارەزایانی بواری یاسای بیمە و یاساکانی بواری کۆمەڵایەتی دەڵێن چێ؟   

وەڵامی ئەم پرسیارانە و زانیاری سەبارەت بە یاساکانی سوید بۆ ئەو کەسانەی کە خزمەتی کەسوکاری نەخۆشیان لەدەرەوەی وڵات دەکەن، بەم زووانە بڵاو دەبنەوە!

ئەگەر تۆش چیرۆکی نەورۆز دەناسیتەوە یاخود کەسێک دەناسیت کە لەو بارودۆخەی نەورۆزدا دەژی تکایا بەشی کوردی ئاگادار بکەرەوە بەم ڕێگانە:

 Nazanin.mahmoud@sr.se

یاخود بەم ژمارە تەلەفۆنە

070-8278586

.........................

زانیاری و یاساکانی سوید سەبارەت بە خزمەتکردنی کەسوکاری نەخۆش

نزیکەی 1.3 ملیۆن کەس لە سویددا بەردەوام خزمەتی  کەسێک لە کەسوکاری نزیکییان  دەکەن ئەمە بەپێی ئاماری ناوەندی گشتیی تایبەت بە  زانیاری کەسوکار

 (Nationellt kunskapscentrum anhöriga ). یەکێک لە پرسیارەکان ئەوەیە کە ئاخۆ چەند کەس لەو ژمارەیە بۆ خزمەتی کەسوکاریان دەچنەوە وڵاتی خۆیان؟

 

زانیاری و یاساکانی سوید سەبارەت بە خزمەتکردنی کەسوکاری نەخۆش

نزیکەی 1.3 ملیۆن کەس لە سویددا بەردەوام خزمەتی  کەسێک لە کەسوکاری نزیکییان  دەکەن ئەمە بەپێی ئاماری ناوەندی گشتیی تایبەت بە  زانیاری کەسوکار

 (Nationellt kunskapscentrum anhöriga ). یەکێک لە پرسیارەکان ئەوەیە کە ئاخۆ چەند کەس لەو ژمارەیە بۆ خزمەتی کەسوکاریان دەچنەوە وڵاتی خۆیان؟

 

مافی بیمەی کۆمەڵایەتی

بۆ ئەو کەسانەی لە سویددا دەژین و خزمەتی کەسی نزیکیان دەکەن کە نەخۆشە، بەساڵاچوووە یاخوود کەمئەندامە و ئەویش لە سویددە ئەوا بە پێی یاسا مافی مۆڵەت و کۆمەکی کۆمەڵایەتی دەیان گرێتەوە. ئەو مافەش تەنها ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لە سویددا دەژین و کار دەکەن هەروەها کە لە لایەن دەستگەی بیمەوە تەئمین کراون. واتا بیمە لە دەستگەی بیمە (försäkringskassan) وەردەگرن، ئەو بیمەیەی بەرامبەر بە خزمەتی کەسوکاری نەخۆش وەردەگیرێت پێی دەوترێت

 ( Närståendepenning).

 

مافی مۆڵەتوەرگرتن لەکار

ئەگەر کەسێک بەپێی یاسا مافی وەرگرتنی بیمەی کۆمەڵایەتی لە بەرامبەر خزمەتکردنی کەسێکی نزیکی بیگرێتەوە، واتا ئەو کەسەی خۆی و کەسە نەخۆشەکەی لە سویدن، ئەوا مافی ئەوەشی هەیە کە داوای مۆڵەت لە خاوەن کارەکەی بکات. سەرەتا دەبێت داوایەک بۆ مافی وەرگرتنی بیمە بنێریت بۆ دەستەگی بیمە (Försäkringskassan) دوای ئەوە دەستگەی بیمە دەبێت خاوەنکار ئاگادار بکات بۆ ئەوەی ئەو کەسە لە کارەکەی مۆڵەت وەربگرێت.

 

ئەو کەسانەی کەسوکاریان لە دەرەوەی سویدە

ئەو کەسانەی کەسوکاری نەخۆشیان لە دەرەوەی سویدە کاتێک دەچنەوە بۆ خزمەتکردنیان مافی وەرگرتنی بیمەی کۆمەڵایەتییان نییە لە سوید، چونکە بەپێی یاسای سوید ئەو کەسەی کە پێویستی بە خزمەتە دەبێت ئەویش لە سیستێمی بیمەی سویددا تۆمار کرابێت.

