Du måste aktivera javascript för att sverigesradio.se ska fungera korrekt och för att kunna lyssna på ljud. Har du problem med vår sajt så finns hjälp på http://kundo.se/org/sverigesradio/

"وێنەیان گرتین و کۆڵێک پرسیان لێکردین"

تازه‌ کرایه‌وه‌ onsdag 16 december 2015 kl 13.21
بڵاو کرایه‌وه‌ onsdag 16 december 2015 kl 10.03
"ئەم کارە پۆلێنکردنی قەرەجانە"
(5:14 min)
Tiggare på Sergels torg. Foto: Leif R Jansson /TT.
Foto: Leif R Jansson /TT

بەشی ناوەندی دەنگوباسی رادیۆی سوید، ئێکۆت، لەقاویدا کە پۆلیسی سوید لە ماوەی نزیکەی ساڵێکدا ئەو ڕۆمەنییانەی لە سوید خەریکی سواڵکردنن ناونووسکردوون بەبێ ئەوەی چ گومانێکی تاوانبارییان لەسەر بێت. دواتریش ئەم زانیارییانە لە توێی ناونووسییەکی بەرفرەواندا کۆکراونەتەوە.

ماریانا هاوولاتییەکی قەرەجی خەڵکی باشووری ڕۆمانیایە. ئەو دەڵێ وێنەیان لێگرتین و گوتیان دەبێ وەڵامی کۆڵێک پرسیار بدەینەوە. پۆلیس نیوسەعات بۆ ئەو شتە ڕایگرتین.

ماریۆ و دانیەلیش کە لە تەنیشت ماریانا راوەستاون هەر ئەو شتە دەڵێنەوە و شاهیدی بۆ ئەم کارە دەدەن. مارۆ دەڵێ وێنەیان لێگرتین و داوای کارتی پێناسەیان لێکردین.

بەشی هەواڵگریی پۆلیس ساڵی ڕابردوو خەریکی ناونووسکردنی سوڵکەران بوو کە زوربەیان قەرەجی ڕۆمانیا و بولگارستانن و بوونەتە قوربانیی بازرگانیی مرۆڤ. واتا کەوتوونەتە بەر دەستی تاقمێکی ڕێکخراوەوە. لە سەرەتای ئەم مانگەوە پۆلیس ڕاپۆرتێکی ئامادەکراوی پێشکەش کرد کە نیشاندەدات چەندین گرووپی سوڵکەران هەن کە لەبەر دەستی تاقمە تاوانبارەکاندان بەڵام زۆرینەی ئەو کەسانە خۆیان و بە ویستی خۆیان سواڵ دەکەن.

تاکە شێوازێکی ناسراوە کە پۆلیس بۆ ناونووسکردن و پۆلێنکردن بەکاری هێناوە ئەوە بووە کە ئەوان زانیارییەکانی پێشووتری خۆیان لە سیستێمی کامپیوتێریدا پێکەوە گرێداوە. بۆنموونە توێژینەوە لە تاوانکاریی بازرگانی بە مرۆڤ.

بەڵام ئێکۆت ئەمجار دەستی بە پەیڕەونامەیەک ڕاگەیشتووە کە بۆ پۆلیسی سەراسەری وڵات بەڕێکراوە و تێیدا داوایان لێدەکەن کە هەر کات پێوەندی بە سواڵکەرێکەوە دەکەن دەسبەجێ وێنە لە کارتی پێناسەکەی بگرن و چەندین پرسی وردیشی لێبکەن. وەک نموونە ئەوەی لە کوێوە دێن؟ بۆچی لێرە لە سویدن؟ لەگەڵ کێی تر هاتوونەتە سوید؟ ناوی ئەندامانی بنەمالەکەیان چییە؟ ژمارەی ئوتومبێلەکەیان چییە؟ هەروەها ناونیشان و ژمارە تەلەفۆن و داهات و گەلێ پرسی دیکەش.

باسکار هانس کالداراس کە خۆی قەرەجێکی سویدە و ئەزموونی لەوە هەیە کە چلۆن ناونووس کراوە و لەلایەن کاربەدەستانەوە گومانی تاوانکاریی لێکراوە دەڵێ: ئەمە‌شیان هەر توێژینەوەیەکە لەسەر بنەمای ئێتنیسیتە واتا گرووپی ڕەگەزی.

کالداراس درێژە دەدا و دەڵێ: پۆلیس دەیەوێ بڵێ کە ئێمە ئەم کارە لەبەر هۆکاری مرۆڤانی دەکەین بەڵام کاتێ وەها پۆلینکارییەک دەکەن ڕێک وەک شێوازەی لێدێ کە پۆلیسی سکۆنێ بۆ ناونووسکردنی قەرەجان کردبووی.