هەر بۆیە گەر کەسێک بییەوێت بۆ خزمەتکردنی کەسوکاری لە دەرەوەی سوید مۆڵەت وەر بگرێت دەبێت ڕاستەوخۆ داوا لە خاوەنکارەکەی بکات. بەپێی یاسایەکی سوید بەناوی

 (trängande familjeskäl) واتا مۆڵەت وەرگرتن بە هۆکاری بارودۆخی خێزانیی نالەبار. واتا کەسێک دەتوانێت بەهۆی ڕووداو یاخود نەخۆشییەکی کوتوپڕی کەسانی نزیکی مۆڵەت لە کارەکەی وەربگرێت بۆ ئەوەی بۆ سەردانیان بچێتەوە بۆ وڵاتی خۆی. بەڵام ناتوانیت لە و ڕۆژانی مۆڵەتەدا هیچ جۆرە بیمەیەک وەربگریت، واتا بێ بەرامبەرە.

هیچ کەسێکیش نابێت بەهۆی ئەو مۆلەتە کوتوپڕانەوە لە کارەکەی دەربکرێت و سنوورێکی دیاری کراو نییە بۆ ئەوەی کە چەند ڕۆژ مۆڵەتی هەبێت، ئەوە دەکەوێتە سەر خاوەنکارەکە چەند ڕۆژ مۆڵەت قوبول دەکات.

 

بۆ کەسێک کە خۆی و ئەو کەسەی کە پێویستی بە خزمەتە لە سویدن

بۆ نموونە کارمەندانی دامەزراوە گشتییەکان (دەوڵەتییەکان) بەپێی گرێبەستی گشتی (Kollekrtivavtal) لە کاتی نەخۆشی قورس، ڕووداو و مردندا کەسێک بۆی هەیە تا 10 ڕۆژ مۆڵەت وەر بگرێت بێ ئەوەی لە مووچەکەی ببڕن.

بەڵام لەهەندێک شوێنی کاردا ڕەنگە لە  (kollektivavtal) گرێبەستی گشتیی نێوان خاوەنکار و سەندیکادا ئیمزا کرابێت کە  ئەو کەسەی لەو مۆڵەتە کوتوپڕانە وەردەگرێت هاوکات مافی وەرگرتنی  بیمەی نییە.  

 

ئەو کەسانەی کە بۆ ماوەیەکی کاتیی لە سوید کار دەکەن

گەر کەسێک لە سیستێمی کۆمەڵایەتی وڵاتێكی دیکەدا تۆمار بێت و بۆ ماوەیەک بۆ کارکردن هاتبێتە سوید ئەوا ئەو جۆرە مافانەی سەرەوە سەبارەت بە مافی مۆڵەت و بیمە نایانگرێتەوە. یاساکان وا داڕێژراون کە ناتوانیت لە هەمانکاتتدا لە دوو وڵاتی جیاواز تەئمین بکرێیت.

کەسی نزیک یاخود کەسوکار لە یاسادا کێیە؟

لە یاسای بیمەدا خزم، دراوسێ و هاوڕێ بە کەسی نزیک دەژمێردرێن کاتێک باس لە مافی مۆڵەت و بیمەیە بۆ خزمەتکردنیان لە کاتی نەخۆشیی قورسا. 

نەخۆشی قورس مەبەست لەو نەخۆشیانەیە کە مەترسی لەسەر ژیانی کەسەی نەخۆش هەیە.

بیمەی خزمەتی کەسوکار بۆ ماوی 100 ڕۆژ دەدرێت بۆ هەر کەسێک کە خزمەت دەکرێت. بۆ نموونە 100 ڕۆژ بۆ خزمەتی دایک، 100 ڕۆژ بۆ خزمەتی برا.

سوید بەراورد بە وڵاتانی دیکە

کەسێکی فینلاندی کە لە سوید دەژی و بۆ خزمەتی کەسوکاری دەچێتەوە فینلاندا مافی بیمەی سویدی نایگرێتەوە.

کەسێکی سویدی کە لە نەرویج و دانمارک دەژی و بۆ خزمەتکردنی کەسوکاری دێتەوە سوید مافی بیمەی ئەو وڵاتانە دەیگرێتەوە.   

درێژەی ئەم باسە بەڕێوەیە!

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Har du frågor eller förslag gällande våra webbtjänster?

Kontakta gärna Sveriges Radios supportforum där vi besvarar dina frågor vardagar kl. 9-17.

Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".