کالداراس دەڵێ پۆلیسی سوید بەمجۆرە لە بیانوویەک دەگەڕێ تا ئەو کەسانە لە وڵات دەرکات.

بەدواداچوونی بەشی هەواڵەکانی ڕادیۆی سوید دەریدەخات کە پۆلیس لە چەندین هەرێمی سویددا ئەم عەمەلیاتەیان کردووە و وەڵامەکەشیان ناردۆتەوە بەشی هەواڵگریی دەزگای پۆلیس و گشت ئەم زانیارییانە بە بەرفەوانی لەلای ئەوان تۆمارکراون.

لیندا ستاف سەرۆکی بەشی هەواڵگریی نەتەوەیی دەزگای پۆلیسە. ئەو دەڵێ بێت و ئێمەی پۆلیس هەست بەوە بکەین کە لەم ناوەدا کەسێک تووشی دۆخێکی خراپ بووە و لەوانەیە مەترسیی لەسەر بێ، ئەوا پرسی نیازی چاوەدێریی لێدەکەین. دیارە ئەگەر پرسییان لێنەکەین و گرنگییان نەدەینێ، ئەدی کێ ئەو پرسانەیان لێبکات؟

 
لیندا ستاف دەڵێ ئەم زانیاریکۆکردنەوانە بۆ وەدەستهێنانی وێنەیەکە لە وەزع و بارودۆخی ئەو کەسانە. هەروەها ڕوونبوونەوەی بازرگانی بە مرۆڤ لە ڕێی سواڵپێکردنەوە. پۆلیس دەڵێ ئیزنی بۆ ئەو ناونوسکردن و پۆلێنکارییە هەیە کەچی ئەو بڕیارەی پێشتر لەو بارەوە گیراوە نادەنە دەرێ. باس لەوەش ناکەن کە ئەو پۆلێنکردن و زانیاریکۆکردنەوانە چیان تێدایە. کە لێی دەپرسرێ ئایا لەسەر ئێتنیسیتە واتا گرووپی ڕەگەزی و پێناسە و وێنەی گیراوی کەسەکان شتێک لەو پۆلێنکارییەدا هەیە، وەڵام دەداتەوە کە ئاگاداری وردەکارییەکانی نییە و خۆی ئەم کۆکراوانەی نەبینیوە!

لە کۆتایی وتووێژەکەدا کاتێ بەشی هەواڵەکان لەسەر چۆنەتیی ئەو پرسانەی کراون، دەپرسێ سەرۆکی بەشی چاپەمەنی دەڵێ کاتتان تەواو بووە بەڵام دیسانیش پێڕادەگەن چەند پرسێک هەر بکەن:
ئایا وەڵامەدراوەکان بەو پرسانەی لێتان کردوون دەخرێتە ناو ئەو زانیارییانەی کۆتان کردوونەوە؟ لیندا ستاف وەڵام دەداتەوە: جاروبار ئا و جاروبار نا!

لێی دەپرسرێ کە ڕەخنەی ئەوەتان هاتۆتەوە سەر کە ئەو کارەتان ناونووسکردن و پۆلێنکردنی قەرەجەکانە چون ئەوانەی سواڵدەکەن زوربەیان قەرەجن. لەسەر ئەوە چ دەڵێی؟
لیندا ستاف سەرۆکی بەشی هەواڵگریی نەتەوەیی دەزگای پۆلیس لە وەڵامدا دەڵێ ئێمە هیچ ناونووسییەکمان لەسەر ئەم بنەمایە نەکردووە. تەنیا یاسای دەیتای پۆلیس ڕەچاو دەکەین.

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
تازەکراوەتەوە:
بەدوای بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لەلایەن بەشی هەوالەکانی ڕادیۆی سویدەوە، پۆلیس ڕایگەیاند کە ئەم ناونووسکرانە هەندێ شتی تێدایە کە بۆ ئەوە دەبێ لە نزیکەوە چاوی پێدا بخشێندرێتەوە.

بنەمای ڕۆژنامەگەریی ئێمە لەسەر متمانە و بێلایەنییە. ڕادیۆی سوید لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنە. چ لە سیاسەت، ئایین، ئابووری، سوودی گشتی و چ بەرژەوەندیی تایبەتدا
Har du frågor eller förslag gällande våra webbtjänster?

Kontakta gärna Sveriges Radios supportforum där vi besvarar dina frågor vardagar kl. 9-17.

Du hittar dina sparade avsnitt i menyn under "Min lista".